لە هەندێك پێگە دەنگۆی سكاڵا لە دادگاكای ئەمریكا دژ بە مەسرور بارزانی گەرموگوڕە. كورد دەڵێ تێنەگەیشتن لە بەڵای خودا خراپترە. هەندێك كەس (هەوادارانی چەپ) بە پاڵپشتی چەند لایەنێكی ناوخۆ و دەرەوە، بە یارمەتی چەند كەسانێكی ئەمریكیی، هەندێكیان ناسراون، سكاڵایەكییان دژی مەسرور بارزانی و حكومەتی هەرێم لە دادگاكانی ئەمریكا تۆمار كردووە. ئەم سكاڵایە هیچ بەرهەمێكی نابێت جگە لە زەرەردان لە كورد خۆی. بە پێی مەزهەبی كەری دێزە، بە سەر كورددا دەشكێتەوە. ئەوانەی سكاڵاكەشیان تۆمار كردووە، وەك بارهەڵگری ئەم كارە بە كار هاتوون، دواتر، بە بێ دەستكەوت بەرەو شوێنی خۆیان دەنێردرێنەوە.
پێش هەموو شتێك، ئەمریكا خۆی وڵاتێكی گەندەڵ و ستەمە. مێژووی ئەمریكا واتە تاوان دژ بە مرۆڤایەتیی، بە تایبەتیش تاوان دژ بە گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان. ئنجا كەسانێك لافوگەزافی مافی مرۆڤ و چینی چەوساوە و هەژار لێبدەن، كەچی سكاڵا ببەنە لای ئەمریكایەك، كە تەنانەت لای خودی ئەم كەسانەوە بە هێمای شەڕ و ستەم و سەرمایەداریی و چینایەتیی دێت، دەبێت ئاستی ئەم قێزەونیە لە چ گۆمێكی بۆگەنەوە سەرچاوە بگرێت! ئایا ئەم كەسانە دەتوانن دژ بە ئەمریكا سكاڵا تۆمار بكەن، كە چۆن پاڵپشتی ڕژێمە دژ بە كوردەكانیان كردووە؟ ئایا دەتوانن سكاڵا دژی توركیا و تەنانەت خودی حكومەت و كەسایەتییەكانی حكومەتی عێراق بكەن، كە چۆن مافی گەلی كوردییان پێشێل كردووە؟ ئایا دەتوانن دژی ئێران سكاڵا بكەن؟ ئنجا ئایا لە كوردستان تەنها بنەماڵەی بارزانی لە زوڵم و گەندەڵیی تێوەگلاون، یان لایەن و بنەماڵە و كەسایەتیی تریش هەن، كە لە دەستەڵات و گەندەڵیی و ستەم بەشدارن؟ ئەی بۆ سكاڵا تەنها دژ بەم بنەماڵە تۆمار كراوە بە تایبەتیی دژ بە مەسرور بارزانی كە هاتووەتە سەر حكومەتێكی وێرانەو كاولبوو؟! ساڵانێكی دوور و درێژ، دیارە حكومەت لە دەست كێ بوو و چۆن بە فیفتی-فیفتی لە نێوان پارتی و یەكێتی تەڕاتێنی پێدەكرا و دەستەڵاتدارەكانی دەیەكانی ڕابردووش دیارن، كە ئەوكات مەسرور لە نێویان نەبوو. ئەی خێرە شانەی گەندەڵیی لە سەری ئەم پیاوە دەشكێندرێت؟! بێگومان دوو هۆكار لە پشت ئەم نهێنیەوەن، یەكەم هۆكاری سیاسیی و دووەمیش هۆكاری كاردانەوەی نەزانانی دێزە! دیارە ئەوانەی بە هۆكاری دووەمەوە كاردانەوەیان هەیە، لە لایەن خاوەنانی هۆكاری یەكەم بەكار دێن.
