یادە ڕەشەکەی ڕیفراندۆمە شكستخواردوەكە

زەیدان مەلا تەها
  2022-09-25     528

پێنج ساڵ گوزەر دەکات بەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا کە کوردستانی چەندین ساڵ گێڕایەوە بۆ دوا، کەچی لە بری لێپێچینەوە و سەرکۆنەی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسیارانی ئەم خلیسکانە مێژویییە بێ جیاوازی، لە هەندێک لاوە ئاهەنگی ساختەو پیاهەڵدانی ئینشایی بەسەر پرۆسەکە خەریکە مێشکی سەری خەڵکی کوردستان دەخات.

پێی ناوێ بگوترێت پرەنسیپی سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبەریی مافێکی خۆڕسکەو بە ڕیفراندۆم بێت یان نا دەبێت وەک مافێکی موقەدەس تەماشا بکرێت، بەڵام ئەوەی لە کوردستان لە 25ی ئەیلولی 2017 ڕویدا زیاتر لە قومارو بێسەروبەرییەوە نزیکتر بو کە شکۆی بنەڕەتی مافەکەشی شکاند. لێکەوتەی ئەم بڕیارەش کە عینادی پارتی و ڕێبەرەکەی و ڕەدوکەوتنی یەکێتی و هێزەکانی تری لە پشت بو لە نێویشیاندا ئۆپۆزیسیۆن تا چەندین ساڵی وەک سێبەر هەر بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکە هیلاکەکەیدا سێبەر دەکات.

لە ڕیفراندۆمدا تێگەیشین سەرکردەکانی ئێمە لە دەرەوەی بازنەی لۆژیک و لێکدانەوەی دروستن، هەروەها ئەوەشمان بۆ یەکلایی بویەوە کە کەچە سیاسییەکی هەڵتۆقیوی وەک حەیدەر عەبادیش دەتوانێت ئەرز و ئاسمان بەسەر ئەو قەوارە کوردییەدا دابخات کە زۆرجار لە خەونەکانیدا خۆی پێ دەوڵەتەو "حیساب بۆ هیچ کەسێک ناکات" تەنانەت ئەو دۆست و هاوپەیمانە ئەمریکی و بەریتانی و ئەوروپییانەشی خاوەن چاکەی یەکەم بون لە پاراستنیدا.

پاش پێنج ساڵ لەم پرۆسەیەش زیاتر ئەوەمان لا چەسپا کە سیاسییەکانی ئێمە لە پاش کەتن و شکستەکانیان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و نەبونی توانا و دەسەڵاتی لێ پێچینەوەیان بوەتە خێر و باوک بۆیان، ئەگەرنا ئەوە دەبو ئێستا لەبەردەم دادگای گەلدا شەرمەزار بکرانایە کە نیوەی خاکی زێڕینی کوردستانیان لە دەست دا، لەگەڵ ئەوەشدا نەوت و بودجەی کوردستانیان دۆڕاند.

باجی گەورەی ڕیفراندۆم کەوتە سەرشانی کەرکوکییەکان، خەڵکی ئەو شارەی چەندین ساڵ بە خەونی ڕەنگاڵەیی سەربەخۆی و کوردایەتی مەست کران، کەچی پێنج ساڵە کەوتنە ژێر ڕەحمەتی ئەرشەد ساڵحی نوێنەری تورکیا و شۆڤێنییەکی وەک ڕاکان جبوریی پارێزگار. لەم ڕیفراندۆمەدا کە ئێستا شای لۆغانی بۆ دەکرێت کورد دەبێت ماتەم بگێڕێت کە گەوهەری تاجەکەی سەری کە کەرکوکە لەدەستی دا، باشترین گوزارشتێکیش بۆ ئەم ساڵیادە ئەو داواکارییانەیە کە پەیتا پەیتا لە حکومەتی هەرێمەوە دەکرێن بۆ گەڕانەوەی 200 ملیارە سواڵەکەی بەغدا.

قەدەری ڕەشی کورد وایە هەمیشە سەرکردەکانی پاساوێکی درۆینەیان هەبێت بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتییەکان، باسی ماڵوێرانییەکانی نسکۆی 75 بکە دەیبەستنەوە بە پلانی دەوڵەتان، بۆ 31 ئاب لەشکرکێشی ئێران و چاو ساغی کردنی سوپای پاسداران، بۆ شکستی ڕیفراندۆم؛ خیانەی ئۆکتۆبەر یەکان و لەوەتەی هەین لەم بازنە داخراوەداین.

یەکێتی کە ئێستا خۆی لە ڕیفراندۆم بێبەری کردوە و غوسڵی ئەم بڕیارە سەقەتە دەکات، پێنج ساڵ بەر لە ئێستا بەشێک بو لە پرۆسەکە و لە شا گەش کەیی ڕازیکردنی بارزانی و خزمەتکردنی خەونەکانیدا دەژیا، ئەوانەشی ساڵانێکی زۆر خۆیان بە بەدیلی دەسەڵات و نمونەی جیاواز پیشان دەدا لە ڕۆژی ئەنجامدانی پرۆسەکەدا ئەژنۆیان شکا و ڕایان کرد بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام ئەوەی سەیرە کەسێک نەزانێت ئەمانیش لەگەڵ بەرەی نەخێردا بون و ئەوەتا ئێستا دەیانەوێت بە هەمویانەوە دەستە چەورەکە بسڕن بە لا چاکی خاوەنی بنەڕەتیی پرۆژەکەدا.

*زەیدان مەلا تەها، دەرچوی كۆلێژی یاسایە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×