لاساییکردنەوە، تێکچوونی میزاجی کوردەواری 

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2023-07-31     347

لاساییکردنەوە بەمانای بەکارهێنانەوەی شێوازێک لە سیماووتنەوەدا، سیما واتە لەجلوبەرگ و شێوەی کەسێک، وتنەوەش  بەواتە لەدەربڕین (قسەکردن و گۆرانی وتن).
ئەگەر بەووردی سەیری مێژووی مرۆڤایەتی بکەین، لەقۆناغەکانی سەرەتای مرۆڤایەتیدا، مرۆڤی چاخەکانی بەردین یەکەم داهێنانیان لاساییکردنەوەی سروشت بووە، لەو سروشت و دەوروبەرەی تێیدا ژیاون، لەدەنگی با و ئاوو ئاژەڵ وباڵندەکان، بەردەوام  ئاگای لێیان بووەولەگەڵیان جەنگاوەوسودی لێبینیوون بۆژیانی خۆی یان ڕاوی کردوون، لاساییکردنەوەی مرۆڤی ئەوسەردەمە داهێنان بووە، چونکە بۆتە هۆکاری گۆڕانکاری گەورە بۆ مرۆڤایەتی.
لەم کاتوساتەدا لاساییکردنەوە بۆتە دیاردەیەکی ناشیرین وقێزەوون، بەتایبەت بۆجیهانە جوان وپڕخرۆشانەکەی هونەری گۆرانی، هەمیشە گۆرانی وەک بەشێکی گرنگی کەلتووری نەتەوەیی بۆتە ناسنامەی گەلان، لەخۆڕا نیە، کۆنفیشیۆسی فەیلەسوفی چینی دەڵێ: (بۆ شارەزابوون وزانینی ڕۆشنبیری هەرنەتەوەیەک، گوێ لەگۆرانیەکانیان بگرە).
هەریەکێک لەئێمە کاتێ تەنیا دەبین، یان بیرکردنەوە لە بابەتێک تەریکمان دەکات، لەبەرخۆمانەوە ئەگەر بەنووزە نووزیش بێت، گۆرانیەک بۆڕەوینەوەی ئەوحاڵەتە دەڵێین، بۆیە (وەدیع سەعادە)پێناسەی ئەوبێدەنگیەمان بەمجۆرە بۆدەکات ودەڵێت:( لە بێدەنگیدا، گۆرانی جوان. لەناو بێدەنگیدا، سەرسوڕمان دەنگ دەدات. کاتێک دادەنیشیت و بێدەنگ دەبیت، ئاوازی  نوێ دێتەبوون).
زۆرلەکایەکانی کۆمەڵگەی کوردی شپرزەوشێواوون، بەهۆی لێنەپرسینەوەوگوێپێنەدان وهاندان بۆ بەردەوامی ئەوخراپکارییانە.
جاران گۆرانی دڵوگیانی هەموومانی بەخۆشنوودی شاددەکرد، چونکە گۆرانی ودەنگەکان ساف وپاک بوون، ئەوەتا هونەرمەندونوسەروشاعیر(ئارسەرڕیمبۆد ١٨٥٤-١٨٩١)دەڵێت: (ئەی دونیا، گۆرانی پاک وجوان بۆخەمە نوێیەکان بڵێ).
کێ هەیە لەئەمڕۆداخەماکانی بە گۆرانیەکان بڕەوێنێت؟ کام گۆرانیانە وکێ بیانلیت؟ 
لەئێستادا کەگوێ لەو گۆرانیانە دەگری کەلاسایی هونەرمەندە گەورەکان دەکەنەوە، میزاجت تێکدەچێت وبەنابەدڵێش وناچاری دەچێتە ناو گوێکانت و تۆش لەجیاتی خۆشی تێکەڵ بە هەستێکی ناخۆش دەبیت، جا ئەگەرتینت بۆهات لەشوێنێکی گشتی بووی یان دەبێ ئەوشوێنە جێبێڵیت، یان بەزمانێکی نەرم وشیرین بەخاوەنی  شوێنەکە بڵێی ئەرک نەبێت ئەو گۆرانیە بگۆڕە، ئەگەر ئەویش توڕەنەبێت وبڵێ کاکە ئەوگۆرانیە عەیبی چیە؟ یان دەڵێ هەرئەوەمان لایە، ئیتر تۆش ناچاری بێدەنگ بیت و ناخۆشییەکە بنۆشی.
