ژێرخانی لاوازی کوردایەتیو پاشخانی تەپڵەکی ئازادیخوازیی کوردان
عەزیز شێخانی
2018-12-31   2283
کوردەکان لە هەڵسەنگاندنێکی رواڵەتیی و تێپەڕدا زیاتر بەقوربانی سیاسەتی نەتەوە و دەسەڵاتە باڵادەستەکان پێناسەدەکرێن. ئەوان بەهۆکاری جیاواز زۆر نەپڕژاونە سەر دۆخی نێوخۆیی و هاوشێوەی ناوچە و گەلانی دیکەی جیهان دەرفەتی خۆناسین و خۆبەڕێوەبردنیان نەبوە.
لەئەدەبیاتی رۆژانەو بەناو شۆڕشگێڕیی و تەنانەت لە هۆنراوە و پەخشانی زۆر ناوچەدا نوکی رمبی رەخنە لە دوژمن و سیاسەتەکانیەتی. شایانی باسە، کە دوژمنە دەرەکییو مێژووییەکانی کورد سیاسەتێکی رەق و سەرکوتکەرانیەیان دژ بە کورد بەکارهێناوە. ئەوانیش بەشێوەیەکی هاوئاهەنگ گەشەیان نەکردوە و کۆمەڵگەی فارس، تورک و عەڕەب لە ئێران، تورکییە، عێڕاق و سورییە بەهاوکاری دەرەکی یان بە لۆژیکی هێز و سەرکوت کەوتوونە سەرپێ. ئەو ژینگەیە لە درێژخایەندا کوردەکانیشی گرتۆتەوە و کولتوور و دۆخێکی گشتی نەخوڵقاوە، کە تەتەڵەی رابردوو و بەربەستە نێوخۆیی و دەرەکییەکان بکرێ.
لەئاکامدا، دەسەڵات و نەتەوە باڵادەستەکان بۆ خۆدەربازکردن لە هەڵگرتنی باری قورسی بەرپرسیارەتی بە ماکە و سەرچاوەی بارودۆخی دژواری کوردان ناسێندراون. گومانێک لەوەدا نییە، کە کوردەکان راستەوخۆ و ناڕاستەخۆ کەوتوونە ژێرباری دژواری ئەو دەوڵەت و گەلانەی، کە رێز لە بایەخە جیاوازەکان ناگرن و باوەڕیان بە ئازادی بیرکردنەوە و چاکسازی راستەقینە نییە. بەواتایەکی دیکە، ئەگەر ئەوان لەو رێچکەیەدا رۆڵی بنیاتنەرانەیان بگێڕابایە، کۆمەڵگەی خۆیان و کورد لە قۆناخێکی دیکەدا دەژیان و رۆژانی سەرکوت و سڕینەوە لە کولتووری ئەمڕۆدا ئاسەواریان نەدەما.
