ڕۆڵی پەروەردە، لە نەهێشتنی شەرمکردندا

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2023-07-23     278

(باشترین ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لە شەرمنی ئەوەیە، لەبیرت بێت کە هەموو مرۆڤەکان یەکسانن - لاری کینگ)

 

شەرم حاڵەتێکی دەروونی تایبەتی دیارە، لەهەندێ کەسدا هەیە، یان کەسی شەرمن هەست بەنائارامی وشەرمەزاری وئاڵۆزی دەکات، هەر بۆیە ئەوکەسانە پەیوەندی کۆمەڵایەتیان لاوازە وتێکەڵ کەسانی ترنابن.
هەندێ کەس پێیان وایە شەرمنی نەخۆشیە، بەڵام پزیشکانی پسپۆڕئەو بۆچوونەیان پشتڕاست نەکردۆتەوەو بەنەخۆشی نازانن، تەنها وەک حاڵەتی دەروونی ئاماژەین بۆکردووە.
شەرمکردن لەسەرەتادا لەقۆناغی مناڵییەوە، دروست دەبێت، ئەویش بەهۆی چەند فاکتەرێک کە ئەمانەن:
١-هۆکاری بۆماوەیی: واتە بوونی حاڵەتەکە لەباوانەوەوگواستنەوەی بۆنەوەکانیان، لەبواری کۆمەڵایەتیدا زۆرکەس دەناسین ودەبینین، کە کەسانی شەرمن ودوورەپەرێزن.
٢-مامەڵەی نادروستی دایک و باوک، وەک شکاندن وبێبەشکردن وترساندنی مناڵەکانیان، ئەمەش کارلەدەروونیان دەکات ودەبنە مرۆڤی شەرمن
٣-کێشەوناکۆکی دایک وباوک(جێزانەکان)، کەمناڵەکە تووشی بێ ئومێدی ودڵەڕاوکێ دەکات، لەئاکامدا تووشی حاڵەتی شەرمکردن دەبێت
٤-جیاوازی کردن لەگەڵ مناڵی تر، بەنموونە برا یان خوشکێکی تری هەبێت وهەست بەوە بکات، جیادەکرێتەوە، ئاکامەکەی تووشی بێزاری وڕقلێبوونەوە لەبەرامبەری دەکاتەوەووەک گرێیەکی دەروونی لێی دەڕوانێت وتووشی شەرمکردن دەبێت
٥-سزادان، هۆکارێکی ترە کە مناڵ دەکاتە مرۆڤی شەرمن، واتە مامەڵەیەکی ناپەروەردەیی ودوور لەهەست وسۆز
٦-بوونی حاڵەتی تایبەت، وەک بوونی نەخۆشییەک یان لەدەستدانی ئەندامێکی جەستەی، ئەو مناڵە هەمیشە حەزبەشاردنەوەی ئەوحاڵەتە دەکات، بۆیە بە ناچاری شەرم دەکات
زۆرکەس پێیان وایە تاکە سوودی شەرمنی ئەوەیە تووشی کەمترین گرفت ئەبێت لەگەڵ کەسانی تربەهۆی کەم بەرکەوتنی، هەندێکیش دەڵێن بەرنەکەوتنیش خۆی هەربەشێکە لەکێشەوگرفت.
وتەیەکی کۆنی ناو کۆمەڵگەی کوردی هەیە، بەڕای من زۆر ناشیرین ونەشیاوە، بەڵام من وەک بوونی و جۆری بابەتەکە ودەستنیشانکردنی وەک خاڵی لاوازلەسەر پەروەردەی خێزان و کۆمەڵگەی کوردی، دەیهێنمەوە، تا وازی لێبێنین وبەرامبەر هیچ کەس بەکاری نە‌هێنین، زۆربەمان بیستومانە کەدەڵێت:( کچی شەرمن شارێک دێنێت، بەڵام کوڕی شەرمن شانەیەک دێنێ)، جارێ ئەوجیاکاریە لەنێوان هەردووڕەگەززۆرخراپەوناکرێت بوونی هەبێت، لەلایەکی تریشەوە بۆئەم سەردەمی شارستانی وژیارییەی ئەمرۆکە دنیا هێندە بچووک بۆتەوە لەسەر شاشەی مۆبایلەکانمانە، بەدەر لەوەی جیاوازی رەگەزی جۆرێکە لە سەندنەوەی ماف وپێشێلی رەوایەتی ئازادییەکانی تاک.
