ڕەگ و ڕیشاڵی ئیسلامییەكان پڕۆتێستانتیزم و ڕۆشنگەریی و ماسۆنیزمە زیاتر لە ئیسلام

عەلی سیرینی
  2023-12-13     265

(بەشی یەكەم)

 

بزووتنەوە ئیسلامییەكانی هاوچەرخ، لای خەڵك بە گشتیی، وا فامراون كە لە سەر بناغەی ئیسلام دروستبوون. زۆرینەی خەڵک پێیان وایە گروپە ئیسلامییەكان بە پێی ڕێساکانی ئیسلام هاتوونەتە كایەوە و بەپێی ئەو ڕێسایانە سەرهەڵدەدەن و بەرەوپێش دەچن. زۆربەی ئەم باوەڕە لەسەر ناونیشانی ئەو بزوتنەوانە دامەزراوە، کە بریتییە لە “ئیسلام” وەک پێناسە و شوناس بۆ گروپ و بزوتنەوەی جیاواز، كە بە ناوی ئیسلامەوە خۆیان نماییش دەكەن. من دوژمنی ئیسلامییەکان نیم. بەڵکو ساڵانێكی دوور و درێژ ئاشنا بووم بە بەرهەم و ئەدەبیات و كەلتوریان، لە تەك بەرهەم و ئەدەبیات و كەلتوری تر. بەڵام دوای زیاتر لە سێ دەیە لە لێکۆڵینەوە و پشکنین لەم بزووتنەوە و پاشخانیان، ئنجا خوێندنی مێژووی ڕۆژئاوا لە زانكۆكانی ڕۆژئاوا، لە تەك لێکۆڵینەوە لە مێژووی ڕۆژهەڵات وەک توێژەرێک، گەیشتمە ئەو داو و تارانەی کە بۆم ڕوون دەکەنەوە کە چۆن و بۆچی ئەم بزووتنەوە ئیسلامیانە سەریان هەڵداوە، لە چوارچێوەیەکدا کە ڕەگ و ڕیشە و هۆکار و خاڵە دەستپێکەکانی خۆی هەیە، بە شێوەیەك ئەوەندەی پەیوەندی بە خۆرئاواوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندی بە ئیسلامەوە نیە. ئەم ڕێڕەوەی ئیسلامیەكانی تیادا دروست بووە، بە قووڵی درێژدەبێتەوە بۆ پرۆتستانتیزمی مەسیحیی، کە لە سەدەی شانزەی زایینیدا لە ئەوروپا سەریهەڵدا، هەروەها بۆ ڕۆشنگەریی و مۆدێرنیزمی ئەوروپا قووڵتر دەبێتەوە.

بۆ ئەوەی خوێنەری كورد بتوانێت ڕوانگەیەکی ڕوون بۆ بابەتەکە پێکبهێنێت، سەرەتا باسی کۆنتێکستی پرۆتستانتی مەسیحیی دەکەم لە ئەوروپا، دواتر باسی بزووتنەوەی دوای پرۆتستانتیزم دەکەم کە ئەوروپای بە گەردەلوول ڕاپێچدا. پاشان بە وردی باس لەو بوژانەوەی ئیسلامیی دەکەم کە لە سەدەی نۆزدەهەمەوە لەژێر کاریگەری ئەم دوو ڕەوتە هاتە ئاراوە (ڕەوتی پڕۆتێستانتیزم و ڕەوتی ڕۆشنگەریی). هیوادارم خوێنەری كورد ئیلهام لەم زنجیرەیە وەربگرێت کە درێژدەبێتەوە بۆ حەوت بەش یان زیاتر. بەڵام لە سایتەکانی تردا، بە زمانی عەرەبیی، قسەم کردووە لەسەر چۆنیەتی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ڕێنێسانسی ئەوروپی و بزووتنەوەی چاکسازیی ئایینیی لە ئەوروپا، ئەگەر خوێنەری ئاشنا بە زمانی عەرەبیی حەز بكات، دەتوانێت لە ئینتەرنێتدا بەدوای بگەڕێت، بۆ تێگەیشتنێکی وردتر لەم بابەتە.

