ھۆکارەکانی شکستی دەسەڵاتی کوردی

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2024-03-18     176

(ئەوەی لە گورگ بترسێت ناچێتە ناو دارستان، ئەوەی لە زەرەر بترسێت قومار ناکات - فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی)

 

ئەو دۆخە  ناسەقامگیرییەی  ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان ھاتۆتە  ئاراوە، ئاکام و ئەنجامی خراپی شێوازی حوکمڕانی حیزبە  دەسەڵاتدارە فیودال و خێڵگەراکانی ئەم ھەرێمەیە، ئەگەر سەیرێکی  گۆڕانکاریەکانی ئەو سەردەمە بکەین لە ناوچەکەدا و بەراوردی بکەین بە مێژووی ئەو کاتەی  ڕاپەڕینەی کە لە  باشوری  کوردستان  ڕوویدا، کە بەھاری ١٩٩١ بوو، ھەر سێ دەوڵەتە داگیرکەرو دژ بە کوردەکە ئەکەین  بە نمونەی بەراوردکاری، من ناڵێم با وەک ئەوان بین، چونکە ئەوان پاشخانێکی گەورەتریان لە حوکمڕانی ھەیە، بەڵام ئەبێ سەیری ھەلومەرج و دەرفەت و کات بکەین، کاتێ ڕژێمی پاشایەتی لە ئێرانی دراوسێ دەڕوخێت و شۆڕشی ئیسلامی دێتە جێی، ساڵی ١٩٧٩ بوو، ئەو ووڵاتە لە  سفرەوە بنیاتنرایەوە، ھەر ساڵێک دوای ئەو گۆڕانکارییەی بەسەر ئەو ووڵاتەداھات  جەنگێکی گەورەی ھەشت ساڵەی توشھات لەگەڵ سەدام حوسێنی سەرۆکی ئەو کاتی ئێراق، ئاگری ئەو جەنگە ھەردوو ووڵاتی کرد بەدۆزەخێکی گەورە و زیاد لە یەک ملێۆن مرۆڤ تیایدا سوتان، ئەم ھەرێمە تەنھا دوانزە ساڵ دوای ئەوان واتە  ساڵی ١٩٩١ ڕاپەڕینمان کرد و ساڵێک دواتر پەرلەمان و حکومەتی ھەرێم  دامەزران، کە پشتیوانی نێودەڵەتی  و ھاوکاری و یاسای پارێزبەندی لەم ھەرێمە بەتەواوی لەلایەن ھاوپەیمانان  بەرقەرار بوو، بزانن ئێمە بە تەنھا سێ شاری بچووک بەرەو کوێ چووین و ئێرانیش سەرەڕای ئەو ھەموو فشارە ئابووری و سیاسییەی لەسەریەتی لە کوێیە؟ ئەوان ئیمپڕاتۆریەکیان بۆ فارس و شیعە دامەزراندووە، کە جگە لە ووڵاتەکەی خۆیان دەسەڵاتیان فراوان کردووە بەسەر زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەکەدا، بزانن ئێمە دەستکەوتمان چیبوو؟ .
با نمونەی  دووەممان ئێراق بێت کە سەرکردە کوردەکان ڕۆڵی گەورەیان ھەبوو لە دروستکردنەوەی، لەدوای ٢٠٠٣ بزانن ئەوان لەکوێن و ئێمە لە کوێین؟ ئەوان ڕاستە بەھۆی دەستوەردانی ناوچەیی  و شەڕی مەزھەبی  نەیانتوانیوە ببنە دەوڵەتێکی باش بەڵام توانیویانە لەڕووی کارگێڕی و یاسایی و ئابووری،  دامەزراوەکانی تر لە ئێمە باشتربن،  ئێمە ھەرچاومان لە دەستی ئەوانە ئاوڕمان لێبدەنەوە و موچە و بودجەمان بۆ بنێرێت، کە پێشتر ئێمە بڕیاری ئابوری سەربەخۆماندا و ئەوانمان بە موفلیس ناوزەد دەکرد، ئەمانەی دەیڵێم پاساو نین بۆ دوژمنان و ناحەزانی کورد، تەنھا ھەڵسەنگاندن و بەراوردکردنە، تا پێگەی خۆمان بزانین.
