ڕەگ و ڕیشاڵی ئیسلامییەكان پڕۆتێستانتیزم و ڕۆشنگەریی و ماسۆنیزمە زیاتر لە ئیسلام

عەلی سیرینی
  2023-12-29     351

بەشی پێنجەم

 

جەمالەددینی ئەفغانیی پیاوێکی زیرەک بوو، دەیزانی چۆن وەک چاکسازیخوازێکی ئایینیی و پێشەنگی ڕەوتی ئیسلامیی نوێخواز ڕەواج بە خۆی بدات، بازاڕی خۆی گەرم بکات. وەک شیعەیەک و ماسۆنیێک لە هەمان کاتدا، حەزی لە نازناوی ئیمام بوو. بە هەردوو دیو خۆی دەنواند، لە نێو شیعەکاندا لە ئێران و شوێنانی تر، هەروەها لە نێو سوننەکاندا کاتێک لە ئەستەنبوڵ و میسر سەردانی دەکردن. لە نێو شیعەکاندا بە جلوبەرگی پیاوانی ئایینیی شیعە دەردەکەوت، کە دەهاتە شارە سوننەنشینەکان، جل و بەرگی زانایانی سوننەی لەبەر دەکرد، واتە تەڕبوش و عەمامە و جبە. ئێرانی بوو، بەڵام لە جیهانی سوننەدا خۆی وەک ئەفغانییەک دەناساند. ماسۆنیی بوو، لەگەڵ بیری بێدینیی ڕۆژئاوایی هەڵیكردبوو، ئەو بێدینییەی لە فەیلەسوفەکانی وەک فریدریك نیچە و فەیلەسوفەكانی سەدەی نۆزدە و پێشتر درێژببووەوە. ئەفغانیی لەگەڵ ئایینیی بەهایی لە پەیوەندیدا بوو، دڵنیایی بە سەرکردەکانی بەهاییەكان دەدا کە بۆ هەمان ئەو ئامانجە کار دەکات، کە ئایینیی بەهایی خەباتی بۆ دەکات. محەممەد عەبدە، شێتانە، كەوتبووە ژێر کاریگەری ئیمامە ئەفغانییەکەی. عەبدە لە نامەیەکدا، بۆ ئەفغانی نووسیویەتی، ڕەشید ڕەزا دوای سەرسوڕمانێكی گەورە لە ناوەڕۆکەکەی، لە گۆڤارەكەی خۆی ئەلمەنار بڵاویكردەوە. عەبدە هەموو مانای کۆیلایەتیی و دڵسۆزیی و ملکەچبوون بە مامۆستاکەی ئەفغانیی ڕادەگەیەنێت (نامەکە لە ئینتەرنێتدا بەردەستە). زانای هاوچەرخمان، دكتۆر محەممەد سەعید ڕەمەزان بۆتانیی (زانایەكی كوردە لە ساڵی 2013 لە سوریا تیرۆر كرا)، ئەم نامەی عەبدە بە پڕ لە كوفر دادەنێت. عەبدە لە گەڵ نازناوی ئیمام باش هەڵیكردبوو، وەک ئەوەی پێشتر بەم شێوە هاتە ناساندن، ئیتر بوو بە سوننەت، كە نازناوی ئیمام هەمیشە بە ناویەوە بلكێندرێت. لەم چوارچێوەدا، حەسەن ئەلبەننا دوای نموونەی کەسانی پێش خۆی کەوت، نازناوی ئیمامی بەخۆی بەخشی، هەرچەندە زانا و فەقیهی شەرع نەبوو، بەڵکو گەنجێکی تازە پێگەیشتوو بوو (تەمەنی 21-22 ساڵ بوو). ئەوەی سەیرە، ئیخوانولمسلمین، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی حەفتا ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ئیمامەکەیاندا، هاوكات، لەگەڵ دەرکەوتنی زانای بەساڵاچوو لە نێویاندا، ئەم گەنجە، مامۆستای زمانی عەرەبیی و ڕۆژنامەنووس بە پراکتیک (ڕۆژنامەیەكی دامەزراند و وتاری تیادا بڵاو دەكردەوە)، تا ئێستاش نازناوی ئیمامی بەتەنها لەخۆیدا بەرجەستە كردووە، لەکاتێکدا وێنەکەی لە یادەوەری و ویژدانی ئیخواندا، وەكو وێنەی پیرۆز و بێ هەڵەی مەعسوم هەڵكەندراوە.

