نەک ڕۆژێک، جیهانێک بۆ منداڵان

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2023-05-29     397

لە١ی ٦ هەموو ساڵێکدا خەڵک بەگشتی خۆیان سەرقاڵ دەکەن بۆ ڕۆژی منداڵان، میدیاکانیش وەک بۆنەکانی تر بەرنامەی تایبەت بەو یادە ئامادە دەکەن، باجارێ بزانین ئەم یادە چۆن سەرچاوەی گرتوە؟
ڕۆژی منداڵان ڕۆژێکی جیھانییە کە دەکەوێتە یەکی حوزەیرانی هەموو ساڵێك و تایبەتە بە توێژی منداڵ لە زۆربەی وڵاتانی جیھان یادی دەکرێتەوە بەشێوەی جیاواز و ڕۆژی جیاوازیش، لە ساڵی ١٩٢٥ کۆنفڕاسێکی جیھانیی بۆ پاراستنی مافی منداڵان ڕێکخرا و ڕۆژی ١ی حوزەیران ی کردە ڕۆژی منداڵان، بەفەرمیش لەساڵی ١٩٥٠ ەوە لە زۆربەی وڵاتانی جیھان ڕۆژی ١ی حوزەیران کرا بە ڕۆژی جیھانیی منداڵان جگە لەچەند وڵاتێک کە لەمانگەکانی ئازار و نیسان و ئایار یادەکە دەگێڕن، جگە لە ڕۆژی جیھانیی منداڵان، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ساڵی ١٩٥٤ ڕۆژی ٣٠ی نیسان وەک ڕۆژێک دیاریکراوە لەپێناو ھاندانی وڵاتان بۆ لێکتێگەیشتنی زیاتر دەربارەی مافەکانی منداڵان‌و خۆشگوزەرانییان، بەر لەنەتەوە یەکگرتووەکانیش لە کۆنفڕانسی ٢٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٩ فیدڕاسیۆنی دیموکراتی نێودەوڵەتی ژنانی یەکێتیی سۆڤیەت ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەمی وەک ڕۆژی جەژنی منداڵان دیاری کردبوو.
 ئەگەرچی ئێمە بەشێکی دانەبڕاوین لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، بەڵام هەنگاوەکان وئاراستەی ڕەوت وڕەفتار وبیرکردنەوەکانمان، زۆرخاوون وبەهێوری کەوتونەتەڕێ، مناڵانی ئەم جوگرافیە بچووکەی زەوی، زۆر زوڵملێکراوون و بێبەشن لە خۆشیەکانی ژیانیان.
بێگوومان گەورەکانی ئێستاش بەهەمان بێنازی مناڵی خۆیان بەڕێکردووە.
مناڵانی ئەم ناوچەی ڕۆژهەڵاتە بەگشتی وکوردستانی بندەستی داگیرکاران بەتایبەتی، ببینین ولەژیانیان وورد ببینەوە، سۆزوهەستمان دەجووڵیت وهەناسەیەکی ساردی خەمهێن گیانمان داگیردەکات، چونکە هەر لەمناڵێەوە زۆربەی مناڵان تووشی ئازاردان وئەشکەنجەدان دەبنەوە، ئەمە جگە لەوهەژاری ودەستکورتیەی کەسوکارەکانیان کەناتوانن ژیانێکی شایستە بۆمناڵەکانیان  دەستەبەربکەن.
کاتێ هەژاری یەخەی خێزانەکان دەگرێت، ئەوانیش ناچاردەبن مناڵەکانیان بنێرنە سەرشەقام بۆپەیداکردنی بژێوی ڕۆژانەیان، لەوێشەوە، ڕووبەڕووی دەیان کێشەی دەروونی وجەستەیی دەبنەوە، تا گەورەدەبن ئەم مناڵانە ئەوچەوسانەوەیە لەگەڵیان گەورە دەبێت، ئەو ئازارانە ڕۆدەچنە ناخی کۆمەڵگەوە.