سەبارەت بە تورکەکانیش ھەموومان دەزانین لە سەردەمی نەوەدەکان و کاتی ڕاپەڕینی باشوورئەوان  ئابووریان ھێندە لاواز و لەرزۆک بوو کەس ئاواتی بە ھەژاریان  نەدەخواست.
بزانن ئەوان ئێستا چۆنن؟  گەورەترین ھێزی ناوچەکەن و حوکمی زۆر شوێنی تر دەکەن و خاوەنی بڕیاری یەکلاکەرەوەن  لە بەرژەوەندی خۆیان، ئێمەش بووین بە داردەستیان و چۆنیان بوێ وایان بۆ دەکەین.
لاوازی کورد لەباشور بۆ چەند خاڵێک دەگێڕمەوە، کە ئەمامەن:
١-گوێنەدان بە بەرژەوەندی باڵا و ئامانجە نەتەوەییەکان
٢-کارکردن بە پێودانگی عەقڵی خێڵ و ھۆز و تیرە
٣-گەورەتر بینینی حیزب لە حکومەت 
٤-لێنەپرسینەوە و گوێنەدان لە بەرپرسانی حیزبی
٥-نەبوونی ھزری دیموکراسیانە و یەکتر قبووڵکردن
٦-دانەنانی کەسانی شیاو لە شوێنی شایستە
٧-بایەخدان بە کۆکردنەوەی سامان بۆ حیزب 
٨-نەبوونی پلانی حوکمڕانی باش
٩-تەسلیم بوون بە داگیرکەرانی کوردستان، بەتایبەت ھێزە ناوچەییەکان 
١٠-بوونی ھێزی حیزبی و ملیشیای کەسی 
١١-گوێنەگرتن لە دۆستان و خەمخۆرانی نیشتمان 
١٢-بەسەرمایەدار کردنی سەدان کەسی حیزبی، ئەوانیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان شار و ووڵاتیان پاوان کردووە بۆ خۆیان 
١٣-زۆری و ھەمەچەشنەیی  ھێزی چەکرار و بوونی زۆری گەندەڵی و ناڕوونی 
١٤-بەدامەزراوە یی  نەکردنی سیستمی بانکی، بە ھۆکاری جیاواز بەتایبەت نەبوونی ڕوونی و شەفافی  لە داھاتەکاندا
١٥-جیاوازی چینایەتی و بەرز بوونەوەی ئاستی ھەژاری و بێکاری 
١٦-بێبەشکردن و خواردنی مافی موچەخۆران و مامۆستایان 
١٧-گوێنەگرتن و وەڵامنەدانەوەی ناڕەزایەتیەکان و سوکایەتی کردن پێیان
١٨-لەم ووڵاتەدا ئەگەر حیزبی و سەر بەخۆیان نەبی، کارت بۆ ناکرێت
١٩-دە ساڵە جگە لەو کەسانەی خۆیان مەبەستانە، کەس دانەمەزراوە
٢٠-بێخەمی و بێباکی و بێمنەتی لەخەڵک 
ئەمانەم بۆیە کورتکردەوە و بە خاڵ نوسیومن، تا درێژە بە نوسینەکەم نەدەم، چونکە بۆ ھەر خاڵێک لەوانە دەھێنێ کتێبێک بنوسرێت.
ئەوەی گیانی وورەبەرزی و خۆشەویستی نیشتمان و گەلی لای ھاوڵاتیان دابەزاندووە، ئەم ھۆکارانەن نەک خراپی خەڵک. دڵنیام ئەگەر لاوازی ئێوەی دەسەڵاتداران نەبوایە بیر وڕای خەڵک و دۆخی ژیانیان ئێستا جۆرێکیتر دەبوو، نەک ئەو کولەمەرگیەی ئێستا بەدەستی ئێوەی دەسەڵاتداری ھیچ  نەزان و مشەخۆرەوە تووشی ھاتوون.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×