ئێمەی کورد ناچارین بۆ دەربازبوون لە بازنەی شکستە بەردەوامەکان و خۆدزینەوە لە سەرچاوە و فاکتەری نەخۆشییە درێژخایەنەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری هێزی لۆژیک دەکاربێنین. بەمانایەکی دیکە، فاکتەری دەرەکی لە خوێندنەوەکەدا پەراوێزبخەین و وردتر بە ناخی کۆمەڵگەی کوردەواریدا شۆڕببینەوە. بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو بابەتە زۆر فاکتەر دەتوانین بخەینە ژێر لێکۆڵینەوە، کە لە بەستێنە جیاوازەکاندا رۆڵ و نەخشی بەرچاو دەگێڕن. لە ژێر تیشکی ئەو فاکتەرە جیاوازانەدا بەو ئاکامە دەگەین، کە لە زۆر بەستێندا ئامادە و سازنین. لە ماوەی سەت ساڵی رابردوودا ئاڵوگۆڕێکی گەورە و بەرین لە خانە جیاوازەکانی تاک و کۆی کۆمەڵگەدا دەستەبەر نەبووە. کۆڵەکەکانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و سەردەمیانە هێشتا لەو ژینەگەیەدا بەرچاوناکەون و بژاردەی کۆمەڵگە، هێزە سیاسیی و رێکخراوە جیاوازەکان، رووناکبیران، نووسەران و هتد لە سەر بنچینەی کۆن و کلاسیکی کۆمەڵگەدا جوڵەدەکەن. تێڕوانینەکان جیاوازن و بە تێڕوانینی من دۆخی نالەبار و پڕ لە قەیران و کێشەی کۆمەڵگەی کوردەواری بێجگە لە فاکتەرە دەرەکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەم چەند خاڵەی خوارێ:
لەکۆمەڵگەی کوردەواریدا بە مانای وشە هیچ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، سیاسیی و ئابوری لەرابردودا ئەنجام نەدراوە. ئەگەر وردەبزوتنەوە و راپەڕینە ناوچەییەکان لە مێژووی کوردان بسڕینەوە، بابەتێکی تایبەت و کۆنکرێت نامێنێ. لەبازنەی کۆمەڵگەدا شۆڕش و بزوتنەوەیەکی گەورەو کاریگەر نەبووە، کە کۆکەرەوەو وریاکەرەوەی کوردەکان بێ.
سیستمی عەشیرەتیی و خێڵایەتی دەرفەتی دونیابینیی و دووربینی لەتاکەکانی کۆمەڵگە ستاندوە. کۆمەڵگەی کوردەواری لە پێشکەوتنە کاریگەر و چارەنووسسازی رووناکبیرانە، کولتووری، زمانەوانیی و سیاسی دوور راگیراوە. یەکێک لە هۆکارەکانی شکستی کۆمەڵگەی نەتەوە باڵادەستەکانی ناوچەکەش ئەوەیە، کە ئەوان بەو دۆخەدا تێپەڕیان نەکردوە و زۆر چەمک و بابەتی مۆدێرنیان بەرمەکی و رواڵەتی وەرگرتوە.
لە ئاکامدا، لە پرسی دامەزراندنی دەوڵەت، تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان و هەروەها دانپێداهێنان بە بایەخ و مافەکان ئالەنگاریی و بەربەستی زۆر هەیە. لە قۆناخی رابردوودا کەمترین کار لەسەر ئەو بایەخ و بابەتانە کراوە، کە لە هەڵسووڕاندنی کۆمەڵگەیەکی ئەمڕۆیدا نەخش دەگێڕن. لە باشترین حاڵەتدا کوردەکان پاشکۆی نەتەوە جیرانەکان بوون و زۆر بەکەمی توانیویانە پردی پێوەندی نێوان جیهانی پێشکەوتوو و کوردستان بن.
رووناکبیرانی نەتەوەکانی دیکە لە سەدەی هەژدە و نۆزدەدا لە گەڵ مێژوو، کولتوور، سەنعەت و یاسای وڵاتانی رۆژئاوایی ئاشنادەبن و بەشێک لەو بابەتانە لە رێگای وەرگێڕانەوە بۆ وڵات و نەتەوەکەیان دەگوازنەوە. کوردستان و کوردەکان لەو بارەوە بێجگە لە پاشکۆیەکی گوێڕایەڵ و بێئاگا ئەرکێکی دیکەیان رانەپەڕاندوە.
گەلانی دیکە لە پێناوی باشترکردنی دۆخی تێکڕایی وێنەیەکی روونتریان لەبەرچاو بووە و باشتر لە کورد بیریان لە ئەمڕۆ و دوارۆژی خۆیان کردۆتەوە. ئەوان لە شکستی شۆڕشەکانیان زیاتر فێربوون و لە بازنەی سیاسەتی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا بوونە وەزنەیەکی دیار، بەڵام کوردەکان بەداخەوە لە بەر پەرتەوازەیی و نەبوونی هزر و هێز قەت بەو ئاستە نەگەیشتن.