هۆكارە سیاسیەكەش لەدوای ئەمەوە ئەوەیە، كە مەسعود بارزانی، ئەمڕۆ بووەتە داكۆكیكەرێكی سەختی مافی كورد و لە نێو شەپۆڵی دوژمنداریی و ناحەزیی شۆڤێنیانەی ئێران و كلكەكانیان لە عێراق، خۆی ڕاگرتووە و بەرخودان دەكات. ئێران و شیعە لە عێراق، هەر لە ساڵی 2003 وە بەردەوام نەخشەو پیلانیان هەیە بۆ لە باربردنی هەرێمی كوردستان و لە ساڵی 2017، بە شاڵاوی هێزی سەربازیی، لە ژێر چەتری ئەمریكا و بەریتانیا هەڵمەتیان هێنایە سەر كوردستان، بۆ لەناوبردنی یەكجارەكیی هەرێم و دەستەمۆكردنیی خەڵكی كوردستان. بەڵام پیلانەكە سەری نەگرت و پێشمەرگە بە سەركردایەتیی كاك مەسعود جەنگا. ساڵانێكە لە ڕێگای بڕینی موچەی خەڵكی هەرێم، ئێران و كلكەكانی، ویستوویانە ئەركی لەباربردنی هەرێم بە خودی كورد بسپێرن، ئەویش لە ڕێگای هاندانی خەڵك دژ بە دەستەڵاتی هەرێم. واتە، بە هۆی نەبوونی موچە، خەڵك بە گژ دەستەڵاتا ببردرێت بۆ ڕوخاندنی. بەهانەی نەدانی موچەش، بە پێی حكومەتی شیعەی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە پارتی و بنەماڵەی بارزانی نەوت بە قاچاغ دەفرۆشن، پارەی گومرگەكان ڕادەستی عێراق ناكەنەوە. زۆرێكیش لە كوردی داماوی خۆمان، لە ژێر پاڵەپەستۆی نەبوونی موچە، ئەشهەدوبیللا بۆ ئەم بەهانانەی دوژمنانی خۆی لێدەدا! لێرەشدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، كە ورەی كوردایەتیی لای زۆرێك چەند كزولاواز و لەرزۆكە، بە بەراورد بە ورەی فەڵەستینییەكان. فەڵەستینییەكان، زۆر باش دەزانن، ئەو كارەساتەی بە سەریاندا هاتووە بزوتنەوەی حەماس و ئێران دروستیان كردووە، بەڵام ئامادە نین سازش لە سەر پرسی كێشە و خاكەكەیان بكەن و ئەشهەدوبیللا بۆ بەهانەی ئیسڕائیل لێبدەن!
بەڵام ئایا ئەم بەڕێزانەی ئێمە، كە سەروبنی زمانیان، هێرشكردنە سەر دەستەڵاتی هەرێمە، ئایا پرسیاریان لە خۆیان كردووە، بۆ میلیشیا و حزب و گروپی شیعە هەیە لە عێراق، كۆنتڕۆڵی بیری نەوتی لە دەستە و بودجەیان لەم بیرە نەوتانەوە دەستدەكەوێت؟! ئەی بۆ حكومەتی عێراق دەست بە سەر ئەم بیرە نەوتانە داناگرێت، كە بە سەرپەرشتی ئێران پارەی نەوتەكە تەڕاوبەڕا دەكرێت، بۆ هێزی قودسی ئێران لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن سەرف دەكرێت؟! ئایا داماوەكانی ئێمە دەزانن تەنانەت حزبوڵلای لوبنانیش لە نەوتی عێراق پارەی دەستدەكەوێت؟! ئەی خێرە بەس یەخەی بنەماڵەی بارزانی گیراوە؟!
ئەم سكاڵایانە بێ ئاكام دەمێننەوە، تەنها ئەوە نەبێت، وڵاتێكی دەبڵمۆڕاڵی وەكو ئەمریكا وەكو كارتی فشار دژ بە دەستەڵاتی هەرێم بە كاری دەهێنێت، بۆ ئەوەی چاوی كوردی پێ شۆڕ بكات. هەروەها، كاسبكارییەكی باشیشە بۆ كۆمپانیاكانی پارێزەران لە ئەمریكا، كە سەدان ملیۆن دۆلاری كوردییان دەست دەكەوێت (ئەمەش بەرهەمی دێزە). ئەو ئەمریكیانەش كە لەم دۆسیەی دادگایە بەشدارن، بەشی خۆیان بۆ مسۆگەر دەكەن.
