ڕەگ و ڕیشاڵی ئیسلامییەكان پڕۆتێستانتیزم و ڕۆشنگەریی و ماسۆنیزمە زیاتر لە ئیسلام

عەلی سیرینی
  2024-01-02     307

(بەشی شەشەم)

 

ئیخوانولموسلیمین لەم میراتە پرۆتستانتییەوە، ئایینیی ئیسلامییان گۆڕی بۆ پارتێکی سیاسیی، کە خەبات بۆ دەسەڵاتی دیموکراسیی و پەرلەمانیی و عەلمانیی دەکات. بەڵام، ئیخوانەکان تا زیاتر بە تەوسەوە بەرەو ئەم ئامانجە هەوڵ بدەن، زیاتر ڕووبەڕووی یەک لە دوای یەکی قەیرانەكان دەبنەوە، کە بەربەستیان بۆ دروست دەكات لە گەیشتن بەم ئامانجە دێرینیەیان. لەم دۆخەدا، لەبری ئەوەی ئەو چاکسازییە سیاسییانەی کە پرۆتستانتیزمی مەسیحیی بەدەستی هێنا، خۆیان لە سەر ڕێگایەکی تەواو جیاوازدا بینیەوە، ئەویش ڕێبازی کڵێسای کاتۆلیکییە، کە بەناوی مەسیحییەتەوە حوکمڕانی دەکرد و بناغەکانی ستەمکاریی بۆ چەندین سەدە چەسپاند. بەم شێوەیە، ئیخوان پارادۆکسێک بۆ خۆیان تۆمار دەکەن، ڕەنگە یەکێک بێت لە سەیرترین و بە ئازارترین پارادۆکسەکانی مێژوو. بە پێچەوانەی ستەمکاریی کڵێسای کاتۆلیکیی، هیچ دەوڵەتێک لە مێژووی ئیسلامییدا نییە مزگەوت بەڕێوەی ببات. بەڵکو، مزگەوت وەک شوێنی عیبادەت و مەعریفە مایەوە و زانایان لە کێڵگەکانی زانست و ئەدەب و هونەر، ئەسپی خۆیان تاو دا. لە هەمان كاتدا، چینی سیاسیی دەوڵەت، لە کۆشک و دادگا و وەزارەتدا كاری خۆی دەكرد. سەیر نییە، بە درێژایی سەدەکانی ئیسلام، زانایانی موسڵمان، لەلایەن ئەو دەوڵەتانەی كە شەریعەتی ئیسلامییان پەیڕەو دەكرد، ڕووبەڕووی زیندانیکردن و دەربەدەریی و ئەشکەنجەدان بوونەوە.

ئیخوان، مزگەوتەکەیان بۆ سیستەمێکی هاوچەرخی ڕۆژئاوا بەکارهێنا، بەڵام سەركەوتوو نەبوون لە گرتنی دەستەڵات. بەڵام، سەرکەوتوو بوون لە بەتاڵکردنەوەی مزگەوت لە ناوەڕۆکەکەی، بە پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو میراتە سێزدە سەدەییەی لە جیهانی ئیسلام كەڵەكە ببوو. لە هەر وڵاتێکی ئیسلامیی، هەزاران گەنجی ئیخوانولموسلیمین بپشکنیت، وەک دەفرێکی بەتاڵ دەیانبینیتەوە، بێبەشن لە لقوپۆپی ئەو میراتە ئیسلامییە دەوڵەمەندە. پەروەردەکردنییان كورت هەڵهاتووە لەو ئەدەبیاتە كەمەی، کە لەلایەن ئیمام و سەرکردەكانییان بەرهەم هاتووە. زۆربەی ئەم ئەدەبییاتەش، لەو تێڕوانینە فیکرییانە تێناپەڕێت کە لە سەرچاوەی ڕۆژئاواوە وەرگیراون، کاتێك كەفوكولی شەپۆڵەكانی گەیشتە ئیخوانەکان، لە ڕێگەی سەركردە ڕیفۆرمخوازەکانیانەوە، وەک: جەمالەددینی ئەفغانیی، محەممەد عەبدە و هاوتەمەن و قوتابییەكانیان لە سەرانسەری جیهانی ئیسلامدا .

