چاوەڕێ

پشکۆ ناکام​
  2020-01-09     1279

ئەو عالەمە بۆ هەر لە خۆیەوە کەوتۆتە دڵەڕاوکێ گوایە شەڕی ئێران و ئەمریکا ئەکەوێتە هەرێم!! نەک ئەو دووانە خوای ئەکرد سوپا لە مەریخ و زوهرەشەوە بێتە هەرێم بزانە چۆن هەر بیرە نەوتێک، ببورن بستێکی هەرێمیان لێ ئەکرێ بە فڕنی( دجاج بالتنور)، ئەوە نیە جەنابی بەختەوەری سەرۆکی بەناو حکومەتەوە وتویەتی: خەمتان نەبێ، نەک خەڵک مافی مێروولەکانیش لە هەرێم پارێزراوە، جا ئیتر بێ خەم بن کە ڕابردووش باشترین شایەتە کە چۆن ئەم حکومەتەی هەرێم و هێزە چەکدارەکانی هەرگیز گەڕانەوە بۆ دواوە نازانن، یاخوا نەکەونە راونان ئەوەنە ڕائەکەن دوایی ڕێی گەرانەوەیان لێ تێکئەچێ!

لەڕووی ئابوریشەوە حکومەتەکەمان ئەوەنە بەتەنگ خەڵکەوەیە نەوتەکەی بۆ بیست ساڵی داهاتوو ڤرۆشتوە و پارەکەی هەڵگرتوە "تانکەری سپی بۆ رۆژی رەش" و کەسیش نازانێ پارەکەی لە کوێیە نەبادا ناحەزان زەفەری پێ بەرن و ئەو خەڵکە داماوەی لێ بێ بەش بکەن...، جا دە ساڵیش شەڕ بکەوێتە هەرێمەوە خەڵک بە کەماڵی ئیسراحەت لە پارەی نەوتە فرۆشراوەکە ئەخۆن.

لە ڕووی سیادەی هەرێم و سەربەخۆیی کوردستانیشەوە حکومەت سەربەخۆیی کوردستانی وا پاراستوە کە نە "میت"ێک، نە اطلاعاتێک، نە هیچ موخابەراتێکی تر بە خەویش قاچ بخەنە هەرێمەوە و لە ڕووی بوونی هێز و بنکەی دراوسێ لەسەر خاکی کوردستان لە ئاو پاکترەو بە تێلسکۆپی فەزائیش یەک بنکەی سوپای دراوسێیەک نابینرێ، دیعایەش لێرە و لەوێ هەر ئەکرێت و نابێ بکەوینە داوی ئەوەی کە ئەوترێت، بۆ هێزی لە شکان نەهاتووی حکومەتی هەرێمەوە هەر کەس و لایەک لە خەیاڵیا بێ دەستدرێژی بکاتە سەر هەرێم بەدەردێک ئەبرێ تا ئێستا لە گوگڵ باسی لێ نەکرا بێ، هەر بۆ نمونە لەبیرمانە و دوێنێ بوو، کاتێ داعش ویستی هێرش بکاتە سەر شەنگال چۆن هێزەکانی حیزبەکەی بەختەوەری سەرۆکی بەناو حکومەت هەڵیان تەکانن و داعشیان وا ڕاونا کە تا ئێستاش هەر ڕائەکەن بۆیە ئامۆزای بەختەوەر کە بە فەرماندە مێژوییەکە ناسراوە كە وتی: ئەمە شەڕە راکردنیشی تیایە..!!

ئەوترێت هێزەکانی هاوپیمانانیش دایمە لەپشتەوەی هێزەکانی حکومەتی هەرێم بوون و نەیان ئەوێرا رووبەرووی داعش بنەوە، ئەوەبو ئەو هێزانە کەوتنە فرۆشتنی ئەو چەکانەی لە حکومەتی هەرێمەوە وەریان گرتبوو، جا بۆ هەر شەنگال ئەی کاتێ حەشدی شەعبی ویستی بچێتە کەرکوکەوە، هێزەکانی ڕیفراندۆم چۆن بەرەنگاریان بونەوە و وایان لێ کردن ناوی خۆیان لەبیر بچێتەوە و تا پردێ راویان نان و هێزەکەی حیزبی ریفراندۆمی هەرێم سێ چوار قەزا و ناحییەی زیایەیان خستە سەر هەرێمی کوردستان ....

ئەوەشمان لەبیر نەچێ ئەقڵ و زهنیەتی دیبلۆماسییانەی حکومەتەکەی بەختەوەر ئەونە ژیر و وردبینیانەیە چەن وڵاتێک ناویان ناوە "دیبلۆحوتی حکومەتی هەرێم وەک ئیشارەتێک بۆ گەورەیی "ماسی"یەکە وەک حوت وایە، بۆیە ئەبێ برواما هەبێ کە ئەقڵی دیبلۆحوتانەی حکومەتە بەختەوەرەکەی هەرێم بە جۆر و لە ئاستێکایە کە نەهێڵێ شەر بکەوێتە کوردستانەوە، لە خراپترین حاڵەتیشا لەوانەیە خودی بەختەوەری سەرۆکی حکومەت و حاشییەکەی کوردستان بۆ سەلامەتی خۆیان هەرێم بە جێبێڵن چونکە میللەت هەر دروست ئەبێتەوە، بەڵام لەو جۆرە حکومەتە ئاستەمە دروست نابێتەوە......

چارەسەرێک تریش وا لەبەردەم بەناو حکومەتەکەی هەرێم ئەویش راگرتنی بەڵانسە لەسەر نەزەرییەی" دواڕۆژی ئاب"!! بەڵام مەعلوم نیە ئەم جارە کام سوپای هاوڕێ یەتە مواعادەلەکەوە ..با چاوەڕێ بین...

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×