ڕەگ و ڕیشاڵی ئیسلامییەكان پڕۆتێستانتیزم و ڕۆشنگەریی و ماسۆنیزمە زیاتر لە ئیسلام

عەلی سیرینی
  2023-12-16     267

(بەشی سێیەم)

 

نزیکەی سێ سەدە دوای چاکسازییەکانی پرۆتستانت، ئەوروپا لە ئاستی هزر و فەلسەفە و زانست و کەلتوردا، خۆی لە ناو گۆڕانکارییەکی گەورە بینیەوە. ئەم گۆڕانکارییە وردە وردە لە کۆمەڵگا ئەوروپییەکان ڕەگی داکوت، لەژێر هەژموونی ڕەوتە هزریی و فەلسەفیەکاندا، کە بەتەواویی لەگەڵ ئاییندا پچڕان، یان چیتر گرنگییان بە ئایین نەدەدا، بەڵکو بە بەشێک لە ئەفسانە و كەلتورە دەستكردە مرۆییەکان مامەڵەیان لە تەكدا كرد. کەواتە ئەوروپا، لە ژێر بەرەو لوتکە چوونی مۆدێرنیزم و لیبرالیزم و نادینییدا، هاتە ناو سەدەی نۆزدەهەمەوە. ئەمەش بە هاوبەشی لەگەڵ باڵادەستی تەکنەلۆجیی، سەربازیی وڵاتانی ئەوروپا ڕوویدا، ئنجا هاوکات بوو لەگەڵ بازاڕگەرمیی زۆری کاڵا و بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی ماددیی و "ئەخلاقیی" ڕۆژئاوایی لە نێو گەلانی جیهاندا. ئەم هۆكارانە بوونە پاڵنەر و ئاسانكاریی، بۆ ئەوەی سەردەمی كۆلۆنیالیزم دەست پێبكات و ئەوروپا جیهان داگیر بكات. ئەم گەیشتنەی ئەوروپا بە لوتكە، کاریگەرییەکی گشتیی و توندی خستە سەر خەڵکی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و بازنە جۆراوجۆرەکانیان، کە وا تێبگەن، ئەم گەشەسەندنە زەبەلاحەی ڕۆژئاوا و بەرزبوونەوەی باڵادەستیی زانستیی و کەلتوریی، هێزی بێ ڕكابەری تەکنەلۆجیی و سەربازیی، جگە لە دەرئەنجامێکی لۆژیکیی پرۆتستانتیزم هیچی تر نییە. واتە، تێگەیشتنێك هاتە ئاراوە، پێی وایە، ئەم گەیشتنەی ئەوروپا بە بەرزترین پایەی مێژوویی، ئەنجامی چاکسازییە لە ئایینی مەسیحیدا، لە سەدەی شانزە، پاشان کودەتا لە دژی ئایین لە سەردەمی ڕۆشنگەریی و شۆڕشی فەرەنسا، تا گەیشتە مردنی ئایین لە سەردەمی مۆدێرنێتیدا، وەک فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریك نیچە لە وتە بەناوبانگەکەیدا دەریبڕی "خودا مردووە ".

نیشانەکانی بوژانەوەی ئیسلامیی: چەمكی ڕابوونی ئیسلامیشی بۆ بەكار دێت، لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا، لە ئەستەنبوڵی پایتەختی دەوڵەتی عوسمانیی، لە میسریش، لە ژێر دەسەڵاتی محمد عەلی پاشا و خدێوی ئیسماعیل دەرکەوت. ئەم بوژانەوەیە، بە جۆرێك بە ڕەنگدانەوە و لاساییكردنەوەی بزاوتی پرۆتستانتی مەسیحیی و ئەنجامەکانی لێكدرایەوە. خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ بەشی یەکەم و دووەمی ئەم وتارە، بۆ ئەوەی دەربارەی ئەم کۆنتێکستە ئەوروپییە بزانێت چی ڕوویداوە. لە سەدەی نۆزدەهەمدا جیهانی ئیسلامی ماندوو و شەكەت بوو، ملی ڕێگای كەوتن و پارچەبوون و داڕمانی گرتبوو. لە سەدەی نۆزدەهەمدا مەیلی ناسیۆنالیستیی و نەتەوەیی لە دەوڵەتی عوسمانیدا گەشەی سەندبوو، ئەمەش بووە هۆی داڕمانی ڕۆخەكانی دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی چەسپی یەکگرتن لە نێوان میللەتان و پێکهاتەکانی دەوڵەت، کە بۆ ماوەی سێزدە سەدە لە بازنەی ئایین و ترادیسیۆن پێكەوە مابوونەوە و ژیانیان هاوبەش بوو. لەم نێوەندەدا، لە ژێر قوڕسایی ئەو بارگرانییانەی کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانییان وێكهێنابوویەوە، باری پێکهاتەو گەلانی ڕۆژهەڵاتی بە گشتی لار كردبوو، دوو ڕەوت، لە ئیستەنبوڵ و لە میسردا دەرکەوتن، لە ناوەڕۆکدا هاوئاهەنگیی و تەبایی بابەتییانە لە نێویاندا وەفەرهات، كە ڕەنگدانەوەی توخمە هەنووكەییەكانی سەردەمی خۆیان بوون و خەمە هاوچەرخەكانی ئەوكات بوون. واتە، ئەم هاوئاهەنگیی و تەباییە لە نێوان ڕەوتی توركیا و میسر، بەرهەمی ڕێککەوتنێکی پلان بۆ داڕێژراو نەبوو. ئەم ڕێککەوتنە سروشتییە، بەهۆی خاڵی دەستپێکی دوو ڕەوتەکە و ئەو پرسانەی کە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکردن و بڕیاردان لەسەر واقیعێک کە هەمان شایستەیی و توخم و کۆنتێکستی هەبوو، هاتە ئاراوە. بە كورتیی، شاگەشكەبوون و سەرسامبوون بە ئەوروپا، لە میسر و لە ئیستەنبول و لە سەرتاسەری جیهانی ئیسلام سەری هەڵدا.

لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا، بزووتنەوەی ڕۆژئاواگەریی لە دەوڵەتی عوسمانییدا دەرکەوت. ئەم بزوتنەوە بە سەرکردایەتی ڕۆشنبیرانێك بوو، کە لە ڕۆژئاوا فێرببوون و زۆر سەرسام بوون پێی. لە پێشەنگی بزووتنەوەی ڕۆژئاواگەریی ئیبراهیم شوناسی دێت، کە لە ژێر دەستی ڕۆژئاواییەکانی وەک ئەلفۆنس ​​دی لامارتین، ئێرنست ڕێنان، بافێت، دا کۆرتیلا، و ئیمیلا لاتێرا...هتد خوێندوویەتی، یان پێیان كاریگەر بووە. پاشان نامیق کەمال دێت وەك پێشەنگێکی ڕۆژئاواگەریی لە دەوڵەتی عوسمانیدا. نامیق ئەندامی بزووتنەوەی ژێر زەمینیی گەنجانی عوسمانیی بوو (یەکێک لە نەوەکانی محەممەد عەلی پاشا، مستەفا فازڵ پاشا، ئەندامی ئەم بزووتنەوەیە بوو)، کە یەکەم ناوکی بزووتنەوەی گەنجانی تورک و دواتریش كۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقیی بوو. نامیق، کاریگەریەكی زۆری لەسەر کەمال ئەتاتورک و تێڕوانینەکانی و بیرۆکەکانی هەبوو. بزووتنەوەی گەنجانی عوسمانیی ڕازی نەبوو بەو چاکسازییە ڕێکخراوەییانەی لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا كران، کە لە ساڵی 1839 ڕوویدا و بە یەکەم قۆناغی مەشروتیە لە ساڵی 1876 کۆتایی هات. بۆیە لە جەوهەری داواکارییەکانی ئەم بزوتنەوە، ڕۆژئاواگەریی خۆی مەڵاس دابوو، كە لەوێوە داواكارییەكان زیاتر دەهاتنە پێشەوە و فەزای گشتیشی بۆ ئامادە دەكرا. ڕێبازی ئیبراهیم شوناسی و نامیق کەمال بریتی بوو لە مۆدێرنکردنی دەوڵەتی عوسمانیی، بەپێی شێوازی ڕۆژئاوایی لەسەر ئاستی فەلسەفە، هزر، سیاسەت، هونەر و ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە ڕێکخستنی مافی تاکەکانەوە هەیە لەناو کۆمەڵگادا. هەردووکیان لە ڕۆژئاوا ژیاون و هەردووکیان شاعیر بوون. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە مەیلی ڕۆمانسیی و سەرسامییەكی سۆزدارانە زاڵ بووە بەسەر تێڕوانین و بیرۆکەکانیاندا. بێگومان زۆر گەنجی دیکەش، لە دەوڵەتی عوسمانیدا هەبوون، کە بە وێنەی باڵادەستی ڕۆژئاوا و ئەو قۆناغەی تیایدا دەژیان كە ڕۆژئاوا زاڵببوو، سەرسام بوون. لەم گەنجانە، لە نەوەی یەكەم، عەلی سواڤی، زیاء پاشا و ئاغا ئەفەندی، مستەفا فازڵ پاشا، مدحەت پاشا و هتد دێن، كە دامەزرێنەری كۆمەڵەی گەنجانی عوسمانیی (یەنی ئۆسمانیلەر) بوون. لە نەوەی دوای ئەمانە ئیسحاق سوكۆتیی و عەبدوڵلا جەودەت (هەردووكیان كوردن)، ئیبراهیم تیمو (ئەلبانیی)، نازم بەگ، جەودەت عوسمان و محەممەد ڕەشید و هتد، ئەو ڕۆشنبیرانەن كە دامەزرێنەری ئیتیحاد و تەرەقیی بوون. ئەوەی ئەم گەنجانە كۆ دەكاتەوە و دیدگایان یەکدەخات، چەند بابەتێکە، کە بریتین لەوەی زۆرینەیان لە قۆناغی گەنجایەتیی ژیانیاندا بوون (نێوان بیست تا سی ساڵ)، توانای زانستی قووڵیان نەبووە، بەڵکو زیاتر مەیلیان بەرەو شیعر و هونەر و هەندێک کەلتوری ڕۆژئاوایی باو بووە. جگە لەمەش، لە سەر ئاستی شارەزایی و زانین دەربارەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و مێژوو و زانست و ئایین، ئاستی زۆرینەیان هەژار و ناوەڕۆكیان سیس و كاڵ بووە. ئنجا، لە بەردەم ڕۆژئاوادا، گرێی خۆ بە كەم زانین لە نێو دەرونیان پەرەی سەند، کە وایلێكردن كۆیلانە سەرسام بن بە هەموو شتێكی ڕۆژئاوا، بێ وردبوونەوە و تێفكرین و لە بێژەنگدان.