کوردەکان خاوەنی قەوارەی ئازاد و ژینگەیەکی سەربەخۆی ئیداری نەبوون، بۆیە لە بەرهەمهێنانی بیری سەربەخۆدا کڵۆڵ دەرکەوتوون. ئەوان لە ماوەی پێنج سەدەی رابردوودا لە ژێر حوکمی عوسمانییەکان یان پاشاکانی ئێراندا ژیانی ئیداری خۆیان بەڕێوەبردوە. نەبوونی بیری سەربەخۆخوازانە، رایەڵکەی خێڵایەتی، ئاغایەتیی و ئایینی کوردەکانی لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکدا راگرتوە. ئەوان چارەنووسیان بە قەڵەمی خودایی زانیوە و ژیانی خێڵایەتیان بە یەکەم و دوابژاردەی ژیان پێناسە کردوە.
سەرۆکهۆز، شێخ، ئاغا و ئەمیرە کوردەکان بەکردەوە و هزر نەگەیشتوونە هێڵی خۆناسی و گەڕانەوەی ئازایانە بۆ هزر و ژیری، کە بە کۆڵەکەی رزگاری ئەو سەردەمانە دەناسرێن. هەست و کفوکوڵی گشتی لە بازنەی ناوچەیەکی بەرتەسکی خێڵ، شێخ و ئاغادا سەریهەڵداوە. ئەوان بەدەگمەن بیریان لەوە کردۆتەوە، کە لە چوارچێوەی خاک و ژینگەی خۆیاندا بڕیاردەر و سەربەخۆ بژین.
سەربەخۆیی بۆ ئەوان چەمکێکی نەناسراو و ئازادبوون بابەتێکی ئاڵۆز و تەتەڵەنەکراو. ئەگەر کوردەکان لەچوارچێوەی ئیدارەی خۆیاندا هاوپەیمان، خاوەن پێوەندییەکی نووسراو و هەڵسەنگێندراو و خاوەن تێڕوانینی سەرووی خێڵ و سوڵتان و پاشاکان بوونایە، بێگومان پردی پێوەندی زیاتر و زۆرتر لە نێوان خەڵک، خێڵەکان، ئەمارەتەکان و هەروەها ناوچە جیاوازەکاندا سازدەکرا. سەنعەتی جیاواز گەشەی دەکرد و زمانی ئیدارەکردن، کارپێکردن و بەرهەمهێنان دەبوونە ئەمرێکی رۆژانە و پێداویستییەکی سەردەم. پاشخانی ئابوری، کولتووری، زمانەوانی، مێژوویی و هتد بنچینە و کۆدە هاوبەشەکانی زیاتر پەرەپێدەدا و لە کۆتاییدا توانا و هێزە فیکریی وماددییەکان و تەنانەت هێزی بەرگریی هاوبەش شکڵی دەگرت. نەبوونی بنکە و ناوەندی ئیدارەدانی خۆماڵیی و دووربوون لە گیانی سەردەم و خۆناسین، کوردەکانی لەبەردەم مەترسییەکان لاواز و زەبروێکەوتوو کرد.
دەرفەتی تێڕوانینی تێکڕایی و کردەوەی هاوبەش بۆ خۆپاراستن و ئازادبوون نەخوڵقا و هەتا سەرەمەرگی عوسمان و پاشاکانی قاجاڕ و دواتریش، کوردەکان بۆ دەسەڵاتە سەردەستەکان وەفادار، چەکدار و باجدەری مانەوە. راهاتن بە کولتووری ژێردەستی و مانەوە بە ناوی خودا لە ژێر دەسەڵاتی سوڵتان و پاشا، وزەی بیرکردنەوەی لە کوردەکان ئەستاند و ئەوانی شەکەت و ماندوو و بێچارە لە مەیدانی سیاسەتی دەوڵەتاندا توورهەڵدا.
