ڕەگ و ڕیشاڵی ئیسلامییەكان پڕۆتێستانتیزم و ڕۆشنگەریی و ماسۆنیزمە زیاتر لە ئیسلام

عەلی سیرینی
  2023-12-14     266

 (بەشی دووەم)

 

پرۆتستانتیزمی مەسیحیی، ئایینی لە ناو کڵێساوە هێنایە دەرەوەو كردیە بابەتێکی گشتیی و موڵكی فەزای گشتیی. هەروەها، پڕۆتێستانتیزم، شەرعیەتی دا بە ئایینپەروەریی تاكەكان لە دەرەوەی كڵێسا. واتە ئەو تاكەی پابەند نیە بە یاسا و ڕێسای كڵێسا، هیچ گرفتێك لە ئایینەكەیدا نیە و دەتوانێت مەسیحییەكی باشیش بێت. واتە، تاكی مەسیحیی، بۆ پەیڕەوكردنی ئایینەكەی خۆی پێویستی بە قەشە و مەتڕانی كڵێسا نیە. لە سەرەتاوە، مارتن لوتەر، ئامانجی دامەزراندنی کڵێسایەكی نوێ نەبوو جیاواز بێت لە کڵێسای کاتۆلیکی لاتینیی، بەڵام ڕێڕەوی ڕووداوەکان ئەم جیابوونەوە و دامەزراندنەیان سەپاند هەتا بوو بە ڕەوشێكی بەرجەستە، كە نەدەكرا هەڵبوەشێندرێتەوە بە گەڕانەوە بۆ باری جاران. بێگومان، ڕێڕۆی ڕووداوەکان بە شێوەیەکی خۆڕسكانە بە لای ئەوەدا شكایەوە، کە پرۆتستانتەکان خۆیان لەناو کڵێسایەکدا ببیننەوە، لەلایەن کڵێسای کاتۆلیکییەوە دانی پێدا نەهێنرێت، ئەمەش سەرەتای دامەزراندنی شەرعیەتێکی جیاواز بوو، کە دواتر بە سەربەخۆیی تەواو لە کڵێسای لاتینیی گەیشتە لوتکەی دووانەیەكی هەمیشە جیاواز. ڕاستیەكەشی، خودی كاتۆلیكەكان بوونە هۆی دروستبوونی كڵێسای پڕۆتستانتیی، چونكە ئەوان پڕۆتستانتەكانیان كافر كرد و نەیانهێشت نزیكی كڵێسا بكەون و دەریانكردن، بۆیە بە ناچاریی، پڕۆتستانتەكان كڵێسای خۆیان دامەزراند. ئەم کۆنتێکستە واقیعێکی نوێی لە ئەوروپا دروستكرد، لە ڕێگەی درز و دابڕانێکی خوێناوییەوە کە پڕ بوو لە شەڕی نێوان جوگرافیاکان کە لە نێوان دوو جیهاندا دابەشبوون، یەکێکیان کۆن و ئەوی دیکەیان نوێ، جیهانی كاتۆلیكیی كۆن و جیهانی پڕۆتستانتیی نوێ. ئیتر بە هۆی جەنگ و شەڕەوە، شەپۆلی گەورەی پەنابەران لە نێوان ئەو دوو جوگرافیایە ڕوویدا، بەو پێیەی پرۆتستانتەکان لە دەسەڵاتی کاتۆلیکی هەڵهاتن بۆ ئەو خاکانەی کە ملکەچی ئایینی پرۆتستانت بوون، بە پێچەوانەشەوە کاتۆلیکەکان بەرەو ئەو وڵاتانە پەنایان برد کە کڵێسای کاتۆلیکی حوکمڕانییانی دەکرد. جەنگێكی سی ساڵە هەڵگیرسا و ئەوروپا شڵەژا و بوو بە دەریای خوێن. دۆخەکە سەقامگیر نەبوو تا ئەو کاتەی وڵاتان و ئیمپراتۆریەت و میرنشینە ناكۆكەكانی ئەوروپا، لە ساڵی 1648، پەیماننامەی وێستفالیایان واژۆ کرد و کۆتاییان بە جەنگی سی ساڵە هێنا کە ملیۆنان کەسی تێدا بوو بە قوربانیی.