سەیر نییە کە بزانین، ئیخوان و پرۆتستانتەکانی دیکە، زۆر بە توندیی بەرگری لە پاکییەتی ئیمام جەمالەددینی ئەفغانیی و ئیمام محەممەد عەبدە و ئیمامەکانی دیکەی ماسۆنیی کەوكەبولشەرق دەکەن، كە ئیمامی ڕەوتی پرۆتستانتی ئیسلامیین. بۆ نمونە دوو نووسەری بوژانەوەی ئیسلامیی هەن، دوکتور موحسین عەبدولحەمید (بیرمەندێكی کوردی ئیخوانولموسلیمینە) و دوکتور محەممەد عەمارە (بیرمەندێکی میسریی تەوژمی ئیسلامییە)، خەبتاون لە بەرگریكردن لە پاکییەتیی ئەم ئیمامانە، بە ئاڵای نوێبوونەوە و ڕێنێسانسیی ئیسلامیی دەیان ناسێنن. ئەم دوو نووسەرە، بۆ دەربازبوون لەو تەنگوچەڵەمەیەی وێنەی ئیمامەکانی پرۆتستانتیزمی ئیسلامیی دەشێوێنێت، و شیرازەی پاکییان تێکدەدات، بڕگەگەلێکیان هەڵێنجاوە جێگای هەڵوەستەیە. بۆ نمونە، عەبدولحەمید و عەمارە پاساو دەهێننەوە لە میانی باسكردن لە پەیوەستبوونیی ئەفغانیی بە ماسۆنییەتەوە، گوایە لە سەرەتا نەیزانیووە ماسۆنییەت چیە و دواتر تیایدا نەماوە. ئەگەر لە بەر خاتری خاتران بڵێین باشە لە ماسۆنییەت دەرچوون، بەڵام گرفتەكان زۆرن، هەر ماسۆنییەت نیە بە تەنیا. بۆ نمونە، ئەم دوو ئیمامە خاوەنی بیرۆکەگەلێك بوون، لە لایەن میراتی 13 سەدەی زانایانی ئیسلام ڕەتكراوەتەوە، یان ئەوەندە جێگای نابێتەوە لە نێو ئیسلامدا وەکو: یەکێتی ئایینەکان، بزوتنەوەی ئازادیی ژنان بە شێوازی ڕۆژئاوایی، ڕێگای خواروخێچ دۆزینەوە بۆ حەڵاڵكردنی ڕیبا (سو)، ئنجا، لێکدانەوەی غەیب بە چەمکگەلێک کە لە ئەنجامی زانستی ئەزموونی ڕۆژئاوا وەرگیراون، وەک لێکدانەوەکەی محەممەد عەبدە بۆ سورەتی فیل لە قورئان، بە شێوەیەك باس لەو بەردانەی سوپای ئەبراهای كردووە كە لە لایەن باڵندەکانەوە فڕێدرانە خوارەوە، گوایە ئەم بەردانە میکرۆب و پەتان بوون کە ئەبراها و سوپاکەیان لەناوبرد. لە گەڵ ئەمەش، هێشتان وازهێنانی ئەفغانیی لە مەحفەلی ماسۆنیی بەریتانیی-سكۆتلەندیی جێگای مشتومڕە لە نێوان مێژوونوسان، چونكە هەندێك پێیان وایە، وازهێنانی ئەفغانیی لە مەحفەلی بەریتانیی-سكۆتلەندیی بە پلان و تەكبیریی هەردوولا بووە، بۆ ئەوەی كارە نهێنییەكانی ئەفغانیی باشتر ئەنجامەكان بپێكن. چونكە ئەفغانیی لە سەر چەمكی سەربەخۆیی میسرییەكان كاری دەكرد، ئەمەش نەدەكرا متمانە لە نێو دڵی خەڵكی میسر بكاتەوە ئەگەر لە مەحفەلی ماسۆنیی بەریتانیی-سكۆتلەندیی بمابایەوە.