پرۆتستانتیزم (بە واتای بەرهەڵستكاریی، ئۆپۆزۆسیۆن بوون)، لە سەدەی شانزەهەمی زایینیی، لە باکووری ئەوروپا، بە تایبەتی لە ئەڵمانیا، لەسەر دەستی چەند پیاوێکی ئایینیی مەسیحیی دەستی پێکرد، کە بەناوبانگترینیان مارتن لوتەر بوو (قەشە، پرۆفیسۆری ئیلاهیات و مۆسیقاژەن 1483-1546). پێش ئەوە و بە تایبەتی لە کۆتایی سەدەی پانزەهەمدا، قەناعەتێکی گشتی لە نێو خەڵکی باکووری ئەوروپادا سەریهەڵدا، کە چاکسازیی لە کڵێسای کاتۆلیکی لاتینیی (ڕۆمانیی)دا بووەتە بابەتێکی هەرە پێویست و بەپەلە و حەتمی، پێویستە ئەنجام بدرێت. ئەم بەرهەڵستكارییە کە خۆی ئاشکرا کرد، سەرەتا بە نامەکەی لوتەر دەستی پێکرد کە 95 خاڵی گفتوگۆی لەخۆگرتبوو، وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە شێوازی هەڵسوكەوتی کڵێسا لەسەر ئاستی ئایینیی و سیاسیی. پسولەی لێبوردن (ئیندۆڵجنسز) بووە هۆی سەرهەڵدانی ئەم پەیامە پڕ مشتومڕ و و ناڕەزاییەی لوتەرەوە، کە دواتر فراوانتر هەڵگەڕا و بوو بە پریشکێک کە ئەوروپای بە شێوەیەکی زۆر گەورە تەنی.

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کڵێسای کاتۆلیکیی دەستی کرد بە فرۆشتنی پسولەی لێبوردن بە مەسیحییەکان لە بەرامبەر پاککردنەوەیەکی کورتتر لە ڕۆژی قیامەتدا. واتە ئەو مەسیحییەی پارە دەدات بە کڵێسا، لێخۆشبوونی گوناهەکانی وەردەگرێت بەڕێژەی ئەو بڕە پارەیەی کە داویەتی، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕزگاری ببێت لە ئازاری دوای مردن، ماوەی پاك بوونەوەكەشی کورتتر بێت. دواتر ئەم بابەتە پەرەی سەند و ڕێگە بە مەسیحییەکان درا کە پسولەی لێبوردن بۆ خزمە ​​مردووەکانیان بکڕن. کڵێسا ڕایگەیاند ئەم پارەیە بۆ کاری خێرخوازیی خەرج دەکات، وەک نۆژەنکردنەوەی گۆڕی سانت پتروس لە ڕۆما. بەڵام ئەندامانی کڵێسا دەستیان کرد بە گەندەڵیی و بەم پارەیە قەڵەوبوون، کە هونەری ئەوروپیی لەو کاتەدا لە چوارچێوەیەکی تەنزئامێزدا وێنای كرد، بەو پێیەی هونەرمەندان وێنەی ئەندامانی کڵێسا و پیاوانی ئایینییان لە شێوەی قەڵەویدا دەکێشا لە کاتی خواردنی گۆشتی مردووەکان. واتە ئەو پارەی لە مەسیحییەكان وەرگیراوە، لە بری پسولەی لێبوردن بۆ مردووەكانیان، چووەتە گیرفانی پیاوانی ئایینی و گۆشتیان پێی گرتووە و قەڵەو بوون (وەك هێمای گەندەڵیی).