جیهانی پرۆتستانت، وەک جیهانێکی چەوساوە، بووە گۆڕەپانی بزووتنەوەیەکی گەرموگوڕ، کە هەلومەرجی پەرەپێدانی ئازادی ڕادەربڕین و مافی مرۆڤی لەناو خۆیدا هەڵگرت، نەک وەک هۆکارێکی ڕاستەوخۆی هەوڵی چاکسازیخوازانی ئایینی پرۆتستانت، بەڵکو وەك ئەنجام و دەرئەنجامی ڕووداوەكان ئەم دۆخە هاتە كایەوە. واتە چاكسایخوازانی پڕۆتستانت، ئەوەی ڕوویدا وەك دەرەنجام، نە پلانیان بۆی دانابوو نە خوازیاری ڕەوشێكی وەها بوون. خاڵێکی زۆر گرنگ هەیە کە بووە هۆی ئەم واقیعە و پەیوەندی بە چۆنیەتی داڕشتنی کڵێسای کاتۆلیکییەوە هەیە. لە کڵێسای کاتۆلیکیدا دوو چینی پیاوانی ئایینی هەبوون کە جەوهەر و دەسەڵاتی کڵێسایان پێکدەهێنا. ئەم دوو چینە چینی كلێرجی و چینی سیكولەر بوون.

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، کڵێسای کاتۆلیکی بیرۆکراتی بۆ زلهێزە بنەماڵە دەستەڵاتدارەکانی ئەوروپا دابین دەکرد. چینی كلێرجی تایبەتمەند بوون لە پەرستش و ڕێوڕەسمی ئایینیدا، پەیوەندیشیان لەگەڵ خەڵکدا سنوردار بوو. بەڵام چینی سیکۆلەر، مامەڵەی لەگەڵ کاروباری گشتی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریدا دەکرد. ئەندامێكی سیكوڵەری کڵێسای لاتینیی، هەموو ئەو سیفەت و پلە و پایەی ئەندامێكی كلێرجی هەبوو، بەڵام، لە واقیعدا فەرمانبەرێک بوو کە دەسەڵاتەکانی بۆ دیاریکرابوو، بەپێی پلە و ئەرکەکەی. بە كورتیی، دەتوانین بڵێین پیاوی كلێرجی كڵێسا پیاوێكی ئایینی بوو، سیكولەریش پیاوی دونیا و حوكمڕانی بوو. کاتێک جوگرافیای سیاسیی لە ئەوروپا لە نێوان کاتۆلیک و پرۆتستانتدا دابەش بوو، ئیتر ئەم پلەبەندییە لە کڵێسای پرۆتستانتدا بوونی نەما. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، ئەو بزووتنەوەیە، لە وڵاتانی پرۆتستانتدا، کە بووە هۆی پەرەپێدانی هەلومەرجی ئازادیی و مافی خەڵک، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ڕزگاربوون لە ژیانی دوای مردندا تەنیا بە ئیمانە، بەبێ کرداری چاك (ڕەوایەتیدان تەنیا بە ئیمان)؛ کاروباری سیاسی گشتیی لە بازنەی کڵێسا دەرچوو بۆ بازنەیەکی مەدەنی فراوانتر. هاوتەبا، کڵێسا بە تێپەڕبوونی کات گۆڕا بۆ چاورچێوەیەكی پەیوەندیدار بە ئایین و پەرستشەوە، چیتر شوێنی حوكمڕانی نەما. لێرەوە ئەم دابەشبوونە لە پلەبەندیی و تایبەتمەندییەکانی ڕێوڕەسمی کڵێسا (پیاوانی كلێرجی و پیاوانی سیكولەر) بە شێوەیەکی سروشتیی و نەگەڕاوە نەما. لێرەدا جێگای سەرنجە، کە جیاوازی نێوان کاروباری دونیا و کاروباری ئایینیی لە کڵێسای کاتۆلیکییەوە ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە، بەڵام پرۆتستانتەکان کاروباری دونیایان لە کڵێسا دەرهێنا و کردیان بە بابەتێك پەیوەست بە فەزای گشتیی، بۆ ئەو خەڵکەی کە دواتر لەسەر ڕێوڕەسمی هاوڵاتیبوون کۆبوونەوە، سەرەتا لە ژنێڤ و زیوریخ، پاشان بیرۆکەکە بڵاوبووەوە بۆ وڵاتانی دیکە لە ئەوروپای باکوور كە كەوتنە ژێر کاریگەریی زڤینكلی و کالڤن. بە مانایەکی تر، پرۆتستانتەکان مەودای کاروباری دونیا و سیاسەتیان فراوانتر کرد، بە شێوازێك کڵێسایان تێپەڕاند و چیتر تاکە ناوەندی کاروباری دونیا و سیاسەت نەمان، بەڵکو سیاسەت لەگەڵ سەرهەڵدانی ناوەندە مەدەنییەکانی تر پەرەی سەند. بەڵام ئەم ناوەندە مەدەنییانە دژە ئایین نەبوون، یان بە واتایەكی تر، هاتنە كایەوەی ئەم ناوەندانە لەسەر بیرۆکەی دوژمنایەتی ئایین یان جیاکردنەوەی کاروباری ئایینی و دونیا دانەمەزران، چونکە ئەم جیاکارییە لە بنەڕەتدا لە کڵێسای لاتینیدا هەبوو كە بە کڵێسای كاتۆلیكیی و ڕۆمانیش ناسراوە.

