پپشوازیکردن لەساڵی نوێی خوێندن

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2023-08-25     229

(هەرکەسێک دەرگای قوتابخانەیەک بکاتەوە، دەرگای زیندانێک دادەخات - ڤیکتۆرهوگۆ)

 

گرنگترین پلان بۆساڵی نوێی خوێندن بریتیە لەچۆنێتی وشێوازی پێشوازیکردن، چونکە ئەوە دەبێتە سەرەتایەکی گرنگ بۆ ئەوەی دڵی هەموو منداڵان خۆشبکرێت، تام وچێژی ئەوڕۆژە دەبێتە هاندەری بەردەوام بۆساڵەکە، چونکە ئەوهەنگاوە دەسپێکێکی گرنگە لە پڕۆسەی پەروەردەدا، لەبەرئەوهۆکارە گرنگەی ئاماژەمان پێدا، هەموو قوتابخانەوخوێندنگەیەک پێویستی بەدانانی ئەوپلانە هەیە، بەبۆچوونی ئێمە پلانی پێشوازی لەساڵی نوێی خوێندن بەگشتی وقوتابیە تازەکان بەتایبەتی لەم هەنگاوانە  کورتدەکرێنەوە:
١-خۆئامادەکردنی دەستی مامۆستایان ولەبەرکردنی جلوبەرگی جوان وشایستەوپەروەردەییانە
٢-ڕازاندنەوەی قوتابخانە بە وێنەی ڕەنگاوڕەنگ ونەخش ونیگاری سەرنجڕاکێش
٣-ئەنجامدانی چەند یاریەکی هەمەڕەنگ وبەشداریپێکردنی قوتابیان
٤-ئامادەکردنی چەند سروودێکی پەروەردەیی
٥-بەخێرهێنانی مناڵەتازەکان وئامێزگرتنەوە ودەربڕینی هەست وسۆز ونەرمونیانی بۆیان
٦-پێشکەشکردنی چەند دیاریەک بە منداڵان
٧-ناساندنێکی کورتی قوتابخانەوباشەکانی 
٨-خۆناساندنی مامۆستایان بەمناڵان ودەسخستنەناودەستیان یەکەبەیەکە
٩-ئاهەنگێکی خنجیلانە بۆیەکترناسینی مناڵە تازەهاتووەکان سازبکرێت
ئەم هەنگاوانە دەبنە فاکتەری کردنەوەی دەرگای ئومێد وخۆشەویستی قوتابخانە لەلای مناڵان، هۆکارێکیش دەبێت بۆدڵخۆشکردن وزەردەخەنەی مناڵان، لەسەردڵخۆشکردنی منداڵان(محەمەد عەلی کلای)دەڵێت: (زەردەخەنەی منداڵان باشترین شتە لە جیهاندا، برینەکان ساڕێژ دەکات و ژیان گەشاوەتر دەکات).
ڕاستە قوتابخانەوخوێندنگە ئەرکی گەورەوگرنگیان لەسەرشانە بۆبەرەوپێشبردنی پرۆسەی پەروەردە، بەڵام هەرئەوان بەتەنیا ناتوانن ئەرکەکە سەربخەن وهەنگاوەکان تەواوبکەن، بەڵکولەسەرلایەنی پەیوەندیداروبەرپرسیشە، هاندەروهاوکاروپشتیوان بێت بۆگەیشتن وسەرخستنی ئەم ئامانجە،ئەویش بە دابینکردن وبەئەنجامگەیاندنی پێداویستیەکان وخزمەتگوزاریەکان، لە بینای خوێندنی باش وگونجاوودانانی مامۆستاوکەلوپەلی قوتابخانە وپێویستیەکانی خوێندن.

