لە شکاندنی  بایکۆت  ئەوەی دە دۆڕێت  دەسەڵاتە 

ره‌وف محه‌مه‌د ئالانی‌
  2024-02-17     231

(ھەر خەسارێک کە خۆت بەدەستت ھێنا، پێی مەڵێ زەرەر- ویلیام شکسپیر)

 

ئەوەی بۆتە مایەی  نیگەرانی ھەمووان، خەمساردی و عینادی و بێباکی و بێخەمی دەسەڵاتی بەناو خۆماڵی  کوردییە  لەمەڕ ویست و داواکانی چین وتوێژەکانی  کۆمەڵگەی کوردەواری بە گشتی و توێژی مامۆستایان بەتایبەتی، ئەمساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ بەھۆی بێبەشکردنی مامۆستایان لە مافەکانیان و پێنەدانی موچەکانیان، ھەڵوێستیان وەرگرت و بایکۆتی  ناوەندەکانی خوێندنیانکرد.
کە تا نوسینی ئەم وتارە پێنچ مانگ کاتی پرۆسەکە تێپەڕیوە، جگە لە چەند بەڵێنێکی زارەکی مەرجدار، ھیچ بە مامۆستایان نەوتراوە وھیچیشیان بۆ نەکراوە.
لەسەرەتای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکان ئەوەی بەدیکرا ختوکەدانی لایەنێکی سیاسی دەسەڵات بوو، کە ئەو دۆخەی وەک کارتی فشار لەسەر لایەنەکەیتر بەکارھێنا، چاوپۆشی لە سزادان و فشارەکان  کرد  بۆسەر مامۆستایان،  بەڵام  ئەمە ئەوە ناگەیەنێت مامۆستایان بە پێی  ئەجێندای ئەو لایەنە مامەڵایان  کردبێت، بەڵکو ئەو حیزبە سیاسیە وەک کارتی فشار توێژەکەی بەکارھێناوە، تاقە شتێک کەکردبێتی  چاوپۆشین بووە لە سزادان، بەڵام بە ڕوونی و بەدیار چاوی ھەمووانەوە بینیمان کە ئەو لایەنە  بەڕیکەوتنێکی  سیاسی  لەگەڵ لایەنەکەی تری دەسەڵات، چۆن وازی لە بێدەنگی ھێنا و دەستیکرد بە فشارکردن بۆ سەر مامۆستایان و لێپرسینەوە و فشارکردن و سزادان تا گەیشتن بە ھەژمارکردنی  نەھاتن و لابردن و گواستنەوە، ئەمانەش ھەموویان ئەچنە چوارچیوەی بەدەر لەیاسا لەکاتێکدا لایەنی بەرپرس ھەڵنەستێت  بە ئەرکی خۆی  بە دابینکردنی مافە یاساییەکان کە پێدانی مووچە و ڕێزگرتن لە شکۆ و کەسێتی  ئەو توێژە گرنگەی کۆمەڵگە.
لە ئێستادا ڕاستە زۆربەی قوتابخانە وخوێندنگەکان کراونەتەوە بە تایبەت ناو شاری سلێمانی، من وایدەبینم  کە ڕاستە فشارەکان کاریگەریان ھەیە بەڵام  ھەستکردنی  مامۆستایان بە بەرپرسیارێتی گەورەترو پڕ بایەختر بووە، بەوەی دەسەڵات مەبەستێتی کۆمەڵگە گەشە نەکات و وەک خۆی  ئەیەوێ وابێت، چونکە پێودانگەکان سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن کە دەسەڵات ھیچ بەتەنگ ھۆشیاری کۆمەڵایەتیەوە نیە و خوێندن و خوێندەواری لای جێی  بایەخ پێدان نیە.