هاوتەریب لەگەڵ بزووتنەوەی چاکسازیی پرۆتستانت (واتە بزووتنەوەی سەلەفیی مەسیحیی)، جیهانی نوێ (ئەمریکا) لە ئانوساتی سەرکەوتنی خاچهەڵگران بەسەر موسڵمانان، لە ساڵی 1492 لە گرانادای ئەندەلوس، لە ژێر چاودێری شانشینی کاستیل لە ئیسپانیا دۆزرایەوە. دۆزینەوەی ئەمریکا وزەیەكی مەعریفیی و پاڵنەرێکی بەهێزی بەرەو دۆزینەوەی نەزانراوەکان خستە گەڕ. لە سایەی چوونە پاشەوەی ئایین، ئەگەرچی بە هێواشیی، چەپۆكی ئایین و جەوهەرەکەی بەسەر مرۆڤەکاندا شل بوویەوە، بە تایبەت لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بزووتنەوەی ڕۆشنگەری فەلسەفیی و ڕۆشنبیریی، کە لە سەرەتای سەدەی هەژدەهەمدا دەركەوت، پاشان لە ساڵی 1789 دا، لەگەڵ شۆڕشی فەرەنسا تێکهەڵكێش بوو. گفتوگۆیەکی بەرفراوان لە نێوان مێژوونووسان و فەیلەسوفەکاندا هەیە، سەبارەت بە ڕۆڵی بزووتنەوەی پرۆتستانت لە دروستکردنی کەشوهەوا بۆ بزووتنەوەی ڕۆشنگەریی. لە پێشەنگی لایەنگرانی ئەم بۆچوونە، فەیلەسوفی ئەڵمانی ماکس ڤێبەر (1824) بەناوباگترینیانە، کە ڕۆڵێکی پێشەنگانە بە پرۆتستانتیزم دەبەخشێت لە بەرەو پێشوەچوونی ئەوروپا. لە سەدەی هەژدەهەمدا بزووتنەوەیەکی زۆر گرنگتر لە دیاریکردنی ئایندەی ڕۆژئاوادا دەرکەوت، ئەویش شۆڕشی پیشەسازی بوو، کە دەرئەنجامی ڕیكەوت بوو، ئەویش دۆزینەوەی خەڵوز بوو وەک سەرچاوەی وزە. دۆزینەوەی خەڵوز بووە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە وزەدا، و گەشەسەندن لە میکانیزمەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پیشەسازی و شارنشینیدا. ئیتر خەڵوز بووە سەرچاوەی وزەی كارگەكان، كەشتیەكان، و ئامێرەكانی هاتووچوو و گواستنەوە. بەڵام دۆزینەوەی خەڵوز هیچ پەیوەندییەکی بە چاکسازییەکانی پرۆتستانتەوە نەبوو. جێگای سەرنجە، دۆزینەوەی خەڵوز هاوتەریب بوو لەگەڵ ئەنجام و دەرئەنجامەکانی چاکسازییەکانی پرۆتستانتیزم. بەڵام، وێڕای هۆكار و مێتۆدی جیاواز و وتوێژی جیاواز، نكۆڵیی لەوە ناكرێت، کە ئەو وڵاتانەی کە ناسنامەکەیان پرۆتستانتیی بوو، زۆر خێراتر گەشەیان سەند لەسەر ئاستە جیاوازەکان، لە چاو ئەو وڵاتانەی کە بە کاتۆلیکی مانەوە. ئەم واقیعە دەرگای گفتوگۆی لای بیرمەندان کردەوە، لەڕووی گەڕاندنەوەی هۆکاری ئەمە بۆ پرۆتستانتیزم، ئەمەش ئەو وڵاتانەی کە دواتر لەژێر سایەی پڕۆتێستانتیزم سەریان هەڵدا، دووچاری ئەوە بوون دەستور و یاسایەک دابمەزرێنن کە ڕێگەی بە ئازادی بیرکردنەوە، ئایین، کەلتوور...هتد دا. لێرەوە، زۆرێک لە بیرمەندان و فەیلەسوفەکان، پرۆتستانتیزمیان بە هۆكار بینی، بۆ سەرهەڵدانی بزوتنەوەی ڕۆشنگەریی و شۆڕشی فەرەنسا، کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ مۆدێرنیزم و لیبراڵیزم و دیموکراسیی، کە لە سەدەی نۆزدەهەمەوە لە سەرانسەری ئەوروپادا بڵاوبوویەوە، بە خێراییەکی بەرز و نەگەڕاوە بۆ دواوە. ڕاستیەكەی، بۆچوون و گەڵاڵەکانی ماکس ڤێبەر، وتوێژ و مشتومڕی فەلسەفیی و هزریی زۆر هەڵدەگرن و لەم زنجیرە وتارە مەودای باسكردنی نابێت. بەڵام زۆرێك لە فەیلەسوف و مێژوونوسان و هزرڤانان لە گەڵ ماكس ڤێبەر ناكۆكن. چونكە ئەوەشمان لە بیر بێت ئیتاڵیا كە سەرچاوە و دایكی كاتۆلیسیزمە، زەمینەی ڕێنیسانس بوو كە كاریگەری خستە سەر بزوتنەوە چاكسازییەكانی پڕۆتێستانتیزم. هەروەها، فەڕەنسا كە وڵاتێكی كاتۆلیكە، شۆڕشی فەڕەنسا لەوێ ڕوویدا و بووە باوەشی جیهانی نوێی ڕۆشنگەریی و مۆدێرنە. لێرەدا وتوێژ قووڵ دەبێتەوە، بەڵكو لە ئایندە بگەڕێینەوە سەری.

