دارگوێزێکی نەبینراوین من و تۆش!

هاوژین زیبا
  2023-06-06     404

رەگێکی رۆچوو لە خاکدا هاوشێوەی دایک، سالانی ماندووێتی و وێڵ بوونی بەدوای دڵۆپە ئاوی ژێرخاکدا، شەڕی مانەوە و گەشەکردنی لەگەڵ وردە بەرد و مێرووەکاندا بەردەوامە.
قەدی بڵند، هاوڕێ لەگەڵ خۆر و مانگ پۆشینی بەرگێکی رەق و ئەستوور لە پێناو مانەوەیدا لە ترسی کێ و لە چی وا توند خۆی پێچاوەتەوە؟

شەڕی نەوەکان لە نێوان لقەکاندا هەن یان هەموویان وەکو شەپۆلی ئاو شان لە شانی یەکتری گیر دەکەن و بە سوار کۆڵی پشتی یەکترەوە یاری لەگەڵ شنە بادا دەکەن؟
لقی کامڵ ترسی لە پێگەیشتنی چڵ و پۆپی نوێ هەیە یان وەکو کۆرپەیەکی تازە لەدایک بوو بە خۆشیەوە ئەم شان و ئەو شانیان دەکات؟
بەها کانیان چین و لە چی ناڕازین لەنێوان خۆیاندا؟
وەکو مرۆڤەکان هەر لقێکی نوێ کە ئاراستەیەک وەردەگرێت بۆ گەشە و ژیان لێی تورڕەدەبن و بە لادەری دەزانن یان جۆرێکی دیکەن؟

گەڵای بۆن خۆش و رەنگ ئاڵ، کاتێک سەما لەگەڵ سرووشت و نەرمە با دا دەکەن. سوپاسگوزارن یان وەکو بەشێک لە منداڵانی مرۆڤەکان بە گلەیی و ناڕازین؟
دەبێت گەڵا نوێکان رەخنەیان لە جوگرافیا و خۆراک و خۆرەتاو هەبێت یان گازەندەبارانی چواردەوریان بکەن؟

قۆناغی سەوز و منداڵی فەریکەگوێز چەند دژوارە یان چ قاقایەکی شادیی نەبیستراوە؟ رازین بەوەی گوێزن؟ ئەگەر گوێز نەبوونایە پێیان خۆش بوو بەرهەمی کام درەخت یان مرۆڤ بوونایە؟
بۆچی کاکڵەیان هەیە، دەبێت خۆیان وەڵامێکیان هەبێت جیاواز لەو وەڵامەی زانستی مرۆڤ بە بێ زمانیی درەختەکان پێشکەش بە ئێمەیان کردووە؟

سەرگوزەشتەی پیرەدار گوێزێک دەبێت چی بێت جیا لەوەی منێکی مرۆڤ دەیزانم؟

درەختەکان چەند مرۆڤەکانیان خۆش دەوێت کە هەوا و بەرهەمی خۆراکیان پێ دەدەن و لە سێبەری خۆیاندا لە ئامێزیان دەگرن، چ ئازارێکیش دەکێشن کە مرۆڤ لە تەورێکدا وێنابکەن؟
ئەم نیشتیمانە نیشتیمانی دارگوێزەکان و سەدان شێوە لە درەختەکانی دیکەن، ئەفسوس چەند بە بێ ناز و پێزانین لە بستێک دووریی چاوماندا دەشنێنەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×