لەسەرمرۆڤ پێویستە بەرنامەوپلانی درێژمەودای هەبێ بۆژیانی خۆی، هەرچەندە زۆرلەو خەون وخەیاڵ وبەرنامانە بەدینایەن، لەم بارەوە، نوسەروفەیلەسوف ژان جاک ڕۆسۆ (١٧١٢- ١٧٧٨)دەڵێت:( پێش ئەوەی هاوسەرگیری بکەم شەش تیۆریم هەبوو سەبارەت بە پەروەردەکردنی منداڵ، بەڵام ئێستا شەش منداڵم هەیە و هیچ تیۆرێکم بۆیان نییە).
جەژن ویادوخۆشی بۆمناڵان پێویستە هەمیشەیی بن نەک تەنها ڕۆژێک بێت وتێپەڕبێت، چونکە جوانی وگەشی وخۆشی ژیان هەموویان دەبنە فاکتەری ئایندەی گەش بۆژیان، بەبێ دروستکردنی ژینگەیەکی لەباروگونجاوبۆمناڵان، ئەوژینگەیە بەدینایەت، هەربۆیە، نوسەر(مستەفا سادق ئەلڕافعی)دەڵێت:( ئێمە هەست بەدرەوشانەوەو جوانی لە سروشتدا ناکەین، مەگەر ڕۆح دەوڵەمەند نەبێت بە منداڵی و خۆشی منداڵی و یاری وچێژەکانی).  
  هێمن موکریانی شاعیر، نمونەیەکی گەشی تاکی کوردە، کاتێ لە پێشەکی دیوانی تاریک وڕوون باسی سەردەمی مناڵی خۆی دەکات، ئاوات بەگەڕانەوە بۆ مناڵی دەخوازێت، چونکە ئەو کاتانە بێبەشکراوە لە یاری وچێژی مناڵێتی خۆی، لەبەرئەوەی بەربەست وڕێگریە کۆمەڵایەتیەکان بێبەشیان کردبوو.
زۆربەی زۆرمان لەم تەمەنە گەورەیەماندا حەزبە فیلمە کارتۆنیەکان دەکەین ودەیانجار کاتەکانی خۆمان پێبەخشیووە، چونکە تام وچێژی مناڵیمان بەباشی نەچەشتووەودەمانەوێ ئەوچێژە بگەڕێتەوە تا بیچێژین، ئەگەر بۆساتێکیش بێت.
ووڵاتێک و مەملەکەتێک کە شەڕوکوشتن وخوێنڕشتن جێگەی خۆشی وئاشتی وئارامی گرتبێتەوە، بێگوومان نەک مافی مناڵان بەڵکوئایندەشیان دەکەوێتە مەترسیەوە.
وەک (محەمەد ماغوت)نوسەروبیرمەندی گەورەی عەرەب دەڵێت:(جگە لە کوشتن و تاڵانکردن و خوێنڕشتن هیچی تر نییە، کەس بیر لەوە ناکاتەوە کە منداڵییەک هەیە دەبێت گەشە بکات).
کاتی ئەوە هاتوە بیرلەمناڵان ونەوەکانی داهاتووی نیشتمان بکەینەوە، بە دابینکردنی ژینگەیەکی جوان وئارام کەدوور بێت لەشەڕ وکوشتن و خوێنڕشتن وچەوسانەوە، ناكرێ ساڵانە یەک ڕۆژدابنێین بۆمناڵان گوایە جەژنیانە، بەڵام ماندووهیلاک وبێ ژیان بن وبیانچەوسێنینەوە، باوازلەونەریتەخراپە بێنین کە هەربە قسە جەژنی منداڵان بکەینەوە، هەربۆیە ناکرێت یەک ڕۆژجەژنی بێ بەرامەی ماف وئازادیەکان بێت بۆ منداڵان، دەبێت، جیهانێکی جوانیان بۆبەدیبێنین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×