سودان لەبازنەی کودەتاکانی دەوڵەتی قوڵدا​

عومەر عەلی‌ محەمەد
  2019-04-22     832

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لەچوار مانگ لەرێپێوان‌و خۆپیشاندان‌و مانگرتنی گەلی سودان بەھەمو چین‌و توێژەکانیەوە، دواجار لە ١١ی نیساندا عومەر بەشیری سەرۆک کۆماری سودان لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە لەسەرکار لابرا.

عومەر بەشر خۆیشی ھەر بەھۆی کودەتایەکی سەربازیەوە لە ساڵی ١٩٨٩ دا دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، دیمەنەکان لە سوداندا ھاوشێوەی یەکن و مێژووی سیاسی سودان دەیان رووداوی ھاوشێوەی لەم جۆرەی بەخۆوە بینیوە، لەوکاتەوە کە سودان وەک دەوڵەتێک ناسراوە کە لە ساڵی ١٩٨٩ بەریتانیەکان دروستیان کردووە ھەتا ساڵی ١٩٥٦ کە سەربەخۆیی وەرگرتووە و لەوکاتەشەوە ھەتا ئێستا سوپا کاراکتەری گەورە و بەھێزبووە لە دروستکردنی گۆڕانکاری سیاسی دا، سەرەڕی ئەوەی کە گەلی سودان بە بەردەوامی ئامادەبووە بەرەوڕووی دەسەڵاتە ستەمکار و عەسکەرتارەکان ببێتەوە و گۆڕانکاری سیاسی دروست بکات و حکومەتێکی مەدەنی کاروبارەکانیان بۆ بەڕێوەببات، بەڵام بەھۆی ئەوەی کە دەسەڵاتی سەربازی وەک ھێزێکی تۆکمە و خاوەن دەسەڵات لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە رەگی داکوتاوە، ھیچ ھێزێکی مەدەنی ناتوانێت بە تەواوی لە گۆڕەپانی سیاسی دوری بخاتەوە، ئەمەش تەنھا لە سوداندا نیە بەڵکو لە میسر و جەزائیریش ھەمان سیناریۆیە، کە لەگەڵ توانای ئەوەی نییە بەرھەمی خۆپیشاندان و گۆڕانکارییەکان بچنێتەوە، بەڵکو لەپاش ئەوەش کە کۆتایی بە حوکمی دەسەڵاتە کۆنەکە دێت، عەسکەر بە گەمەیەکی سیاسی جارێکی تر کەسێکی تر دەھێنێت کە ئینتیمای بۆ ھەمان دامەزراوە ھەیە، بەڵام بە رەنگێکی تر و بە ئالیەتێکی تر کە زۆرجاریش تێکەڵی دەکات بەخواستی خۆپیشاندان و جەماوەر و بە پرۆسەیەکی دیموکراسی دەمامکدار دەیھێنێتەوە سەر گۆڕەپانی سیاسی و بۆ ئەم مەبەستەش ھەڵبژاردن رێکدەخات و ناوی حکومەتی مەدەنی لێ دەنێت و ئەنجامەکەشی وەک سەرخستنی ئیرادەی گەل لە قەڵەم دەدات و ئەمجارەیان بە سیمایەکی مەدەنی خۆی نیشان دەدات.

دامەزراوەی سەربازی لەم وڵاتانەدا کە سودانیش یەکێکە لەوان، دامەزراوەیەکی پیشەیی نیە کە لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیەکانی خۆیدا مامەڵە بکات، بەڵکو بەردەوام پێیەکی لەناو دەسەڵاتی سیاسی دا بووە و رێگەی نەداوە کە حکومەت بکەوێتە ژێر سایەی ھێزە مەدەنیەکانەوە، بەڵکو لەسەروو ئەمانەوە سوپا خۆی بە پارێزەری سەروەری وڵات و دەستور و یاسا و شەریعەت داناوە و ئەو دەست تێوەردانانەشی بە بەرپرسیاریەتێکی نیشتمانی وەسف کردووە. ئەمجارەشیان ئەوەی دەبینرێت ھەمان سیناریۆیە.

