لەبارەی پرسی زمانەوە

عومەر ئەحمەد
  2024-09-12     224

لەم ڕۆژانەدا مامۆستایەکی ئاینیی و سەرۆککۆماری ئێران لە دوو دیمانەی جیاوازدا دوبارە پرسی زمانیان هێنایە بەر باس، وەکو چۆن مارکس دەڵێت تارمایی کۆمۆنیزم  ئەوروپا دادەگرێت، پرسی نەتەوە و زمانیش وەکو تارماییەک هەر دێت و دەچێت هۆیەکەشی گرنگی پرسەکەیە لەم وتارەدا هەڵوێستی خۆمان لەبارەی ئەو دوو ڕوداوەوە، بە چەند خاڵێک ئەخەینە ڕوو:

 

یەکەم: لە  ڕوانگەی زانستی زمانەوە، هیچ زمانێک لە  زمانێکی تر باشتر نییە، بونیادگەرەکان زۆر زیاتر دەڕۆن و پێیان وایە، دوو کەس بتوانن بە چەند هێمایەک لەیەکتر تێبگەن ئەوا پەیوەندییەکەی نێوانیان بە زمان دادەنرێت، ئەوەی جیاوازی دەخاتە نێو زمانەکان، هۆکارە نازمانییەکانی وەکو ئایدۆلۆجیا و ئاین و سیاسەت و دەسەڵات و ئابوریی و سەربازیین، بۆیە زمانێک ڕێژەی ئامادەیی و بەشداریی زیاترە لەزمانێکی تر، ئەگینا وەکو وتمان زمان وەکو بوون، یەک شتە.

دووەم : زانست پەیوەندی بە پرسی پیرۆزییەوە نییە، هیچ زمانێک لەڕوانگەی زمانەوانییەوە پیرۆز نییە، هیچ زمانێکیش قیزون و ناشرین نییە، زمان هێمایە بۆ لەیەکترگەیشتن، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە بۆ ڕایکردنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان، بابەتی پیرۆزیی و ناپیرۆزیی زمان پرسێکی دەرەوەی زانستی زمانە، کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتنە ئاینی و ئایدۆلۆجییەکان، تەنانەت لە قورئانا ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەگەر قورئان بە عەرەبی نەهاتبایە بۆ پەیامبەر ئینجا خەڵک دەیانوە بۆچی بە عەرەبیی نەهاتووە، یان بۆچی نیوەی بەعەرەبیی و نیوەی بەزمانێکی تر دانەبەزیوە! بڕوانە سورەتی فوسیلەت ئایەتی 44( ولو جعلناه قرآناً أعجمياً لقالوا لولا فصلت آياتُهُ أأعجمي وعربيٌّ  )).

سێیەم: تا ئێستا زمانەوانی نازانێت یەکەم زمان چی زمانێک بووە کە قسەی پێکراوە، چەندین تیور پێشکەشکراون هیچیان نامانگەیەنێت بەوەی کە ئاخۆ کۆنترین زمان کام زمانەیە، چی جای بزانین زمانی جیهانی بەرزەخ چی زمانێک بێت، وەکو جولەکەکان ئەڵێن عیبرییە و هەندێک لە عەرەبەکان ئەڵێن عەرەبییە و هەندێکی تر ئەڵێن زمانی سریانییە، کە ئەم گفتوگۆیانە ناچنە نێو میتۆدی زانستییەوە.

چوارەم: لەڕوانگەی زانستی زمانەوە هیچ زمانێک نییە مۆسیقیی بێت و لەئەزەلەوە ڕون و ڕەوان بێت و گونجاوتر بێت بۆ ئەدەبیات و نوسین و پەخشان، بەڵکو ئەوەی زانراوە لە زانستی فۆنەتیکدا، هەر زمانێک بڕگەی کراوەی زۆرتر بێت ئەو زمانە مۆسیقیتر دەردەکەوێت، بڕگەی کراوە بریتییە لەو بڕگانەی کە بە دەنگە بزوێنەکان کۆتاییان دێت، بۆیە لەکۆندا دەوترا زمانی فەڕەنسیی زمانی ئەدەبیاتە بۆیە پێویستە بەو زمانە بنوسرێت، یان لەناو کورددا تا ماوەیەکی زۆر وا باوبوو، زمانی فارسیی مۆسیقییە بۆیە زۆرێک لە شاعیرانی کورد نەک شیعریان بەزمانی فارسی هەیە، بەڵکو هەندێکیان بەکوردیی نەینوسیوە.