ھەندی کەس پێیان وایە وەڵامنەدانەوەی حکومەت بۆ مامۆستایان و گەڕانەوە بۆ دەوام  ھێمای شکستی  ناڕەزایەتی و بایکۆتە، کە لای من پیچەوانەکەی ڕاستە، تەنھا شکستی دەسەڵات و حکومەتە، چونکە ناکرێ ونابێ  حکومەت لە ڕۆڵەکانی خۆی بێخەمبێت، ڕاستە ئامانجەکان نەھاتنەدی بەڵام دەکرێ سوود لە ھەڵەکان ببینرێت و پێی بەھێز بن، بەوانە دەڵێم کە لایان شکستە، وەکو(تۆماس نیومان) بیربکەنەوە کە دەڵێ: (شکست بەھێزت دەکات).

ھەرچەندە دەستەی مامۆستایانی  ناڕازی و دەستەی داکۆکیکار لە مافی مامۆستایان و فەرمانبەران و وانەبێژان، ھەرچیان پێکرا کردیان و جێی دەستخۆشیە، بەڵام ھیچ کارێکیش بێکەموکوڕی نابێت.
 
وەک خۆم لەگەڵ بەشێکیان دانیشتوم و سەرنج و بۆچوونی خۆم لەسەڕ کێشە وگرفت وھەنگاوەکان لە گەڵیان ئاڵوگۆڕ کردووە، بەڵام ھەستم بە ھیچ ڕەنگدانەوەیەک  نەکرد، بۆیە گەیشتم بەو بڕوایەی نایانەوێ گوێ لەکەسیتر بگرن جگە لە خۆیان.
(ڕودیارد کیپلینگ)دەڵێ:(ھەرکەسێک بیەوێت سەرکەوتوو بێت، دەبێت بوێر بێت و زۆر لە شکست و دۆڕان نەترسێت).
لە بەرنامەکانی تیڤی کە چاوپێکەوتنم لەگەڵ کراوە، بەڕاشکاوی ڕەخنەم لە شێوازی بایکۆتکردن بەو شیوازە  گرت، کە دەبوو سوود  لە  ئەزموونی  ووڵاتان  وەربگیرێت،  ناکرێ لەھەنگاوی یەکەمدا کۆی پرۆسەکە ڕابگیرێت، دەکرا ھەنگاو بەھانگاو فشار بکرێتە سەر دەسەڵات، لەو کاتەدا چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەش ھاوکار و پشتیوانی  ناڕەزایەتیەکان دەبوون و حکومەت ناچار دەبوو  مل بۆ داواکاریەکانی مامۆستایان بدات.
(عەمر وەلجوندی)دەڵێ: (سودبینین بە مانای سەرکەوتن نییە، ھەروەھا دۆڕانیش بە مانای شکست نییە).

ئەوەی بۆ ھەمووان ڕوونە و بەرچاوە، ئەوەیە تا حوکمڕانی بەم جۆرە کارەکانی  ڕایی بکات و  منەتی  بە کەس نەبێت، دڵنیام ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و بایکۆت بەردەوام دەبێت لەساڵانی داھاتوودا، ناکرێ دەستە گروپیک  بەھەر مەبەستێک بێت ئەوەندە لە خۆیان ڕازیبن، ڕێ بەکەسیتر نەدەن بۆچوونی جیاوازی  لەوان ھەبێت، پێموایە ئەوەش  زیان  بە کایەی  ناڕەزایەتی  و کۆی کۆمەڵگەش دەگەیەنێ، لەبەر ئەوەیە کەسێکی بە ئەزموون و خاوەن بیرڕوونی  وەک (برایان تریسی) دەڵێت(خراپترین بیروباوەڕی سنووردارکردنی خود، ترسە لە شکست، ترس لە لەدەستدان، ھەژاری، ھەڵە، یان نەگەیشتن بەو ئامانجەی کە بۆ خۆتت داناوە).
با دەسەڵاتی خۆماڵی کوردیش دڵی بەوە خٶشنەکات کە توانای  شکستھێنانی  ناڕەزایەتیەکانی ھەیە و خۆی بە پاڵەوانی  بەڕیوەچوونی  کۆمەڵگە و گرفتەکان بزانێت، ئەمەوێ بۆ ئەم بۆچوونەم وتەیەکی (وارسان شایر) بکەمە کۆتایی  وتارەکەم کە دەڵێت: (ئێمە بە پێکەنین ئازاری لەدەستدان دەشارینەوە).

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×