شەرمکردن وجۆرەکانیمان ناساند، دەکرێ هەوڵی نەهێشتنی ئەو حاڵەتە دەروونیە بدەین وچارەسەری بکەین، چونکە مانەوەی گرفت وکێشە بۆ تاک دروست دەکات، تەنانەت، تارماییەکی ترسناکە بۆمرۆڤ، ڕۆماننووسی ناودار(گابرێل گارسیا مارکێز(١٩٢٧ - ٢٠١٤)دەڵێت:( شەرمنی ئەوتارماییەیە کە ناتوانرێت شکست بهێنێت).
ئەوکاتەی کە لەگەڵ مرۆڤ هەنگاوی ناوئەویش گەورەبوو، بێگوومان ناتوانرێت شکستی پێبهێنرێت، کەواتە کەی گونجاوە وبەچی چارەسەری بکەین؟
باشترین وکاریگەرترین ڕێگە بۆڕووبەڕووبوونەوەی شەرمنی، کاتی مناڵییە ئەویش لەڕێگەی پەروەردەوە دەبێت، بەم هەنگاوانە:
١-پەیوەندی هاوڕییەتی نێوان مامۆستاوقوتابی، کەدووربێت لە ترس ودڵەڕاوکێ، پڕبێت لە هەست وسۆز وخۆشەویستی
٢-دروستکردنی کەشێکی گونجاوی پڕلە یاری وجوڵە
٣-مامەڵە کردنێکی دروستی پەروەردەییانەی هاوچەرخ، لەلایەن مامۆستاکانەوە
٤-پڕۆگرامەکانی خوێندن بابەتی چیرۆک ئامێزی تیا دابنرێت، کە شەرمنی لەمناڵاندا بسڕێتەوەونەیهێڵێت
٥-هەماهەنگی باش بکرێت لەگەڵ دایک وباوکی مناڵان بەگشتی وئەوانەی شەرمنن بەتایبەتی، تا لەڕێگەی پەروەردەیی وتایبەتەوە شەرمەکەیان نەهێڵرێت
٦-دروستکردنی پەیوەندیەکی هاوڕێیانەی پتەولە نێوان قوتابیاندا(بەشێوازی ڕاستەوخۆوناڕاستەوخۆ)
چارەسەری هەموو کێشەوگرفتێک مەحاڵ نیە، بۆیە لەسەروەزارەتی پەروەردەیە، هەنگاو بنێت بۆئاوڕدانەوە لە حاڵەتی شەرمکردن ودانانی ڕێگەچارەی گونجاوی دروستی پەروەردەییانەی هاوچەرخ، تامناڵەکانی ئەم کۆمەڵگەیە ونەوەکانی داهاتو، لەجیاتی شەرم، توانای دەربڕین وڕووبەڕووبوونەوە ولەجیاتی ترس ئازایەتی ولەجیاتی شەڕ، تۆوی ئاشتی لەناخیاندا بچێنین وگوڵی جوانی کامەرانی لە داهاتوودا ببینین.
ئەوەی گرنگە بۆهەنگاونانی چارەسەرکردنی شەرمکردن، پێویستە لە سەرەتاوە لەمناڵیدا کاریان لەسەر بکەین، چونکە تەمەنی مناڵی ئەو تەمەنەیە مرۆڤ شەرم لە شکست ناکات، هەمیشە درێژە بەویستاکانی دەداتەوە وبەردەوام دەبێت.
ئەوەتا (مالکۆم ئێکس سیاسەتمەدار ١٩٢٥ - ١٩٦٥)دەڵێت:( دەبێت لە منداڵان فێربین شەرم لە شکست نەکەین و هەستین و یاریەکە دووبارە بکەینەوە).

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×