ڕەشەبا

پشکۆ ناکام​
  2020-07-09     1052

هەر کە باس و خواستی لامەرکەزی و بە هەرێم کردنی سلێمانی لەلایەن خەمخۆرو دڵسۆزانی ئەو دو بابەتە کەوتە ناو خەڵک و سایت و میدیاکان، دەسەڵات و میدیا گەجەرو گوجەرەکانی کەوتونەتە باو و بالۆرەی ئەوەی گوایا مەترسی!! لەسەر قەوارەی!! هەرێم هەیە، ئەمەش بۆ ترساننی خەڵک و پابەندبونی شارەکانی هەرێم بە پرینسیپە سواوەکەی یەکپارچەیی هەرێم. پێش هەمو شتێک ئەوەی ئەمڕۆ بەناوی قەوارەیەکەوە هەیەو قوڕی کردوە بەسەر خەڵکا هەلومەرجێکی تایبەتی دوای نەمانی رژێمی بەعس هاتە کایەوەو ئەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەو رژێمەکەی هەولێر موزایەدەی بەسەرەوە ئەکەن کە ئەمە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە جگە لە قۆستنەوەی ناوی خوێنی شەهیدان چی تر نیەو هەمو ئەزانین پێش روخانی بەعس چەتەکانی ئەمڕۆی دەسەڵات لە کوێ بون و گەر ئەوانە لە ناوهێنانی خوێنی شەهیدان جیاوازی لەنێوان کاک ئارام و تەحسین شاوەیس نەکەن دیارە جیاوازی لەنێوان کەرامەت و سوکایەتی ناکەن، جگە لەوەش قەوارەیەک ئەم و ئەو بۆت دروست بکەن زۆر ئاساییە هەر ئەم و ئەو و ئەوە لەژێر پێتا رایکێشن کەی بەرژەوەندیان لەوەیا بێ و هەموشمان "نۆرگێتا"ی "پەنەما"مان لەبیرە چۆن ئەمریکا بە هەلیکۆپتەر بردیە کۆشکی کۆماری و هەر ئەمریکاش بەهەلیکۆپتەر بردییەوە ئەمریکا، بەڵام وەک زیندانیەک نەک وەک هاوپەیمان.

ئەم قەوارەیەی هەرێمیش خێر و بەرەکەتە بۆ بنەماڵەو چەن کەسێک و هیچی تر نا، قەوارەیەک سەرۆک بە ناو حکومەتەکەی بیست و حەوت  ملیار دۆلاری لە قوتی خەڵک دزی بێ، بەڵام بیست و حەوت سەعات لەسەریەک کارەبا نەبێ، ئاو نەبێ مانەوەی بۆچی باشە؟ بەو هەمو داهاتەی هەرێم ساڵ لای موچەخۆری داماو سێ مانگ بە تەنزیلاتەوە بێ، ئیتر ئەم قەوارەو ئەم بەناو حکومەتە بۆچی هەبێ؟ با بزانین ئەم قەوارەیە بازرگانییە؟ نەخێر، راستە پڕە لە بازرگانی دزو چاوبرسی و نا ئینسانی، بەڵام قەوارەکە خۆی تەنها خەریکی قاچاخچێتیە بەنەوتەوە بۆ زیاتر برسیکردنی خەڵک و دەوڵەمەنبونی جەردە حوکمڕانەکان، ئەی ئەم قوارەیە کشتوکاڵییە؟ استغفراللە، ئەوەتا تەماتەش لە دەرەوە ئەهێنرێت وا بڕوا ماوەیەکی تر نانەواخانەی خۆماڵی نامێنێ و قارداشی هاوەردەکراو فێری نانی تورکیمان ئەکەن، تۆ بڵێی ئەم قەوارەیە مەڵبەندێکی زانستی بێ، ئەمەش هەر نەخێرە، بزانە راپۆرتی لایەن و دەزگا جیهانییە پەیوەندیدارەکان بە چ ئاستێکی نزم باس لە زانکۆ و سیستەم و ئاستی ئەکادیمی و میسداقیەتی بروانامەکانی ئەکەن، ئەی قەوارە سەربەخۆش نییە؟ بۆ ئەم پرسیارە با ئەو هەمو لەشکرو جەندرمە تورکییە وەڵام بەنەوە، لەڕوی سیاسیشەوە بۆ مەسەلەی مافی مرۆڤ و مەسەلە دیموکراسییەکانی تاک و کۆمەڵگا ئەوەتا مانگانە رێکخراوە جیهانییەکان بۆ مافی مرۆڤ ئیدانەی قەوارەکەو بەرپرسیارەکانی ئەکەن، لەڕوی پیشەسازیشەوە مشەخۆرەکانی هەرێم هەرچی کارگەیە فرۆشتیبانە کەرتی تایبەت و پارەکەیان نارد بۆ بانکی "هەڵک" بانکی بنەماڵەی ئەردوگان، گومان لەوەشا نییە بۆ نەتەوەییبونی قەوەرەکە بزانە دەسەڵاتی هەرێم چۆن دژایەتی باکور و رۆژئاواو رۆژهەڵات ئەکەن، جگە لە دژایەتیکردنی ناوخۆی هەرێمیش، لە باسکردنی نیشتمانپەروەریش ئەوانەی خۆیان سەپانوە بەسەر خەڵکا دو مێژو هەیە کە پشتگیرییان لێ ئەکات ئەویش ئاشبەتاڵ و سیویەکی ئابە!!!، لە باشترین حاڵەتا ئەتوانین جۆری حوکم و سیستەمی رژێمەکەی هەولێر بە  خێڵەکی گرێدراو وەسف بکەین، لە ناوەڕۆکا خێڵەکییە لە روی سیادیشەوە بەستراوەتەوە بە تورکا.

ئەوە مشتێکە لە خەرواری ئەو قەوارەیەی رەشەبایەک هانی و مسۆگەر رەشەبایەکیش ئەیبات، لێرەیا جێی خۆیەتی رەشەباکەی سلێمانی لە روە مێژو و یاخی بونیەکەیەوە بپارێزین و کە سور بزانین عومری ئەو قەوارەیە بەدەست خۆی نیە با چیتر شارەکەی بابان تێکەڵ بەو هەمو نەهامەتییە فەرزکراوەی لەسەریەتی لەلایەن دەسەڵاتی بنەماڵەو رژێمەکەی هەولێر نەبێ و شەهامەت و زەردە خەنەكەی پایتەختەتەکەی بابان بگێڕینەوە بۆ ڕەشەباکەمان...بەڵێ بۆ بە هەرێم کردنی شاری رەشەبا..

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×