ڕێزگرتن و پاداشتدانەوەی مامۆستایان

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2024-01-02     195

(مامۆستایان نوسەری باشن کاتێ لەسەر دڵی نەوەکانی داھاتوو دەنووسن- جویس میر)

 

ڕێزگرتن مانای پابەند بوونی مرۆڤ بە سنووردانان بۆ کەسانی بەرانبەرو دەربڕینی سۆز وخۆشەویستی و پێزانین  بۆیان، لە چوارچێوەی  مامەڵەی  گفتار و ڕەفتار و کارکردنی  کۆمەڵایەتیدا.
دەکرێ ئەم ڕێزگرتنە چوارچێوەیەکی گەورەتر وەربگرێت و بکرێتە کەلتوور و نەریت  بۆ کۆمەڵگە.
ئینجا  دەبێت بێینە سەر شێواز و ئاراستەکانی ڕێزگرتن بۆ بەھا و نەریت و دابی کۆمەڵایەتی، کێ بەرپرسە لەو ئاراستەکردنە؟ 
بۆ ووڵامی ئەم پرسیارە، گومانی تیا نیە دەوڵەت و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی، بەپێی یاسا و دەستوور و پرەنسیبەکان، بە پلانی زانستی و پڕۆژە، لەگەڵ میدیا و ھۆکارەکانی ڕاگەیاندن، ھاوتای فەلسەفەی   پەروەردە، ھەنگاوی  پێویستی  بۆ دەنێن.
لەمباسەماندا ئەوەی جێیدەبێتەوە ومەبەستمانە، ئەرکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە بۆ ڕێزگرتن و پاداشتکردنەوەی مامۆستایان لەھەرێمی کوردستاندا، کە توێژێکی گرنگ و کاریگەرن و خزمەتی زۆریانکردووە، لەم کۆمەڵگەیەدا، لە ھەموو کات و سەردەمەکاندا، لە کاتی خەباتی شۆڕش وبەرەنگاریدا لە شاخ  ئەوان  لە گوندەکان و لەناو ئەشکەوتەکاندا وانەی فێربوون و شۆڕش و کوردایەتیان بە مناڵانی کورد وتۆتەوە. لەدوای ڕاپەڕینیش کاتێ ڕژێمی  بەعس  دامەزراوەکانی دەوڵەتی لە ھەرێم کێشایەوە، مامۆستایان یەکەم توێژی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستان بوون، بە دروشمی (سەری بەرزمان بۆ موچە نەوی ناکەین) ووڵامی ڕژێمی داگیرکەریاندایەوە و لەو کاتەدا نەیانھێشت  پیلانی دوژمنان بۆ کۆتایی ھێنان بە ئامانجەکانی ڕاپەڕین بێتە دی، ئەوە بوو زۆربەی مامۆستایان  دەرگا وپەنجەرەی ماڵەکانیان دەرھێنا و فرۆشتیان و بەکولە مەرگی دەژیان، تەنھا لەبەر نیشتمان و گەلەکەیان.
بەڵام کاتێ پەرلەمان ھەڵبژێردرا و کابینەی حکومەت پێکھات، پاداشتی مامۆستایان چیبوو؟
بار ودۆخی ژیانی مامۆستایان و فەرمانبەران، ھەر مەمرە و مەژی بووە، بەڵام بەرپرسەکانی حیزبەکانیش  بوونە  خاوەنی  ملیۆنان  دۆلار و دەیان ئۆتۆمبێل و پاسپۆرتی ووڵاتان و باخ و ژیانی خۆش، ھاوڵاتیانیش بەشیان ھەژاری و خەمباری بووە.
لە ناو کۆمەڵگەدا لەجیاتی  پاداشتکردنەوەی مامۆستایان، نوکتە و وتەی بریندارکەر بە مامۆستایان  دەوترا، بەنمونە لە زمانی  گۆشتفرۆشێکەوە دەوترا(بۆ مامۆستا ئێسقان بە خۆڕایی)یان( کێ ژن بە مامۆستا دەدا؟) ئەم ووتانە ھیچ  لێکدانەوەیەکی باش لە خۆ ناگرن  جگە لە سوکایەتی و بێڕێزی بەرانبەر مامۆستایان، لای خۆمان ئاوا ڕێز لە شکۆی مامۆستایان گیرا، بەڵام با بزانین، کەسێکی وەک ( عەلی ئیبراھیم ئەلموسەوی) چۆن ڕێزلەمامۆستایان دەگرێ کاتێ دەڵێ: (پێش ئەوەی باسی مامۆستا بکەیت، دەبێت دەمت بە گوڵاو بشۆیت).