ئیخوانولموسلیمین، بۆ شوێنکەوتووانییان لە جیهاندا، لە ڕۆژی دامەزرانییانەوە تا ئەمڕۆ، بوونەتە بەدیلێکی بەرجەستە بۆ ئیسلام. ئیمام و سەركردەكانییان بوونەتە بەدیلێکی ڕاستەقینە بۆ زانا و فەقێیهەكانی شەرع. لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پاڵپشتیی و ئامادەکارییە گەورەیەی ئەو نێوەندانە دەیكەن، كە نەیارن لە گەڵ ئیسلامی تەقلیدیی (وەكو هەندێك نێوەندی ڕۆژئاوایی و هەندێك ڕیكخراو و ڕژێم لە جیهانی ئیسلامدا)، ئیخوان و ئیمامەكانییان ڕێگەی خۆیانییان بۆ فراوانبوون و بەهێزکردن دۆزیوەتەوە. ئەگەر خوێنەر لە وڵاتێکی وەک کوردستاندا، بە وردیی، بەراوردێكی نێوان حەسەن ئەلبەننا و بەدیعولزەمان سەعیدی كوردیی ناسراو بە سەعیدی نورسیی لەبەرچاو بگرێت، دۆش دادەمێنێت. حەسەن ئەلبەننا کە لە ساڵی 1949، کاتێک گەنجێکی تەمەن 42 ساڵ بوو تیرۆر کرا. ئەم بەڕێزە، نە زانا و نە فەقیهی شەرع بوو، كەچی لە وڵاتێکی غەیرە عەرەبی وەک کوردستان، دەیان هەزار خەڵك شوێنی كەوتوون و بە ئیمام حەسەن ئەلبەننا بانگی دەكەن. لەکاتێکدا سەعیدی نورسیی، کە بەهۆی گەیشتن بە قوڵایی زانست، نازناوی بەدیعولزەمان (داهێنانی زەمانە)ی پێبەخشرا، کە بەڕاستی یەکێکە لە گەورەترین فوقەهای شەرع و زاناکانی تەواوی مێژووی موسڵمانان (93 كتێبی لە بەر بووە) ، لە ناو نەتەوە کوردەکەیدا شوێنكەوتووانی نادۆزیتەوە، جگە لە چەند کەسێک، دەتوانیت لە گۆشەی مزگەوتێکی بچووک لە چۆڵایی دوورە-دەستترین ناوچە شاخاویەکانی کوردستان جێگایان بكەیتەوە. هەقە ئەوە بزانین کە بەدیعولزەمان 29 ساڵ پێش حەسەن ئەلبەننا لەدایک بووە، وە خەباتی کردووە بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەتی عوسمانیی لە دژی ڕووسەکان و سەدان بنەماڵەی ئەرمەنیی لە كوشتار ڕزگار کردووە، 11 ساڵیش دوای حەسەن ئەلبەننا ژیاوە، هەموو ژیانیشی بۆ نووسین و بانگەواز و فێرکردن و خزمەتکردن تەرخان كرد و ژنی نەهێناو هەر بە تەنها بێ ماڵ و حاڵ مایەوە. تەمەنی خۆی لە دژایەتیی سیستمی ئەتاتۆركیی، دوور لە حیزب و سیاسەت  بردە سەر. كاتێكی زۆری لە نێوان زیندان و دادگاكانی توركیا تێپەڕاند. چەندین جاریش توركەكان، ژەهرخواردیان كرد، تێكڕای تەمەنیشی لە داپڵۆسین و دوورە زێدی خۆی بردە سەر، كە حكومەتی توركیا بەسریدا سەپاندی و گۆڕەكەشییان ون كرد و ئێستا بێسەروشوێنە.