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە تێڕوانینی کڵێسای لاتینیی بۆ پارە تێڕوانینێكی نەرێنی بووە. چونکە کڵێسا پارەی لەناو بازنەی پڕوفەین پێناسە دەكرد. پڕوفەین واتە دونیایی (بە كوردیی: پیس و پۆخڵی دونیا). ئەم زاراوەی پڕوفەینە لە بەرامبەر "دیڤاین: پیرۆزیەتی خودایی" هاتە ئاراوە. واتە پارە پیسە و دوور خەرەوەیە لە ڕێگای خودا. بەڵام ئەم تێڕوانینە نەرێنییە لە کۆتایی قۆناغی ڕێنێسانسی ئەوروپیی بە پێچەوانەوە گۆڕا. واتە لەمەودوا پارە بوو بە شتێكی باش و نەریتێكی خوازراو. ڕێنیسانس ئەو قۆناغەیە لە ئیتالیا، لە سەرەتای سەدەی چواردەهەمدا سەری هەڵدا، لە کۆتایی سەدەی پانزەهەمدا گەیشتە لوتکە. بەڵام سەیر و سەمەرە لە دژایەتی نێوان تێڕوانینی نەرێنی کڵێسا بۆ پارەوپول بوو، لەگەڵ هەڵوێستی کڵێسا و پیاوەکانی سەبارەت بەو پارەیەی کە لە دەستیاندا کۆدەبووەوە. ئەم پارەیەی لە کڵێسادا کۆبووەوە، پیاوەکانی كڵێسای دەوڵەمەند کرد. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا جۆرێکی تری گەندەڵیی لە کڵێسا دەرکەوت و پێی دەوترێت "سایمۆنیزم". سایمۆنیی واتە یەک پیاوی ئایینیی، لە یەك كاتدا، چەندین پۆستی لە کڵێسایەک لە شار و لادێکاندا هەیە. چونكە یەک پیاوی ئایینیی نەیتوانیوە لە یەک کاتدا چەندین کار ئەنجام بدات، پەنای بردووەتە بەر فرۆشتنی ئەو پۆستانە بە پیاوانی تری ئایینیی، بە نیوە قیمەت، لە بەرامبەر نیو مووچەدا. لێرەدا، زۆرێک لە ئەندامانی کڵێسا دا سامانێکی زۆریان بەم فێڵە کۆ كردەوە. پرۆتستانتەکان سایمۆنییان بە پێچەوانەی بنەماكانی ئایینی مەسیحیی پێناسەكرد و دژی وەستانەوە.