لایەنێکی تریش کە ئەرکی لەسەرشانە کەسوکاری قوتابیان ودایبابەکانیانە، ئەوانیش ئەرکی گرنگیان لەسەرە بە پشتگیریکردن وهاندان وخزمەتکردنی ڕۆڵەکانیان وهاوکاریکردنی قوتابخانە لەپێناوئایندەی گەشی ئەومنداڵانە.
(لێوتۆڵستۆی)دەڵێت:( منداڵان پێویستە شوێنێکی تایبەتیان هەبێت لە ژیاندا، ئەوان ئەو هیوایەن کە دەبێت بەرهەم بهێنرێن).
لەمەوە کاکڵەی بیروخزمەتکردنی مناڵان ودابینکردنی ئەوەی پێویستە بۆیان دەردەکەوێت، چونکە 
ئەوان تاقە هیوای ئایندەن کە دەکرێت لەوڕێگەیەوە بگەین بەو بەرهەمەی کەناوی خۆشگوزەرانی وئایندەی ڕوون وگەشە بۆ داهاتومان.
ئەوەی تائێستا وەک پێویست سیستمی پەروەردەی ئێمە خەمی نەخواردووەوهەوڵی بۆنەداوە، گرنگیدان بووە بە لایەنی هەستوسۆزو ویژدانی، هەروەک سەردەم وزەمەنی کۆنتروکەمێک گۆڕانکاری نەبێ بەسەریدا نەهێنراوە، کە دەکراوپێویست بووئەوەندە گۆڕانکاری بەسەردا بهاتایە، هەموویاساونەریتە کۆن وخراپەکان شۆڕشیان بەسەردابکرایە، نەک لەهەمان بازنەدا بخولێینەوە، ئەم دەربەست نەبوون وخەمساردیە وایکردووە، پرۆسەی پەروەردە وەک پێویست گەشەنەکات وکۆمەڵگەکەشمان، هەروابەستەی عەقڵی خێڵ وهۆزبێت، کەی قوتابخانەکانمان بوون بە ئەوجێگەیەی مناڵان تێیدا ئارام بگرن؟ ئاسوودەیی لەناویاندا هەستی پێبکرێت؟ ژینگەی فێربوون وئاراستەکردنی پەروەردەی سەردەم وهاوچەرخ  بوون؟ هەموومان وانەکانی ژیانی لێدەخوێنین وفێردەبین، زانای گەورەوناودار(ئەلبێرت ئەنیشتاین) بەمجۆرە پێناسەی قوتابخانە دەکات ودەڵێت:( لە قوتابخانە وانەیەکت پێدەڵێنەوە و دواتر تاقیت دەکەنەوە، بەڵام ژیان تاقیت دەکاتەوە و دواتر وانەیەکت پێدەڵێتەوە).
پاشئەوەی گرنگی وبایەخی شێوازی پەروەردەییانەمان باسکرد، دەکرێ چەند پرسیارێک بکەین، بزانین سیستمی پەروەردەی ئەم هەرێمەی لەمەڕخۆمان، تاچەند ڕەچاوی ئەوگرنگیدانەی بۆ پێشوازیکردنی ساڵی نوێ پێویستە، ڕەچاوکراوە؟
١-چ پلانێک هەیە لەلایەن وەزارەت وپەروەردەکانەوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن؟
٢-چەند قوتابخانە پلانی پەروەردەیی هەیە بۆئەومەبەستە؟
٣-ئەوڕێنماییانە کامانەن کە گشتاندنیان بۆکراوە بۆ ئەومەبەستە؟
٤-چ کارێکی هەماهەنگی کراوە لەگەڵ مامۆستایان وکەسوکاری منداڵان بۆئامادەکاریەکانی ساڵی نوێی خوێندن؟
لەگەڵ ئەوەی هەمووکارێکی باش وکردەییەکی شیاووگونجاودەکرێ بە پەروەردەی دروست سەیربکرێت، بەڵام وەک (حەسەن کەمال) دەڵێت:( چوونە قوتابخانە جیاوازە لە پەروەردەکردن).
کەواتە بەتەنها چوون بۆ قوتابخانە، ناکاتە ئەوەی پەروەردەیەکی تەواوبێت، دەکرێت بەهەنگاوێکی دروست وپێویست هەژماربکرێت.
عەقڵی ڕەخنەگرانە بەشێکی گرنگ وپێویستی پەروەردەیی هاوچەرخ وسەردەمە، بینینی ئەوشێوازە بۆژیان جێی سوودوئامانجی داهاتووی تاکی بەئاگاوڕەخنەگرە، بۆیە بەوتەیەکی(تۆدۆرۆڤ)کۆتایی بەوتارەکەم دێنم کەدەڵێت:( لە قوتابخانە فێری ئەوە ناکرێین کە بەرهەمە ئەدەبییەکان باس لە چی دەکەن، بەڵکو فێری ئەوەمان دەکەن کە ڕەخنەگران باسی چی دەکەن).

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×