بەڵام با پرسیار بكەین، ئیخوان و خزمە ​​ئیسلامییەكانی تریان، وەكو گروپە وەهابییەكان، لە سیاسەتدا، چییان پێشکەش کردووە بۆ مسوڵمانان؟ زیاتر لە سەدەیەکە ئیخوان و وەهابییەكان سیاسەت دەكەن. گروپ لە دوای گروپ، لە هەردووکیان لقیان کردووەتەوە. هەرکات گرووپێکی نوێ لەدایک بووە، ڕەخنە یان تەنانەت جنێویش بە پێشووتری خۆی داوە، بۆ ئیسپاتكردنی زیاتر دڵسۆزیی بۆ بنەماكانی ئیسلامییزم، یان بۆ ئیسپاتكردنی زیاتر توندوتیژیی وەك خۆ نماییشكردنێك بۆ پاكایەتیی و ڕاستتر بوون. گروپە ئیخوانییەكان هەمیشە كە جیا دەبنەوە، زیاتر پێداگریی لە سەر بنەما و پڕەنسیپی دیموكراتی خوازیی و مافی مرۆڤ دەكەنەوە. گروپە وەهابییەكانیش، پێشبڕكێ و توندڕۆیی دەنوێن لە بەرامبەر یەكتریی، بۆ ئەوەی ئیسپات بكەن كە زیاتر پێداگریی لەسەر پەیوەندی لە گەڵ پێشیینان (سەلەف) دەكەن لەوانیتری هاوشێوەیان. له هه ردوو ڕێبازەکەدا زۆر گرووپ و حیزب له سکی ئیخوان و وەهابیزم له دایک بوون. سەبارەت بە گروپە وەهابییەكان، هەمیشە بەهانە و پاڵنەرەکانی گروپە نوێیەکان لە دەوری ئەو ڕاستییەدا دەسوڕێنەوە، کە گروپی پێشوو کەمتەرخەم بوون لە شوێنکەوتنیان و پابەندبوونییان بە ڕێبازی سەلەف، یانیش نەرم و نییان بوون لە بەکارهێنانی توندوتیژیی دژی دوژمنان، بۆ نموونە داعش، کە لە قاعیدە پەرەی سەند، کە قاعیدەش لە موجاهیدینی ئەفغانستانەوە پەرەی سەند. قاعیدە، بە ڕێبەرایەتیی ئەیمەن ئەلزەواهیریی و ئوسامە بن لادن، موجاهیدانی ئەفغانستانییان بە دڵ نەبوو (دژی عەبدوڵلا عەزام بوون و ئەحمەد شا مەسعودییان تیرۆر كرد)، داعشیش قاعیدەی بە دڵ نەبوو و تەكفیری كرد. ئەم گروپانە، تا زیاتر لە گروپەکانی پێش خۆیان جیا ببنەوە، بەرەو توندڕەوی زیاتر و توندوتیژیی زێدەتر دەڕۆن. سەبارەت بە ئیخوان، ئارگیومێنت و هۆکارەکانی لەدایکبوونی حزب و گروپی نوێ جیاوازە و بە پێچەوانەوەیە. جیابوونەوەی حزبی نوێ لە ئیخوان، زیاتر لە دەوری چاکسازی و مۆدێرنەكردنی ئایین و کرانەوەیەکی زیاتر بەرەو ڕووی مۆدێرنیزم و بەرهەمە سیاسیەکانی دەسوڕێنەوە. بۆ نموونە ئیخوانولموسلیمین هەبوو، كەچی پارتی ناوەند (حزب الوسط) بە سەرۆكایەتیی ئەبولعولا مازیی جیا بوویەوە. كەچی ئەمە كۆتا جیابوونەوە نەبوو. پاشان غەننوشیی و جووڵەی نەهزە لە تونس هاتنە كایەوە، كە پارتی ناوەند لە تەكیاندا كەمتر مۆدێرنخواز دێتە بەرچاو. ئەمانە، ئەو گروپە ئیخوانانەن، لە وەشانە نوێیەکانییاندا، بەرەو دوورکەوتنەوەی زیاتر لە ئیسلام دەڕۆن.

