پرۆژەیاسای ڕێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی لەهەرێمی کوردستان‌و چەند تێبینییەک

شەماڵ عادل سەلیم
  2020-08-17     422
دوای خۆێندنەوەم بۆ پرۆژەیاسای ڕێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی لە هەرێمی کوردستان، بەپێویستمزانی زۆربەپەلە چەند تێبینییەک لەسەر پرۆژەیاساکە بخەمە ڕوو کە بەپێی زانیاریەکانم تەنیا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، خوێندنەوەی دووەم و ڕاپۆرت نووسین و دەنگدان لەسەر پرۆژەکە ماوە: 

١ /  ئەم پرۆژە یاسایە تەنها بۆکۆت و بەند کردنی  ئازادی ڕادەربڕین و  لەکارخستتنی  یاسای رۆژنامەگەرییە لە هەرێمی کوردستان .

٢ / لەمادەی ١٦دا کە تایبەت کراوە بە سزاکان ، لەخاڵی چوارەم دا دەڵێت: (لەکاتی بڵاوکردنەوەی مادەیەکی میدیایی دا، کە بەپێی خاڵەکانی (٢) و (٤) ی مادەی چوارەمی یاسای ژمارە (٣ ) ی ساڵی ٢٠٠٦ یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لەهەرێمی کوردستان / عیراق، بەتاوانی تۆقاندن هاتوون و قەدەغەکراون، سەرنووسەری (وێبساید)و خاوەنی ئەکاوەنت و لاپەرەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، سزاکانی هەمان ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە). 

دیارە سزادانی میدیاکاران بەیاسای تیرۆر خاڵێکی زۆرمەترسیدارو خەتەرناکە، هەروەها  پێشێلکردنی بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕینە ، هەروەها رێگا بەدەسەڵات دەدات لەسەر نوسین‌و بڵاوکردنەوەو چەند وشەیەک، میدیاکاران و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش(ئەوانەی بەناوی ڕاستەقینەی خۆیان دەنوسن) بەیاسای تیرۆر دادگایی بکرێن، کە ئەوەش تەنها بۆ سنوردارکرن و بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان و بێدەنگكردنی هاووڵاتیانە. 

٣ / لەپێشکەوتووترین وڵاتی دنیادا، هەر کەسێک سنوری بەرامبەری بەزاند،  ناوی کەسێکی زڕاند، یان سوکایەتی پێکرد، بەپێی یاسا  لێپرسینەوەی لێ دەکرێت ،بەڵام بە یاسای تیرۆر دادگایی ناکرێت، ئاخر نابێت و ناکرێت دۆسیەی تیرۆرو ئازادی ڕادەربڕین (هەتا ناوزڕاند)یش بێت تێکەڵ یەک بکرێن. 

٤ / ئەم پرۆژەیاسایە خەڵک هاندەدات بەتایبەت خاوەن ئەکاونت و پەیجە شەخسییەکان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، کە بەناوو وێنەی فەیک بەرداوم بن لە بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان ،جا بابەتەکان ڕاست بن یان ناڕاست ، بەمانایەکی تر ئەم پرۆژەیاسایە نابێتە رێگر لە بەردەم ئەوکەسانەی کە بەناوی خوازراوەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لەئەکاونت و پەیجەکانیان بابەتەکانیان بڵاودەکەنەوە . 

٥ / حکومەت  تاوانباری سەرەکییە لەم فەوزایەدا ،چونکە سەرپێچی لەیاسای پێدانی زانیاری بەدەزگاکانی ڕاگەیاندن و رۆژنامەنووسە غەیرە حزبییەکان دەکات، کە ئەوەش خالێکی گرنگە لە بڵاوبونەوەی هەواڵ‌و زانیاری نادروست، بۆیە دەبێت لەپرۆژەیاساکە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە حکومەت‌و دامو دەزگاکانی هەرێمی کوردستان مولزەم بکات وەک پێویست هاوکاری رۆژنامەنووسان بکات و زانیارییەکانیان بەبەردەوامی پێبدات و دەرگای دامودەزگاکانی لەسەرپشت بێت بۆ رۆژنامەنووس و میدیاکاران بەبێ جیاوازی. 

٦ / دەبێت لەپرۆژەیاساکە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە گوتەبیژی حكومەت، گوتەبیژی وەزارەتەکان، گوتەبیژی بەڕێوبەرایەتیەکان، گوتەبیژی سەرۆکی حکومەت، زانیاریی و هەواڵەکانیان تەنها بۆ دوو میدیای حزبی ( پارتی دیموکرات  و یەکێتی نیشتمانی) نەبێت، بەڵکو دەبێت بۆ سەرجەم رۆژنامەنووسان و میدیاکاران بێت، کە ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاونەبوونەوەی هەواڵی نادروست. 

جارێ تەواو 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×