ڕیفراندۆمی 2017 لە نێوان كوردێكی مێژوویی و جیهان

عەلی سیرینی
  2023-09-28     646

لەم ڕۆژانە یادی گشتڕاپرسیی (ڕیفراندۆم) تێدەپەڕێت، كە ساڵی 2017 لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كرا. بێگومان ڕووداوێكی جیهانی گەورە بوو، لە ڕووداوە هەرە گرنگەكانی مێژووی كوردیشە. لە میانی ڕیڕەوی تەكامولبوونی نەتەوەیی (بە تەعبیری شاعیری مەزنمان ئەحمەدی خانی)، ڕیفراندۆم ململانێ و مشتومڕی زۆری لە نێو كورد و غەیرە كورد هێنایە كایەوە. لێرەدا باس لە كاكڵەو لوتكەی ئەم ڕووداوە دەكەم. ئەگەر ئەحمەدی خانی لەم سەردەمەی ئێمە ژیا بوا، بێگومان، ئەو بارە قوڕسەی خستبویە سەر شانی "گەر دێ هەبویا مە پادشاهەك"، تەرازوێكی هونەریی و ئەدەبیی دادەنا، بۆ ئەوەی قووڵتر تێڕوانینەكەی دەرببڕێت. بێگومان، ئەوكات، خانی لە تەك "گەر دێ هەبویا مە پادشاهەك" دەینوسی "گەر دێ هەبویا مە میللەتێكی تەبا و هاریكار و هۆشمەند و وشیار و لێزان و بە سەلیقە". كەواتە هەموو بارە قوڕسەكە ناخرێتە سەر شانی پادشاهێك، بێت، سەروژێری باروزروفی گەلی كورد بگۆڕێت، ئەمەیان تێڕوانینێكی ئەفسوناویی سحراوییە. چونكە نەبوونی پادشاهێك لە نێو كورد، دەگەڕێتەوە بۆ خودی ئەم پێكهاتەیە كە باروزروفی تایبەت بە خۆی هەیە، بەربەستە لە بەردەم دروستبوونی ئەم جۆرە پادشاهە، خانی تا لە حەیفیدا مرد، هەر خەونی پێوە دەبینی. ساڵی 2017، ئەوەی پادشاهێك پێویستە بە ئەنجامی بگەیەنێت بۆ سەرەوەریی نەتەوەیەك، كوردێكی مێژوویی ئەمەی بە زیادەوە بە ئەنجام گەیاند.

