بزوتنەوەی گۆڕان‌و ونبون لەزیندووەخەونەکانی حکومەتی داهاتودا

عەزیز شێخانی
  2018-12-26     2290


بزوتنەوەی گۆڕان پاش دەرکران لەحکومەت‌و هەروەها داخرانی پارلەمان لەلایەن پارتی دێموکڕاتی کوردستان، پشتیان لەخەونی گۆڕانی سیستمی سیاسیی‌و بنەماکانی چاکسازی کرد. هەڵسوڕاوەکانیان بەکردەوە کپ‌و بێدەنگبون‌و ژمارەیەک لەوان بەرێبازو شێوازی جیاواز بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی کەسیی خۆیان ژێراوژێر لەگەڵ پارتە دەسەڵاتدارەکان پەیام و قسەیان دەگۆڕیەوە. لەئاکامی لاوازیی سیاسەتی بەڕێوەبەرانی گۆڕان‌و دۆڕاندنی بەشێک لەوەزیرو پارلەمانتاران‌و خۆدزینەوە لەبڕیاری بایکۆتی رێفراندۆم، ئەو بزوتنەوەیە لەهەڵبژاردنەکانی رابردووی پارلەمانی کوردستاندا نیوەی کورسییەکانیان لەدەستدا.



هەڵبژاردنەکانی رابردو لەگەڵ هەمو کەموکۆڕییەکانیان دەرخەری بێزاری خەڵک و بایکۆتی بەرفراوان لەپڕۆسەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەئەژماردێ. لەبەشێک لەناوچەکان زیاتر لەنیوەی خەڵک نەچونە سەر سندووقەکانی هەڵبژاردن و بەمجۆرە ناڕەزایەتی خۆیان لەسیاسەتکارەکان دەربڕی. گۆڕان کە بە شکستخواردووی یەکەمی هەڵبژاردنەکان دەناسرێ، لەو ماوەیەدا حەیران و سەرگەردان بەدوای بەشداربوون لە حکومەتدا دەگەڕێ. لەوڵاتانی ئازادو دیموکڕاتدا هەر هێزێک بەرێژەی ئەوان لە هەڵبژاردنەکاندا بشکێ، بێ دوودڵیی رێگای ئۆپۆزیسیۆنبوون هەڵدەبژێڕی. لەبەرامبەردا، گۆڕان و بەڕێوەبەرەکانی خەریکن لەپێناوی کێکی دەسەڵاتدا پاشخانی بزوتنەوەکەش هەڕڕاج دەکەن و رەنگ و روخسار دەگۆڕن! ئەوان لەو رێگایەدا رەنگە ئەوەندە بچنەپێش، کە بەداڕێژەری سیاسەتی دیکتاتۆرییەتی بنەماڵە لەکوردستان بناسێندرێن.



بەوتەی بەشێک لەهەڵسووڕاوەکانی گۆڕان، ئەوان لەرێگای چوونە حکومەتەوە خوازیاری چەسپاندنی نیزامی پارلەمانین. ویست و حەزێک، کە بەکردەوە لەزڕەخەون دەچێ و هەڵگری زۆر کوڵاوی شەڕعی و ناشەرعییە. پارتی دێموکڕاتی کوردستان لە پێناوی چەسپاندنی بنەماڵە لە پانتایی باشوور و هەروەها درێژەکردنەوەی بۆ نەوەکانی داهاتوو نەخشەرێگایەکی تازەی هەیە. ئەوان نێچیرڤان و کوڕی مەسعود بارزانیان بۆ وەرگرتنی دوو پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی داناوە و نەمجۆرە کۆڵەکەکانی حوکمی بنەماڵە پتەوتر دەکەن. مەسعود بارزانی لە پشت پەردە شاراوەکانی سیاسەت و ئیدارە، لەرێگای کوڕو زاوا و برازا زیاتر لەجاران لەگەمە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا بەشدارە. گۆڕانخوازەکانی دوێنێ سازێکی تازە لێدەدەن‌و داڕێژەرەکانی خەوننامەی بزوتنەوە خەریکە قوڕی سیاسەت لە باشوور لە رابردوو خەستر دەکەن.



