.گەر "اسماعیل خەیات" بە فڵچەکەی خۆی ، بە ڕەنگەکانی ئەندێشەی خۆی چەن پۆرترێتێکی ئەم سەرکردە و ئەو بنکردە ، ئەم سەرۆک و ئەو هەڤاڵ بکێشایە ، هەڵبەتە لە کۆچی دواییا بە هەزاران کەس ڕێ ی گۆڕستانیان ئەگرتە بەر و وەک دروشمی مەراسیمەکان ئەیانووت:...حەیف کۆستمان کەوت !!.....بەڵام ئەو ئەیزانی بەکار هێنانی فڵچە بۆ تابلۆی
بازرگانەکان وەک فڵچەی پێڵاو وایە ، هەر شەوقی هەیە و ئەرزشی نیە...
گەر "ئاسۆی سەلطە" کاتی خۆی لەبەر دەم حەدیقەی شەعب و لە "یوم المحافظة"
ببوایە بە مایسترۆی ئەو ڕۆژە ، هەڵبەتە پێش کۆچی دوایی لە سێ چوار لاوە معاش و مەکرەمەی حیزبی ئەبوو ...بەڵام ئەو کەمانچەکەی لە دوو هەڵبژاردنا ئەبینی : كەمانچە وەک دەنگی خەڵکی چەوساوە و ئازار کێش یان کەمانچە وەک"لۆتی"یەک بۆ هەڵپەڕاننی ئەم یان
ئەو..؟ بێ پەیام و دوور لە ئەخلاقیاتی هونەرمەند ؟..ئاسۆ یەکەمیانی هەڵبژارد و لە دوورە
ووڵاتا جگە لە ئاو و هەوای غوربەت کەس ماڵ ئاوایی لێ نەکرد...
گەر" عمر چاوشین" بە دەهۆڵێکەوە لە "دوا ڕۆژی ئابا" قۆڵی بە قۆڵی "برا حرس جمهوری"یەکەی بکرادیە ، دیارە مەراسیمی پرسەکەی لە هۆڵێکی شایستە بەو و لە چەن مزگەوتێکەوە لە یەک کاتا ئەبوو ، بەڵام ئەو هەموو ساڵانی خزمەت کردنی خۆی لە هونەرا
كردە "قەرەوێڵەیەک" تا شەوانە لە خەڵوەتخانەی پیرە بێ کەسەکان لەسەری ڕۆژ بکاتەوە..
گەر "عوسمان چێوار ئەوەنە دوکەڵی جگەرەکەی نەکرایە بە ناخیا و لە جیاتی ئەحەی
كڕنو "زێڕە"یەکی بنووسیایە ، بێ شک بە مستێک تاج و نەجمەەوە خانە نشین ئەکرا .....
بەڵام هەیهات،، دیدی چێوار وابوو کە ئەو خۆی جگە لە ئەحەی کڕنو شایەتی سەردەمێکی
تەڵخی تێکەڵی کۆمیدیا و تراجیدیای میللەتەکەیەتی و بەهاکانی ئینسان لەوە شکۆمەن ترن کە بۆ ئەوەی "قەرزاری" چایخانەکەی تەلەفزیۆن نەبوایە ، خۆی بکردایە بە "قۆشمەچی" ئەم لا یان ئەولا ...بەڵام بازبازێنی ئەقڵ ئەنجامەکەی بەڵانس تێک یان و کەوتنە ، بۆیە ئەو کۆچی دوایی کرد لە مێژووی شانۆی کوردیا هەر بە پێوە وەستاوە..
میللەتێک حورمەتی کەسە بە توانا و ئەقڵ بە دونیا شکاوەکانی خۆی نەگرێ، میللەتێکی کەنەفت و ئیفلیجە ، هیچ گڵۆپێکی ڕۆشنایی ڤیللا و باغە تایبەتییەکان ناتوانێ ڕەنگی تار و تاریکی
فەرهەنگەکەی ڕووناک کاتەوە ،،،تیایا ڕەش و سپی تێکەڵ ئەبێ ، سەرتاسەر یەک ڕەنگ
ئەنوێنێ : خۆڵە مێشی..'..