کوردەکان سەردەم و قۆناخی ناسراو بە رەوتی “رووناکبیریەتیان” تێپەڕنەکردوە. کورد لەو سەردەمەدا تەنیا خاوەنی چەند کەسی رووناکبیر یان خاوەن بەرهەمە، کە بۆیان نەلواوە لە گۆڕانی کۆمەڵگەدا کاریگەر بن. لەو قۆناخەدا رێژەی خوێندەواری لە نێو کورداندا یەکجار کەم بووە. لەو رۆژگارەدا، گەلانی دیکەی جیهان دەسەڵاتی کەلیسا، ناوەندە ئایینیەکان و پاشاکانیان خستبۆ ژێر تیغی تیژی رەخنە و مرۆڤ و توانا جیاوازەکانی مرۆڤ و زانستیان بە بناخەی ئیدارە و ژیان پێناسەکرد. باوەڕ بە بیرکردنەوەی سەربەخۆیانە گەشەی کرد و بایەخەکانی وەک ئازادی، ماف و خۆباوەڕی زیاتر بڵاوبوونەوە.
کوردەکان لەو رۆژگارەدا هێشتا لە ژێر سێبەری ئایین، سوڵتان، شا، ئەمیر ، شێخ و تەنانەت خێڵەکانیاندا دەژیان و هاوکێشەی شۆڕشە گەورەکانی جیهان و راسانی ژیرایەتی مرۆڤیان بەلاوە نامۆ بوو. لەو سەردەمەدا تێڕوانینەکان بەرامبەر بە مرۆڤ، دەسەڵاتدار، عەقڵ، ژیری، هونەر، دین، ماف و ئازادییەکان گۆڕان، بەڵام لە کوردستاندا ئەو بابەت و چەمکانە نەناسراو مانەوە. ناوەندی فێرکردن، بابەتی فێرکاریی و هەروەها پێشکەوتنی هەمەلایەنە لە کوردستاندا نەبوون، بۆیە رەوتی رووناکبیریەتی و رووناکبیری لەو ژینگەیەدا لاقی نەگرتن.
کوردەکان لە گەڵ شۆڕشە گەورەکانی جیهان و بیر و فەلسفەی سەردەم بێگانەبوون و رووناکبیرەکانی زۆر بەدەگمەن لەو سەردەمەدا توانیویانە لە جەرگەی کۆمەڵگەدا جوڵەیەکی کاریگەر و شوێندانەریان هەبێ. فکر و هزر لە بناخەدا و دەق و نووسین بە زمانی دایک لە نێو کوردەکاندا بە شێوازێکی دیار و گشتی شکڵی نەگرتبوو.
کولتوور، پەروەردە، وێژە و بابەتە چاندییەکان بەجۆرێک پەرەیان نەسەندبوو، کە رووناکبیری بەرپرسیار و رەخنەگر بەرهەمبێنێ. بەواتایەکی سادە، کوردەکان تێگەیشتنی خۆیان بۆ ناسینی جیهانی خۆیان و ئەوانی دیکە، ئازایانە و سەربەخۆیانە بەکار نەدەهێنا و لە ئاکامدا لاواز، پەرتەوازە و دەستبەتاڵ لە بن باڵی شا، سوڵتان و وردە دیکتاتۆرەکاندا دەژیان. هەژاری بناخەی هزریی و فکری کوردەکان و ئامادەنەبوونیان بۆ ناسینی جیهانی تازە و تایبەتمەندییەکانی، تاکەکانی زیاتر بۆ ژێردەستی ئامادە کرد. بەشێکی بەرچاوی ژمارە کەمە خوێندەوارەکانی لە بازنەی پاشکۆیەتی نەتەوە سەردەستەکان و دەسەڵاتی ئەواندا گیرۆدە بوون.
لاوازی بژاردەی کۆمەڵگە و نەبوونی هیچ دەراوێکی روون و ئاشکرا بۆ پەڕینەوە لە قۆناخی سەدەکانی ژێردەستی و پاشکەوتن، زیاتر لە هەموو بەشەکان لە نەبوونی بەرهەمی نووسین، دەق و بەڵگەنامە ئیداریی و سیاسییەکاندا ئاشکرا دەبێ.