بزوتنەوەی پرۆتستانتیزم لە سایەی گەڕانەوە بۆ یەکەم شەرعیەتی ئایینی کە قۆناغی پێشینەکانی مەسیحییە (مەسیح و هاوەڵەكانی) سەری هەڵدا و سەرکەوتوو بوو. لەم وەرچەرخانەشەوە، بەرەو وەستان لە دژی بیدعەی كڵێسا وەستایەوە کە بۆ چەندین سەدە بەردەوام بوو لە بارگرانیکردن و زەحمەتكردنی ژیانی گەلانی ئەوروپا. ئەم بیدعانە سنووردار كران. بیدعەكانیش بریتی بوون لە قۆرخکردنی ئایین و لێکدانەوەکانی كتێبی پیرۆز و کۆنترۆڵکردنی هەردوو کاروباری ئایینی و دونیا لە کڵێسادا، هەروەها سنووردارکردنی بیرکردنەوە و بینین و لێکدانەوە بۆ بنەما سادەکانی کڵێسا. ئەمە بووە هۆی باڵكێشانی تاریکیی و نادادپەروەریی بەربڵاو بەسەر ئەوروپادا. بەڵام، بیدعەی کڵێسا داهێنان نەبوون لە ئاییندا (ئەمەش فامرانێكی پاڕادۆكسە). بیدعە واتە هێنانە كایەوەی شتێكی نوێ كە لە بنەڕەتدا بوونی نیە یان باسی لێوە نەكراوە. داهێنانیش لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی فکری و فەلسەفی زۆرەوە سەرچاوە دەگرێت، لەسەر ئاستی ئایینی. بەڵام بیدعەی كڵێسای كاتۆلیكیی كردارێك بوو هاوتای لادان بوو لە جەوهەری ئایینی ڕاستەقینە: چۆنیەتیی هەڵسوكەوتی مەسیح و شوێنکەوتووانی. بۆیە پرۆتستانتیزم کە بزووتنەوەیەکی سەلەفییە (گەڕانەوە بۆ پێشینانی مەسیحییەت)، بەسەر بیدعەی کڵێسای کاتۆلیکیدا سەرکەوت، و داهێنانی بەرهەمهێنا. بەم پێیە گەڕانەوەی پرۆتستانتەکان بۆ لای پێشینەکانی ئایینی خۆیان، ڕەوتی پەیوەندی نێوان ئایین و سیاسەتی بۆ ڕاستکردنەوە، لە کاتێکدا بیدعەكانی کڵێسای کاتۆلیکیی لە ئاییندا دواکەوتوویی و نادادپەروەری و تاریکی لێکەوتەوە، کە زیاتر لە هەشت سەدە لە جیهانی ڕۆژئاوادا بەردەوام بوو، لە ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیەوە دەستی پێکرد تا سەرەتای سەدەی چوارەم بەردەوام بوو، كە دەستپێكی ڕێنیسانسی ئەوروپییە.

