کەسێتی مامۆستا وکاریگەری لەسەرپەروەردە

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2023-07-13     415

کەسێتی مامۆستا زۆرگرنگە لەناوپرۆسەی پەروەردەدا، کاردانەوەوکاریگەری لەسەرکەسێتی مناڵ جێدەهێڵێت. توێژینەوە پەروەردەییەکان گرنگییان بە شێوازەکانی کرداروڕەفتاری کەسی پیشەیی مامۆستا داوە، کە دەبێتەهۆکاری بەهێزبوونی  لێهاتووییە پەروەردەییەکان و ئاسوودەیی دەرونی بۆمناڵان.
 ئەو کاتەی بەتەواوی مامۆستا بایەخ بە پیشەکەی بدات و خواستی ئەوەی هەبێت، وەک مامۆستا کەسێتی زانستی وپەروەردەیی خۆی بەرجەستەبکات.
مامۆستای سەرکەتوو دەتوانێت گیانی لێبووردەیی وخۆشەویستی وڕێزگرتن وهاوکاری لەناوناخی مناڵدا بچێنێت، ئەوەش بە مامەڵەیەکی پەروەردەییانەی دروست، لەڕێگەی ئەم جۆرە مامەڵانەوە:
(نەرمونیانی، ڕێزگرتن، ئارامگرتن، ڕاهێنانیان لەسەرچۆنێتی هەڵەکردن کەئاساییە وچۆنێتی ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، هاندان، هاوکاری، خۆشەویستی ئەوانیتر، دوورخستنەوەیان لە دەمارگیری، دروستکردنی هەستی بەرپرسیارێتی، ڕاستگۆیی ودوورکەوتنەوە لەدرۆکردن).
ئەمانە بەشێکی گرنگن کە مامۆستا لە هەڵسوکەوت وماماڵەی کرداری لەکاتی وانە وتنەوەوئاراستەکردندا ئەتوانێت بەشێوازی ڕاستەوخۆوناڕاستەوخۆ کاریگەری هەبێت لەسەرمناڵان، ئەمانە مامەڵەوکرداری پەروەردەیین، هەندێ شێوازیتری کاریگەرهەن کە مامۆستا دەتوانیت، کەسێتی مناڵ بەهێزبکات، کە زیاترڕوکەشوڕواڵەتین، کە مناڵ بەبێ ویستی خۆی نیگاکانیان تێکەڵ بە دیمەن و شێوازو جەستەی مامۆستا ئەبێت، بۆیە جلوبەرگ وجەستەی مامۆستا زۆرکاریگەری لەسەرڕەنگدانەوەی ئەرێنی ونەرێنی بۆسەرکەسێی مناڵ هەیە، بۆمامۆستایانی پیاووئافرەت(ژن).
بەپێی کات وسەردەم وگۆڕانکاریەکانی دنیا، پەروەردەوڕۆڵی نەوەکان گۆڕانکاری بەسەردادێت، هەمیشە نەوەی تازە سودیان لەئەزموونی مامۆستاکانیان وەرگرتوەودەبێ مامۆستاکانیان تێپەڕێنن، ( لیۆناردۆ داڤینشی ١٤٥٢-١٥١٩)دەڵێت:( ئەوەی مامۆستاکەی تێنەپەڕێنێ وباشترنەبێت، خوێندکارێکی بێ بەرهەم و هیچە). 
مامۆستا پیویستە زۆربەشێوازی سادەوئاسایی لەگەڵ مناڵان وخەڵکی مامەڵەبکات، واتە هەڵسوکەوتی خاکەڕایانە بێت، بەوەش قوتابیەکانی وخەڵک خۆشیان دەوێت، خۆشەویستیش هۆکارێکی گرنگە بۆنزیکی وفێربوون.
(ویلیام ئارسەروارد)دەڵێت:(مامۆستای خاکەڕاولێبووردە، باش بۆمان ڕوون دەکاتەوە، بەجوانی وڕێزەوە ڕێی ڕاستمان نیشان دەدات، مامۆستای خۆبەزلزانیش ئەو کەسەیە کە پەراوێزمان دەخات).
بەدەرلە کاریگەری کەسێتی مامۆستا بۆسەرقوتابیان وخوێندکاران، مامۆستایان کاریان ئەوەیە هەمیشە ژینگەیەکی لەباربۆ مناڵان بڕەخسێنن تا خۆری سەرکەوتن وهیوا لەکازیوە چاوەڕوانیان بکات،(بیل پارسێڵز)وتوێتی:(مامۆستای باش ژینگەیەک دروست دەکات کە ڕێگە بە خوێندکار دەدات سەرکەوتوو بێت).