کوردەکان لە گەڵ فکر و سەنعەت و هەروەها فەلسفە و تێڕوانینە جیاوازەکان درەنگتر لە نەتەوەکانی دیکە ئاشنا بوون. یەکێک لەو هۆکارانە نەخوێندەواریی و نەبوونی ناوەندی فێرکردن بوو. ناوەندە ئایینیەکان گیرۆدەی لێکدانەوەی وشک و دوگم بوون و رێژەیەکی کەم دەرفەتی پەروەردەبوون و فێرکرانیان لەو ناوەندانەدا بۆ دەڕەخسا.
زمانی خوێندن و بابەتە فێرکارییەکان عەڕەبی بوون و بەشێک لە کتێبەکانی فارسی و تورکی عوسمانی لە بنکە و ناوەندە ئایینەیەکاندا دەخوێندران، کە لە پرسی خۆناسینی مرۆڤی کورد و ئاشناکردنیان لە گەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم نەدەگونجان. کتێب و رۆژنامەی کوردی لە نێو کورداندا نامۆبوون، بۆیە زمانی یەکگرتووی نوسین لەو قۆناخەدا نەکرا هەموو ناوچەکانی کوردستان بگرێتەوە. زمانی نووسین لە ئاستێکی بەرتەسکدا بەکار دەهات و ژمارەیەکی کەم لە خوێندەوارە کوردەکان دەق و تێکستیان پێدەنووسی، بەڵام لە ئاستی گشتییدا نادیار و ون.
سەنعەتی چاپ و کتێب، رۆژنامە و گۆڤارەکان لە نێو کورداندا زۆر درەنگ روخساریان دەرخست و کە هاتن، کوردی دابڕاو و پەرتەوازە لە بن باڵی گەلانی دیکەدا شاردرابۆوە. کوردەکان و خوێندەوارە کوردەکان لە کۆنەوە زیاتر زمانی عوسمانی، عەڕەبیی و فارسی فێردەبوون، بۆیە ناڕاستەوخۆ زۆربەیان بەرهەمهێنەری کولتووری زمانە سەردەستەکان بوون. بژاردەی کورد لەو مەیدانەدا دووربینانە کاری نەدەکرد و لە سەردەمی رخساو و دەرفەتکانیشدا بیری لەوە نەکردۆتەوە، کە لانی کەم بە یەک ئەلفبێ بنووسێ.
هەستی ناوچەگەرایی، خێڵایەتی و هۆزایەتی لەگیانی زۆربەی نووسەران، رووناکبیران، سیاسەتکارەکان و بژاردەی کۆمەڵگەدا شەپۆلی داوە، بۆیە لە سەر هیچ بابەتێکی گشتیی و چارەنووسسازدا هاوفکریی و هاوکاری نەبوە. مامۆستا ئایینیەکان کە دەرفەتی باشتر و زۆرتریان لەخەڵکی دیکە هەبوە، تێنەکۆشاون دین و کتێبە ئایینیەکان بکەنە فاکتەری خوێندەوارکردن، پەرەپێدانی زمانی دایک و هەروەها خۆناسینی کوردان. مەلای کوردان بە تەمبەڵترین توێژی ئایینی لە نێو گەلانی ناوچەدا بەئەژمار دێن.
ئەوان تەنیا لە کاروباری کۆمەڵایەتی و رێکخستنی کۆمەڵگەدا وردە رۆڵێکیان گێڕاوە، بەڵام لە پرسی ئازادیی و گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی خەڵک و بایەخەکاندا لە پاشکۆیەکی رووت و رەجاڵ زیاتر نەبوون. ئەوان لە تەتەڵەکردنی پرسە ئایینیەکاندا پاشڕەو و شوێنکەوتەی ئەوانی دیکە بوون و بەرهەمهێنەری رەخنە لەو بەستێنەدا نەبوون.