لە میسر لە ژێر دەسەڵاتی محەممەد عەلی پاشا، ئەوەی ناسراوە بە ناوی "ڕێنێسانسی عەرەبی" ڕوویدا. ئەم ڕێنێسانسە لە کارەکتەر و ناوەڕۆکدا جموجۆڵێكی مۆدێرنەخوازیی بوو بە لاسایی كردنەوەی ئەوروپا. محەممەد عەلی پاشا، خوێندکاری ناردن بۆ وڵاتانی ئەوروپا بە تایبەتی فەڕەنسا، بۆ بەدەستهێنانی زانست و هونەرە مۆدێرنەکانی ڕۆژئاوا. ئەم بابەتە، تا سەردەمی نەوەی محمەممەد عەلی، خدێوی ئیسماعیل بەردەوام بوو. زۆرێک لەو خوێندکارانە، کەوتنە ژێر کاریگەریی کەلتوری ڕۆژئاوا كە لە هەناوی ڕۆشنگەریی و مۆدێرنێتیدا پەرەی سەندبوو. ئەم قوتابی و ڕۆشنبیرانەی میسریش، هەروەک هاوتەمەنەکانیان لە ئەستەنبوڵ، کە لە سەرەوە باسمان کرد، هەمان حاڵ و وباروزروفیان بەسەردا هات. لە نێو ئەو کەسایەتیانەدا ڕەفاعە ڕافع تەهتاویی بوو، کە لە نووسینەکانیدا وێنەی باڵای ڕۆژئاوای پەخش دەکرد، کە کاریگەریی لەسەر ویژدانی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی پەیدا دەكرد، لە بەرامبەر ئەو شەپۆڵەی ڕۆشنگەریی ڕۆژئاوا، تا وای لێدەکرد ئیفلیج و بێدەستەڵات بکەوێت. ئەوەی تەهتاویی بە کەسانی دیکەی وەک ئەو دەبەستێتەوە، لە ئەستەنبوڵ و لە میسردا، ڕەواجدانە بە کەلتوری ڕۆژئاوا، کە لە بەرزترین پلەدا، خۆی لە ڕەتکردنەوەی ئایین، وەک مەرجێکی بنەڕەتی بۆ پێشکەوتن و گەشەکردن دەبینێتەوە. لە نزمترین ئاستیشدا، هەوڵ و كۆششە بۆ ئامادەکردنی فەزای گشتیی بۆ مۆدێرنەکردنی كۆمەڵگا و چەماندنەوەی ملی ئایین، لو پێناو هاوئاهەنگیی لەگەڵ پێشهاتەکانی ڕۆژئاوا کە لە بوارە جیاوازەکاندا ڕوودەدەن. نوێبوونەوە لێرەدا، بە واتای "چاکسازیی" دێت، بۆیە زۆرێک لەم کەسایەتیانە بە "چاکسازیخوازی ئایینی" ناسراو بوون. لەم گۆشەوە، ئەم پێناسەیە هاوشێوە و هاوبەشە لە گەڵ ناساندنی مارتن لوتەر و هاوبیرەكانی لە چاكسازیخوازانی پڕۆتستانت لە ئەوروپا. هەردوو ڕێگاکە (ڕێگای ئیستەنبول و میسر) لە هەمان خاڵدا یەكیان گرتەوە، بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێكی خوازراویان، ئەویش، كردنی ئەو وەهمە گەورەیەی نائاگایی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیی بوو بۆ باوەڕێکی سەقامگیر. وەهمەكەش ئەوەیە کە ڕۆژئاوا بەهۆی وازهێنان لە ئایین پەرەی سەند، ئەگەر ڕۆژهەڵاتیش بیەوێت پێش بكەوێت، پێ بە پێ، دەبێت نموونەی ڕۆژئاوا پەیڕەو بکات. ڕێکخراوی نهێنی ماسۆنیی بە چەندین ڕێگەو شێوازەوە ئەم تێڕوانینەی کەلتوراند و ڕەواجی پێدا، بەرەوپێشی برد و لە نێو ڕۆژهەڵاتدا بڵاوی كردەوە. لەم ڕێگە و شێوازانە ڕاكێشانی کەسایەتییە گەورەکانی ڕۆژهەڵات بوو (سیاسەتمەدار و زانا و هەندێکی دیکەی ڕۆشنبیر و هونەرمەند و پیشەڤانان) بۆ ناو بازنەی ماسۆنییەت.