دەکرێ بڵێین ئیخوانولموسلیمین بووە ئەو بازنەیەی کە بووژانەوەی ئیسلامیی بەرجەستە كرد. هەروەها بووە  ئەو زەمینەیە کە تێیدا ڕەوتی ئیسلامیزم (پێشی دەوترێت چاکسازیی ئایینیی یان ڕۆشنگەریی، یان نوێكردنەوەی ئیسلام)، ئەسپی خۆی تاودا. ئەوەی پێدەچێت هاوبەش بێت، لە نێوان پرۆتستانتی مەسیحیی و پرۆتستانتی ئیسلامییدا، کردنەوەی دەرگای ئیجتیهادە. بەڵام چۆن ئیجتیهادێك؟ پرۆتستانتیزمی مەسیحیی دەرگای پەیوەندی نێوان تاک و ئایینی کردەوە (بەتایبەت دەقە ئاینییەکان، دوای دەرکەوتنی چاپ و وەرگێڕدراوەکانی کتێبی پیرۆز لە زمانی لاتینییەوە بۆ زمانە ئەوروپییەکان كە یەكەم كەس دێزێداریۆس ئەڕاسمۆسی هۆڵەندیی 1466-1536 بە بڵاوكردنەوەی هەڵسا). بەم شێوەیە پرۆتستانتیزمی مەسیحیی توانی قۆرخکاریی پیاوانی کڵێسا و بانگەشەیان، گوایە ئەوان ئامرازی پەیوەندی نێوان تاکەکان و پیرۆزیەكانن، بە توندیی بشڵەژێنێت و دواتر نەیهێڵێت. بەڵام بوژانەوەی ئیسلامیی (پرۆتستانتیزمی ئیسلامیی)، ئەو میراتەی موسڵمانان، کە چەمی لێشاوی، بێ وەستان، کۆشش و داهێنانی 13 سەدەی لە باوەش دەگرت، هەر لە یەكەم چركەساتی ئیسلامەوە، و لە ڕێگەی هەزاران زانا و پسپۆڕی زانستە جۆراوجۆرەکانەوە، بە ڕەق و تەق و دواكەوتوو ناساند. ئیتر دەستی كرد بە بانگەشەی پێویستیی بۆ نوێکردنەوە و دووبارە داڕشتنەوەی، بەڵام لە ناواخندا، نوێكردنەوەیەك بەپێی ئەو ئەنجام و بەرهەمانەی لە ڕۆژئاوا سەریان هەڵدا. ناوەڕۆکی ئەم تێڕوانین و نوێكردنەوە ئەوەیە، کە میراتی زانستیی و هزریی  13 سەدەی موسڵمانان، بۆ ئەم سەردەمەی کە ڕۆژئاوا لە لوتکەی داهێنانی خۆیدا دانیشتووە، ئیتر بە سود نیە. لەم گۆشەیەشەوە، بوژانەوەی ئیسلامیی، دەرگای بە فراوانی بۆ هەموو تاکەکان کردەوە، تا هەوڵ و تێڕوانین و بیرۆکەکانی خۆیان بخەنەڕوو، هەر ئەمەش بووە هۆی لە دایکبوونی گروپ لە دوای گروپ، حیزب لە دوای حزبی ئیخوانیی، بە بیانووی نوێكردنەوە، مۆدێرنەكردنی ئیسلام و ڕاستکردنەوە و چاکسازیی. بە کورتیی، پرۆتستانتە ئیسلامییەکان، ئیسلامییان وەک ئایینێک خستە ژێر هەواوهەوەس و خواستی تاک و گروپەکانەوە. وەهابیزم (وەک بانگەوازێک بۆ گەڕانەوە بۆ پێشینانی ئیسلام، واتە سەلەف) ئەو ڕەوتەیە، بوژانەوەی ئیسلامیی پرۆتستانتیی بەهێزتر کرد، چونکە ئەم گەڕانەوەیە بەبێ ئەو ئامرازانە ڕوویدا، کە بەدرێژایی سەدەکان لەلایەن زانایان و پسپۆرانی شەریعەت وردتر کرابوون، كاریان لە سەر كرا بوو. ئەم گەڕانەوە بۆ تێگەیشتنی پێشینان (سەلەف) لە ئیسلام، گەڕانەوەیەكی خاڵی بوو لە ئامرازەکانی