پێنجەم: زمانەکان هەموویان دەوڵەمەندن، هەر زمانێک ئەگریت چەندین زار و شێوەزار و زاری ناوچەییان هەیە، هەر یەکەش لەو شێوە جیاوازانەی زمانێک چەندین وشەی هەیە، کە فەرهەنگی زمانەکەیان دەوڵەمەند کردووە، بەڵام زمان هەیە هەر لە کۆنەوە ئینستویت و دەزگا و کۆڕی تایبەتی بەنوسینەوەی فەرهەنگ و وشە و زاراوەکان داناوە و تۆماریانکردووە، هەشە بە پێجەوانەوە بەوجۆرە خزمەت نەکراوە، ئەمەش وادەکات زمانێک پانتایی زیاتری  لە بەکارهێناندا هەبێت لە زمانێکی تر، چونکە زمان دەبێتە ئاوێنەی کۆمەڵگاکان، ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگایەک لەڕوی زانستە پەتیی و مرۆییەکانەوە وا دەکات زمانەکەیان ئەو زانستانەی پێ بنوسرێتەوە و توێژینەوەی پێ ئەنجامبدرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئامادەیی زیاتری زمانەکە لە کێبڕکێی زمانەکانی تر لەجیهاندا، بۆیە هیچ زمانێک لە ئەزەلەوە بەدەوڵەمەندی لەدایک نەبووە، هیچ زمانێکیش ئەوەندە هەژار نەبووە، کە نەتوانێت گوزارشت لەخۆی بکات.

