شەڕەقۆچی بەگزادە ئەوروپییەکان

هاوکار حسێن
  2021-07-19     985
لە کۆتاییدا دەڤەری سلێمانی کەوتە ژێر دەستی دوەمین نەوەی دوو بنەماڵە: مام جەلال و نەوشیروان مستەفا. ئەم نەوە گەنجە نەک هەر لە ریشە کلتوری و کۆمەڵاتیەکەی کۆمەڵگەی کوردی بێئاگان، تەنانەت ئەگەر تاقیکردنەوەی زمانی کوردی بکرێن، گومانم هەیە هیچیان دەربچن. ئەمانە نە گۆرانیەکی کوردی، نە یادگارییەکی منداڵی نایانبەستێتەوە بە شار و کۆمەڵگەی کوردیەوە. دایبابی ئەم نەوەیە، بەناوی ئەوەی تەداخولی سیاسەت نەکەن، ئەم منداڵانەیان بەرەڵای ناو کۆمەڵگەیەکی ئەوروپی کردبو، لەکۆتاییدا نە عەقڵیەتە ئەوروپییەکەیان بە کامڵی وەرگرت، نە پەروەردە کوردەوارییەکە، ئیدی لەو بەینەدا دەعبایەکیان لێدەرچوە، هیچ سنورێک ناهێڵنەوە لە هەڵپەخوازییدا، هیچ حسابێکیش بۆ داب و نەریتی کوردیی ناکەن.
خێزانە ئەوروپییەکان چاوەڕێی ئەوەن منداڵەکانیان تەمەنیان ببێت بە 18 ساڵ تا لە ماڵ بیانکەنە دەرەوەو لەکۆڵ مەسروفاتیان ببنەوە، منداڵەکانیشیان چاوەڕێی ئەو رۆژەن دایبابەکانیان بمرن و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و دەستبەسەر موڵکەکانیاندا بگرن. لەسەر هەمان ریتم، بەگزادە کوردییەکان لەو منداڵە ئەوروپیانە خراپتریان کرد. ئاخر لەمێژوی کوردا روینەداوە، منداڵێک جورئەتی ئەوەی هەبوبێت وەسێتنامەی درۆ بەناوی باوکیەوە بڵاوبکاتەوە، پاشان باوکی بە مردویی بکات بەحەرەسی موڵک و گردێک، تا کەس نەتوانێت لێی بسەنێتەوە. کێ بینیویەتی بۆ ماوەی دوساڵ باوکێکی شەلەل دەماخ لەسەر عارەبانە بسوڕێنیتەوەو بانگەشەی هەڵبژاردنی پێبکەیت و چەندین لێدوانی درۆ بەناوییەوە بڵاوبکەیتەوە؟ بۆیە لەداهاتویەکی نزیکدا، جوڵەو بڕیارە سەیروسەمەرەکانی ئەم نەوەیە، یان سەری خۆیان دەخوات یان کاولکردنی سلێمانی بەتەواوەتی.
ململانێی جوتە ئامۆزا
کەس نازانێت بەتەواوەتی کێشەی نێوان ئەو جوت ئامۆزایەی ناو یەکێتی چیە، بەڵام رونە لەسەر هەمو شتێک بێت، لەسەر فکر و بەرژەوەندی گشتی نیە. چونکە هەردو تەرەفی کێشەکە پارچەی یەک قوماشن کە نامۆیە بە جەستەی کوردی، لایەکیان دەستێکی درێژی سەربازیی هەیە و ئەوی دیکەیان زمانێکی درێژی پۆپۆلیستی. لایەکیان هەمو مەعریفەکەی لە بنکە سەربازییەکانی ئەوروپاوە وەرگرتوە، لەدنیای رۆژئاواشدا سەرباز وەک کەسێکی تێنەگەیشتو و بێئاگا سەیردەکرێت، وەک کەسێک کە جگە لە چەکەکەی دەستی، لە هیچی تر تێناگات. بۆیە وەک گاڵتەجاڕییەک دەڵێن: "tell it to the Marines"، ئێمە دەڵێین بڕۆ بۆ حەلاوی باسبکە، ئەوان دەڵێن بڕۆ بۆ جوندییەکانی باسبکە. بۆیە تەرەفی زاڵ کە خاوەنی ئەم پاشخانەیە، بەهاندانی برا و خەزور و پورەکانی، جگە لە شەق و بۆکس وەشاندن هیچی دیکە نازانێت. تەرەفی دوەم کە بەحسابی خۆی لاسایی مام جەلال دەکاتەوە، خۆی خستبوە جێگەی هەمو دامەزراوە و دامودەزگا و وەزارەتێک، لە فەیسبوک هەرچییەک ببوایەتە باسی خەڵک، ئەم کەسابەتی پێوەدەکرد. واتە لەسەر سۆزی گشتی دەژیا، خەڵکی چاوی بکەوتایەتە سەر هەرشێک، ئەم