ئەم دوو لایەنە (وەهابییزم و ئیخوانییزم) کە بوژانەوەی ئیسلامیی و پرۆتستانتیزمی ئیسلامیی پێکدەهێنن، وێرانکاریی و ماڵوێرانییەکی گەورەیان بۆ جیهانی ئیسلامیی دروستكردووە. هەروەها بوونەتە هۆی دابەزین و دواکەوتوویی موسڵمانان لە بوارە جیاجیاکان و لە بواری سەرکردایەتیی شارستانییش بەتایبەتیتر. لەم چوارچێوەیەدا، بوونەتە كانگای ئازار و گاڵتەجاڕیی لە یەك كاتدا. لەمەش جەرگبڕتر، بێ ئەوەی مەبەستییان بێت، بوونەتە پشتیوانانی دەسەڵاتە ستەمکار و دواکەوتووەکانی وڵاتانی موسڵمان، بە تایبەتیی، لەو كاتەی مەبەستییان بووە شەڕیان لەگەڵدا بکەن و دژییان بن، كەچی زیاتر خزمەتییان بەم دەستەڵاتە ستەمكارانە كردووە. ڕاستییەكەی، چوونە ناو ململانێی تاڵ لەگەڵ ڕژێم دەستەڵاتدارە ستەمكارەكانی ناوچەكەمان، زەڕبەی گەورەی وەشاند لە ئیسلام و مسوڵمانان. ئیسلام گەورەترین قوربانیی بوو، لە كاتێكدا، ئیسلامییەكان لە یەك ڕوو بەڕوو بوونەوەدا،  یەک سەرکەوتنییان تۆمار نەكردووە. ئەمڕۆ موسڵمانان بە هۆی ئایینی پرۆتستانتیی ئیسلامیی، بە سەرکردایەتیی ڕەفاعە ڕافیع تەهتاویی، محەممەد بن عەبدولوەهاب، جەمالەددینی ئەفغانیی، محەممەد عەبدە، حەسەن ئەلبەننا، ئیبراهیم تیمۆ (ستارۆڤا)، نامیق کەمال و هتد، باجی قوڕس دەدەن، باجی زۆرتریش ماوە بیدەن. ئەم باجە قوڕس و تاڵوتفتانە، لە لایەن موسڵمانانەوە لە ئەفغانستان، چیچان، عێراق، سوریا، لیبیا، میسر و زۆرێک لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا دەدرێن. بەو شێوازەی کە دەیبینین، وێرانکاریی و هەژاریی و دواکەوتوویی، باڵی بەسەر مسوڵمانان كێشاوە.

تا خوێنەر نەکەوێتە ناو کەشێکی ڕەشبینیی و نائومێدیی، ڕەنگە بپرسێت، ئەی چارەسەر چییە؟ من دەڵێم، وێڕای ئەوەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە بابەتەکانی پێشوودا خستوومەتە ڕوو، باشترین خزمەت کە حزب و گروپە ئیسلامییەکان پێشکەشی ئیسلامی بکەن، ئەوەیە کە ئەوان خۆیان هەڵبوەشێننەوە و لە نێوان خۆیاندا ئاشت ببنەوە لە لایەک، و لە لایەكی ترەوە، لە نێوان ئەوان و دەستەڵاتەكانی ناوچەكەمان ئاشتیی و تەبایی جێگیر ببێت. دوای ئەم ئاشتەواییە، هەقە، دوور لە حزبایەتیی، خۆیان بۆ بابەتی عیبادەت و زانست و داکۆکیكردن لە مافی خەڵك و کاری خێرخوازیی تەرخان بكەن. وەک چۆن فوقەها و زانایان بە درێژایی مێژوو کردوویانە، ئیسلامییەكانیش دەتوانن هەمان ڕێچكە بگرنە بەر.