زانست، هەروەها سنووردار بوو بە تێگەیشتنێکی سادەوساكار، خاڵی لە بنەماكانی زانست و ئەو میراتە دەوڵەمەندەی زانایانی مسوڵمان بێ پسانەوە، لە میانی 13 سەدە كەڵەكەیان پێكردبوو و پێدەكرد. کاتێک گەڕانەوە بۆ سەلەف بۆ ئەم ئاستە ڕووکەشانە کورتکرایەوە، ڕاستییەكەی ئاستێکی دواکەوتووە، لێكۆڵینەوە و ئارگومێنت و دەرئەنجامەكانیان بوو بە شتێکی بێ بایەخ و سوك، بە شێوازێك هەر تاکێکی نەخوێندەواری ئیسلامیی ماوەی پێدرا بە تێگەیشتنە سادەكەی خۆیەوە، لە چەند شتێكی سادە و تەنك و پوشوپەڵاش كورتی هەڵبێنێت. خەڵكانی خاوەن ئەزموون و شارەزا، سەرنجییان داوە، ڕەوتی ئیسلامیی بووەتە شوێنێ پێگەیاندنی زۆروبۆرێكی نەزان، كە ئەگەر توانای زانستیشی نەبێت، هێشتان دەم لە بابەتەكانی ئیسلام دەدا. لە بەر ئەمە دەبینین گەنجانێكی ئیسلامیی لە سەرەتای ژیانیاندا، بێ ئەوەی قۆناغی فێربوون و خوێندنی زانستە شەرعییەكان بگرنە بەر، دێن و وەك باڵای كاڵا، بانگەوازی ئیسلام پەخش دەكەن. ئەم پەخشەش، بە جلوبەرگ و نماییشێكی ئیسلامییانەی زۆر بێزراو لای خەڵك دەخەنە ڕوو. ڕاستیەكەی، ئەم نمایشەیان لە گۆڕەپانی فێستیڤاڵە شیعرییەكانی عەرەب دەچێت، كە گرنگیدانی زۆر بە وشەگەلێكی تایبەت و شێوازێكی تایبەتی دەنگ و فۆنۆتیك هەیە (لاسایی كردنەوەی وتاری هەندێك شێخی عەرەب كە زیاتر گرنگیی بە گڕی دەنگ دەدات). ئەم ڕێککەوتنەی نێوان پڕۆتستانتیزمی مەسیحیی و پڕۆتستانتیزمیی ئیسلامیی، لە ئازادكردنی تاکەکان بەرەو دەقە ئایینییەکان بە شێوازێكی ڕواڵەت ئاسا دیارە، بەڵام جەوهەری هاوکێشەکە و هۆكار و ئەنجام و دەرئەنجامەکان، لە نێوان ئەم دوو بازنەیەدا، زۆر جیاوازن. پرۆتستانتیزمی مەسیحیی زەمینەی بۆ خوێندن خۆشکرد، دەرگای بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ پەیوەندی لەگەڵ کتێبە پیرۆزەکەیاندا کردەوە، داوای لێکردن لێکدانەوە و تێگەیشتن هەڵێنجن، کە گەشە بە ژیانیان بدات. ئەمەش ڕێك لە ئەوروپا ڕویدا، كاتێك چاکسازیی لە دۆخی سیاسیی و یاسایی پەیوەست بە ماف و ئەركی تاک و كۆمەڵەكان هاتە كایەوە. وەک لە ئەڵقەکانی پێشوودا ئاماژەم پێدا، سیستەمی سیاسیی دەستی کرد بە گۆڕانکاریی بەرەو باشترکردنی هەلومەرجەکانی ئازادیی و مافی مرۆڤ، ئەمەش لە جنێڤ و زیوریخ لە سەردەمی پرۆتستانتیزمدا دەستی پێکرد، دواتر بە شێوەیەکی بەردەوام بەرەو باکووری ئەوروپا بڵاوبوویەوە. بەڵام پرۆتستانتیزمی ئیسلامیی ئەندامەکانی بەرەو کەوتنە ناو کۆڵی بۆشایی زانستیی و کولتووریی پاڵنا، لە میانی هەڵوەدابوون بۆ ڕزگاربوون، بە پەتێک لە