نماییشی ڕۆحی كوردبوون لە دیاكۆوە تا مەسعود بارزانی

عەلی سیرینی
  2023-05-02     593

ڕۆحی نەتەوە، خۆڕسكانە، لە كاری هونەریی و ئەدەبیی و سیاسییدا، لە كات و شوێنی جیاوازدا خۆی نماییش دەكات. ئەم نماییشە بە ڕێككەوتنی پێشوەختانە بە ئەنجام ناگات، بەڵكو ڕەنگدانەوەی قووڵاییەكانی ڕۆحی نەتەوەیە، كە لە ڕێگای ئەم كار و خۆ نماییشانە، شوناسی نەتەوە و تاكەكان دیار دەكەوێت. میدییەكان كە نیشتەجێی ئەمڕۆی خاكی كوردستان بوون، ئاشورییەكان كەمپینی سەربازییان دەكردە سەریان. لەم كەمپینانە، ئاشورییەكان، وەك ویلدیورانت باسی دەكات، زۆر وەحشیگەرانە دەكەوتنە گیانی خەڵكی میدیی. ئافرەتەكانیان لاقە دەكردن، پیاوەكانیان دەكوشتن یان دەیانكردن بە كۆیلە. كاتێكیش پاشا و سەركردەی دوژمنەكانیان بە دیل دەگرتن، ئاڵقەیەكیان لە لوتیان دەبەست و بە هەر چوار پەلی ڕایاندەكێشا تا دەمرد. ئەمە داب و نەریتی ئاشورییەكان بوو لە گەڵ میللەتانی دەوروبەریان. لە كاتێكدا دەوڵەتە بەهێزەكانی دەوروبەری میللەتی ماد هێڕشیان دەكردنە سەر، میدییەكان، لە نێوان خۆیان تەواو ناكۆك و بێسەروبەر و بێ حوكمڕانی بوون. دیاكۆ لە گوندەكەی خۆی دادوەریی پەیڕەو دەكرد. ناوبانگی دەركردبوو بە حاكمێكی دادپەروەر، گوندەكانی دەوروبەر پەیوەندیان پێوە كرد بۆ ئەوەی ببێتە حاكمی ئەوانیش. دوای ماوەیەك، بە هۆی ناكۆكی نێوان ئەو خەڵكەی لە ژێر حوكمڕانی دیاكۆ بوون، بە دڵێكی شكاوەوە، وازی هێنا. لەم سەینوبەینەدا، دزیی و ڕاوڕوت و گەندەڵیی پەرەی سەند تا وای لێهات خەڵكەكە خۆیان داوایان لە دیاكۆ كردەوە ببێتە پاشایان. ئەویش بۆ یەكەم جار پاشایەتیی میدیی دامەزراند و شاری هەمەدانیشی وەك پایتەخت دروستكرد. سەرەنجام، كەیخەسرۆ سێیەم ئیمپراتۆری میدیا، ئیمپراتۆریەتیی ئاشوریی لە ساڵی 612 ی پێش زایین بە مێژوو سپارد. لە دوای ئەم مێژووە، زۆر جار ڕۆحی نەتەوەی كورد خۆی نماییش كردووە، وەكو ساسانیەكان، ئەبو موسلیمی خوڕاسانیی، سەڵاحەددینی ئەییوبیی، حەسنەوییەكان، ئیبنو ئەسیرەكان، ئیبن خەلەكان، سەفەوییەكان، مەلای جەزیریی، ئیدریسی بەدلیسیی، شەڕەفخانی بەدلیسیی، ئەحمەدی خانی، میری بۆتان، مەولانا خالیدی نەقشبەندیی، شێخ عوبەیدوڵلای نەهری، شێخ عەبدولسەلام بارزانیی، شێخ سەعیدی پیران، شێخ سەعیدی نورسیی، شێخ مەحمودی حەفید، نالی و مەحویی، سمكۆئاغای شكاك، شێخانی بیارە، قازی محەممەد و مەلا مستەفای بارزانیی و سەدان سەركردە و زانا و سیاسەتمەدار و شاعیر و هونەرمەندی بلیمەتی كورد بە درێژایی مێژوو.