لوتەر، دەنگی هەڵبڕی و بە ڕووی كڵێسا تەقاندیەوە، هاواری كرد: کڵێسا کەوتووەتە ناو دژایەتییەکی ڕوون، ئەویش فرۆشتنی پیرۆزی خوداوەندە (پسولەی لێبوردن) بە پیس و پۆخڵی پروفەین (پارەوپول). واتە چۆن پارە کە بە پیسی دونیایی دادەنرێت، ئەو شتە بکڕێت کە لە ڕووی خوداییەوە پیرۆزە ( لێخۆشبوون). لوتەر بەم ناڕەزایەتییە، کڵێسا و دەسەڵاتی پاپای لە دۆخێکی زۆر نائاسایی و ناڕەحەتدا شڵۆقاند. پاشان دژایەتیی لوتەر بۆ کڵێسا فراوانتر بوو، لەگەڵ لێدانی ناوەڕۆكی دەستەڵاتی كڵێسا. چونکە لوتەر داوای گەڕانەوەی بۆ نەوەی یەکەمی ئایینی مەسیحیی (قۆناغی پێشینان: سەلەف) دەکرد، واتە بازدان بەسەر دیوارەکانی کڵێسا بەرەو تێگەیشتنێکی دروست لە ئایینی مەسیحیی، بەپێی دید و تێگەیشتنی نەوەی یەکەمی مەسیحییەکان (سەلەفی مەسیحیی: حەزرەتی مەسیح و شاگرد و شوێنکەوتووانی). بەم مشتومڕە، لوتەر دەرگای بۆ نەهێشتنی قۆرخکاریی کڵێسا لە لێکدانەوەی کتێبی پیرۆزدا کردەوە، دەرگای تێگەیشتنی بۆ هەموو مرۆڤەکان کردەوە. ئیتر كڵێسا تەنها ئەو شوێنە نیە كە تیایدا ئنجیل و پەرتوكی پیرۆز ئاخافتن و شی بكرێتەوە. مەبەست لێرەدا ئەوەیە کە لوتەر و چاکسازیخوازە پرۆتستانتەکان جگە لە بانگخوازی سەلەفی (سەلەفیزمی مەسیحی) هیچی تر نین، لەگەڵ پێچەوانەیەكی زۆر ڕوون لەگەڵ (سەلەفیزمی ئیسلامیی) لەڕووی دەرئەنجامەکانی ئەو دوو بانگەوازەوە. بانگەوازی سەلەفیی مەسیحیی بووە هۆی ڕزگاربوون لە میراتی سنووردار و ڕەق و تەقی کڵێسا، هەروەها دەرگای ئیجتیهادی کردەوە کە ڕۆڵێکی گەورەی لە گۆڕینی ئەوروپادا هەبوو. بەڵام بانگەوازی ئیسلامی سەلەفیی، بووە هۆی وەرینی بەروبومی میراتی زانستیی و ئیجتیهادیی زانایانی مسوڵمان، كە بە درێژایی چەندین سەدەی دوور و درێژ كەڵەكە ببوو. ئنجا ئەمەش بووە هۆی دواکەوتوویی، چونکە میراتی زانست و ئیجتیهادی زانایانی مسوڵمان وەلا نرا، کە ڕاستیەكەی میراتێكی مەزنە و دەرئەنجامی کۆششێکی گەورەی دەیان سەدەیە. بە درێژایی چەندین سەدە، مسوڵمانان میراتێکی دەوڵەمەند و کراوە و قووڵیان بەجێهێشت. سەلەفیزمی ئیسلامیی (واتە وهابییەكان) ئەم میراتەیان تیرۆر كرد. لە ئەڵقەکانی داهاتوودا دەگەڕێمەوە سەر ئەم بابەتە، بۆ ئەوەی ئەم خاڵە ڕوون بکەمەوە.

لوتەر ئامانجی دابەشکردنی کڵێسای کاتۆلیکی نەبووە و نەیویستووە باوەڕێكی نوێ دروست بکات، وەک ئەوەی زۆرێك لە خەڵك بە هەڵە تێگەیشتووە. بەڵام وەک لوتەر خۆی ئاشكرای كرد، ویستویەتی چاکسازیی لە کڵێسا بكا و ئەو گەندەڵییە لا بدات کە تووشی بووە. بۆیە لوتەر ڕەتیکردەوە پشتگیری لە ڕاپەڕینی تۆماس مونچە (1489-1525) بکات، کە لە ساڵانی 1524-1525 دا، سەرکردایەتی جووتیارانی ئەڵمانیای کرد لە شەڕێکی بەناوبانگی دژ بە دەسەڵاتی شازادەکان. لوتەر بزووتنەوەکەی مونچەی بە پێچەوانەی ئایین و دەسەڵات دەزانی، کە بە بۆچوونی لوتەر ئەم دەستەڵاتە، سێبەری خودایە لەسەر زەوی. لوتەر مونچەی ڕەتکردەوە و شۆڕشەکەی ئیدانە کرد، هەرچەندە مونچە ڕێزێکی زۆری بۆ لوتەر هەبوو. لە بەر ئەمە، مونچە بە تەنیا ڕێگەی خۆی گرتەبەر لەکاتێکدا لەلایەن لوتەرەوە شەرمەزار كرا. دواتر، دوای كۆتایی جەنگی جوتیاران لە گەڵ شازادەكان، بە سەركردایەتیی مونچە، هەروەها دوای كوژرانی زیاتر لە 100 هەزار كەس، مونچە لە سێدارە درا.