کەلتورێکی بێگانە، کە کەلتوری ڕۆژئاوایە و بە پەتێکی تریش لەو وەهمەی کە پرۆتستانتیزمی ئیسلامیی، وەک تێگەیشتنێکی هاوچەرخ و ڕیفۆرمخوازانە وێنای ئیسلامی پێدەكات. ئەمەش، ئیخوانولموسلیمین و ئەو گروپە ئیسلامیانەی لێیەوە سەریان هەڵداوە دەگرێتەوە. سەبارەت بە وەهابیزم و تاقمەکانی (پێویستە سەرنج بدەینە هاوبەشییەكانی ئەم دوو سەرچاوەیە لە زۆرێک لە گروپە ئیسلامییەکان)، جگە لەوەی پاڵ بە تاکی موسڵمانەوە دەنێت بەرەو وەهمەکانی لاساییکردنەوەی پێشینانەكان (سەلەف)، نەک لە ڕێگەی پەیوەندییەکەوە کە لە میراتی سەدە لە دوای سەدە درێژدەبێتەوە، بەڵكو لە ڕێگای توڕهەڵدانی گەنجەكان بەرەو شێتوشوریی توندڕەویی و توندوتیژیی و خۆكوژییەكی قێزەون. بە واتایەكی تر، پڕۆتێستانتیزمی مەسیحیی، مەسیحییەكانی وەك مسوڵمانانی سەدەكانی ناوەڕاست لێكرد، كە ئەوكات مسوڵمانان پێشەنگی دونیا بوون لە زانست و شارستانیی، پڕۆتستانتیزمیی ئیسلامییش، مسوڵمانانی وەك مەسیحییەكانی پێش سەدەی شازدە لێكرد و خاڵی كردنەوە لە مەعریفەت. لە بەر ئەمە، ئیسلامییەكان بە گشتیی، ئیسلامییان لە چەند وتە و بۆچوونێكی ئیبن تەیمیە و محەممەد بن عەبدولوەهاب و حەسەن ئەلبەننا و هاوشێوەكانی كورت هەڵهێناوە. میراتی زانایانی مسوڵمانیش بە درێژایی 13 سەدە، لای ئیسلامییەكان، پشتگوێ خراوە. زۆرینەی بانگخواز و شێخە وەهابییەكان، ویردی سەر زمانییان وتەكانی ئیبن تەیمییە و محەممەد بن عەبدولوەهابە. ئەوانەی ئیخوانەكانیش (لە گەڵ گروپە ئیسلامییەكانی تری لە دامێنی ئیخوان لە دایك بوون) بە هەمان شێوە، لە گەڵ زیادكردنی مەرجەعەكانی خۆیان وەك حەسەن ئەلبەننا و قوتابییەكانی. تێكڕای ئەمانەش لە میراتی 13 سەدەی ئیسلام، هیچ كێشێكی نیە، بەڵكو وەكو مشتێك ئاوە لە ناو دەریایەك. ئەمە وێڕای ئەوەی هزروبیری ئیبن تەیمییە، پڕ لە تەنگوچەڵەمە و گرفتە. بۆ نمونە، ئیبن تەیمییە لە 60 مەسەلەی شەرعدا خیلافی كۆدەنگیی (إجماع) زانایان وەستاوەتەوە، لە ئاخفتنیشدا لە مەسەلە بنەڕەتییەكانی عەقیدە، وەك پاڵنانی هەندێك پێناسە و وێنە بۆ خودا و سیفەتەكانی، هزرەكانی ئیبن تەیمییەی لە هزروبیری جولەكە و پەیكەرتاشەكان نزیكە، چونكە ئیبن تەیمییە، وێنە و سنور و چۆنیەتیی و چەندیەتیی دەداتە پاڵ خودای گەورە، كە ئەمە لە بیروباوەڕی 13 سەدەی زانایانی ئیسلام بڤەیە. وێڕای ئەمەش، ئیبن تەیمییە هەوادارێكی سەرسەختی ئەمەوییەكان بوو لە بەرامبەر ئالوبەیتی پێغەمبەر (بە تایبەتیی ئیمام عەلی)، كە لە چەندین شوێن، ئیبن تەیمییە بە چاوێكی كەم و تەنزئامێز هەڵیاندەسنگێنێت.

