ئەمریکا و دۆستەکانی

قوته‌یبه‌ فازڵ
  2021-08-18     473
ئەمریکا دۆستی هەمیشەیی هیچ لایەنێک نیە بەڵکوو دۆستی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیەتی لەگەڵ هەموو لایەک، ئەمە ئەو هاوکێشەیەیە کە لە سیاسەتی ئەمریکیەکاندا پیادە دەکرێت، کەواتە هەرکات لایەنگیری ئەمریکیەکان بینرا بۆ وڵاتێک، شوێنێک، لایەنێک، ڕاستەوخۆ دەبێت بڕوانینە ڕێژەی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بۆ ئەو لایەنە.
مێژووی ئەمریکا هەمیشە پشت کردن بووە لە دۆستەکانی و بە تەنها هێشتنەوەیان بووە دوای تەواوبوونی بەرژەوەندیەکانی، هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا دۆستەکانی ئەمریکا بە تەنها ماونەتەوە، ئەگەر وردتر سەرنج بدەین ئەمریکا لەسەر هەقە بەرژەوەندی وڵات و هاوڵاتیانی خۆی لەپێشترە، نوێترین لێدوانی بایدنیش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کە لە کۆنگرە ڕۆژنامەییەکەیدا وتی: چیتر ئامادە نیم کچ و کوڕانی وڵاتەکەم لە ئەفغانستان و عێراق بەکوشت بدەم.
مێژووی ئەمریکا هەموو کات داگیرکاری و کاولکاری بووە بۆ ئەو وڵاتانەی چووەتە ناویی و بە زەبری هێز داگیری کردوون، کاتێک لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا ئەمریکا ڤێتنامی داگیر کرد بە بیانووی یارمەتیدانی بەشێک لە ڤێتنامیەکان ڕووبەڕووی بەرگری پۆڵایینی گەلی ڤێتنام بووەوە و جەنگێکی لەو وڵاتەدا بەرپا کرد کە بە پێی ئامارەکان لە دوای جەنگ ئاشکرا کرا ( دوو ملیۆن ڤێتنامی کوژرا، سێ ملیۆن بریندار، سیازدە ملیۆن ئاوارە) بەڵام خۆڕاگری گەلی ڤێتنام چۆکی بە بەهێزترین زلهێزی دونیا هێناو ناچار بە کشانەوەی کرد لەو وڵاتە سەرەڕایی دەیان هەزار کوژراوو برینداری ئەمریکیەکان، ئەوەی کە جێگەی سەرنجە ئەوەیە ئەمریکای بەرژەوەندیخواز لە کۆتایی جەنگدا دۆستەکانی بە تەنها بەجێهێشت.
پێش بیست ساڵ هەموومان بیرمانە ئەمریکا چۆن وڵاتی ئەفغانستانی داگیرکردوو تاڵیبانی وەک گرووپێکی تیرۆریستی وەحشیگەری مرۆڤخۆر بە دوونیا ناساند، ئەو کات هەرکەس و وڵاتێک ئەگەر پشتگیر یاخوود پەنایەکی بۆ تاڵیبان بکردایەتەوە بە تیرۆریست ئەژمار دەکرا.
گەلی ئەفغانی بەوە بەناوبانگە کە هەرگیز سەری نەچەماندووە بۆ داگیرکەرانی وڵاتەکەی ( من قسەم لەسەر بیر و بڕوایان ) نیە بە هێندەی ئەوەی باس لە واقیعەکە دەکەم، ئەفغانستان بە گۆڕستانی زلهێزەکان ناوزەد دەکرێت، لەسەدەی ڕابردوودا سۆڤیەتی زلهێز و ئێستاش ئەمریکا.
کاتێک ئەمریکا بێ ئومێد بوو لە خەڵکی ئەفغان و بە سەدان هەزاری لێ کوشتن بۆمبی دە تۆنی بۆ یەکەم جار لەسەریان تاقیکردەوە بەڵام گەلی ئەفغان کۆڵیان نەدا بۆیە بە ناچاری و پێش دوو ساڵ لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کەوتە گفتووگۆ لەگەڵ ئەو دوژمنەی کە لە ڕابردوودا تەنانەت ناوهێنانیشی قەدەغە بوو لەگەڵ هەڵکەوتنی یەکەم دەرفەتیشدا بۆ دەرباز بوون وسەلامەتی سەربازەکانی پشتی لە دۆستەکانی کرد و تەسلیم بە قەدەری نادیاری کردن.
لێرەدا ئەوەی من دەمەوێت جەختی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە ئایا:
ئەمریکا لە داهاتوودا چی لەگەڵ دۆستەکانی دەکات لە عێراق؟
ئایا هەمان چارەنووس چاوەڕوانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا ناکات لە عێراق؟
لەبەر ڕۆشنایی وتەکانی بایدن بێت داهاتووی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە عێراق هەرگیز باشتر نابێت لە حاڵی ئەفغانستان، هەمووانیش درک بەوە دەکەین حکومەتی عێراق بەبێ پشتیوانی ئەمریکا بەرگەی چەند ڕۆژێک ناگرێت و چارەنووسی هەمان چارەنووسی حکومەتی ئەفغانی دەبێت هاتنی داعشیش لە ساڵی ٢٠١٣ باشترین سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە.
ئەوەی گرنگە بۆ ئێمەی کورد لە قۆناغی ئێستادا، خوێندنەوەیەکی وردە بۆ ڕابردوو، هەروەها ئامادەسازی بۆ ئایندە و ئێستای هاوپەیمانەتیمان لەگەڵ ئەمریکیەکان و حکومەتی ناوەند، یەکڕیزی نێوخۆیی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و چاوەڕوانی هەموو ئەگەرێک بۆ داهاتوو، وە پێشبینی خراپترین دۆخ تا بتوانین ئامادەکاری بۆ بکەین.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×