کوردەکان پاش شەڕی یەکەمی جیهانی وەکو دۆڕاوێکی ناسراو کەوتنە داوی گەمەیەکی دژوارتر لە جاران. نەبوونی زمانی یەکگرتووی نووسین کوردەکانی کردە نێچیری چەوری چوار دەوڵەتی تازەی ئێران، تورکییە، عێڕاق و سورییە. رەوتی خەبات بۆ ئازادیی و رزگاری بەنیوە چڵی لەپارچە جیاوازەکانی کوردستاندا پەرەی سەند. خەڵکی دابەشکراوی کورد و تاکەکانی لەو سەردەمەدا هێشتا بە تەواوەتی لە قورسایی کەوتن و دابەشکرانەکەیان تێنەگەیشتبوون.
رووناکبیر و بژاردەی کۆمەڵگە لە هێندێ ناوچە بە هاوکاری دانیشتوانی ناوچەکان دژ بە سیاسەتی داگیرکاری نەتەوە و دەوڵەتە سەردەستەکان ژمارەیەک جوڵانەوەیان وەڕێخست. تەوژمی جوڵانەوەکان لاواز و لە ناوچەیەکی دیاریکراودا قەتیس دەمان و پاش ماوەیەک سەرکوت دەکران.
کوردەکان لە بەر لاوازی پاشخانی هزری، زمان، تێڕوانینی سەردەمیانە، مێژووی نووسراو و کزبوونی رایەڵکەی هاوکاری نێوان خەڵک بەرەو ئۆردووگای دوو ئەلفبێی جیاواز رۆیشتن. بزوتنەوە سیاسییەکان و خەباتی چەکدارانەیان بە رێژەیەک لە پاراستنی زمان و گیانی خۆڕاگری کاریگەربوون، بەڵام ئەو بزوتنەوانە لە سەر بنچینە و پاشخانی کۆمەڵگەدا پڕبوون لە ناتەبایی و کێشەی جیاواز. پارتە سیاسییەکان لە رووکار و شکڵدا سەردەمیانە بوون، بەڵام بە ئاکار، کردەوە و سیاسەت کولتووری خێڵ و رایەڵکەکانی شێخایەتی و ئاغایەتیان بەرهەم هێناوەتەوە.
بزوتنەوە کوردییەکانی پێش و پاش شەڕی دووهەمی جیهانی لە نەخۆشییە کوشەندە کۆنەکان رزگاریان نەبوبوو و هەر کامەیان بە فۆڕمێک لەبەرهەمهێناوەی کولتووری پەرتەوازەبوونی و نایەگرتووییدا بەشداربوون. درووشم و کردەوە، دیپلۆماسی و سیاسەت، ئیدارە و هەروەها هونەری رێبەرایەتی ئەو هێزە سیاسیانە لە نێوخۆدا خاڵ و کولتوورییە نەرێنیەکان دووبارە کردۆتەوە. کۆماری کوردستان، ئەگەرچی دەرکەوتنێکی پڕشنگدار لە ناوچەیەکی دیاریکراوی کوردستاندا بوو، بەڵام لە بەر زۆر هۆکاری نێوخۆیی و دەرەکی دەکەوێ.
لەکۆتاییەکانی سەدەی ٢٠ و لە ژێر دەرفەتی رەخساوی زلهێزەکاندا، کوردەکان لە باشووری کوردستاندا هەڵبژاردنی پارلەمانی بەڕێوەدەبن و حکومەت پێکدێنن. لە هەناوی هەڵبژاردنەکان، کفوکوڵی پارتە بەرژەوەندیخواز و لاسارەکان، حکومەتی پاشکۆبەتاڵ و نەبوونی کولتووری ئیدارە و ژیری سیاسییدا، شەڕی نێوان لایەنەکان سەرهەڵدەدا و هەتا قۆناخی خۆدانە پاڵ دەوڵەتە سەردەستەکان درێژەی دەبێ.
ئەوان لە دەرفەتە زێڕینەکانی پاش رووخانی سەددام کەمترین سوود وەردەگرن. شایانی باسە، کە کوردەکان لە لە رۆژئاوای کوردستانیشدا لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دەرفەتەکانیان نەقۆستەوە. ئەوان بە کورتی بوونە قوربانی سیاسەتی پارتی کرێکارانی کوردستان، پارتی دێموکڕاتی کوردستان و توێژی بەناو بژاردەی رۆژئاوای کوردستان، کە پاشکۆی ئەم و ئەو بوون.
