پەروەردەو گیانی وەرگرتنی ڕەخنە

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2023-09-29     388

 (من ڕەخنەی توندم لەکەسی زیرەکەوە پێباشترە لە پشتیوانی کوێرانەی خەڵک - یۆهانس کێپلەر)


هیچ گومان نیە لەسەرئەوەی پەروەردەی رەخنەگرانە، دیدێکی سەردەمیانەی پێویستە بۆ پەروەردەوئایندەی گشت کۆمەڵگەیەک، ئەودیدەی کەمانای جەوهەری ڕاهێنان وتێبینیکردن وسەرنجدان وخوێندنەوەی ووردە بۆ هەموو کایەجۆربەجۆرەکانی ژیان.
دیدی ڕەخنە وڕەخنەلێگرتن وابەستەی کایەکانی ژیان دەکرێت لەڕێگەی پرۆسەی پەروەردەوە، ئەوەش بەسانایی بەدینایەت پێویستی بە پلان ودانانی ئامانج وستراتیژی دوورمەودا هەیە.
پەروەردەی ڕەخنەگرانە(ڕەخنەیی) ئامانجی پێکهێنانی عەقڵە بە شێوەیەک کە بتوانێت بڕیارلەسەر بیرۆکە و تێڕوانین و بڕیاردانەکانی دەربکات بۆ دیاریکردنی ڕادەی یەکگرتوویییان لە ڕووی دەروونییەوە پێش ئەوەی وەریبگرێت، عەقڵی ڕەخنەیی دیاردەو ڕووداوەکان وەک خۆیان قبوڵ ناکات و پەلە ناکات لە باوەڕپێهێنانیان، بەڵکو دەیانخاتە بەردەم تەرازووی دەروون و بەراوردوهەڵسەنگاندنەوە، تاقیاندەکاتەوە بۆ ئەوەی بزانێت ئایا ڕاستن یان هەڵەن.
پەروەردەی ڕەخنەگرانە، هەنگاوی گرنگدان وبایەخپێدانەبە گیانی وەرگرتنی جیاوازی وبەراووردکردن تا دەگات بەئامانج، بۆیە دەکرێ ئەم تێزە ناوبنێین(جیاوازی ڕەخنە و ڕق) ئەمەش بەومانایە دێت کە هیچ کاتێک ڕەخنە ناچێتە ناوچوارچێوەی ڕق وکینەوە، بەڵکو دەبێتە بەشێکی گرنگ لە گەیشتن بە دۆزینەوەی ڕێی ڕاست ودروستی ژیان، لەمبارەوە (مستەفا مەحمود) دەڵێت: (جیاوازی هەیە لە نێوان ڕەخنە و ڕق، لە نێوان ئامۆژگاری و ڕوشکێنی  لە نێوان ڕێنمایی و سەرپەرشتیکردن، ژیانی خەڵک بە ناوی تۆ نەنووسراوە تا  پێیان بڵێی چۆن بژین).
ئێمە پەروەردەی کەلتورێکی داخراووداگیرکراوین، لەناو هەناوی هەرتاکێکماندا، لەجێی رەخنە دڕکی ڕق و کینە ڕواوە، تاکە هۆکارێکیش کە بتوانین لێی دەربچین هاندان وبەپیرەوەچوونە، ڕووەو پەروەردەی رەخنەگرانە، ئەویش کارکردن وماندووبونی گەرەکە تا ڕێچکەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بمانگەیەنێت بە ڕێگە ڕاست وفراوانەکەی ژیان، لەڕێگەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە دەگەین بە پەروەردەی ڕەخنەگرانە.
لەناوکۆمەڵگەی کوردی وڕۆژهەڵاتی تائێستاش بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە نەبۆتە نەریت، تا بتوانرێت بخرێتە ناو پرۆسەی پەروەردەوە، لەناو ژانرە ئەدەبیەکانیشدا ڕەخنە هەمیشە بەچاوێکی 
دژودوژمن لێی ڕوانراوەو کەم نوسەرهەیە ئەوگیانە بەئاسایی وەربگرێت، بۆیە (مامۆستاهەژار)لەوەرگێڕانی (شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی)ئاماژە بەوەدەدات ودەڵێ من مەمنوونی ئەوانەم کەشڕەکانم بۆپینەدەکەن نەک هەوڵبدەن عەیب وعارم وەدەرخەن.
دیارە خۆی باش کۆمەڵگەکەی دەناسێت وئەزانێت چۆن لەسەنگەردان بۆشکاندنی یەکتری.
ئاراستەی بەدیهاتنی ئەم بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەیە، بە کەسانی باش وبیرفراوان دەکرێت (سەلمان عۆدە)دەڵێت:( دانیشتن لەگەڵ کەسانی ژیر کاریگەری ڕەخنەی خراپ لەسەرت کەمدەکاتەوە، واتلێدەکات بەچاوی ئاسایی لە ڕەخنەبڕوانی).
لەناوپەروەردەدابەڕەچاوکردنی جیاوازییەکان وکارکردن لەسەربنەماکانی لێهاتوویی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ئامانجگەلێک بەدیدێنێت، کە هەموولایەنەکان وبەشەکانی ناوپرۆسەکە بگرێتەوە لەپیداگۆجی(فەلسەفەی پەروەردە) وشێوازی گەیاندن یان وانە وتنەوەی مامۆستایان(دیداکتیک).
ئەوەی جێی شکوسەرنج وتێبینی من وزۆرکەسانیترە، لەئێستادا مامۆستاکان بەگشتی بەگیانی بیری ڕەخنەگرانە ڕانەهێنراون وهیچ پلانێکی باش لەوجۆرە نەبۆتە بەرنامەی کاریان، کەئەمەش ئەوەندەی لەسەروەزارەتی پەروەردەیە کەمترڕەخنەکە ئەوان یان مامۆستاکان دەگرێتەوە.
ئەوەی ئاماژەم بۆکردوە، تەنها تیشکێکە وخستومەتە سەرئەوکایە گرنگەی ژیان کە بۆهەموولایەن وکایەکانی ژیانی کۆمەڵگە گرنگ وپێویستە،  جائەگەربمانەوێ هەمووکۆمەڵگە بگرێتەوە، پێویستە لەناوپەروەردەدا ڕەنگدانەوەی باشی هەبێت،  ئەوەش بەدەست خستنە سەرهەمووکەلێن وکەمووکوڕیەکانی ناوپرۆسەکە، لە دیاریکردنی فەلسەفەیەکی پەروەردەیی هاوچەرخ وسەردامییانە، ئینجاپرۆگرامی گونجاووڕاهێنانی بەردەوامی مامۆستایان، دڵنیام ئەوەش کاتی زۆری دەوێ بەڵام دەستپێکردن زۆرباشترە لەچاوەڕوانی ودانیشتن بەدیاردۆخێکی خراپکراوی ناڕوون.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×