لەو کاتانەی  مامۆستایان بەشێوازێکی شارستانی داوای مافەکانیان لەدەسەڵاتی خۆماڵی کوردی کردووە، یان ووڵام نەدراونەتەوە، وەک ئێستا کە بەھۆی بایکۆتی خوێندن وەرزی یەکەم نەخوێندرا، بۆ چوار مانگ  دەچێ  حکومەت مێش میوانی نیە، لە ھەر شوێنێکیتر بوایە  حکومەت ھەڵدەوەشایەوە، کەچی بێباکی و بێخەمی  ئەم  حکومەتە  گومان  دروست دەکات، کە خۆیان حەز بەو دۆخە نەکەن.
جگە لەوە ھەموو خەڵک بینی لە شاری ھەولێر لەبەر نەڕەزایەتی و چوونە شەقام، بە تەلەفۆن ھەڕەشە لە مامۆستا کرا، بەوەشەوە نەوەستان، قاچیان بەرز کردەوە و شەقیان لە مامۆستا ھەڵدا.
ئەحمەد شەوقی دەڵێ: 
قم للمعلم وفە تبجیلا
کاد المعلم ان یکونرسولا
واتە(ھەستە لەبەر مامۆستا دەستە و نەزەر، خەریکە مامۆستا دەبێتە پێغەمبەر).
دەبوایە ئێستا وەک ئەو ووڵاتانەی کە خۆشگوزەرانن و شارستانیان لە کۆڵناوە و شانازی بەخۆیان دەکەن گەیشتوون بە کوێ؟ لە سایەی بیری بەرز و خزمەتی مامۆستاکانیان بەو گەلانە، ئێمەش لەو ڕیزبەندیانەدا بووینایە، نەک نەدانی  موچەی سێ مانگ و بێڕێزیکردن بە شکۆی بەرزی مامۆستایان.
دڵنیام ئەگەر ھەل و مەجەکە گشتی بووایە و ھەموو چین و توێژەکانی ئەم ھەرێمە لە یەک ئاستی بژێوی ژیاندا بوونایە و نادادی بەو ئاستەی دەبینرێ بەدینەکرایە، وەک ساڵانی دوای ڕاپەڕین، مامۆستایان دەبوونە چرا ھەڵگری ژیان، بەڵام  دیارە  پەتی  ئارامگرتنیش  دەپچڕێ و حکومەتیش بەو بیرکردنەوە خراپە ھیچیان دەست ناکەوێ جگە لە پەشیمانی کە دوایی دادیان نادات.
دەکرا ئەزمون وەربگرن و فێری جوان بینینی ژیان وچاک ئاراستەی  حوکمڕانی بن، نەک ھەموو شتێک  لە خزمەتی  خۆیان و حیزبەکانیان و بنەماڵەکانیان و کۆمپانیاکانیادا ببینن، ھەموو شتێک بازرگانی نیە بۆ خۆتان، ئەوەی ئیمامی غەزالی ئاماژەی بۆ دەکات ھەم ژیان وھەم خۆشی و ھەم بازرگانی و ھەم ئایندەیە، وەک دەڵێ :(شەرەفمەندترین پیشە و باشترین پیشەسازی کە مرۆڤ دەتوانێت وەک پیشەی خۆی وەریبگرێت، پەروەردەیە،  مامۆستایان میراتگری پێغەمبەرانن، چونکە جەھل لە مرۆڤەکان لادەبەن و دەیگوازنەوە بۆ ڕووناکی زانین و باوەڕ).
بە پێی سەرنجدان و خوێندنەوە وتێنینیکردن لەم  شێوازە  خراپەی حوکمڕانیەی ھەرێمی کوردستان، وا ھەست دەکەم ئەوەی شکۆ و ڕێز وپاداشتکردنی مامۆستایانی  شکاند دەستێکی نا بەرپرسی حوکمڕانی خۆماڵی و جەھلی عەقڵی تەسکی حیزبایەتی و بنەماڵەیی و خێڵەکی بوو، چونکە ئەم سەردەمە و عەقڵی خێل و ھۆزیان  نەوتووە  بۆ حوکمڕانی  گەل.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×