شەشەم: زمان ڕەگەزێکی گرنگی نەتەوەیە و بەشێکە لە شوناسی نەتەوەکان، لە کۆن و ئێستاشدا سنوری نەتەوەمان بۆ دیاردەکات، زۆرجار وەکو دەوترێت کورد تەنها زمانەکەی هێشتویەتییەوە، ئەگینا هەمیشە هەموو هۆکارەکانی توانەوە و سڕینەوەی کورد بە پلەی نایاب لەگۆڕدا بوون  هەر  لە جینۆساید و پاکتاوی ڕەگەزیی و حەپس و کۆڕە و کیماباران و گۆڕینی نەخشەی جوگرافیی و نیشتەجێبوون و تێکدانی جوگرافیای کوردستان و کاری هەوڵگیریی زۆر بەهێز بۆ کڕینی ویژدانی خەڵکانێکی زۆر...تاد، بۆیە زۆرێک دەگەنە ئەو بڕوایەی زمانی کوردیی بە سەرجەم زار و شێوەزرا و گۆڤەرەکانییەوە هۆکاری سەرەکیی پاراستنیی کیانی کوردیین، هەروەها  ڕەخنە لەو کوردانە دەگیرێت، کە بە کوردیی کاریان نەکردووه، بۆ نمونە ئەحمەد کایا، یەشار کەماڵ، دەیان و سەدان نوسەری تر، لەبەر ئەوەی بەکوردیی لەهەر بوارێکدا کاریان نەکردووە، کارە هونەریی وئەدەبییەکانیان ناچێتە نێو مێژووی زمانی کوردییەوە و نابنە هۆکاری دەوڵەمەندکردنی زمان و ئەدەبیاتەکەی،  دیوێکی گرنگی پرسی قسەکردن بەزمانی کوردیی و خۆشویستنی زمانی دایکیی بەوجۆرە بوو کە خستمانەڕوو، بەڵام دیوەکەی تری پرسی زمان پەیوەست بە مرۆڤایەتییبوون و خۆشویستنیی نیشتیمان و نەتەوە و خاک و ئاڵا و پیرۆزییەکانی نیشتیمانە، کە لەڕاستیدا لێرەدا ئەو بۆچونەی سەرەوە کورت دەهێنێت، چونکە کوردبوون و بەرگیریی کردن لێی تەنها بریتیی نییە لە قسەکردن بە زمانی کوردیی، بەڵکو کوردبوون پێش ئەوەی زمانی  قسەکردن بێت بریتییە لە بیرکردنەوە بە کوردیی، هەستکردنە بە کوردبوون وەکو بوونێکی ناوەکیی، کە ئاڕاستەی ڕەفتارەکانمان بکات، نەستە واتە کوردبوون ڕۆشتبێتە ناو قوڵایی دەرونمان نیشتبێت و ئەقڵ چیتر نەتوانێت دەستی بۆ ببات و لەژێر هی پاساوێکدا بیری لێبکاتەوە، خولیایە حەزکردن لەوەی کە خودا تۆ بەکوردیی دوستکردووە و هەمیشە کوردبوون ببێتە خەونێک و بەشێک لە تۆ ، ئارەزووە واتە حەزکردن بەوەی کە کوردیت، تۆ کەمتر نیت لە هیچ نەتەوەیەکی تر و لەژێر هیچ بیانویەکدا  کەسیتر لەتۆ جوانتر و باشتر و چاکتر نییە، لایەنگیرییە کوردبوون بریتییە لە لایەنداریی و  لایەنگیریی بۆ نەتەوەکەت نەک حزب و گروپێکی دیاریکراوی کوردی، واتە ئەوەی لایەنگیریی دەکرێت دەبێت کورد بێت وەکو نەتەوەیەک، کە شوناسی منە و جیام دەکاتەوە لەویتر، کوردبوون یادەوەرییە  پێشئەوەی بە زمانی کوردیی قسەبکەیت دەبێت تۆ لە یادگە و یادەوەریی و یادگارییەکانتدا کورد بیت و کوردبوون بوبێتە بەشێکی گرنگی کۆی یادەوەریی تۆ،  خەیاڵ و ئەندێشەیە، بەو پێیەی زمانیش پێش ئەوەی گۆبکرێت لە هزردایە، بۆیە پێش قسەکردن بە کوردیی تۆ دەبێت بە کوردیی خەیاڵبکەیت و دنیای ناوەوەی تۆ پڕ بێت لە ئەندێشەی کوردییانە چونکە نەتەوە بریتییە لە خەیاڵی هاوبەش، زۆر بڕۆین کوردبوون بریتییە لە خەبات لە هەر ئاستێکدا بێت، خەباتی چەکداریی بێت، یان ئیشکردن بێت لە بواری سینەما، وانە وتنەوە بێت لە زانکۆکان یان خەریبکوون بێت بەکاری ڕۆشنبیریی و نوسین و وەرگێڕان، واتە تۆ لەهەر ئاستێکدا بێت دەتوانیت خەبات بکەی کۆشش و هەوڵ بدەی لەپێناو مانەوە و زیندوڕاگرتنی نەتەوەکەت، بۆ بەرگیرییکردن لە کورد وەکو نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتیی داگیرکراو، بۆیە ئەمە وامان لێدەکات بڵێین، هەزاران و سەدان هەزار کورد هەن بە کوردیی قسەئەکەن، بەڵام بەکوردیی بیرناکەنەوە، بگرە سیخوڕیی بەسەرا ئەکەن، زۆرێک لە دوژمنەکانی کورد لەکوردێک باشتر ڕەنگە قسەبکەن.

