ڕەوەندی کوردستانی بۆ بێدەنگن؟
شەماڵ عادل سەلیم
2021-11-11   663
لەبەرئەوەی بابەتەکەم بەکوردییە ، ڕووی
دەمم ئاراستەی ڕەوەندی کوردی لەهەرشوێنک هەن دەکەم ، بەرێزان : هەروەک دەزانن ژمارەیەكی
زۆر هاووڵاتی کوردستانی لە سنوورەكانی نێوان
بیلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە و رێگەیان نادرێت بچنە خاكی پۆڵەنداوە و لە
ئێستادا بە دۆخێكی زۆر سەختدا تێپەڕ دەبن، بەتایبەتی بەهۆی نەبوونی خۆراک و ئاو و دەرمان
و پێداویستی تایبەتی ئافرەتان و مناڵان و
بەساڵاچوان ، سەرماش سەرباری هەموو نەهامەتییەکان .
زیاتر لە ٧٥٠ مناڵ لەگەڵ خانەوادەکانیان لەم
سنوورە نەفرەتییەدا ژیانی کۆڵەمەرگی بەرێ دەکەن ، خۆراک و ئاوو دەرمان وجلوبەرگیان
بەرگەی ئەو سەرمایەی ئەو سنوورە تێلبەند کراوە ناگرێت . دوکەڵی ئاگرو
بلاجیکتۆری پاسەوانەکان و گازی بیبەرو
حەپەحەپی سەگەکانی پاسەوانەکانی سنوور ئۆقرەیانی لێ بریوە .
ئێمە لەسەر ئەوە کۆکین کە ئەم خەڵکە خێر
لەخۆنەدیوەی کە ئێستا لە سنوورەكانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە بەهۆی زوڵم و زۆرداریی و نەهامەتیی و بێکاری و
برسیکردنییان لەلایەن دووبنەماڵەی سەرەکی لە هەرێمی بەتەمای خودا کەس وکارو خزم و
دۆست و زێدی خۆیانیان جێهێشتووەو بەئاشکرا دەڵێن : ئیتر ناگەڕێینەوە ، لەم جەنگەڵە
بمرین باشترە لەوەی لە کوردستانێک بژین کە تاپۆیە لە سەر دووبنەماڵە و ئەوەی ژیان
بێت تێیدای نەماوە .
بۆیە وەک ئەرکێکی ئەخلاقی ، نەتەوەیی ، مرۆیی
، تکایە بەزووترین کات دیواری ئەو بێدەنگییە بشکێنن و بەشێوازیی مەدانییانە
کاروچاڵاکییەکانتان لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان کە خۆشبەختانە ئەوانیش
وا هاتونەتەسەر خەت ، هەروەها لەبەردەم کۆنسڵخانەو سەفارەکانی وڵاتانی دونیا وەک (
ئەزعەف ئەل ئیمان ) چالاکییەکانتان ئەنجام بدەن ، پشتگیریی داواکارییەکانی ئەو
خێرلەخۆنەدیوانە بکەن ، چونکە رۆژ دوای رۆژ باری ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵکە
خێرلەخۆنەدیوەی ئەو جەنگەڵانە بەرەو خەراپی دەروات و دەسەڵاتی بنەماڵەش هیچ باکی بە
هاووڵاتی نە لەکوردستان و نە لەدەرەوەی
کوردستان نییە ، ئەوان خەریکی شەڕەپۆست و کورسی دەسەڵاتن ، ئەوان خەریکی قسەی زل و
موزایەدەن ، ئەوان خەریکی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمارن ، ئەوان خەریکی کۆبوونەوەن
لەگەڵ نەیارەکانیی دوێنی و دۆستی ئەمڕۆیان .
تکایە وەرنە مەیدان و مناڵە برسیی ونەخۆش
و خێرلەخۆنەدیوەکانی جەنگەڵی نێوان
بیلاڕوسیا و پۆڵەندا لەوە زیاتر بێ ئومێد مەکەن .