ژمارەیەک لەو هەڵسووڕاو و گۆڕانخوازانە، شکستی گەورەی هەڵبژاردنەکان پشتگوێ دەخەن و خەریکن به‌شەرابی بەشداربوون لە حکومەتێکی نادیار خۆیان سەرمەست بکەن! ئەگەر هەموو لایەنەکانی دیکە لەو سیاسەتەدا هاودەستی پارتی دێموکڕات و بنەماڵەی بارزانی بوونایە، گۆڕانەکان نەدەبوو هەرگیز خۆیان لە قەرەی ئەو حکومەت و بەرنامە خەیاڵیانە بدەن. بوونە ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا و کارکردن لە پێناوی ویست و داخوازە رەواکانی خەڵک زۆر لەو پیرۆزترە، کە گۆڕان لەوە زیاتر دەستەگوڵ بەئاوادا بدات و لە داهاتوودا ببێتە سێبەری سیاسەتی پارتی دێموکڕاتی کوردستان. بزوتنەوەی گۆڕان ئازادە لە بڕیاردان و کارکردن لە گەڵ پارتە سیاسییەکانی دیکە و پارتە رکەبەرکاندا، بەڵام ئەوان ناتوانن لە ئاکام و نەتیجەی بڕیارەکان خۆیان حەشاربدەن. شکاندنی بەڵێنەکان و سەرکزکردن بۆ دراو و پۆست زامنی داهاتووی هیچ بزوتنەوەیەکی سیاسی لە جیهاندا نەکردوە. ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن لە باشوور و کوردستاندا ئاوێک خەراپ بڕێژن، ئاسەواری نەرێنی لەسەر کایەی سیاسەت جێدیڵێ. هێزە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکان لانی کەم دەبێ لە گەڵ دەسەڵاتدارەکاندا جیاوازیان هەبێ و ناکرێ پاشکۆ و بوکەڵەی هێزە گەورە و خاوەن چەکدار و پارەکان بن.


بزوتنەوەی گۆڕان و باقی پارتە بەناو چاکسازەکان لە باشووردا پێویستیان بە ئاڵووگۆڕ لە سرووشتی ئیدارە و سیاسەتی خۆیانە. هێزە راستەقینە و خەڵکییەکان خاک و دواڕۆژی خەڵک و نیشتمان فیدای خۆیان و پۆستە کاتییەکانی دەسەڵات ناکەن. بزوتنەوەی گۆڕان و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان دەرد و ئازاری هێزە دەسەڵاتدارەکانیان هەیە و ئەستەم بە کردەوە گۆڕانخواز و چاکساز بن. ئەگەر ئەو هێزانە باوەڕیان بە وانەوەرگرتن لە شکست و کەوتنەکان هەبایە، بێگومان پاش شکستی هەڵبژاردن بەرپرسانی سیاسەتی شکاو لە پۆستەکانیان دەکشانەوە و کەسانی دیکە سوکانی ئیدارەی ئەو پارت و رێکخراوانەیان دەگرتەدەست. گەیشتن بە کەنارەکانی ئاسایش و چاکسازی راستەقینە پێویستی بە تێڕوانین، وتە و کرداری گۆڕانخوازانەیە. خۆماتکردن بۆ وەرگرتنی چەند پۆستێکی لاوەکی لە حکومەتی داهاتوودا تاڵاوێکی دیکە بە گەرووی ئەو مرۆڤانە دادەکات، کە راستگۆیانە و لە پێناوی گۆڕانی بنەڕەتیدا تێکەڵ بە هێزە بەناو چاکسازەکان بوون. مەودای نێوان چاکە و خەراپە لە بازنەی سیاسەتدا و لە بەستێنی کاری سیاسیدا زۆر کەمە و بزوتنەوەی گۆڕان و سەرجەم ئەو هێزانەی کە گۆیان لە سەر هێڵی ئۆپۆزیسیۆنن لە قەپان دراون و دەدرێن. کردەوە و وتەکان باشتر دۆخەکە شیدەکەنەوە و قسەی بەتاڵ و خۆفریودان یان کوڵاو لە سەر خەڵکنان کۆتاییەکی هەیە.



پارتی دێموکڕاتی کوردستان بە تیرێک لە دوو نیشان دەدا و لە داڕشتنەوەی پرۆژەی بنەماڵەی بارزانیدا رکەبەرە سەرسەختەکەی دوێنێی (گۆڕان) دەکاتە ئاڵاهەڵگر و قسەکەری داخوازەکانی. شایانی باسە، سەرۆکوەزیر لە سەر نەخشەی حکومەت کاریگەرە، بەڵام چاوەڕوانی پەڕجوو لە حکومەتی داهاتوو ناکرێ. هێزی سیاسی و سیاسەتکاری تێگەیشتوو باوەڕی بە پەڕجوو نییە خۆی ناداتە دەست قەزا و قەدەری درووشمە شیرین و ماچە سیاسییەکان. حکومەتی داهاتووی هەرێم لە سەر بناخەی حکومەتی رابردوو دادەمەزرێ و بەڕێوەبەر و داڕێژەرانی سیاسەتی حکومەت کۆنەکارمەندانی ئەو هەرێمەن. کولتوور، شێوازی سیاسەت، ئیدارەی سیاسەتکار، موستەشار و مەکتەب سیاسییەکان نەگۆڕاون. 