دەسەڵاتەکەی عومەر بەشیر کە بە کودەتا لە ساڵی ١٩٨٩ ھاتووەتە سەر دەسەڵات، خۆی بەشێک بووە لە دامەزراوەی سەربازی پاشان، بوەتە سەرۆکی پارتێکی سیاسی و خۆی کردووە بە بەشێک لە پرۆسەی سیاسی مەدەنی و بەشداری ھەڵبژاردنەکانی کردووە و ھەموو جارێکیش بە درێژایی ٣٠ ساڵی رابردوو براوەی یەکەم بووە لە ھەڵبژاردنەکان، عومەر بەشیر لە پاش ٣٠ ساڵ کە زۆرتر وەک پیاوێکی سەربازیی دەرکەوتووە و ویستوویەتی ببێتە سەرکردەیەکی کاریزما، بەڵام لەلایەکی ترەوە وڵاتی بەرەو دواکەوتوویی و ھەژاری و وێرانی بردووە و بەم ھۆیەشەوە گەلی سودانی خستۆتە بارێکی زۆر خراپ، کە بەھۆی ئەو بارودۆخە ئابورییە خراپەوە گەل ناچار بوو بێتە سەر شەقام و درێژە بە رێپێوان و خۆپیشاندان بدات، ھەتا ئەوکاتەی کە بە کودەتایەکی سەربازی لەکار لابرا.

لە ئێستادا پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی کارای ئەوتۆ نیە کە رابەرایەتی جەماوەری راپەڕیو بکات و وڵات رزگار بکات لە حوکمی دەسەڵاتی تاکڕەوی عەسکەر و گەندەڵکاران. ھەرچی ئەو پارتانەن کە لە گۆڕەپانی سیاسی سوداندا ھەن بەشێکی زۆریان تاقیکراونەتەوە و وەک بەشێک لە پشتیوان لە دەسەڵاتی سەربازی دەرکەوتوون و حوکمی وڵاتیان بردووە بەڕێوە و دواجار شکستیان خواردووە لە ئەنجامدانی چاکسازیدا.

لەبەرئەوە، ئەوەی ئەمڕۆ ھاتۆتە سەر شەقام و رێپێوان دەکات نەوەیەکی نوێیە کە داوای گۆڕانکاری و نوێبوونەوە و چاکسازی دەکات بە عەقڵێکی نوێ، لەبەرئەوە ئەو گۆڕانکارییە بەو سەرکردە و پارتە تەقلیدیانە ناکرێت و ئەم نەوە نوێیەش رازی نابێت بەوەی کە ئەو پارتانە ئێستا بێن و خۆیان بکەن بە خاوەنی خۆپیشاندانەکان و دەستکەوتەکانی بەرێت بۆ خۆی، لەبەرئەوە ئێستا ھەست دەکرێت لە کۆمەڵگەی سودانیدا بۆشاییەک ھەیە، ئەویش ئەوەیە لەلایەک جەماوەر رازی نیە بەو سیناریۆیانەی کە دەسەڵاتی سەربازی رێکی دەخات و ھەر رۆژە کاراکتەرێکی نوێ نمایش دەکات، لەلایەکی تریشەوە رازی نیە بەوەی پارتە تەقلیدیەکان بێنەوە سەر حوکم ،بەڵام بەھۆی ئەوەشەوە کە عەسکەر رەگ و ریشەیەکی بەھێزی ھەیە و رابەرایەتی دەوڵەتی قوڵ دەکات لە سوداندا، کەواتە وا بە ئاسانی لە دەسەڵات دور ناخرێتەوە و ھەوڵ دەدات بە جۆرێک لە جۆرەکان بەڕێکەوتن و دانوستان لەگەڵ پارتە تەقلیدیەکان کێشەکە یەکلا بکاتەوە و ناڕەزایەتیەکان خامۆش بکات و بە سیناریۆیەکی تر کار بۆ ھێنانەکایەی دۆخێکی سیاسی تر بکات کە ئەمیش ھەرخۆی رابەرایەتی بکات.
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×