هۆشیاری تاکی کورد لە ژێر سفرەوەیە

شەماڵ عادل سەلیم
  2021-07-18     414
یەکێک لە هەرە کێشە گەورەکانی پرسۆنالی کورد نەبوونی هۆشیارییە بەگشتی و هۆشیاری نەتەوەییش بەتایبەتی.
ئەوە نەبوونی هۆشیاری نەتەوەییە خەڵکی کردۆتە دەروێش ودەسکەلای حزبەکان .
دیارە ئەو کێشەیەش بەپلەی یەکەم بەناو ڕۆشەنبیرەکانیش دەگرێتەوە ، ئەو بەناو رۆشەنبیرانەی  قەڵەمەکانیان بە مەرەکەبی  حزب کاردەکات و لەبەرژەوەندی حزب دەنووسێت و بەرگری لە فەرموودەکانی سەرۆک دەکات .
ئا،  کارەساتەکە لە ناهۆشیارییەوە سەرچاوەی گرتووە ، چونکە ئەگەر ئەوە حاڵی دەستەبژێری سنگ دەرپەریوەکانی کۆمەڵگا بێت ، حەق نییە گلەیی لە خەڵکی بێ سەوادی ئەم نیشتمانە بێ خاوەنە بکەین .
ئەوڕۆ لەبری ئەوەی هۆشیاریی نەتەوەییمان لە لوتکە بێت و ئینتمامان بۆ نیشتیمان و خاک و ئاسمان و ئاو و ژینگە بێت ، کەچی ڕۆبۆت ئاسا بەرگری لە حزب و سەرۆک دەکەین ، ئەو سەرۆکانەی لەسەرەتاوە بەسیستەماتیک کاریان بۆ خوڵقاندنی سوپایەکی تەلقیندراووگۆێڕایەڵ و بێ شکۆ ورۆبۆت ئاسا کردووە ، چونکە تەنها بەم شێوەیە دەتوانن لەدەسەڵات بەردەوام بن .
تەماشاکەن ، کاتی بەرێزێک لە سۆشیال میدیا یان لەهەردەزگایەکی ڕاگەیاندن قسە دەکات ، ئێوە دیقەتی کۆمێنتەکانی بینەرانی بدەن ، ئا ئەو کات دەزانن من باسی چی دەکەم .
بۆ نموونە دوێنی بەرێزێک باسی کێشەکانی شاری سلێمانی دەکرد ، بەهەقیقەت قسەکانی زۆر مەنتقی  بوون ، بەڵام لەبەر شەڕە جنێوی  کۆیلە و دابەستەی حزبەکان ، هیچ کامیان  ئاگاداری قسەی ئەو شرۆڤەکارە نەبوو ، هەرکەسەو لەلایەک بە جنێو و قسەی ناشرین کەوتبوونە گیانی یەکتر و چی نەما بەیەکتر نەکەن و نەڵێن .
ئالێرەدا ، لەو نموونە ساکارەدا ، بۆمان دەردەکەوێت کە ئێمە ئەوەی نیمانە هۆشیارییە ، ئەو هۆشیارییەی کە لە تەمەنی منداڵییەوە  وڵاتە پێشکەوتووەکان لە ناخی تاکدا دەیچێنن و ئاوی دەدەن و خزمەتی دەکەن ، ئا بەم شێوەیە دوا جارتاکێکی تەندروست وهۆشیار لە هەموو رویەکەوە پێدەگات   .
بەرێزان ..ئەوە هۆشیارییە (بەهەموو جۆرەکانییەوە ) سەربەخۆیی و پێشکەتن و رێزگرتن لەیاسا وئازادییە سەرەتاییەکان ومافی مرۆڤ بەدوای خۆیدا دەهێنێت نەک حزبایەتی و شەڕە پەڕۆ وکۆیلایەتی و تەلقیندان  .
ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت لە هیچ وڵاتێکی دیکەدا بوونی نییە ، بۆنموونە رۆژی پۆشینی جل و بەرگی نەتەوەیی و نیشتمانی  تەنها لە هەرێمە دووپارچەکەی ئێمەدا بوونی هەیە ، بێ ئاگا لەوەی هەتا لەو ڕۆژەشدا قیامەتی شەڕە پەڕۆ هەڵدەستێت وفەرتەنەی رەنگەکان لە خۆنمایشکردنێکی حزبانەدا چڕدەکرێتەوە  .
تەماشاکەن ،لە وڵاتێکی ٥ ملێۆنی بچوکی وەک دانمارک ، خۆشەویستی ئاڵا لە ناخی دانیمارکییەکاندا دەشەکێتەوە و حزوری هەیە بەرلەوەی لەبۆنە کانیاندا لەسەر باڵەخانەو باخچەی ماڵەکانیان  بشەکێتەوە ، ئەوان بەهچ جۆرێک  باسی پیرۆزی ئاڵا و بەرگری لەوڵات و خاک و ئاسمان و یاسا و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی ناکەن ، بەڵام هەریەکەیان لەشوێنی خۆیدا داکۆکیکەرێکی سەرسەخت و بێ‌هاوتای وڵاتەکەیەتی ، هەربۆیە رۆژ لەدوای رۆژ لە هەموو ڕویەکەوە پێشدەکەون .

بەڵێ ، لە دانیمارکیش حزب هەیە ، بەڵام سەرکردایەتی حزب و ئەندام و لایەنگرانیان  حزبایەتی ناکەن ، ئەوەی دەیکەن تەنها حزمەت کردنی وڵات و پێشبرکێیە لەنێوان حزبەکاندا ( لەوپەری ڕاستەوە تا ئەوپەڕی چەپ ) لەسەر ئەوەی کامە حزب دەتوانێت بە کردەوە زیاتر خزمەتی گەل و نیشتمانی بکات.

بۆیە بەدڵنییایەوە دەڵێم ،کێشەی ئێمە کێشەی نەبوونی هۆشیارییە بەگشتی و هۆشیاری نەتەوەییش بەتایبەتی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×