ئەگەر راستگۆبین، لەو مەیدان لەو تۆزە زیاتر هەڵناستێ. پاش شکستەگەورەکەی رێفراندۆم و گەڕانەوەی سەرانی رێفراندۆم بۆ بەغدا، گەمەی سیاسەت لە جاران ئاڵۆزترە و رایەڵکەی داو و تەڵەی زۆرتر و وردتر لە بەستێنەکەدا ئامادەکراون. هەڵوەدابوون بۆ بەشداربوون لە حکومەتی داهاتوو لە لایەن بزوتنەوەی گۆڕان و کراوەبوون بۆ فێڵ لێکران نیشانەی لاوازیی ئیرادە و لێکدانەوەی کەسانێکە، کە بەمەبەستی پۆست و بەرژەوەندی تێکەڵ بە بزوتنەوەیەک بوون، کە ئەمڕۆ لە سەر دەستی ئەوان خەریکە دەکەوێ.



باشووری کوردستان لە دۆخێکی نادیاردا ماوەتەوە و داهاتووی ئەو هەرێمە لە گەڵ سرووشتی سیستمی سیاسی بەغدا گرێدراوە. پارتە سیاسییەکان و خەڵکی باشوور لە ماوەی زیاتر لە ٢٦ ساڵ دەسەڵاتی بەناو خۆماڵیدا، سەلماندیان کە لە ئاستی بارودۆخەکەدا نین. کێشەی باشوور فرەرەهەندە و کۆمەڵێک فاکتەری کولتووری، مێژووی، کۆمەڵایەتی، خێڵایەتی، سیاسیی و کەسایەتی سیاسەتکار و بژاردەی کۆمەڵگە وێڕای کولتووری حیزبی بنەماڵە لە خوڵقاندنی ئەو رۆژگارەدا کاریگەرن. باشووری کوردستان لە دامەزرانی عێڕاقەوە هەتا ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو بەشەکانی کوردستان دەرفەتی زێڕینی بۆ خوڵقاوە، بەڵام بەدەستی رێبەرایەتی ناشارەزا و لاوازبوونی تێگەیشتنی تێکڕایی لە خوێندنەوەی رووداوەکان، دەرفەتەکان بە نیوەچڵیی و کرچ و کاڵی سوودیان لێوەرگیراوە.


 کورد لە باشوور بە کردەوە و لە مەیدانی سیاسەت، ئیدارە، کولتووری پێکەوەبوون و دژی یەکتربوون سەلماندوویانە، کە بەشێکن لە گەمەیەکی گەورەتر و لە بازنەی دەسەڵاتە سەردەستەکانی کوردستاندا جێدەگرن. ئەوان لە پێناوی گەیشتن بە ویستەکانیان زۆر گوێیان لە کوردایەتی و هەروەها نیشتمانپەروەری نەبووە و نییە و ئەگەر جێگەیان لەقبوو، یەکسەر لە گەڵ دەسەڵاتی بەغدا، تاران، ئانکار و دەمشقدا ژێربەژێر سازاون. 


پارتە گەورە و تەنانەت بچووکەکانی باشوور لەو هاوکێشەیەدا بە رێژەی جیاواز بەشدارن و مێژووی نیوەسەدە جوڵانەوەی کورد ئاوێنەی باڵانوێنی ئەو راستییە تاڵەیە. باشوور و پارتە چەکدارەکانی ئەمڕۆش بۆ مانەوەی خۆیان و دوێنێش بۆ درێژەدان بە گەمەی مانەوەی بنەماڵەکان لە لوتکەی دەسەڵاتدا، بەسەر بەرە ناوچەییەکاندا دابەشبوون و بە سێبەری ئێران، تورکییە، عێڕاق و جاروبار سوورییەش لە پێدەشتەکانی بەناو سیاسەت و ئیدارەدا پێناسەدەکرێن. تێگەیشتنی ئەوان لە سیاسەت، دیپلۆماسی، کولتوور، مافی خەڵک و ئازادییەکان لە سەر بەستێنێکی پتەو رۆنەنراوە و کۆی یاریەکە لە بازاڕێکی رەش دەچێ، کە کۆتاییەکەی نادیار و ئاکامەکەی سەرسووڕهێنەرە.