بۆ هەموو ئەمانە و بۆ بابەتی تر کە پێویستیان بە وردبینی زیاترە، ئیخوانولموسلیمین و ئەو بزووتنەوانەی لێیەوە لقیان کردەوە، پاشان وەهابیزم و لقەکانی، لە ئەرزی واقیعدا، بوونە ئەلتەرناتیڤی ڕاستەقینەی ئیسلام، لە کاتێکدا ئیسلام کە چەندین سەدە بە باڵادەستیی مابووەوە، لە ڕێگەی میراتێکی دەوڵەمەند و یەک لە دوای یەکەوە، پاشەکشەی کرد بۆ گۆشەکانی لەبیرچوون و شەرمەزاریی. میراتی ئیسلامیی دەستی کرد بە نامۆبوونێکی دووانەیی: نامۆبوونی مرۆڤی موسڵمان لێی بە هۆی هەژموونی ڕۆژئاواوە، ئنجا نامۆبوونی بوژانەوەی ئیسلامیی لێی، كە موسڵمانان وا تێگەیشتن كە ئەم ڕەوتی ئیسلامییە ئیسلام خۆیەتیی. ئەم نامۆ بوونەی دووەم ماڵوێرانترە لە هی یەكەم، چونكە ئێستا كەس گومان ناكات كە ئیسلامییەكان نوێنەری ئیسلام نەبن، بەڵكو خەڵك بە گشتیی وا دەزانێت ئەوان هەڵگری ئیسلامی ڕاستەقینەن. لە كاتێكدا، ئیسلامییەكان، تەواو نامۆن بەو ئیسلامەی 13 سەدە بەسەر یەكەوە كەڵەكە بووە. هەر لەبەر ئەمەشە بۆمان دەردەکەوێت، کە نامۆترین کەسایەتییەكان لە میانی بوژانەوەی ئیسلامییدا، ئەو زانا و فەقیهانەی شەرعن، کە لەژێر چەندین بیانوودا شەڕیان لەگەڵدا کراوە. ئەم زانایانە بە شێوازی ناشیرین وەسف كراون، بۆ نمونە مەزهەبیی، کۆنەپەرست، دواکەوتوو، كەللـەڕەق، كۆلكە مەلا و دڵسۆزی ڕژێمە ستەمکارەکان. دەستەواژەی ستەمکاریی (دیکتاتۆریەت بە زمانی هاوچەرخ) لەلایەن پرۆتستانتیزمی ئیسلامییەوە داتاشرا، نەک دژی دەسەڵاتە عەلمانیەکان وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکات، بەڵکو بۆ شەڕکردن لەگەڵ سوڵتانە موسڵمانەکانی وەک سوڵتان عەبدولحەمید. لەم چوارچێوەیەدا کتێبی (عەبدولڕەحمان ئەلکواکیبیی) (یەکێک لە پێشەنگەکانی بوژانەوەی ئیسلامیی) سەبارەت بە ستەمکاریی هات (كتێبەكەی بە ناونیشانی الإستبداد بڵاو كراوەتەوە)، بۆ ئەوەی شەرعیەتی خەلافەت و ئەو زانایانەی کە لە دەوری کۆبوونەتەوە دابماڵێت. پاشان یەكێكیتر لە هێماكانی بوژانەوەی ئیسلامیی، بە ناوی عەلی عەبدولرازق، ئەم دەستەواژانەی بەکارهێنا، بۆ ئەوەی بگاتە ئەو دەرەنجامەی کە بنەمای خەلافەت خۆی ناشەرعییە و شتێک نییە بە ناوی دەوڵەتی خەلافەت. دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بوو، وەک چۆن ئیخوان و گروپە هەرە پێشکەوتووەکانی دەڵێن حوكمی ئیسلامییان ناوێت، بەڵكو دەوڵەتێکی دیموکراتیی مەدەنییان دەوێت، بە بیانووی ئەوەی بنەماكانی دیموكراسیی و ئیسلام هەمان شتن، كە وا نیە. لە کاتێکدا بە پێچەوانەوە گروپە وەهابییەكان بە بیانووی دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامیی، دەیانەوێ بمانگەڕێننەوە بۆ 14 سەدە پێش ئێستا، گەڕانەوەیەكی ڕواڵەتیی (جل كورتكردنەوە، ڕیش درێژكردن، سمێڵ تاشین یان تەنككردنەوەی، بەكارهێنانی هەندێك زاراوە و چەمكی فوسحای عەرەبیی ...هتد) كە تا ئێستاش بەردەوامە. ئەم هەوڵە ڕواڵەتییە كارەساتیی بەرهەم هێناوە. چۆن؟

چاوەڕێی بەشی شەشەم و هەفتەم بن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×