لێرەدا، ئەو هاوبەشیانەی لە نێوان كار و پیشەی جیای ئەم كوردانە، لە كات و شوێنی جیا، دەردەكەوێت، ئەو ڕۆحەی كوردبوونەیە دەیەوێ لە سەر ئەرزی واقیع بەرجەستە ببێت. بۆ نمونە، كاتێك دیاكۆ پێكهاتەی كوردەكان یەكدەخات و دوای ئەو كەیخەسرۆ ئیمپراتۆریەتی ئاشوریی بە خاك سپارد، ئەمە هەمان ئەو ڕۆحەیە كە لە ساسانییەكان بەرجەستە بوو كاتێك بە سەر ئەشكانییەكان زاڵبوون، ناوی كوردیان كردە پاشناوی خۆیان وەكو یەزدەكورد. هەمان ئەو ڕۆحەیە لە ئەبو موسلیم خوڕاسانی دووبارە بوویەوە، تەخت و تاراجی ئەمەوییەكانی تا ئەبەد كردە خۆڵەمیش. هەمان بڵێسەی ئەو كوردبوونەیە، هەمیشە گڕی گرتووە، لە سەڵاحەددین بەرجەستە دەبێت، كاتێك ئیمپراتۆریەتێك دادەمەزرێنێت ئێستا شوێنی سێزدە وڵاتی ناسیۆنالییە و سەرانی ئەم ئیمپراتۆریەتە بە تەواویی كورد بوون. هەمان بڵێسە، لە سەركردە و زانا و شاعیر و هونەرمەند بە درێژایی مێژوو بەرجەستە دەبێتەوە. بۆ نمونە، ئیدریسی بەدلیسیی، كاتێك بڵێسەی كوردبوون ئەم بەر و ئەو بەری سەفەوویەت و عوسمانییەتی پێدەكات، بە هەر شێوازێك بێت دەیەوێ هێزی كورد یەكخات. دیسانەوە ئەم ڕۆحە لە شەڕەفخانی بەدلیسییەوە سەر هەڵدەدات. وێڕای باڵا دەستی لە زانست و سەربازیدا، ئیدریس بەدلیسی ئاسا، شەڕەفخان، وەك بەرزترین سەركردەی سەفەوییەكان بوو. كەچی دواتر دەچێتە لای ئالی عوسمان، چونكە شوناسی كورد لەوێ زیاتر بەرجەستە دەبوو، بە هۆی زاڵبوونی خێڵە توركمانەكانی ناوەڕاستی ئاسیا بە سەر سەفەوییەكان و ئێرەییان بە شەڕەفخان. دیارە ئەمەش پاڵنەری سەرەكی بوو، بۆ نوسینی شەڕەفنامە، كە تیایدا مێژووی خێڵ و پێكهاتەكانی كوردی تیا تۆمار كردووە.

