فیکە....​

پشکۆ ناکام​
  2019-11-16     1239

دەمی هەر کەسێک ئەکەیتەوە بۆڵە بۆڵێتی، توڕەیە، جوێن ئەیا ...سەر بە هەچ حیزبێکا ئەکەیت ناڕازییە، وەزعەکەی بەدڵ نیە، رەشبینە ...هەر کادرێکی حیزبی ئەگری زیاتر لە هەر کەسێکی مەعمولی باس لە خراپی وەزع و گوزەران ئەکا، پێی باش نیە خەڵک توشی چ بارێکی قورس و ناهەموار بون، خەفەت ئەخوات!! ئەی عەرەب وتەنی(این المفر؟). ئیتر کێ پەنای ئەو خەڵکە بێ؟ کێ ئەتوانێ چی بکا بۆ کۆتاییهێنان بەو هەمو میحنەتەی کۆمەڵانی خەڵک لە سایەی سەری دەسەڵاتی کوردییەوە توشی بوە..!

وتمان ئەوە پارلەمان کارتۆنیەو تەنها وەک سنوقێکی پۆست بۆ ناردن و تێپەراننی بڕیار و پرۆژەکانی دەسەڵات بە تایبەتی "سێ چوکڵەکە"ی بنەماڵە بەکارئەهێنرێت، ئەی ئەو هەمو وەزیرە مل قەوی مل قەوییانە بۆ جارێک نوتقێک ناکەن و لە کۆبونەوەیەکیانا لەگەڵ سەدری ئەعزەم جەنابی بەختەوەری سەرەک وەزیران دەردو گلەیی و نەهامەتی ئەو خەڵکە باس کەن و پێی بڵێن چۆن ئەبێ حکومەتی بەناو هەرێم بۆی نەبێ پشتیوانی لە تێکۆشان و بەرگری و ژیانی رۆژئاوا نەکا؟ پێی بڵێن ئاخر کە جەناب عالیتان باس لە چاکسازی ئەکەن دزینی دەغیلەی نەخۆشەکانی "شێر پەنجە" بە چی ناو ئەبەیت؟! وەزیرێک نیە قیرسیای لێ بکا و بێتە قسەو بڵێ سوئالێکم  بۆ سوعبەت هەیە: داهاتی نەو هەمو داهاتە لەکام سەیتەرەیا گیری خواردوە. بەس ئەوەی دێگەڵە نەبێت..تکایە هەر بۆ سوعبەت وەڵامم بەرەوەو شەرت بێ نەگاتە ماس میدیا،، کێ دیویەتی جارێک، تەنها بۆ یەک جار وەزیرێک لەسەر داواکاری خەڵک و گرفتەکانیان وەک ئیحتیجاج کۆبونەوەی جێهێشتبێ و بەرگری لە خەڵکی پێ گرنگتر بو بێ لە مەعاش و ئیمتیازەکانی؟ کێ دیویەتی وەزیرێک بۆ یەک جار چوبێتە پاڵ کۆمەڵانی خەڵک و بەرەی میللەتی هەڵبژاردبێ و بەرگری لە مافەکانیان کردبێ؟

جگە لە وەزیرەکان حیزبەکانیش هەڵوێستیان زۆر باشتر نییە، (ی.ن.ک) کە (ایام زمان) جێی ئومێدی خەڵک بو، ئێستا تەنانەت لەو حاڵەتانەی کە خۆیشی گرتۆتەوە جگە لە" نیگەرانی" هیچ دەربڕینێکی تری نیە! كاتێ کە دەسەڵاتئ فەرمانڕەوای پارتی کاندیدتێکیان بە هەر پۆستێ بێ قبوڵ ناکا، دوای دو سێ مانگ نیگەرانی خۆیان رائەگەیەنن کە ئەویش دو سێ ڕۆژ ناخایەنێ و بە "تەلەفۆن"ێک ئەو مەلەفەش وەک دەیان مەلەفی تر دائەخرێت (من تا ئێستا نەمبیستوە بۆ کاندیدی کەسێک ئەبێ حیزبێکی تر رازی بێ، ئایا پارتی ئەو هەمو پاراستن و کۆنە بەعسی و .... و..... داناوە  پرسی بەکەس کردوە؟). دەردی خۆ بە بچوک زان وا ئەکات هەرگیز نە گەورە بی و نە خۆت بە گەورە ببینی..

حیزب و گروپە دەرچوەکانی حوجرەی قورەیش، قاچە ناساغەکەیان لەناو خەڵکەو قاچە ساغەکەشیان لای دەسەڵات لەهەولێرە، کەس نیە بەقەد ئەوان لەبەردەمی مایکەکانا گلەیی بکاو نارازی بێ و خۆی راوەشێنێ، بەڵام رۆژێک زوتر لە وانی تر ئەچن بۆ مەعاش، ئەوانەش کە تا دوێنێ باسیان لە هەڵتەکاننی سیستەمی حوکمڕانی ئەکرد ئەمڕۆ بون بە پاسەوانی بێ بەرگی پاسەوانێتی دەسەڵات و دوێنێ هەرچیەکیان وت دوکەڵی جگەرەی ساتێکی لاتی و بێ تاقەتی بو و بو بە رابردو...

لە وەزعێکی ئاوایا بۆ قیبلە ئەبێ خەڵک ڕو لە کوێ بکا؟ کاتێک کە حیزب و وەزیرەکانیان لە پێش خەڵکە داخ لە دڵەکەوە ئەبۆڵێنن و بەرامبەر دەسەڵاتیش "نەمبینی، نەمبیست، گوێم لێ نەبو" ئەکەن بە پرنسیپ و لای دەسەڵات خۆیانی پێ شیریرن ئەکەن، لە کاتێکی ئاوا دوبل موراڵی ئەو خەڵکە بەدبەختە چی بکاو هانا بۆ کێ؟ بۆ کوێ بەرێ؟ ئەو هەمو گرفت و ئاڵۆزییەی توشی خەڵک بوەو دەسەڵاتیش بە کەماڵی ئیسراحەت خەریکی بەرنامە تایبەتیەکانی خۆیەتی لە ڕوتانەوەی خەڵک و نەک مێش، مێشولەش میوان نیە، مەگەر مێشولەی تورکی.

یەقینم لەوەی ئەم یاریکردنەی دەسەڵات بە خەڵک ئەیکا هەر ئەبێ کۆتایی بێ، ئاخۆ "فیکە"ی کۆتایی یارییەکە لای کێ بێ..؟!!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×