حەوتەم: هەستی خۆ بەکەمزانین و ئەویتر گەورەکردن، چاوەڕوانییە گۆدۆییەکانی کۆمەڵگای کوردیی بەتایبەت لە باشور بۆئەوەی گەنجێک لە ئەڵمانیاوە بێت و ڕزگاریان بکات، یان سەرۆکی وڵاتێک بەزمانەکەی قسەی کرد ئیتر زۆر دەبێتە مایەی خۆشحاڵییان دۆخێکە، کە جگە لەخۆ بەکەمزانین هیچی تر نییە و ئەمەشە بووەتە هۆی خەمگینیی و ماتەمیی و بێ ئیرادەیی کۆمەڵگەکەمان، لە کاتێکدا ئەو ئاڕاستەیەی، کە ڕووەکەی لە دەرەوەیە پێویستە ڕویبکەینە ناوەوەی خۆمان، هیچ کەسێک ناتوانێت لەدەرەوەی وڵات بێت و بەعەسا سیحرییەکەی تۆ ڕزگار بکات، هەرچی کەناڵی ڕاگەیاندنی کوردیی هەیە دیمانە لەگەڵ گەنجێکدا دەکەن گوایە خۆی کاندید دەکات بۆ سەرۆکایەتی ئەڵمانیا، لە نەستیی کوردیدا هەمیشە ئەوێک لەدەرەوە بێت ڕزگارمان بکات ئامادەیی هەبووە، ئەمەش لە هەستی خۆبەکەمزانینەوە سەرچاوەی گرتووە، هەر ئەمەشە زۆر دڵخۆشمان دەکات گوایە سەرۆکی وڵاتێک بە کوردیی قسەی کردووە! لەکاتێکیدا سەرکردە کوردییەکان وەکو بولبول بەهەرچی زمانە تۆ ئەتەوێت قسەئەکەن،

هەشتەم: ڕەهەندێکی تری ئەم پرسە پەیوەندی بە کاردانەوەکانەوە هەیە، کە زۆرێکیان هەڵگری باکگراوندێکی ئایدۆلۆجییی و ئاینیی و مەزهەبین، تۆی ئیماندار چی وای لێکردویت، لەوە بترسیت زمانەکەتت خۆش بوێت، بۆچی لەهەموو پرسە نەتەوەییەکاندا بێلایەن و مەنهەجیی دەردەکەویت؟ ئایا لەهیچ کوێی دونیا هەبووە مرۆڤ هیچ لایەنگیریی و خۆشەویستییەکی بۆ تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانی خۆی نەبێت؟ ڕاستە تۆ ئیمانداریت بەڵام کوردیشیت، زمانی دایکییت کوردییە ئیتر لەچی شتێک ئەترسیت کە مامۆستایەکی ئاینی بڵێت من زمانەکەمم خۆش ئەوێت، بۆچی گورج بە ئایەت و حەدیس ئەتەوێت وەڵامی ئەمە بدەیتەوە، لەکاتێکدا مێژووی چەنسەد ساڵەی ئاین لەناوکوردا لە حوجرەکان و لەسەردەستی مەلاکان بووە، کە زۆربەیان شاعیر و ئەدیب بوون، لێشاوێک دروستبووە، لە فەقیهیی مونەقل کە تەنها ئیشیان گواستنەوەی فتوا و قەولی موجتەهیدە عەرەبە خەلیجییەکانە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ژینگە و کلتور و زمان و ئەدبیات و سەرجەمی لایەنی ڕۆشنبیریی کوردیی،   تەنها ئیشیان بووە بە وەڵامدانەوە و تەکفیرکردنی بەرانبەرەکەیان کە ئەگەر لە بچوکترین بابەتدا پێچەوانەی دیدگای ئەو بن،  لەبەرانبەردا ئەوانەی دژە ئاینن، ئیتر سەر بەهەر گروپێکی ئایدۆلۆجی بن، بۆچی ئەوەندە پێیان خۆشە ئیمانداران تاوانبار بن،  لە هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکاندا، ئەم کاردانەوە پێچەوانانە زیان بە ژیانی سیاسیی و نەتەوەیی کورد دەگەیەنێت لەبری ئەوەی خزمەتی بکات، بۆیە کۆڕایەکی نەتەوەیی و نیشتیمانیی لەبارەی هیچ پرسێکەوە دروست نابێت لە کۆمەڵگەی کوردیدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×