گرنگترین شت کە لوتەر داوای کرد، لە بەگژداچوونی كڵێسا، ئەوە بوو کە باوەڕبوون بە مەسیح بەسە بۆ ڕزگاربوون لە ڕۆژی قیامەتدا. واتە کرداری چاك نابێتە هۆی ڕزگاربوونی مەسیحییەکان لە ڕۆژی دوایی. ئەم دیدە مەترسییەکی ڕوونی بۆ سەر کڵێسا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ خەڵك دروستکرد، چونکە لە ژێر ڕۆشنایی ئەم دیدە نوێیەی باوەڕی مەسیحیدا، کڕینی پسولەی لێبوردن دەستی بە دابەزین کرد. لێرەدا، لوتەر زەڕبەیەکی ئابووری گەورەی لە کڵێسای كاتۆلیكیی دا. خەڵكی مەسیحیی وایلێهات كە قەناعەت بێنن، مادام ڕزگاربوون تەنها بە باوەڕە و بە كردار نیە، بۆ دەبێ پارەی خۆمان بدەین بە كڵێسا بۆ كڕینی لێبوردنی خودا.

دوابەدوای ئەمەش لوتەر بانگهێشت کرا بۆ ئەوەی لەبەردەم دادگاکانی کڵێسا ئامادە بێت، بۆ ئەوەی ئەو کارەی کردبووی پاشەکشە بکات و داوای لێبوردن بكات. لوتەر سەرسەخت بوو و كەللـەڕەقی نواند و دانیشتنەکانی دادگاییکردنی لە ساڵی 1518 دا کردە وێستگەیەك بۆ ڕیسواكردن و ئیدانەکردنی پاپا و دەستوپێوەندەكانی. لوتەر پاپا و دەستەڵاتەكانی بە بیدعه ناساند و گوتی لە کتێبی پیرۆزدا باسی لێوە نەکراوە. لە ساڵی 1520، پاپا لیۆی دەیەم فەرمانێکی دەرکرد بۆ دەرکردنی لوتەر، ئنجا بە کەسێکی لە یاسا دەرچووی پێناسە كرد.

پرۆتستانتیزم پرسی ڕزگارکردنی مەسیحییەکان و گڕگرتنی دژایەتییان بۆ دەسەڵاتی کڵێسا دەستپێكرد. لە ڕێگەی بانگەواز بۆ گەڕانەوە بۆ پێشینانی مەسیحییەت، کە بریتییە لە گەڕانەوە بۆ نەوەی یەکەم  (مەسیح و هاوەڵەكانی)، هەروەها تێگەیشتن لە کتێبی پیرۆزی مەسیحییەت بە شێوازێكی ڕاست و دروست، ئنجا بەرەنگاربوونەوەی بیدعەی کڵێسا کە ئازادیی مەسیحییەکان و ئایینەکەیانیانی شێواندووە، پڕۆتێستانتیزم ئەسپی خۆی تاو دا. ڕاستیەكەی ئەنجامەکەی سەرسوڕهێنەر بوو، چونکە ڕیفۆرمخوازانی نەیار لە گەڵ كڵێسای كاتۆلیكیی، هاوچەرخانی لوتەر، کە بە ئاشکرا دژایەتی خۆیان ڕاگەیاندبوو، وەک جۆن کالڤن، هوڵدریخ زڤینکل، کاترین شوتچ زێل، مارتن بوسەر، یان هوس...هتد، شۆڕشێکی گەورەیان لە ئەوروپادا هێنایە ئاراوە، وەک درێژەپێدەری میراتی ڕێنێسانس بۆ تەقاندنەوەی توخمە شاراوەکانی ڕۆشنگەریی و مۆدێرنیزم لە قۆناغەکانی دواتردا، کە بە ڕێگایەكی سەخت و خوێناویدا بەرەوپێشەوە چوو.

چاوەڕێی بەشی دووەم بن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه‌وه‌ بڕیارێك ده‌رده‌كات
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
موچه‌ی وه‌زاره‌تێكی هه‌رێم زیاد ده‌كات‌
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی و فایه‌ق زێدان
شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکەی گەیشتە بەغدا
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران: له‌گه‌ڵ به‌غدا گەیشتینە چەند خاڵێکی هاوبەش تایبەت بەداهاتی نانەوتیی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×