پێوەندی نێوان پارتە سیاسییەکان لە باکور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا پێوەندییەکی نەرێنی و لە سەر بناخەی خۆ، تاک و بنەماڵە سەپێنییە. پارتە سیاسیی و سیاسەتکارە کوردەکان و تەنانەت بژاردەی کۆمەڵگە لە پانتایی مێژووی سیاسەت و کوردایەتی هاوچەرخدا نەیانتوانیوە، خۆیان لە ژێر تەوژم و پاڵەپەستۆی دەسەڵات و کولتووری نەتەوە باڵادەستەکان رزگارکەن. مێژووی حیزب و پارتە سیاسییەکان لە خوێندنەوەیەکی کورتدا دەیسەلمێنێ، کە بەکردەوە توانا و وزەی سەرخستنی رەوتی رزگاری نەتەوەکەیان نەبووە.
ئەو هێز و پارتە دەسەڵاتخوازانە و بژاردەی بەڕێوەبەر و خاوەن فکریان لە گەڵ کایەکانی سەردەم رانەهاتوون، بۆیە لە گەڵ گیانی رەخنەگرتن لە خۆ و تێکۆشانیان نامۆن. ئەوان لە ژێر کارتێکەری بەرژەوەندییە تەسکەکانیان توێژێکیان پەروەردە کردوە، کە لە سەدەی ٢١دا نەک رەخنەگرتن قبوڵ ناکات، بەڵکو بە گیانی خێڵایەتی کۆن لەسەر چەمک و دیاردەکان دەدوێ و دەنووسێ. بژاردەیەک، تەنانەت پاش دوورکەوتنەوە لە حیزبەکان و کوردستان و تێپەڕکردنی ساڵانێکی زۆر لە نێو کۆمەڵگە رۆژئاواییەکاندا، هێشتا بە تامی سەردەمی بەرچاوتەنگیی و یەکلابینی دەجوڵێتەوە و فتوا دەدات و تەکفیر دەکات. ئەوانە، لەدنەدان و شەڕی باڵ و لاباڵی حیزبەکان و هەروەها ناوچەگەراییدا سەربازی خۆبەخشن، بەڵام لە بەرەی بەرهەمهێنانی فکر و هەروەها خوڵقێنەریی و رەخنەگرتندا سەرکز و ماتن.
پارتە کوردییەکان و بژاردەی کۆمەڵگە بەو کولتوورەی ئەمڕۆ کاری پێدەکەن، ناتوانن لە داهاتووی کوردستاندا کارساز و پڕبەرهەم بن. ئەوان لە ژیاندنەوەی کێشە کۆنەکان، کولاندنەوەی برینەکان و هەروەها لە دابەشکردنی زیاتری خەڵک بەسەر هەست و کفوکوڵە ناوچەیی و خێڵەکیەکاندا ئەکتیو و چالاکن. بژاردەی کورد و رووناکبیرەکانی لە ئاستێکی بەریندا ناتوانن و ئیرادەناکەن لە سەر رێچکەی راستەقینەی روناکبیری تێبکۆشن و لە نێوخۆ و دەرەوەدا بەسەر بەرە و بیری جیاوازدا دابەشدەبن. پارتە سیاسییەکان و ئەندامەکانیان لە پارتە بەناو دێموکڕاتەکانیشدا ئەوەندە کۆنەخواز و چەقیون، کە ئامادەنین رەخنە لە سکرتێر یان بەڕێوەبەری پارت و حیزبەکانیان بگرن. ئەندامی حیزبەکان و بەناو رووناکبیرەکانیان لەو مەیدانەدا ئەوەندە چوونەپێش، کە بە