لەناوهەموو میلەتێکدا چەندین گۆرانیبێژی گەورەوناودارهەن، کەبوونەتە بەشێکی گەورەی کەلتووری نەتەوەیی، لەناوگەلی کوردیشدا بەهەمان شێوەیە، هەندێ کەس حەزیان لەوتنی گۆرانی بێت یان دەنگیان خۆش بێت، بۆناساندنی خۆیان وەک گۆرانیبێژدێن وگۆرانی هونەرمەندە گەورەکان دەڵێنەوە، چۆن وتنەوەیەک؟ هەرگۆرانیەکە ناخۆش دەکەن، لەهەمووی ناخۆشتروخراپترکەناڵەکانی ڕاگەیاندن وتیپی موزیکی ئەوکەناڵانە کاری دابەشکردنی موزیک و ئاوازەکان دەکەن، لەوکاتەدا ئەوانیش هێندەی دەنگبێژەکە تاوانبارن لە ناشیرینکردنی گۆرانیەکە.
ئینجا پاش ماوەیەک کەناڵەکانی ڕاگەیاندن نۆرەی بۆ دەگرن تا بەبینەرەکانیانی بناسێنن، بەهونەرمەندیش ناوی دێنن.
یان چەند کەسێک هەن لەلایەن حیزبەکان و کەسایەتیە سیاسیەکانەوە ئەوەندە پشتیوانی دەکرێن، بەگروپ، کچانی دەنگ ناساز کۆدەکەنەوە، گوایە خولیان بۆدەکرێتەوەوفێری گۆرانی وتن دەکرێن، جگە لەنووزە نووز هیچی تر نین، پەلاماری گۆرانی هونەرمەندە گەورەکان دەدەن ودەیشێوێنن، وەک گۆرانیەکانی(حەسەن زیرەک، عەلی مەردان، تایەرتۆفیق، ماملێ، عەباسی کەمەندی، سەیدعەلی ئەسغەری کوردستانی، ...... زۆری تر).
شاعیری جوانی (عەبدوڵا گۆران 1904-1962) هەرزوو هەستی بەوخەمە گەورەیە کردولەشیعرەناوازەکیدا، جوان ڕۆچوە بە ئەو خەمەی دڵی هەموومانی بریندارکردوە، کەبۆ دەروێش عەبدوڵای نوسیوە، دەڵێت:
بە ڕەنگی زەرد و شێوەی دەست و شمشاڵی کزا، دەروێش
حەزم کرد بەستەیەک ببیەم سەراسەر حوزن و ماتەم بێ
لە سیماتا بەدیم کرد هەیکەلی عومرێکی حەسرەت کێش
وەها دیارە کە بەختت ئاشیانی بولبولی خەم بێ
بەڵێ، دیارە، لە ناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار
وەکوو عەکسی قەمەر وایە لە ناو حەوزێکی لیخندا.
بەڵێ گۆرانی مەزن جوانی فەرمووە، لەئێستادا، بەدەستی کۆمەڵێ کەسی دەنگ ناساز خەریکە، میزاجی هونەری خەڵک تێکدەچێت وخەڵک ناچاردەکەن هانا ببات بۆ گوێگرتن لەگۆرانی بێگانە، ئەوسا دەبێ بێینەوە سەر هەمان دەقی گۆرانی مەزن کەدەڵێت:
ئەوەندەم بیست لە مۆسیقاو خرۆشی ڕۆحی بێگانە
میزاجی کوردەواریم تێکچووە، دەروێش عەبدوڵڵا
دەخیلت بم دەسا بەو لاوک و ئای ئای و حەیرانە
شەپۆلی زەوقی میللی پڕ دەروونی مات و چۆڵم کە
لە بیتهۆڤن گەلێ زیاتر بە ڕۆحم ئاشنای، وەڵڵا
دە ئەی دەروێش سکاڵایەک لەگەڵ ڕۆحی کڵۆڵم کە.
هەقوایە، لایەنی پەیوەندیداربەتایبەت بەڕێزان لەوەزارەتی ڕۆشنبیری بەگشتی وبەتایبەتتر بەڕێز وەزیر خۆی چاودێری ئەم لایەنەبکات وبەبڕیارێک ڕیگری بکات لەلاساییکردنەوەی دەنگە ڕەسەنەکان وبەتایبەت ئەوانەی لەژیاندا نەماون، بڕیار لەسەر ئەمانەی خوارەوە بدات:
١-لیژنەیەک دروست بکات لەکەسانی پسپۆڕبۆ بەدواداچونی ئەو کەسانەی گۆرانی کەسانیتر دەڵێنەوە، لیژنەکە بڕیار بدات کارەهونەریەکە بکرێت یان نا
٢-هەرکەسێک بەبێ ئاگاداری لیژنەکە ولەدەرەوەی ئەوان ئەوکارانە بکات سزایەکی دارایی قورس بدرێت و زیندانی بکرێت بەپێی یاسا
٣-هەمووکەناڵەکانی میدیا ئاگاداربکرێنەوە، لەوەی گۆرانی لاساییکردنەوە دانەبەزێنن وپەخشیان نەکەن
ئەم ڕێکارانە دەبنە هەنگاوی مانەوەی دەنگە ڕەسەنەکان و پاراستنیان لەشێواندن، هەروەها دەبێتە برەودان بە گەشەپێدان بەهونەری  گۆرانی کوردی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×