پرسی حکومەت و گەمەی دێموکڕاسی لەباشووردا لەسەنگی مەحەک دراون، بەڵام هێشتا بەچاوی عەقڵ باڵەخانە وێرانەکە نابیندرێ. لەو هەرێمە پارتە دەسەڵاتدار و خاوەن چەکدارەکان لە گەڵ پارتە سیاسییە بێ چەکدار و پارەکان لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا بە رێژەیەکی باش لە یەکتر تێگەیشتوون. ئەوان و زۆر کۆمپانیای بازرگانی-سیاسی دیکە گەیشتوونە خاڵی کۆتایی و دەزانن، کە ئەو هەرێمە و خەڵکەکەی بۆ گۆڕان ئامادەنین. هێزە سیاسییە باڵادەست و خاوەن چەکدارەکان سوکانی سیاسەت، ئابوری، دیپلۆماسی و ئاسایشان بەتەواوەتی قۆرخکردوە و دەنگدەر و بایکۆتکەریان بێدەنگ و کز کردوە. بزوتنەوە گۆڕانخواز و چاکەخوازەکان لەو مەیدانەدا لە پرسی گۆڕانکارییەکاندا شکستیان خواردوە. ئەوان لە گەڵ یەکتر ناتەبا و بەشێک لەوان ژێربەژێر لە گەڵ پارتی دێموکڕاتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا هاومەبەست بوون. گۆڕان کە رێبەرایەتی ئۆپۆزیسیۆنی دەکرد، لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣ کەوتە داوی شیرینیەکانی حکومەت و پۆستە ئیدارییەکان، بەڵام لە نیوەی رێگادا کەوت.



بزوتنەوەکە لە ماوەی نەخۆشکەوتن و دواتر کۆچی دوایی رێکخەرەکەی، نەوشیروان مستەفادا، کارتە سیاسیی و دەرفەتە ئەرێنییەکانی بەئاسانی سووتاندن. رێبەرایەتی ئەو بزوتنەوەیە لە بڕیارداندا شل و خاو و لە خویندنەوەی دوارۆژی هەرێم و ناوچەدا لاواز و پاشکۆ دەرچوون. بەشێک لە هەڵسووڕاوانی ئەو بزوتنەوەیە لە تاوی شیرینییەکانی پۆستە ئیدارییەکانی حکومەت و شاروانییەکان پڕینسیبەکانی بزوتنەوەکەیان لەبیرکرد. ژمارەیەک لە ئەندام پارلەمان و وەزیرەکانیان لە نیوەی رێگادا هێلکەکانیان دۆڕاندن و لە گەڵ پارتی دێموکراتی کوردستان بەنهێنی سازان و زانیارییەکانی ئەو بزوتنەوەیان رادەستی پارتی کرد. گۆڕان لەو دۆخەدا شەکەت و ماندوو توانای جوڵە سیاسییەکانی کەم و لاواز بوون و لە پرسی رێفراندۆمدا دوا کارتی سیاسیی خۆیان دۆڕاند.



بزوتنەوەیەک کە رۆژانێک کۆکەرەوەی دەنگە ناڕازییەکان و رێکخەری درووشمی چاکسازی بوو، روخساری گۆڕا و خەریکە بەبێدەنگی دەبێتە هێزێکی هەلپەرەست و دژ بە بنەما و پڕینسیبەکانی رابردووی دەجوڵێتەوە. شایانی باسە، کە بزوتنەوەی گۆڕان لە بواری رەوانیی و ئەخلاقییەوە ئەرکدار بوو خۆی لە قەرەی حکومەتی داهاتوو نەدات. ئەوان بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستی هەڵبژاردن، گێڕانەوەی متمانەی هاوڵاتیان و دەرچوون لە قەیرانە نێوخۆییەکان لەو قۆناخەدا وەک بزوتنەوەیەکی ئۆپۆزیسیۆن ئەرکەکانیان راپەڕاندبا. باوە دەڵێن، کە خەونی مرۆڤە گەورەکان بە مرۆڤی بچووک دەستەبەر نابێ و خەریکە ئەو وتەیە لە سەر بزوتنەوەی گۆڕان دەبێتە راستییەکی حاشاهەڵنەگر. بەمانایەکی دیکە، گۆڕانێک کە تەنیا درووشم بێت و هەڵگری باوەڕ و ستراتیژی نەبێ و خۆ نەگرێتەوە، لە رێگادا دەکەوێ و وزەی درێژەدانی رێگای نامێنێ.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×