فۆڕمی شەڕە گەڕەک، گوند و عەشیرەت لە فەزای مەجازیی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دەردەکەون. کەمتر دەبینی، کە بژاردەی کۆمەڵگە و روناکبیرەکان لە بەکولتوورکردنی نەریتێکی تازەدا پێشڕەو بن و ئازایەتی دەربازبوون لە سێبەری پاشکۆیەتیان هەبێ. بژاردەی کۆمەڵگە و خویندەواری کوردستان ئەگەر تێڕوانینی سەربەخۆ و رەخنەگرانە و راستگۆیانەیان نەبێ، لەو دۆخە داسەپاوە رزگاریان نابێ. دۆخێک، کە لە بازاڕێکی شێواو و رەش دەچێ و زیاتر لە هەموو کەس جێگەی بازرگانە سیاسی، رووناکبیرە چەقەنەلێدەرەکان، بژاردەی خەوتوو و ئەو دەڵاڵ و چاپلووسانە دەبێتەوە، کە مانەوەی خۆیان لە درێژەکێشانی ئەو بارودۆخەدا دەبینن. نە حیزبایەتی بە چەقەنەبازی دەکرێ و نە زمانی یەکگرتووی نووسین بە چاوشارکێنەی منداڵانە دەستەبەر دەبێ. ئاڵوگۆڕی وشەکان، گۆڕینی جلوبەرگی سوور بە زەرد، دانان یان لابردنی جەمدانە و شەدە و قوماری خەندە و چاو هیچیان چارەسەری دژواریی و رۆژڕەشییەکانی کوردان ناکەن.
ئەگەر بارودۆخەکە نەگۆڕین و خۆمان لەو بەینەدا نەگۆڕین، درووشمە سیاسییەکان و خەبات دژ بە سەرەڕۆیی نەتەوە و دەسەڵاتە سەردەستەکان ژانی شکان و کەوتنەکانمان کەم ناکەنەوە و دواڕۆژمان لەمڕۆ و دوێنێ باشتر نابێ. ژێرخان و پاشخانێکی تەپڵەک، درزدراو، لەرزۆک و پڕ لە ناتەبایی ناتوانێ سەرخانی کوردایەتی راگرێ و لە کۆتاییدا دادەتەپێ.
بۆ ئەوەی زۆربەی نەخۆشییە باوەکانی کۆمەڵگە سەرلەنوێ و بە تەوژم و روخساری تازە سەرهەڵنەدەنەوە، گونجاوە کوردایەتی لە بنچینەوە تاریف بکەینەوە و حیزبایەتی بە کولتوورێکی تازە بکەین. ئێمە دەبێ ئازایەتی ئەوەمان هەبێ، کە لە کارەساتی نەبوونی زمانی یەکگرتووی نووسین تەنانەت لە یەکپارچەی کوردستاندا تێبگەین! لە کولتووری قێزەوەنی سەرۆکسازی و بنەماڵە سەروەری لە سیاسەت و حیزبایەتی تێبگەین و لەو شێرپەنجەیە خاک و خەڵکەکەمان رزگار بکەین. مێژووی١٠٠ ساڵی رابردوو بە ئاشکرا دەیسەلمێنێ، کە کوردەکان بەو رێبازە کارپێکراوە، مافەکانیان دەستەبەر نابێ.
تاکی ئازاد و بژاردەی ئازا لە کایەی رووناکبیریی و هەموو بەستێنەکانی دیکەدا پێویستن و دوورکەوتنەوە لە پاشکۆیەتی رێچکەیەکە بۆ سەرکەوتن. هەموو خەڵک لە خەباتی رزگاریخوازانەدا بەشدار نابێ. زۆربەی کۆمەڵگە لە خوڵقاندنی دەرفەت بۆ قبوڵکردنی زمانی یەکگرتووی نووسیندا پێشرو نابن، بۆیە پارت و رێکخراوەکان و لەوان زیاتر بژاردەی کۆمەڵگە ئەرکدارن، کە لەو مەیدان و بەستێنانەدا ورد و خاوەن کرداری داهێنەرانە بن.