خۆی دەکرد بە لوقمانی حەکیم تیایدا. خەڵک تەقەی لێدەکرا ئەم دەبو بە نەژدە، دکتۆر مانی دەگرت، دەبو بەوەزیزی تەندروستی، مەیمون دوو بەچکەی دەبو، ئەم دەبوە مامانی، دو تەرەف دەبو بەشەڕیان، ئەم دەبو بەپۆلیس و حاکم و دادگاش. هەمو فەلسەفەی ئەم پیاوە ئەوە بو، جنێو بە پارتی بدات. ئاخر ناکرێت تۆ بڵێیت، پارتی قاچاخچی نەوت دەکات و خۆشت هی دوگ و چەوری، ناکرێت بەشەو خولەی برات بنێریتە زگ خەڵکی رەشوروت بۆ ئازاردانیان و بە رۆژیش خۆت بچیت بۆ دڵدانەوەیان. ئەم برادەرە جگە لە تەپوتۆز دروستکردن، هیچ مواسەفاتێکی سەرکردەی تیا نەبو، یەعنی لەو کاتەوەی دەرکەوتوە هەتا ئاوتکردنی، دو رستەی موفیدی ئەم پیاوە نادۆزیتەوە لەمێشکی خەڵکیدا جێگەی گرتبێت. وا تێگەیشتبو ئەوەی تەزبیحێکی قەزوان بابدات و گەڵاوگەڵ بڕوات و جنێو بە پارتی بدات، دەبێت بە سەرکردە. بۆیە هەر کەسێک بە هاژوهوژ بێتەناوەوە، بە نوکە دەرزییەکیش لەبەرچاو وندەبێت.
لایەنگیری تەماشاکەر
وەک چۆن ئەم شەڕەقۆچە نوێ بو بە مێژوی سیاسی کوردی، لەگەڵ خۆشی ڤێرژنێکی نوێی لایەنگرانی دروستکرد، پێشتر دو سەرکردەی باڵا ململانێی خۆیان بە دۆست و لایەنگرانیان دەکرد و خۆشیان لەسەرەوە تەماشایان دەکردن. کاتێک نەوشیروان مستەفا و مام جەلال نانەکەیان لەتکرد، لایەنگرانیان لە سەهۆڵەکە کەوتبونە وێزەی یەکتری و سەرکردەکانیشیان پێکەوە خەریکی دیژلەمە خواردەنەوە بون. ئەمجارە لایەنگرانی جوتە ئامۆزا، هاوکێشەکەیان پێچەوانە کردەوە، خۆیان لە ماڵەوە خەریکی دیژلەمە خواردنەوە بون و ئامۆزاکانیش کەوتبونە گیانی یەکتری. ئەمەش هۆشیارییەکی گرنگە لەناو خەڵکیدا دروست بوە، تا چیدی بۆ هیچ ناکۆکییەکی سیاسیی بچوکترین زیانی گیانی و مادی بەخۆیان نەگەیەنن، چونکە دواجار سەرکردەکان هەر پێکدێنەوە.
دەرئەنجامی شەڕەقۆچەکە
شەڕی جوت ئامۆزا هیچ سودێکی بۆ خەڵکی سلێمانی نابێت، چونکە لە بنەڕەتدا بۆ دەستکەوتی شەخسی بوە، بەڵام بەناڕاستەوخۆ کوڕانی مام جەلال بەبێ ئەوەی هەستی پێبکەن، هەمو شتێکیان بۆ خەڵکی دەڤەرەکە یەکلاکردەوە و خۆیان خستەژێر بەرپرسیارێتیەکی قورسەوە نەک تەنها لەناو یەکێتیدا، بەڵکو لە تەواوی دەڤەری سلێمانیدا. پێشتر وەک پلانی کوشتنی پێغەمبەر لەلایەن خێڵەکانی بەنی قوڕەیشەوە، هەر تاوانکارییەک رویدەدا کەس نەیدەزانی سەگی دز کامەیە، بەڵام لە هەفتەی رابردوەوە ئیدی هەر چەکدارێکی نەناسراو هێرشیکردە سەر هەر کەسێک، پێویست ناکات لێکۆڵێنەوە بۆ دۆزینەوەی بکرێت، راستەوخۆ داوا لە بەگزادە تاڵەبانییەکان بکرێت بۆ دۆزینەوە، چونکە ئەوان ئەم هەرایەیان بۆیە کرد، تا چیدیکە هێزە ئەمنیەکان "خەڵکی ئازارنەدەن". ئەگەر هەر کەناڵێکی میدیایی هێرشیکرایە سەر، ئیدی ئێستا تۆمەتبار وەک ئەستێرەگەشە دیارە. ئەگەر قاچاخچێتی و بازاڕ قۆرخکردن و سەرانەسەندن رویدا، ئیدی پێویست ناکات خەڵک فاڵبگرێتەوە بۆ دۆزینەوەی بکەرەکانی، چونکە لەسەر وەعدی هەردو براکە، ئەمانە کۆتاییان هاتوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×