ئەم ڕۆحە ئۆقرە ناگرێت و بڵێسەكەی بەتینە. ئەم تین و گوڕەش لە چەند كایەیەك بەرجەستە دەبێت كە تیایدا كورد باڵا دەست و سەروەرە لە نێو میللەتان. یەكەم، گڕ و تینی تەسەووف و عیرفان. دووەم، زانست و فەلسەفە. سێیەم جەنگاوەریی و سەربازیی بە ڕاددەیەك، ئازایەتیی بە ناوی كوردەوە تۆمار كراوە. چوارەم كاری هونەریی وەكو گۆرانی و مۆسیقا. پێنجەم شیعر كە تیایدا، هەموو ئەم كایانەی پێشووی تیادا بەرجەستە بووە. لێرەدا، ئەم ڕۆحە لە ئەحمەدی خانی بڵێسەیەك دەدات، تا ئێستاش بەردەوام بەرەو ئاسمان هەڵدەكشێت، لەوێوە گڕوتین بەسەر كوردستان دەبارێنێتەوە. ڕۆحی وێڵی خانی هەمان ڕۆحی دیاكۆیە، بۆ یەكخستنی خێڵ و بەرەبابی ئەم گڕوتینە: "گەر دێ هەبویا مە پادشاهەك، لایەق بدیا خودێ كولاهەك" تا دەڵێت "تەكمیل دكر مە دین و دەوڵەت، تەحسیڵ دكر مە عیلم و حیكمەت، تەمییز دبوون ژ هەڤ مەقالات، مومتاز دبوون خودان كەمالات". واتە هۆشیاریی خانی لە ئاقار ئەم گڕوتینەی كوردبوون، گەیاندوویەتیە ئەو ئاستەی، بزانێت كە ئێمە بە مەزهەبی دیاكۆ و سەڵاحەددین دەبینە خاوەنی "كەمالات"، واتە گەیشتن بە لوتكە. ئەم مەزهەبەش لەوەدایە، پاشایەكمان هەبێت، هەموو تیرە و بەرەبابی گڕوبڵێسەی كوردبوون لە ژێر ئاڵای دا كۆ ببنەوە. ئیتر ئەم گڕوتینە لای شاعیرانی تری كوردیش تەواو بەرجەستە دەبێت، لە ڕێگای هەڵكشان بەرەو ئاسمانی تەسەووف و عیرفان، كە ئەم ڕۆحەی لەناو خۆیدا مەڵاس داوە. لێرەدا لە شابەیتێك، مەحوی دەڵێ "گەدایەكی وەكو مەحوی قەڵەندەرێكی كورد، میسالی پادشەهی فورسە ساحێبی دیوان". لە ڕواڵەتدا، ئەم بەیتە ئاماژەیە بە دیوانی مەحوی، بەڵام لە مانا قووڵەكەی ئاخافتنە لە ڕۆح و بڵێسەی كوردبوون، كە گەدایەكی كورد لە ئاستی پادشەهی فورس بێت. ئەمە یەكسانكردن نیە، بەڵكو لە ناواخنی عیرفانی مەحوی ئەوەیە پادشاهی فورس ناتوانێت بگاتە دامێنی ئەم بڵێسە و گڕوتینە. ئەحمەدی خانیش دەربڕینێكی هاوشێوەی لەمەی هەیە كاتێك باس لە یەكبوونی كورد دەكات، ئەگەر ببێت، عەرەب و تورك و فارس دەبنە خزمەتكاری كورد. ڕاستیەكەی ئەگەر باسی ئەم گڕوتین و بڵێسە بكەین، پێویستیمان بە چەند كتێبێك هەیە، چونكە دەبێ میراتی هەموو ئەو پیاوە بەرزانەی كوردی تیا باس بكرێت، لە هەموو ئاستە سیاسیی و زانستیی و عیرفانیی هونەرییدا. زۆرینەی شیعر و مۆسیقا و گۆرانیی كورد ڕەنگدانەوەی ئەم بڵێسە و تینەیە. بزاوت و جەنگ و تینی ئەو سەركردە مەزنانەی لە سەرەتای ئەم وتارە ئاماژەم پێیدا، وزەی ئەم گڕوتین و بڵێسەیە كە هەمیشە لە ناخی كوردبوون بەرەو ئاسمان هەڵدەكشێت.

مەسعود بارزانی لەم سەردەمەی ئێستامان، بەرجەستەبوونی ئەم ڕۆح و تین و بڵێسەیە و میراتگریەتی. لە بارزانیەوە مرۆڤ دەتوانێت هێزی بێ پایانی ئەم ڕۆح و بڵێسەیە ببینێت، كە چۆن بەرامبەر بە هەموو جیهان وەستایەوە و چۆكی دانەدا. لە ساڵێ 2017، هەموو جیهان بە یەك دەنگ ویستیان چۆك بە بارزانی دا بدەن، فەرمانی پێبكەن كە نابێت گشتپرسی (ڕیفراندۆم) بكات. بەڵام، ئەو هەموو فشار و فەرمان و چاوسووركردنەوەی وڵاتانی دونیا و ناوچەكە، بوو بە خۆڵەمێشی بەر پێی ئەو گڕوتین و بڵێسەی كوردبوونە، كە بارزانی وەك شاسوارێكی مێژوو تۆماری كرد و نەیهێشت ئەم ڕۆحە نوشست بێنێت. ڕاستە، هەندێك پێكهاتەی كورد، كە ئێستاش گیرۆدەی حەزوئارەزوی بچوكن وەكو موچە و نان و خۆشگوزەرانیی، لەم گۆشەوە تەماشای ئەم شاكارە مێژووییەی بارزانیان دەكرد، بەڵام ئەمەش بەشێكە لە كوردبوون، كە لە ناخیدا ئەم جۆرە وزە نەرێنیە هەیە وەك جەدەلیەتێكی بوون و نەبوونی كوردبوون و زەڕەوڕەتێكی سوڕی مێژوو. ئەم وزە نەرێنیە، خانی ئاماژەی پێداوە، كە دەستدەڵاتداری سەردەمی خۆی و خەڵكانێكی دەوروبەری گرنگیان نەداوە بەو شاكارە مێژووییەی بەرهەمی هێناوە، لە مەم و زین بەرجەستەی كردووە. لە بەشی "چما ب كوردی نڤیسیە" خانی، گلەو گازەندە لەم وزە نەرێنیە دەكات. لە ناو كوردی ئێستاش، وەك پێكهاتەی سەردەمی دیاكۆ، بە ناكۆكیی و گیرسانەوە بە شتی بچووك، تەنانەت لە ناو بەشێكی زۆری پارتی و حزبەكانی تریش، ئەم گڕوتینە بەرجەستە نەبووە، وزەی نەرێنی زاڵ بووە. لە ترسی دونیا و دەوروبەر، یان لە بەر ناكۆكیی و بوغز و كینەی ناوەخۆ، هەندێك بە ئاشكرا و ئەوانیتریش لە ناخەوە، دژ بەم ئیرادەی كوردبوونە وەستانەوە.

