لە پێناو یەکخستنی توانا پەروەردەییەکان

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2024-05-15     198

کایە و بوار و سێکتەرەکانی کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی ھەمیشە بە بیر وبیرۆکەی جوان و پلان و نەخشەی زانستی و یەکخستنی تواناکان و یەکتر قبوڵکردن، قۆناغەکانی بەدیھاتن و گەیشتن بە ئامانجی گەورە و پێشکەوتن شاد بوون.
ئەگەر لە کایەی ڕامیاری کوردان  بڕوانین، دەبینین ئاکام و ئەنجامی گەلی کورد چەند دوورکەوتۆتەوە، دیارە بەھۆی یەکنەگرتن و یەکنەخستنی توانا و ووزە و پڕۆژەکان بووە، کە ناکۆکی و دووبەرەکی و یەکتر قبوڵنەکردن و تا گەیشتۆتە لەناوبردن و سڕینەوە و شڵەژان و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و شەڕی نەگریسی خۆخۆری کە بە شەڕی براکوژی ناسراوە.
 دیارە بەشێک لەمانە خودی بیرتەسکی کورد خۆی بووە و بەشەکەی تری پلان و نەخشەی دوژمنانی ئەم گەلە بووە و کاریان لەسەر کردووە، لە ئاکامیشدا ئامانجە گەورەکەی نیشتمان و نەتەوە دوورکەوتۆتەوە و بووە بە خەونێک و ھیچی تر، کە ئەمەش بۆ ھەموو تاکێکی نیشتمانپەروەر خەمێکی ھەمیشەییە.
مەبەستمە بچمە سەر بابەتە سەرەکیەکە کە وەک ھەمیشە لای زۆربەی شارەزایان و دڵسۆزان کە ئەویش پەروەردەیە، بەھۆی نەبوونی ستراتیژێکی  ووردی  زانستی زۆر پڕۆژە نەگایشتونەتە ھانگاوی ئاراستەکراو ڕووە و ئامانجی خزمەتی پەروەردە.
ڕێزنەگرتنی یەکتر و خۆبە پاڵەوان زانین و کەسانیتر بەکەم ناسین ھۆکارێکی سەرەکی ئەو یەک دەنگ نەبوونەیە، چونکە کاتێ مرۆڤەکان ناخرێنە چوارچێوەی سنووری ڕێزگرتنەوە، لە بەرامبەردا کینە و ڕق و باسکردنی خراپە شوێنی  کارە ئەرێنی و باشەکان دەگرێتەوە، لەخۆڕا نیە پیرەمێردی مەزن وتوێتی:
قەدری یەکبگرن گەر قەدرزانن
برا بن یاکتر بەسووک مەزانن
ئەوەندەی من بزانم و سەرنجم دابێت، لە ناو کوردستاندا ووزە و توانای زۆر ھەن کە مەبەستیانە خزمەت بەبوارو کایە گەورەکەی پەروەردە بکەن، بەڵام ئەم توانا و ووزانە نەخراونەتە بۆتەیەک و یەکیان نەگرتووە، ئەوەش چەند ھۆکارێک وایان کردووە، کە دەمەوێ بەشێکیان بخەمەڕوو کە ئەمانەن:
١-خۆپەرستی و خۆخوازی ھەندێک لەو کەسانە کە دەیانەوێ ھەموو شتێک ھەر خۆیان بن و دان بەکەسانی تر کە لەخۆیان پڕئەزموونتر و شارەزاترن بنێن
٢-دەست وەردانی کەس و لایەنی حیزبی، چونکە حیزبەکانی کوردستان ئەوەندە عەقڵیان بچووک وتەسکبیرن، وادەبینن ئەوەی لەگەڵیان نەبێت جێی نابێتەوە و ناکرێ ھیجی ھەبێت
٣-نەبوونی ئۆرگانێکی بێلایەن و فەرمی تا ببێتە چەتری کۆکەرەوەی تواناکان، چونکە ھەموو ڕێکخراوەکانی بەناو کۆمەڵگەی شارستانی، حیزبین و ھەمووشیان بەسەرچوون، ھەر لە یەکێتی مامۆستایان و یەکێتی نوسەران و سەندیکاکانی تریش
بێگومان ئەو ئەرکە بەکەسانی ڕۆشنبیر ئەکرێت، ھەروەھا ئەرکی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگادا بە ڕوونی لە ڕێگەی مامەڵەکردنی لەگەڵ تاکەکان دەردەکەوێت، کە بەرژەوەندی کۆمەڵگاکەیان دەزانن و ڕێز لە پێوەر و بەھاکانی دەگرن و دەزانن چۆن بخوێننەوە و بنووسن چونکە وا دەکات پەیامەکەی بە خێرایی بگاتە زۆرترین ژمارەی تاکەکانی کۆمەڵگە، بە واتایەکی تر، بوونی کەسانی شارەزا و خەمخۆر لەڕێگەی قوتابخانە و ڕۆژنامە و گۆڤار و شوێنی پەرستن(مزگەوت) لە کۆمەڵگادا وەک کەناڵی بەھێز بۆ ئاراستە کردن وپەیوەندیکردن دیارە ئەمانەش بەھۆی یەکخستنی توانا و ووزەی کەسە دڵسۆزەکان بەدیدێت.
  یەکەم ئەرک کە ڕۆشنبیر و نوسەرانی  ئەو بوارە ئاڕاستەی  دەسەڵاتی  جێبەچیکردنی دەکەن، ئەوەیە کە تا چەند دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێبەجێ دەکات و ھەڵوێستی تاکەکان بەرامبەری چییە (لە قبوڵکردن، پەسەندکردن، ڕەخنە، یان ڕەتکردنەوە)، مانای ئەوەیە کە وەک چاودێرێکی ھۆشیار  بەرژەوەندی گشتی مامەڵە دەکات و زیانی پێناگەیەنێت نەک خۆخوازی و خۆ پەرستی و خۆنمایشکردن.
خزمەتکردنی پەروەردە بەگشتی، لە پرۆسەکە و ئەدەبی مناڵان، پێویستە نوسەران و خەمخۆران بیرو ڕاو پڕۆژەکانیان یەکبخەن تا کاری پێکەوەیی و ھەماھەنگی ئەنجام بدرێت، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، نەک ئەوەی ئێستا ھەیە ھەرکەس بیرۆکەیەکی ھەبێت، بڵێ من دەبمە خاوەنی پڕۆژەکە و کەسیتر نابێ لەسەرووی منەوەبێت.
دەمەوێ بە فەرمودەیەکی خودای مەزن نمونەیەکی بەرجەستەکراوی ژیانی کۆمەڵگە بخەمەڕووکە چۆن داوامان لێدەکات لە ھەموو کار و ئیشەکانماندا بۆ کاری باش ھاوکار وپشتیوان بین بەڵام بۆ کاری خراپ و نەخوازراو نەبینە ھاوکار، بۆیە فەرموویەتی: {ۆتَعَاۆنُوا عَڵی الْبِرِّ ۆالتَّقْۆی ۆلا تَعَاۆنُوا عَڵی الإپْمِ ۆالْعُدْۆانِ..}
بەپێی ئەزموونی کارکردنم لە بواری نوسین و رێکخراوەیی و پەروەردەدا، ئەمانەم بەرچاوکەوتوە، ھیوادارم ئەو کەسانەی بەمکارانە ھەڵدەستن ڕەچاوی ھەموو لایەنەکان بکەن و واز لە خۆپەرستی بێنن لەپێناو ئامانجە گەورەکە کە پەروەردەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×