دەسەڵاتدارانی کوردو سەندرۆمی ستۆکهۆڵم

شەماڵ عادل سەلیم
  2021-08-21     368
زۆرینەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان توشی پەتایەکی ترسناک بووینە ، ،دیارە ئەو پەتایە لە بواری دەرووناسی سیاسیدا بە دیاردەی( سەندرۆمی ستۆکهۆڵم )* ناسراوە .
کەسی توش بوو بەو پەتاییە ،رێک وەک دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانی لێ دێت. بۆ نمونە ، بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان پێش چەند رۆژێک پرسەنامەیەک  بەناوی شارێکەوە بۆ   گەورە تاوانبارێکی کۆمەڵکوژیی ( ئەنفال ) کە بیۆگرافی خۆی بەخوێنی قوربانیانی ئەو هەرێمە بێنازە نوسیوەتەوە دەنێرێت و، لە پرسەنامەکەیشدا  وێنای ئیدیاڵی بە شێوەیەکی زۆر خەتەرناک بۆ تاوانبارەکە دادەتاشێت و،بە کاریزمایەکی  سیاسی و کۆمەڵایەتیی و ئیداریی و سەربازیی کوردستان و عیراق ناوزەدی دەکات  و ،لە خودای گەورەش دەپاڕێتەوە کە ئارامییان پێ ببەخشێت  !
دەسەڵاتدارانی هەرێم ٣٠ ساڵە گەورە سەددامییە کوردە خوێن مژەکانی دوێنێ وەک دابەستە بەخێو دەکەن ، ئەوانەی ڕۆڵێ سەرەکییان هەبوو لە کۆمەڵکوژی میللەتەکەیان و لە بەعسییەکانیش بەعسی تر بوون ، ئەمرۆش لەسایەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دا هەروەک جاران فیرعەون ئاسا خۆیان و ماڵ و منداڵ و کەسوکاریان ژیان دەگوزەرێنن وهەرەشەش لەو کەس و لایەنانە دەکەن کە راستییەکان بۆ نەوەی نوێ بەبەڵگەوە ئاشکرا دەکەن .
ئەگەرپەتای سەندرۆمی ستۆکهۆڵم نەبێت ، تاوانبارێکی وەک عیزەت دوری لە کوردستانی سوتێنراو بەژەهری بەعس چی دەکات ؟ ئەگەردەسەڵاتدارانی هەرێم رعاشقی جەللادی خۆیان نەبن بۆ لەبن باڵیاندا دەیانپارێزن ؟
 لەبەر ئەم ڕاستیانە هیچ ناوێکی ترم بۆ تەقدیس کردنی تاوانبارانی کۆمەڵکوژی و سایکۆپاتە بەعسییە کوردەکان لەلایەن سەرکردە کوردەکان بۆ نادۆزرێتەوە، تەنیا ئەوەندە دەتوانم بڵێم سەرکردەکانی کورد عاشقی جەللادەکانیانن .
بە کورتیی و بە کوردیی :  ئەوە تەنها لەژێردەسەڵاتی کوردیی توشبووی بە پەتای سەندرۆمی ستۆکهۆڵمە ،کە تاوانبارانی جەنگ و کۆمەڵکوژییەکان نەک تەنها بە ئازادی دەژین و مافیان لە قوربانییەکانیان زیاترە ، بەڵکو هەڕشەش لە پێشمەرگەی دێرین و زیندانیانی سیاسی و کەسوکاریی قوربانیانیش دەکەن .
ئەو واقیعە تاڵەشە بەزەقی لە دۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردیدا کە پڕە لە بێ موڕاڵی ودووفاقی و سەیر و سەمەرەیی دەبینرێت ، بوونی تاوانبارانی کۆمەڵکوژیی لە لیستی شەهیدانی کوردستاندا  دەلالەتی زۆری هەیە ،یەکێک لەوانە پیرۆزیی تەقدیسکردنی جەللادە لەلایەن قوربانییەکانییەوە ،ئەو ئەجەللادەی ئەمرۆ کە دەسەڵاتدارانی هەرێم بە کاریزمایەکی  سیاسی و کۆمەڵایەتیی و ئیداریی و سەربازیی کوردستان و عیراق ناوزەدی دەکەن .
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*سەندرۆمی ستۆکهۆڵم  ـ   Stockholm syndromeـ ( پاڵپشتی و هاوسۆزی قوربانییەکان لە جەللادو دوژمنەکانیان  ).. لە ساڵی ۱۹۷۳دا  چەند دزێک لە شاری ستۆکهۆڵم بەرۆژ دەچنە نێو بانکێک و دەیانەوێت پارەی بانکەکە  بدزن، دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیس ، دەوری بانکەکە دەگیرێت و داوا لە دزەکان دەکرێت تەسلیم بن .دەزکان بۆ پاراستنی خۆیان کارمەندی بانک و چەند هاووڵاتییەک  بەبارمتە دەگرن و داواش لە پۆلیس دەکەن کە رێگای دەرچونیان بۆ بڕەخسێنن ئەگینا بارمەتەکان دەکوژن. دوای رووبەرووبونەوەیەکی کەم ، دزەکان دەگیرێن و بارمەتەکانیش ئازاد دەکرێن . بەڵام ئەوەی سەیرو ئاسایی نەبوو ،ئەوە بوو کە دوای ئازادکردنی بارمەتەکان  ئەوانەی  هەرەشەی کوشتنیان لە لایەن دزەکانەوە لێ کرابوو ، رووبەرووی پۆلیس بوونەوەو بەرگرییان لە دزەکان دەکرد ، دواتریش هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی یارمەتی و پارەیان  بۆ دزەکان ئەنجامدا . ئا لێرەوەوە چەمکی (سەندرۆمی ستۆکهۆڵم)  لە بواری دەرووناسی سیاسیدا هاتە کایەوە  .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×