بیرمەند و ڕۆشنبیری گەورە هەن کە سەرکردایەتیی ئەم ڕەواج پێدانەیان کردووە، کە کاریگەری خۆی کرد و بە وردی ئامانجەکەی بەدەستهێنا. لەم بیرمەند و ڕۆشنبیرانە، بەڵكو بەرزترینیان، جەمالەددینی ئەفغانییە (ئەفغانی نەبوو، بەڵکو ئێرانییەو خەڵکی ئەسەدئابادە). ئەفغانیی، دامەزرێنەر و سەرۆکی مەحفەلی کەوکەبولشەرقی ماسۆنیی بوو. ژمارەیەک کەسایەتیی باڵا پەیوەندییان بەم مەحفەلە ماسۆنیەی ئەفغانییەوە کرد، کە هەندێکیان قوتابی ئەفغانیی بوون، هەندێکیشیان دوای ئەو هاتن و کەوتنە ژێر كاریگەریی ئەفغانیی. لە نێو ئەمانە و ئەوانیتردا، شێخ محمد عەبدە، تۆفیق پاشا، قاسم ئەمین (كوردە)، سەعد زەغلول، سەلیم ئەلعەنجوری، ئەدیب ئیسحاق دێن. ئەفغانیی، هاوشێوەی هاوچەرخە تورک و میسرییەکانی (ئیبراهیم شوناسی، نامیق کەمال، و ئەلتەهتاویی)، لەگەڵ کەسایەتییە فەلسەفیی و ڕۆشنبیرەکانی ڕۆژئاوادا لە پەیوەندیدا بووە. ئەو كەسایەتییانەی ئەفغانیی لە گەڵیان لە پەیوەندیدا بووە بریتین لە ئێرنست ڕێنان، ئیسحاق تایلۆر و هتد. لە کاتێکدا ئەفغانیی بە ڕێنانی ڕایدەگەیاند کە "پێویستە بە شمشێری ئایین خۆی سەری ئایین ببڕدرێت"، لەگەڵ تایلۆر هەماهەنگی دەکرد بۆ سازدانی کۆنفرانس بۆ "یەکخستنی ئایینەکان" و جەختکردنەوە لەسەر چەمکەکانی یەکگرتوویی بوون و یەكێتی ئایینەکان (لەم سەردەمەی ئێمەدا، ڕەواجێكی بەرچاو هەیە بۆ دروستكردنی یەكێتی ئاینە ئیبراهیمییەكان و كاری بەردەوامی بۆ دەكرێت). ئەفغانی وەها تەماشای پێغەمبەرایەتیی كردووە كە دەستکەوتێکی مرۆییە و مرۆڤە هەرە ژیرەكانی مێژوو پێی گەیشتوون، بێ هەبوونی پەیوەندی بە ئاسمانەوە. شێخ محمد عەبدە، لە مامۆستا ئەفغانییەکەی بە جۆش و خرۆشتر و توندڕەوتر بوو، هەروەها بەردەوام بوو لە هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی سەربڕینی دین بە شمشێری دین، ئەو سەربڕینەی بە سوننەتێکی باشی ئەفغانیی دەزانیی. تا ئەمڕۆ، ئەم سوننەتەی ئەفغانیی و عەبدە و شوێنکەوتووانی ئەوان جێبەجێی دەکرێت!

كێن شوێنكەوتووانی ئەفغانیی و عەبدە و چۆن ئەم سوننەتە جێبەجێ دەكرێت؟ وەڵامەكە لە بەشی چوارەم و دواترە، چاوەڕێ بن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
موچه‌ی وه‌زاره‌تێكی هه‌رێم زیاد ده‌كات‌
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×