هەژاری کراسێکە لەئاگر

شەماڵ عادل سەلیم
  2020-04-03     667
پەندێکی تورکی هەیە دەڵێت: هەژاری کراسێکە لە ئاگر، وابزانم کەسمان لاریمان لەگەڵ ئەو پەندە نییە، بەتایبەتی ئەوەی بەئاگری هەژاری سوتاوەو بەدەستییەوە دەناڵێنێت، بەڵام ئەوەی سەیروسەمەرەیە، لەهەرێمێکی دەوڵەمەندی وەک هەرێمێ کوردستان هەژاری و نەداری و دواکەوتنی موچە یەخەت بگرێت و ژیانت ڵێ تاڵ و موزمەحیل بکات. 

لەسایەی حوکمداری کوردی و نەبوونی سیاسەتێکی ئابووری نیشتمانی، کەرتی (کشتوکاڵ‌و پیشەسازی‌و گەشتوگوزار) کرانە قوربانی کەرتی نەوت‌و گاز کە هەتا ئەمرۆش لە گەڵ بڕە سەدەقەکەی بەغدا تاکە داهاتی سەقەتی هەرێمی بەتەمای خودایە. 

بۆیە لەفەوزای دابەزینی نرخی نەوەت و هات و نەهاتی سەدەقەی بەغداو لەسایەی حکومەتە موفلسەکەی خۆمان، ڕۆژ دوای رۆژ نەهامەتی و هەژاری یەخەی هاووڵاتیان دەگرێت و خەریکە خەفەیان دەکات. 

لە ساڵی ٢٠١٤ وە خەڵکی هەرێمی بەتەمای خودا لەدەست دواکەوتنی روبعە مووچەو پاشەکەفتی زۆرەملێ و گرانی و بێکاری دەنالێنێت و حکومەتیش هەرداوای سەبرو تەحەمولی لێ دەکات ، ئاخر پێشینان باشیان گوتوە : تێر ئاگای لە برسی نییە. 

تەماشاکەن، ماڵ لەخۆی نەبوو میوانیش ڕوی تێكرد، سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتیانەی ٢٨ ساڵە لەسایەی سیاسەتی سەقەتی حکومەتی هەرێمی بەتەمای خودا یەخەی هاووڵاتیانی گرتووە، کۆڕۆناشی هاتە سەر، کە رێێ بۆ حکومەتە پۆشتەکەمان خۆشکرد زیاتر بمانهاڕێت، ئەما هاڕین، ئەم جارە بەهەنجەتی  قەدەغەکردنی هاتوچۆوە دابەشکردنی موچەی دواخست، لەوەش عەنتیکەتر لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی بەتەمای خودا، ئەو لایەنانەی کە ڕەخنە لەدواخستنی دابەشکردنی موچە دەگرن، بەتێکدەرو هۆکاری تێکدانی دەرونی خەڵک تۆمەتبار دەکات‌و داواش  لەلیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا  دەکات  ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر...!

لەکۆتایدا بەنوکتەیەکی مەڵا مەشهور کۆتایی بەم وتارەم دەهێنم: 
ڕۆژێک کوڕەکەی مەلای مەشهور بە باوکی گوت:
باوکە ، هەژاری چەند ڕۆژ درێژە دەکێشێت ؟
مەلای مەشهور گوتی:
٤٠ ڕۆژ کوڕی خۆم ..
کوڕەکە پرسی: واتە دوای ٤٠ ڕۆژ ئیتر دەوڵەمەند دەبین ؟
مەلای مەشهور گوتی: نا کوڕەکەم، لەگەڵیدا ڕادێین...! 

دواجارهەرئەوەندە دەڵێم: ئێمە نەک ٤٠ ڕۆژ، بەڵکو ٢٨ ساڵە  لەو هەرێمەی کە (خاکی گەوهەرەو ئاوی کەوسەرە)، لەسایەی حکومەتە پۆشتەکەمان ڕۆژ دوای ڕۆژ لەگەڵ ناعەدالەتی‌و هەژاری وبێ کاری  ونەبوونی‌و دواکەوتنی موچە ڕادێین‌و حکومەتیش نەک تەنها  بێ خەمە، بەڵکو گاڵتەی‌ بەهەژاری‌ وگیرفان بەتاڵی‌‌و نەهامەتی‌ و داواکارییەکانمان دێت.  
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×