ماوەی چەند ساڵێکە دەنگۆی وەرگرتنی زەوییەکانی پەروەردەی سلێمانی لەلایەن کۆمپانیایەکی مۆڵەت پێدراوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانیش ڕەزامەندنیە بەو کارە، ھەربۆیە لە ئەنجامی ناڕەزایەتی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە و ئەنجامدانی کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی خەڵکی کوردستان ئاگاداری ئەم ململانێیە بوون، ھەربۆیە کۆمپانیای خاوەن کەیسەکە ڕوونکردنەوەیەکی لاوازی بڵاوکردەوە، کە ئاماژە بە یاسایی ئەو کەیسە دەکات و سەرسوڕمانی خۆی نیشانداوە لە ناڕازی بوونی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی.
ئەوەی بۆ من و ھەموو ئەوکەسانەی نوسەرن و پەوروەردەکارن و ئاگادارن ودەزانن پەروەردەی ووڵاتان لە کوێیە و پەروەردەی ھەرێمی کوردستان لەکوێیە؟ کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خراپی کوالیتی پرۆسەکە و خەمنەخواردنی لەلایەن بەرپرسانی ئەو سێکتەرە گرنگەی ژیانی کۆمەڵگەی کوردەواری، لە ھەموو شوێنێکی دنیادا ھیچ کۆمپانیایەکی مۆڵەتپێدراو ڕێی پێنادرێت، داوای زەوی پەروەردە بکات تا پڕۆژەی قازانج ویست بۆ بەرژەوەندی لایەن و کەس و حیزبێک یان گروپێک بەکاربێنێت ولە موڵکی گشتیەوە بیکاتە موڵکی تایبەت، تەنھا و تەنھا لەم ھەرێمەدا ئەوە ڕووئەدات و بەدیار چاوی ھەموو لایەن و سەرکردەکان ئەو کارە دەکرێت و جارێکیتر دڵی دڵسۆزان و خەمخۆرانی پرۆسەی پەروەردە زویردەکەن و نائومێدی ھێندەیتر بەرۆکمان دەگرێت.
دەبێ لە حکومەتی ھەرێم وبەرپرسانی ئەم ھەرێمە وحیزبەکان وھەموو ئەوانەی چاویان لە پێشخستن و چاککردن و ئاراستەیەکی باشترە بۆ ئەم ھەرێمە، بپرسین:
• ئەو یاسایە کامەیە کە موڵکی گشتی دەکات بە موڵکی تایبەت و بازرگانی وقازانجویست؟
• لە کوێی دنیا ولەکام ووڵات بۆ گیرفانی چەند کەسێک دەستبراوە بۆ زەوی و موڵکی پەروەردە؟
• ئەبێ کام ڕێکاری یاسایی و دەسەڵاتداری حکومەت لە پشتی ئەم کارانەوە بێت؟
• ڕۆڵی دادگا لە پاراستنی موڵکی گشتیدا، ناکەوێتە ژێرپرسیارەوە؟
• رۆڵی وەزارەتی پەروەردە لەم پرسەدا چیە وبەرگری لە کۆمپانیاکە دەکەن یان لە پەروەردەکەی خۆیان؟
• دەکرێت بەڕێزان لە داواکاری گشتی بێنە سەر ھێڵ و ئەو فەرمانە ھەڵوەشێننەوە کە ئەو کارەی پێکراوە
• لەسەر بەڕێزان سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەتە بە پەلە بێنە سەر ھێڵ و ڕێگری لە ھەموو ئەو پێشێلکاریانە بکەن بەرامبەر زەوییەکانی پەروەردە دەکرێت
• ڕۆڵی ڕێکخراوە قوتابی و خوێندکاریەکانە لەگەڵ یەکێتی مامۆستایان، نەھێڵن ھیچ کەس و لایەن وکۆمپانیایەک دەستدرێژی بکەنە سەر زەویەکانی پەروەردە
• ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی شارستانی پێویستە بێدەنگ نەبن لەم ڕەفتارانەی کۆمپانیاکان
• ئەگەر لە ھەرێمی کوردستان ڕێگری لەم کارە نەکراو پشتیوانی ئەو کەس و لایەنانە بکەن کە زەوییەکانی پەروەردە دەبەن و دەیکەنە پڕۆژەی قازانج ویست بۆ کەس و لایەن و کۆمپانیاکان، پێویستە ئەو کەیسە ببرێتە دادگای حکومەتی فیدراڵ، تا لەوێ یەکلایی بکرێتەوە
ئێمە دیارە وەک خەمخۆر ھەم بۆ نیشتمان و ھەم بۆ پرۆسەی پەروەردە و وەک فێرکارو نوسەر لەپێناوی ئایندەی گەش بۆ نەوەکانی ئەم گەلە کە تاکە ڕێگەش بۆ ئەو ئایندەیە تەنھا پرۆسەی پەروەردە و فێربوونە، ناکرێ ئاوا سەیربکەین و بێدەنگ بین.
ھیچ گومانی تیا نیە کە چاککردن و ڕێنوێنی و ئاراستەی باش، ھەنگاوە بەرەو داھاتوی گەش، دوای زیاد لە سێ دەیە لەم ھەرێمەی باشوور جگە لە چاککردنەوەی خراپیەکان ھیچ ڕێگەیەکی ترمان نیە لەوە باشتربێت، بۆیە(ئەلبێرتۆ رۆکیا)ئاماژە بەو کارە دەکات و دەڵێت: (چاککردنی کاری تاوان بۆ باشکردنی، دوورخستنەوە نیە، بەڵکو ئامانج لێی بەدیھێنانی دادوەرییە).
لەم ھەرێمەی لەمەڕ خۆمان زۆر کاری نەشیاومان بەر چاو کەوتووە ھەر بەتەنھا زەوییەکانی بەکرەجۆ نیە کە (١٨٢)دۆنمە، ھەندێ لە قوتابخانانەکانی گەڕەکە کۆنەکانیش چاوی داگیرکاری و زەوتکردنیان لەسەرە کە لەناو جەرگەی شاردان، گوایە قوتابی و خوێندکاریان کەمە و دەیکەنە پرۆژەی نیشتەجێ و وەبەرھێنان، دیارە کردنی قوتابخانە بەھەر شتێکیتر کارێکی نەشیاوو نەگونجاوە، لەجیاتی زیادکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، بەداخەوە لێرە دەڕوخێندرێن، پێجەوانەی ووتەکەی ناپلێۆن پۆناپارتی فەرەنسی کە دەڵێ:(ئەوەی قوتابخانەیەک بکاتەوە، زیندانێک دادەخات)، لێرە قوتابخانە دادەخەن تا زیندان زیاد بکەن.
ئێمە ھەموومان بە پەرۆشین بۆ پەروەردە ھەگبەیەکمان لەکۆڵناوە کە ئەمانەوێ خۆری گەشی ژیان لەسەر نەوەکانی ئایندەمان نەبێتە تاریکی و خۆشی و خۆشویستن و ئارامی ببێتە مارشی ژیانیان.
ئەم پەرۆشییەش تەنیا بە ئێمە ئەنجام نادرێت، بەڵکو ھاوکاری وھەماھەنگی و پشتیوانی ھەمووانی گەرەکە، بۆ ڕاستکردنەوەی ھەڵەکانی ئێستا تا ڕێگە بۆئایندە خۆشکردن بکەینە ئامانجمان، بۆ ئەوەی شادبین بە سەرکەوتن و بتوانین خەونی خۆش بۆ داھاتوو بەدیبێنین.