گشتپرسی ساڵی 2017، یەكێكە لە مەزنترین سەروەریەكانی كورد بە درێژایی مێژوو، تەنها ڕۆحە ئازادەكانیش پەی بەم مەزنیە دەبەن. لە مێژووی كورد، زۆر سەروەریی مەزن تۆمار كراون. وەكو شۆڕشە مەزنەكانی شێخی پیران و شێخی حەفید و قازی نەمر و ڕێپێوانە ئەفسوناویەكەی بارزانی نەمر لە مەهابادەوە تا سۆڤیێت و بەرخودانی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان. بەڵام، مەزنی سەروەریەكەی ساڵی 2017، لە ئاستێكی جیهانیدا بوو و هەموو زلهێزەكان باوەڕیان نەدەكرد، كاتێك كورد لە لایەن توركیا و ئێران و عێراق گەمارۆ درا بوو، كورد پێویستی بە تاقە دۆستێكیش هەبوو، بارزانی فەرمانی كوردی بە سەر فەرمانی دونیا سەپاند. ئەو ماسكانەش بە بڕوبیانووی جۆراوجۆر دژی فەرمانی كورد وەستانەوە، بەرامبەر گڕوتین و بڵێسەی ڕۆحی كوردبون توانەوە، كەوتنە سەر ئەو خاكەی فەرمانی كورد بە سەریدا مەزنانە ڕەتی كرد.

وەستانەوەی بارزانی لە گشتپرسیەكەی ساڵی 2017، بەرامبەر بە هەموو جیهان، سەركێشیەكی شێتانەی بێ هیوا نەبوو، بەرەو خۆكوژی هەنگاو بنێت. بەڵكو سەركێشیەكی عاقڵانەی عیرفانیی و سەروەریی مێژووی كوردبوون بوو، لە دیاكۆ و پێش دیاكۆش سەری هەڵداوە، بە درێژای مێژوو بڵێسەی داوەتەوە و بەرەو ئاسمان هەڵدەكشێت، لەوێوە مانای كوردبوون بە سەر كوردستان دەبارێنێت. لە ساڵی 2017، گەورەترین سەروەری بۆ كورد تۆمار كرا، لە ناخی هەموو دۆست و ناحەزانی كورددا، سەرسامیەكی بێ وێنەی چەقاند. سەركردەیەكی كورد، لە سەردەمی هەیمەنەی وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە كاتێكدا وڵاتانی تری جیهان هاوڕا و هاوسەنگەری وڵاتانی ڕۆژئاوا بوون، دژ بە ویست و ئیرادەی كورد، فەرمانی جیهانی شكاند و بڕیاری كوردی سەرخست. فەرمانی جیهان بوو بە سوتماكی ژێر پێی بڕیاری كوردبوون و ئەو گڕوتین و بڵێسەیەی هەمیشە زیندوو دەمێنێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×