مقەست...

پشکۆ ناکام​
  2023-03-15     479

 بۆ ئەوەی زتاتر لە "ئازادی" تێبگەن ، ئازادی تەسبیحێک نیە لە هەولێر زەرد و لە سلێمانی سەوز بێ ، ئازادی یەک ڕەنگی هەیە کە ئەویش ڕەنگی ئینسانە ، ڕەنگە بتوانن سەرتاپا  نیشتمان بە دوو ڕەنگ بڕازێننەوە ، "جا بە خۆشی بێ یا بەشەق..!!" بەڵام ناتوانن ڕەنگی ئازادی بگۆڕن ، چونکە لە دروست بوونی ئینسانەوە ئازادی هەمان ڕەنگی هەیە ، ئێوەش سی ساڵە خەریکی ڕەنگ کردنن ، .....

ئازادی پارە نیە وورد بکرێتەوە لە بازاڕی دۆلارەکەی هەولێر بەهایەک و لەوەی سلێمانی بەهایەکی تر..بەهای ئازادی یەکسانە بە بەهای ئینسان ، ئایا ئێوە لەوە تێ ئەگەن کە هیچ بەهایەک ناگا بە بەهای ئینسان ؟.. گەر پارەتان خستە ئەم گیرفان یان ئەو ، بە مانای ووەدکردنەوەی ئازادی نایەت ، ڕەنگە بەپارە بتوانن ڕەنگی ئینسانێک بگۆڕن بەڵام قەت ڕەنگی ئینسانیەت ناگۆڕن ، قورس کردنی لایەکی تەرازوی ستەم و ئینسان بە پارە بێ هودەیە چونکە ئێوە دەستان توانای هەڵگرتنی تەرازوەکەی نیە ، ئازادی تفەنگ و تێڵا و کێبڵ نیە بە دەستانەوە بیگرن ، ئازادی بۆ دەستی ئێوە قورسە ، هەروەک چۆن وەک " ووشە" بۆ ئێوە قورسە و لەبەر ناکرێ ئاواش بە "کێش" قورسە و عەزەڵاتەکانی سەرجادە و زیندان و کاروانی سەیارەکانتان لەبەردەم ئازادیا نە یەک گرامە و نە یەک عانەی قەڵبیش ئەهێنێ...

 

ئازادی ئەو دەسەڵاتە ڕۆحیە ئەبەدیەیە کە سروشت لە لەدایک بوونەوە بە ئینسان ئەبەخشێ ، ئێوە گەر پارێزگاری لێ ناکەن و ئەتانەوێ بەرامبەر حوکمی سروشت بوەستن عاقیبەکەتان لە سولطان و نەجمە لەسەر شانەکانی خۆتان باشتر نابێ ، ....ئازادی نوقڵی شەوی بەرات و خواردنی مەولو  و چێشتی مجەور نیە ببەخشرێتەوە ، ئێوە ببن یا نەبن ئێمە بە ئازادی لەدایک بووین و  بەرگری لێ ی  و باجەکەشی هەر خۆمانین.....

 

ئەو کەسەی ئازادی لە ئینسان زەوت ئەکا عەگال یان کلێتە یان جامانە یان خودەی بەسەرەوە بێ هیچ جیاوازییەکی نیە ، هەڤاڵ یان هاوڕێ یان هاوبیر یان مەلا بێ هیچ لەناوەڕۆکی باسەکە ناگۆڕێ کە دژایەتی کردنی ئازادی دژایەتی کردنی ئینسانە ، تۆ کە دژایەتی ئازادی و ئینسان ئەکەی هیچ گرنگ نیە چ دروشمێکت بەدەستەوەیە یان وێنەی کێت لە پشت خۆتەوە هەڵواسیوە ، چونکە بەرامبەر بە ئازادی هەموو چەواشەکارییەکان وەک  خورافیاتە ئاینییەکان وەک" تەرزە "کاریگەرییان ئەبێ بەڵام هەر ئەتوێنەوە ...

ڕەنگە بتوانن دەیان ووشە بگۆڕن ، ئارایشت کەن ، بیتەکێنن ، یان هەر لە فەرهەنگا نەهێڵن ، بەڵام بەرامبەر بە ووشەی ئازادی وەک ئەوانی پێش خۆتان بێ دەسەڵاتن ، ئازادی نە ژەنگ هەڵئەهێنێ ، نە کاڵ ئەبێتەوە ، نە لە قورساییەکەی کەم ئەبێتەوە ، ..ئازادی ئەو خەیڵەیە کە خەو لە ستەمکار حەرام ئەکا ، چەن خۆشە لەسەر جادەیەک بە گیرفانی بەتاڵەوە عەرز ڕابخەی و  بە ئاسمان خۆت داپۆشی  و باوەش بکەی بە ئازادیا و بەرەو خەو بڕۆی ، چەن ترسناکیشە لە کۆشکێکا بە سەدان چەکدارەوە دەقیقەیەکی بە ڕۆژێ لێ بڕوا و  تارمایی ئازادی و    عەوداڵانی ئینسانیەت هەر بەدواتەوە بن...!کە ڕەنگی ئازادییە...ئینسان و ئازادیش دووانەیەکن بۆ و بە یەکتر ئەژین ،

ئازادی ڕۆحێ نیە بچێتە گیرفانەوە ، هەر کەسێ لەجێ ی ئازادی گیرفانی هەڵبژارد ناخی خۆی کوشتوە..ئازادی پارچە قوماشێ نیە بە " مەترە"کەی خۆتان بیبڕن و بۆ بۆ میللەتی بدوورن ..چونکە دوا جار بۆ جیاکردنەوەی ئێوە و ئازادی خوازان ، ئازادی خۆی بڕیار بەدەستە، خۆی ئەبێ بە مقەست....

 

ێازادی سروودێکی حیزبی نیە لەبەر بکرێ ، ئازادی سروودی ڕۆحی ئینسانە بۆ ئینسانەکانی تر ، "گەنم "ێکە بە یەقڵ و هۆش گەورە ئەبێ و ئەبێ بە نان بۆ هەژارەکان ، ئای چەن شەرمەزارییە مێشکت جێ ی تۆوە گەنمێکی تیا نەبێتەوە... ئەتوانی چاووم لێ سوورکەیتەوە، وەڵامیشت نەیەمەوە ناخم پێت پێ ئەژەنێ ، ئەروانی ۆڕ شەقم کەی ، بەڵام ئازادی لە ناخما بەرگری لە گیان و جەستەم ئەکا ، ئەتوانی بمڕفێنی ! بەڵام ئازادی ناهێڵێ یەک بست لێ ی دوورکەومەوە ، ئەتوانی قووتم بخۆی ، بەڵام سفرەیەکی هەمیشەیم هەیە کە  پێ ی ئەڵێن ئازادی، ئەتوانی بە " فڵچەی نەوت"ڕەنگی سوپاکەت بگۆڕی ، بەڵام ناتوانی ڕەنگی ناخم بگۆڕی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×