وازهێنان لە کێبڕکێی حزبایەتیی لە پێناو دەسەڵات پەیدا كردن بە ناوی ئیسلامەوە، بەرزکردنەوەی ئیسلامە جارێکی دیکە وەک ئایینێکی پیرۆز، نوقم بووە لە ناو تاڵاوی کێبڕکێی حزبایەتیی و پاوانخوازیی سیاسەت، کە زانستەكانی شەریعەت، بانگخوازیی بۆ ئایین و تەنانەت خودی مسوڵمانانی کردووەتە قوربانیی. ڕێگای سەرکەوتن بە وازهێنان لە ڕکابەرییە ناوخۆییەکانی ئیسلامییەکان، لەگەڵ پێکهاتەکانی گەلانی ناوچەکە دەست پێدەکات، چونکە ململانێیان لەگەڵ ئەم پێکهاتانە لە گۆڕەپانی سیاسیی و سەربازییدا بووەتە هۆی بە سیاسیکردنی بانگەوازی ئایینیی، کە ئێستا خەڵكێكی زۆر ڕەتی دەكاتەوە، نەك لە بەر ڕەتكردنەوەی ئیسلام، بەڵكو بە گومانن كە ئەم بانگەوازە بۆ ئیسلام نیە و بۆ حزبایەتیی و سیاسەتە. ئەم حاڵەتە ئێستا زیاتر لە نێو گەنجەکانەوە پەرەی سەندووە، بە تایبەتیی لە کاتێکدا، ئیسلامییەکان لە مەیدانی سیاسەتدا، هیچ سەرکەوتنێکی بەرچاویان بە دەست نەهێناوە، بەڵكو لەم بوارانەدا بوونەتە سووتەمەنی ململانێ و ئاژاوە و وێرانکاریی. هەموو ئەمانە لە چوارچێوەیەکدا ڕوودەدەن کە ئیسلامییەکان ڕێگای ئایینیان بە لایەکدا بردووە، بەرەو ناوەڕۆکێک، کە تەواو جیاوازە لە میراتی 14 سەدەو نیوی ئیسلام، كە لە ڕێگەی زنجیرەیەکی نەپساوەی زانایانەوە پێمان گەیشتووە. ئەوەی ئیسلامییە پرۆتستانتەکان کردیان، تیرۆرکردنی کارەکتەری زانایان بوو، بۆ ئەوەی خۆیان وەک ئەڵتەرناتیڤ بێننە پێشەوە، کە لە سەردەمی ئێمەدا بە دوو شێوە بەرجەستە بوون:

یەکەمیان: جەستەیەکی زەبەلاح کە جلێکی ڕەشی لەبەردایە، دەموچاوە زبرەکەی بە قژێکی درێژ و ڕیشێکی پان داپۆشراوە، شمشێرێک یان چەقۆیەکی هەڵگرتووە خەریكە مرۆڤێك سەردەبڕێت و هاوار دەکات "الله اکبر". ئەم دیمەنە قاعیدە و داعش بەرجەستەیان كرد.

دووەم: ئیسلامییەکانی "مۆدێرنیزم و ڕۆشنگەریی" کە پێشبڕكێ دەكەن لە گەڵ یەكتریی بۆ دانانی مكیاجی  جوانکاریی مۆدێرنیزم و دیموكراسیی، بۆ ڕزگاربوون لەو شتانەی کە بە بارگرانی میرات دەیزانن. لەم وێنەیەدا دەبینین ڕاشید غەننوشیی خۆی تەرخان کرد بۆ پاڵپشتی کردنی پەرلەمانەکەی تونس، كەچی دروێنەیەكی تاڵی كرد. هەروەها زانایەكی ئیخوانولموسلیمین دەبینین کە ناوی ئەحمەد ئەلڕەیسونییە، فیقهی پێشیینان بە نەگونجاو دەزانێت بۆ سەردەمی ئێمە، دەیەوێت ئیسلام سەر لە نوێ بخاتەوە بەردەم موسڵمانان، لە ڕێگەی ئەنجامی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و سایكۆلۆجییەكانی ڕۆژئاوا. کارەساتی وێنەی دووەم توندترە لە کارەساتی وێنەی یەکەم. هەردوو وێنەکە بەکارهێنانێکی ڕاستەقینەی ئەو وتەیەی دوو ئیمامی بوژانەوەی ئیسلامیین (پڕۆتێستانتیزمی ئیسلامیی) جەمالەددینی ئەفغانیی و محەممەد عەبدە کە دەڵێن: "سەری دین مەبڕن تەنها بە شمشێری دین نەبێت". دەرەنجامی ئەمەش، لە سەردەمی هەنوكەماندا، بە ڕوونی دیارە كە ڕەوتی ئیسلامیی بووەتە پردێكی پان بەرەو ئیلحاد و بێ دینیی نەك تەنها بۆ خەڵك بە گشتیی، بەڵكو بۆ خودی كەسانێكی زۆر كە تا دوێنێ ئیسلامیی بوون ئەمڕۆ یان مولحیدی تەواون یان مولحیدی دەمامكدراون!

لە بەشی داهاتوو و كۆتایی تیشك دەخەمە سەر نەخشەی جوگرافیی 15 سەدەی ئیسلام لە بواری ژیان و دین و جیاوازییەكانی لە گەڵ بوژانەوەی ئیسلامیی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×