پارادۆکسی گەورە و سەرلێشێوانی ڕاستەقینە لە نێوان بزوتنەوەی پرۆتستانت بۆ گەڕانەوە بۆ قۆناغی باوباپیرانی مەسیحیی و بیدعەی کڵێسای کاتۆلیکی لاتینیی ئەوەیە، لە ئاستی بیرکردنەوەدا دەردەکەوێت کە گەڕانەوە بۆ باوباپیران بە مانای دواکەوتوویی دێت، لە کاتێکدا داهێنان لە ئاییندا واتە ڕزگاریی و پێشکەوتن. بەڵام لە ئەوروپا پێچەوانەکەی ڕوویدا. سەرلێشێواوترین و پێکەنیناویترین فامران، تێگەیشتنی جیهانی ڕۆژهەڵاتە لە جەوهەری ئەم هاوکێشە تێکەڵاو و ئاڵۆزە. جیهانی ڕۆژهەڵات، واتە ئێمەی میللەتانی مسوڵمان و ڕۆژهەڵاتیی، وەها لە بزووتنەوەی پرۆتستانتیی تێگەیشتووین كە کودەتایەک بوو لەدژی ئایینی مەسیحیی و ڕزگاربوون بوو لە كۆتوبەندی ئایین. بە هۆی ئەم تێگەیشتنە شێواوە، هاوکێشەو لێکچوونی کوشندە هاتە ئاراوە. بۆ نمونە، بۆچوونی نوێ لای ئێمە سەری هەڵدا، گوایە، بۆ ئەوەی جیهانی ئیسلام بەرەو پێشەوە بچێت، پێویستە موسڵمانان لە ئایینەکەیان ڕزگار بکرێن، ئەو بیرکردنەوە و فەلسەفە و یاسایانە وەربگرن کە ڕۆژئاوا دوای بزووتنەوەی پڕۆتێستانتیزم بەرهەمی هێناوە. ئەنجامەکان لای ئێمە بە پێچەوانەوە هەڵگەڕان. بانگەشەی بزووتنەوەی بوژانەوەی ئیسلامیی (الإحیائیة الإسلامیة) كە ئیخوانولمسلمین بووە پێشەنگی، بووە هەڵلاو تەپڵ لێدان بۆ کردنەوەی دەرگای ئیجتیهاد لە ئاییندا، كەچی ئاژاوە و نەزانینی بەرهەم هێنا. لە لایەكی ترەوە، بانگەشەی گەڕانەوەی بەشێک لە باڵەکانی ڕەوتی ئیسلامیی (وەهابییەكان) بۆ قۆناغی پێشینان (سەلەف) دواکەوتوویی و تاریکیی بەرهەم هێنا، هیچ کام لە قەیرانەکانی چارەسەر نەکرد. وێرانکارییەکی گەورە هاتە ئاراوە. چۆن؟ لە ئەڵقەكانی داهاتوودا باسی ئەم بابەتە دەکەم.

چاوەڕێی بەشی سێیەم بن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×