قسەیەك لە سەر گەندەڵیی
لە ڕۆژانی ڕابردوو، دەستمكرد بە نوسینی وتارێك لە سەر چۆنیەتیی دروستبوونی گەندەڵیی، هێشتان تەواو نەبووە. بەڵام با لێرە چەند قسەیەك بكەم. بەڵێ لە كوردستان گەندەڵیی هەیە و دەستەڵاتی هەرێم لە ساڵی 1991 وە تا ئەمڕۆ دەستەڵاتێكی گەندەڵە. هۆكارە ڕیشەییەكانی ئەمە لە وتارەكەیترمدا شرۆڤە دەكەم. بەڵام بنەماڵەی بارزانی، بە حوكمی ئەوەی دەستەڵاتی گەورە لە ژێر دەستی ئەواندایە، گەندەڵییەكە لای ئەوان زیاتر و خەستترە. لەم ساڵانەی ڕابردوو، مەسرور بارزانی بە ویستێكی توندەوە، هەوڵیداوە ئەم گەندەڵییە چارەسەر بكات، بەڵام بە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی بە نێو ڕەگوڕیشاڵ و چومگەكانی خەڵك، هەروەها بە هۆی هەبوونی فرە سەنتەری هێز لە كورستان، چارەسەركردنەكە بەو ئاسانیە نیە، لە كاتێكدا هەڕەشە و مەترسیی زۆر لە سەر هەرێم هەیە. لە چەندین نامە بۆ بەڕێز سەرۆك بارزانی، زۆر بە ڕاشكاویی ئاماژەم داوە بە مەترسیی تێوەگلانی ئەندامانی بنەماڵەی بەڕێزیان لە سامانی گشتیی و خراپ بەكارهێنانی دەستەڵاتی بنەماڵە و پارەی میللەت. باسی ئەوەم كردووە زەرەرمەندی یەكەم جەنابیان دەبێت، بەو حوكمەی كاك مەسعود نەك تەنها كەسی یەكەمی بنەماڵەی بارزانیە، بەڵكو میراتگری خەباتی هەموو سەركردە دێرینەكانی كوردە و لە ئێستادا، دواهەمین سەركردەی مێژوویی كوردە. لە دوای ئەو بۆشاییەكی زۆر مەزن ڕوو لە كورد دەكات! قسەیەك بە قەرز بۆ هەموو لایەك دەكەم، لە داهاتوو كاتێك وشیاریی نەتەوەیی كورد پەرە دەستێنێت، چینوتوێژی كورد تێكڕا، لە جیاتی گریان، فرمێسكی خۆێن بۆ كاك مەسعود دەڕێژن. بەڵام ئەم سەركردە، ئەمڕۆ كەوتووەتە بەر شاڵاوی هێرش و پیلانێكی مەزنی دوژمنانی كورد و كوردستان. بەداخەوە، پانتایەكی فراوانی گەلەكەمان، لە گەڵ ئەم شاڵاوە هەڵیكردووە و زۆر بێ ئاگایانە كەوتوونەتە گیانی ئەم سەركردە سەرسەختەی كوردایەتیی. بەداخێكی قوڕستریشەوە، پارتی و خودی بنەماڵەی بارزانیش بوونەتە بەشێك لەم شاڵاوە، بە هۆی گەندەڵیی و خراپ بە كارهێنانی دەستەڵات و پارە. ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی و پارتی، ساڵانێكی دوور و درێژە زۆر بێویژدانانە، دار لە ژێر پێی كاك مەسعود دەبڕن. بەشێكیش لە كاردانەوەی ئەم گەندەڵیە، ئەوەیە، زۆرێك لە كورد سازش لە سەر كوردایەتیی و خاك و نیشتمان دەكەن. بە قەدەر نەخوێدەوارێك، مامۆستایەك، ژنێك یان منداڵێكی فەڵەستینیی، زۆرێك لە كورد، ئینتمایان بۆ وڵات و خاكەكەیان تیا نیە، موچە لایان لە هەموو شتێك گرنگترە. فەڵەستینییەكان دەزانن حەماس تاوانبارە و هۆكاری ئەم نەهامەتیەیە و ئیسڕائیلیش نەك هەر لە موچە بێ بەشی كردوون، بەڵكو ڕۆژانە بە لێشاو مردنیان بە سەردا دەبارێنێت، بەڵام بە موو، دژ بە خۆیان ناوەستنەوە و یەك لە سەر سەدیش بۆ دوژمنەكەیان شلی ناكەنەوە!