كاتێك نەتەوەیەك ڕوو بە ڕووی كێشە چارەنوسەكان دەبێتەوە، لە میانی هەڵوێستیان لە ئاست ئەم كێشانە، دەزانرێت ئایا ئاستی ئەم نەتەوەیە بەرزە یان نزم، ئایا وەك نەتەوە هەڵسوكەوت دەكات یان وەك پێكهاتەیەكی دواكەوتوو و دژوار و دابڕاو لە داخوازیە هەنوكەییەكان. لە نێو میللەتە پێشكەوتووەكان، ئەوانەی بازنەی تەكامولبوونیان تەواوە، مەسەلە گەورە و چارەنوسەكانیان (وەكو ئازادیی و سەربەخۆیی و سەروەریی) ناكەونە ژێر باری دانوستان و سازان تا دەست لە مافەكانیان هەڵبگرن. لە 25ی ئەیلولی 2017، دەربڕینێكی مێژوویی هەرە مەزنی سەروەریی كورد هاتە ئاراوە. ئەم دەربڕینە، ئەو خوێنە بوو كە هەمیشە لە نێو بازنەی تەكامولبوونی نەتەوەیی دەسوڕێتەوە، چەندین جار لە ڕووداو و پێچە مێژووییەكان دەركەوتووە. ڕیفراندۆمی ساڵی 2017، مەترسیترین دیداری كورد بوو لە گەڵ مان و نەمانی ئەم دەربڕینە و ئەو خوێنەی سەدان ساڵە لە نێو بازنەی تەكامولبوونی كورد دەسوڕێتەوە. مەترسیەكەش ئەوە بوو، زۆرینەی دونیا ویستیان ئەم دەربڕینە كپ بكەن، ئەم خوێنە بەند بكەن لە سوڕانەوە و گورزی هەرە كوشندە لە ڕۆحی تەكامولبوونی كورد بدەن. بەڵام كوردێك، زۆر سەرسەختانە و سەركێشانە، بووە بەرجەستەی ئەو ڕۆح و وزەیەی لە نێو میرات و مێژوو و تەسەووف و خەبات و سەركردە و زانا و شاعیری كورد كەڵەكەی كردووە، لە چركەساتێكی مێژوویی بەرامبەر بە جیهان تەقاندیەوە، ویستی ئەم ڕۆحەی سەرخست و بەردەوامیشی دا بە سوڕانەوەی خوێنەكە لە نێو بازنەی تەكامولبوونی كورد. لەوێدا، زۆرێك لە زلهێزەكانی دونیا و ناوچەكە، دەستیان لە یەك دەخشاند، بە هیوای ئەوەی ئەو سەركێشیی و سەرسەختیەی كورد ببەزێنن، ویست و بڕیاری كورد بشكێنن. هیوایەكی زۆریان تا دوا چركە هەبوو، كە ئەو كوردە مێژووییە لە ژێر فشار و پاڵەپەستۆی زۆری ئابڵوقەی ئابوریی و سیاسیی و تەنانەت مەترسیی لە ناوچوونی قەوارەی هەرێمیش، بڕیاری هەڵوەشانەوەی گشتڕاپرسیی بدات، ئەوانیش بە خۆشییەوە ئاوێكی سار بە سەر كورد دا بكەن. بەڵام ئەو كوردە مێژووییە، بە شێوازێكی زۆر ئەفسوناویی و موستەحیلانە، بڕیاری جیهانی شكاند و ئاوە ساردەكەی لە دەست ستاندن و كردی بە سەر خۆیاندا. ئەو كوردە مێژووییە مەسعود بارزانی بوو. كاتێك ئەمە ڕوویدا، بووە مایەی سەرسامیی و مەدهۆشی وڵاتان و سیاسەتمەداران و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیران و تێكڕای خەڵك. چونكە لە خەیاڵی كەس نەبوو، لە كاتێكدا هەرچی وڵات و سەركردەی جیهان هەیە، بەرامبەر بە بڕیاری تێكڕای دونیا (بە تایبەتیی دونیای زلهێزەكان) چۆكی داداوە و ملی كەچە، چۆن پێشبینی ئەوە بكرێت، سەركردەی هەرێمێكی بچوكی ناو وڵاتێكی خاپوری وەك عێڕاق، بتوانێت بڕیاری وڵاتانی ناوچەكە و ئاغاكانیان (زلهێزەكان) بشكێنێت. ئەمە لە عەقڵی خەڵكی دونیا دوور بوو. لە بەر ئەمە، زۆرینەی خەڵك، هەندێكیشیان كوردی داماو و خامۆشی خۆمان، گرەویان لە سەر ئەوە بوو لە دوا چركەدا بارزانی بڕیاری هەڵوەشانەوەی ڕیفراندۆم بدات، بۆ ئەوەی تا ئەبەد كورد سەری شۆڕ بێت. ئەم حاڵەتە سەرنجی زۆر كەسی ڕاكێشا. یەكێك لەوانە سەرۆكی بەرپرسی پێشووی سی ئای ئەی لە ئاسیا و پاسیفیك، كە لەوتارێكدا باسی سەركێشیی و سەرسەختیی مەسعود بارزانی كرد. كابرا بە شان و باڵی بارزانی هەڵنەدەدا، بەڵكو وەك نەیارێك ئەم وتارەی نوسیبوو، بەڵام لە ناواخنی وتارەكەدا، نەیتوانیبوو ئەو هەیبەتە مەزنەی بارزانی بە سەر دونیا فەڕزی كرد، بیشارێتەوە. نوسەرێكی توركیش، بە سەرسامییەوە، یەك دوو ڕۆژ پێش ڕیفراندۆم، لە وتارێكدا پرسیاری كرد "نازانم چۆن بارزانی بەم تەمەنەوە بەرگەی ئەم هەموو فشار و چاوسوركردنەوەی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان دەگرێت". بەڵێ، ئەو كوردە مێژووییە، بە ئیرادەیەكیی پۆڵایینەوە بەرگەی هەموو فشار و هێز و بەربەستەكانی گرت، ڕۆحی كوردی سەرخست كە خانی و شاعیرانی تری مەزنی ئێمە بە فرمێسكەكانیان تۆماریان كردووە، لە ئاهوهەناسەی شێخ و زانایانی عیرفان و خوێنی هەزاران سەركردە و پێشمەرگە، لە دێرین زەمانەوە تا ئێستا، خۆی نواندووە، بڕیاری ڕیفراندۆمیش بەرجەستەی كرد.

گرنگیی ڕیفراندۆم ئا لێرە بوو كە ئەژنۆی كورد نەشكا، ڕۆحە مێژووییەكەی خامۆش نەبوو، ویست و ئامانجی دێرینی خاپور نەبوو و وزەی بوونی نەمرد. ئێمەی كوردی ئەم سەردەمە، بە مەسعود بارزانیشەوە، ڕۆژێك دێت ئەم دونیایە جێدەهێڵین و نامێنین. بۆ بەرژەوەندی شەخسیی و حزبیی و سیاسیی و دەستكەوتی دونیا، وا باشتر بوو بارزانی ڕیسك بە ژیانی خۆی و بنەماڵە و دەستەڵاتەكەی نەكات. بەڵام ئەم كوردە مێژووییە، شەقێكی لەمە هەمووی هەڵدا و تاك و تەراك بە سواری ئەسپێكی سەركێش دای لە مەیدانی ڕووبەڕو بوونەوەی هەموو جیهان، شمشێرێكی مێژوویی دا لە بڕیاری دونیا و گشت جیهان گوێی لە گرمەی بوو و ڕۆحی كورد سەركەوت. ئەگەر بە پێچەوانەوە بوایە، ڕیفراندۆم نەكرابا، تا ئەبەد نەوە لە دوای نەوەی كورد شەرمەزار دەبوو، هەمان ئەم وڵاتانەی جیهان لە ڕێگای نوسەر و دیپڵۆماتكاری درۆزن و ساختەچیی خۆیان دەهاتن ئەمەیان بە گوێی كورد دەدا، كە میللەتی كورد هۆشیاریی نەتەوەیی نیە و ڕۆحی چەتەیی و خێڵەكیی بە سەریاندا زاڵە و بۆ دەستكەوتی بچوك ئامانجی گەورەی نەتەوە دەكەنە قوربانیی. ئێستاش گاڵتەیان بە كورد و پرسە نەتەوەییەكەی دەكرد. بەڵام بارزانی تا ئەبەد تۆپەقوڕێكی گەورەی لە دەمیان دا، بۆمبەكەی لە دەستی خۆیان تەقاندەوە. تا ئەبەدیش سەروەریی و شانازیی بۆ نەوەی كورد تۆمار كرد. سڵاوی هەمیشەیی لەم كوردە مێژووییە.           

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
موچه‌ی وه‌زاره‌تێكی هه‌رێم زیاد ده‌كات‌
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×