زۆرجارلەناوکایەی کۆمەڵایەتیدا باس لە کەسێتی ئەومرۆڤانە دەکرێت کەلەناوکۆمەڵگە دیارن وکاریگەریان بەرچاوە، بێ چەندوچوون هەمووان باس لە قۆناغەکانی خوێندن دەکەن ومامۆستاکانیان بە نمونە دەهێننەوە، هەریەکێک لەوانە باس لە شێوازی مامەڵەوباڵاوڕێکپۆشی وهێمنی وگفتوگۆی مامۆستاکانیان بەوجۆرەی هاتونەتە بەرچاویان دەیان ناسێنن، ئەوە دەبێتە ناسنامەی مامۆستایان لای قوتابیان وخوێندکاران، کە کەسێتیانەورەنگیداوەتەوە.
یەکێک لەخاڵە بەهێزەکانی کەسێتی مامۆستا ئەنجامدانی دادپەروەریە، هەرمامۆستایەک نەیتوانی دادپەروەری لە پیشەکەیدا بەدیبێنێت، پەیامەکەی ئەسپاردەی تاریکی کردووە، وەک(حەسەنی بەسری)ئاماژەی  بۆکردووەووتوێتی:(ئەگەرمامۆستا لە ناوقوتتابیاندا دادپەروەر نەبێت،  وەک لەتاریکیدا بنوسێت وایە).
لایەنێکی تری گەشی کەسێتی مامۆستا گرنگیدانە بەخۆڕۆشنبیرکردن وئاگایی بەردەوام لە ڕووی زانست وزانیاری وچۆنێتی گەیاندنی پەیامە پەروەردەییەکەی، بەهۆی فێربوون، دووربکەوێتەوە لە شێوازی کۆنی وانە وتنەوە، کەپێی دەوترا فێرکردن، لەوکاتەدا زەبروزەنگوبەزۆرجێگەی خواست وحەزوویست وئارەزوودەگرێتەوە.
مرۆڤ کاتێ خۆی ڕۆشنبیردەکات ووێڵە بەدوای فێربوونی زیاتر، ئاگایی وهزری فراوان دەبێت، بەمەش دەگات بەهٶشیاری، ‌هیچ شتێکیش هێندەی هۆشیاری سوود بەمرۆڤ ناگەیەنێت، بەتایبەت بۆمامۆستایان، پیرەمێردی نەمرلەسەر هۆشیاری وتوێتی:
قەت بەهێچ ناچێ، خانم وخاتوون
هۆشیاری مرۆڤ، دەکات بەئاڵتوون.
مامۆستای سەرکەوتووخاوەن کەسێتی بەرز، جیاواز لەگەیاندنی پەیامە مرۆڤایەتیەکەی کە فێربوونە، لەڕووی دەروونیشەوە، ئاسوودەیەودڵی بە پیشەکەی زۆر خٶشە.
مامۆستا دەتوانێت بەباشی وجوانی پەیامی فێربوون و شێوازەکانی بیرکردنەوە، کە گرنگترینیان بریتین لە: بیرکردنەوەی زانستی، بیرکردنەوەی داهێنەرانە و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لەناوکەسێتی خوێندکاراندا بگەیانێت،  بەمەش ئایندەی کۆمەڵگە ڕوون وگەش وپڕدیمۆکراسی دەبێت، بەها ونرخ بۆ ژیان دابین دەکرێت، ئازادییەکان فەراهم دەبن، دەسەڵات وکارگێڕی وپایەکانی کۆمەڵگە پتەو دەبن،نیشتمان دەبێتە ژینگەیەکی ژیاری و کامەرانی، سۆزوخۆشەویستی جێ بە ‌ڕق وکینە لەق دەکات و ژیان دەبیتە جوانترین تابلۆی سەرنج ڕاکێش و تێڕامان.
وتارەکەم کۆتایی بە وتەیەکی(فیلۆکسین ئه لستێری)دێنم کەدەڵێت:( (ئەوە مامۆستاکانمانن کە ڕێگای ژیانێکی ڕاست ودروستمان نیشان دەدەن وجوانیمان پێدەبەخش).

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×