موبارەک

پشکۆ ناکام​
  2020-04-27     2271

ـ...... زۆر جار کە دزێک لەقافا ئەگیرێ و ناچار ئەکرێ چی دزیوە بیگەڕێنێتەوە لە ترس و شڵەژان و خۆپەرستی خۆیەوە نەک هەر ئەوەی کە دزیوێتی بەڵکە چی شتی گیرفانی خۆیشێتی  ئەگەڕێنێتەوە بۆ ساحێبی شتە دزراوەکان، ئەمە ڕێک ئەو حاڵەتەیە کە ئەمڕۆ دەسەڵاتی بنەماڵە تێی کەوتوە، پاش ئەوەی چەن ساڵێکە قوتی خەڵکیان لف لێیا و نەوتیان بەتاڵان بردو بون بە یەکێک لە بنەماڵە موڵتی ملیاردێرەکانی ناوچەکە، نە پاشەکەوتی موچەو نە ئەو ڕاو و ڕێوییەی کردیان فریایان کەوت و ئێستا لە لێواری ئیفلاسی وەک حکومەت نزیک بونەتەوە (هەروەک چۆن دوێنێ بە بە بەغایان ئەوت: پوڕەی نیە..موفلیسە!!) ئەمڕۆ نەک بەشە نەوتەکەی بەغا بەڵکو ئامادەن هەرچی نەوتێک شک ئەبەن بییەن بە "سۆمۆ"و لەمەودوا نەوت، بەنزین، گاز، گازی چەرخ، دیزڵ، نەوتی پەرەمێزو هەرچییەکیان شک برد بە مەمنونی و دەستگرتن بەسنگەوە رەوانەی ناوەندی ئەکەن. ئەمەش لە چاکەو سەغێتی و هەست بە بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە میللەت نیە بەڵکو لەدوای  چەن ساڵێک لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی مافیانە بوە لە هەژارکردنی خەڵک و دەڵەمەنکردنی خۆیان، دەنا هەر ئەو سێ چوار کەسەی بنەماڵە بون لە کابینەی پێشوی بەناو حکومەت بە بەغایان ڕائەبوارد لە ناردنی نەوت و هەر ئەمڕۆ بە سبەیان لەگەڵ کردو پێشیان ئەوت: شۆڤێنیە، مەزهەبیە، گەندەڵە دژ بەکوردەو دەیان لەو وەسفە سواوو هەزاربار بوە، تەنانەت جارێکیان سەرۆكی بنەماڵە وتی کە مالکی تەیارەی ئێف/16 ئەکڕێ بۆ ئەوەی لە کوردستان و بیرە نەوتییەکانی هەرێم بات!! بەڵام ئێستا کە کار لەکار ترازاوەو هیچ پاساوێکی دەستوری و یاساییان نەماوەو ناتوانن درێژە بەو سیاسەتە سەقەت و پڕ لە ساختەچێتیە بەن دیسانەوە: السلام علیکم بەغا، ئێوە گەورەو ئێمە بچوک، ئێوە فەرمانڕەواو ئێمە مورید، ئێوە سەغی و ئێمە موحتاج. تکایە موچەی فەرمانبەرانمان بۆ ئێمەی هەتا ماوین عێراقی سەرف بکەن، چونکە ئێمە لە قوماری "ئابوری سەربەخۆ" دۆڕانومانەو خوا ئەوە بگرێ فێری قوماری کردین...

كاتێک دەسەڵاتی هەولێر بێ ئومێد بو لەوەی تورکیا پارە شاراوەکانی داهاتی نەوت بەئاسانی ناگەڕێنێتەوە بۆ حکومەتی بنەماڵە تا بەتەواوی هەمو خزمەتگوزارییەکانی خۆی جێبەجێ نەکا بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە لێیان و هێرشکردنە سەر پێشمەرگەکانی باکورەوە هەیە لە قەندیل و پاش فەزیحەی ملیار دۆلارەکەی ئامۆزایەکی سەرۆکی بنەماڵەو دابەزینی نرخی نەوت ئیتر دەسەڵات لە "ساجی علی" نزیک بۆتەوە بەتایبەتی کە ڕق و توڕەیی خەڵک لە کوڵانایەو دەسەڵات مەترسی ئەوەی لێنیشتوە کە ئەگەر چارەسەرێکی ئەو وەزعەی خۆی دروستی کردوە نەدۆزێتەوە لەوانەیە توقینەوەیەکی جەماوەری دروست ببێ بەمەش کورسی حوکمڕانیان ئەلەقێ ئەو کاتە نە نەوت نە گاز نە تورکیا نە جاشەکانی لیبیا فریایان ئەکەوێت، بۆیە زو کەوتنە خۆیان و بەختەوەری سەرۆکی بەناو ئەنجومەنی وەزیران لەپشت شاشەی سکایپەوە بڕیاری دەرکرد کە روی هەرچی بۆرییە نەوتەکانە بکەنە بەغا بەرامبەر ناردنی موچەی فەرمانبەران نەبادا وا لەسەریان بشکێتەوە کە پەشیمانیی سفر هیچ بەدەستەوە ....

خەڵک زۆر هاواری کرد گوێیان لەکەس نەگرت، کە خەڵک لەسلێمانی لە ناڕەزایەتیا چونە سەر جادە سەرۆکی بنەماڵە وتی: با بۆخۆیان هەر هەڵپەڕن!! ئەوە بەغا نەبو ئابوری سەربەخۆی لە هەولێر پەیڕەو کرد، خۆئەوە بەغا نەبو پاشەکەوتی موچەی داهێنا، ئەوە بەغا نەبو نەوتی هەرێمی بەتاڵان بردو بە هەڕاج کردیە دیاری بۆ تورکیا، ئەوە بەغا نەبو بە هەرێم بڵێ موفلیس، ئەوە بەغا نەبو داهاتی گومرگ بماشێتەوە، ئەوە بەغا نەبو پارەی ئەمریکاو حولەفا بۆ شەڕی داعش بخاتە تەنکەی باخەڵییەوەو بازرگانی نەوتیش لەگەڵ داعش بکات، خۆ ئەوە بەغا نەبو هەرچی پارەیەک بۆ بەرەنگاری کۆرۆنا هاتبێتە هەرێم بخاتە قاسەی بنەماڵەو داوای خێرو خێرخوازی و سەدەقە لە خەڵک بکات، ئەوە بەغا نەبو بە داهاتی هەرێم جاشی کوردی سەر بنەماڵەو پەروەردەکراوی تورکیا بنێرێتە لیبیا، ئەوە بەغا نیە کە دەرماڵەی زیندانیانی سیاسی هەرێم بدزێ دابەشی نەکات، خۆ ئەوە بەغا نەبو دەغیلەی هاوکاری نەخۆشەکانی شێرپەنجە دەست بەسەرابگرێ و خەشنۆشی کات، ئەوە بەغا نەبو بڵێ کە من موچەم نارد چەن هەفتەیەک بیشارنەوەو بڵێن بەگۆڕی مەرحوم پارە نەهاتوە،...و....و... هەمو ئەمانەو دەیان فرت و فێڵی تر، دەیان تاکتیکی دژ خەڵک، دەیان و سەدان خروقاتی سیاسی و ویژدانی و ئابوری و نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقی، دەیان فێڵ و درۆ لە دەرخستنی ژمارە راستەقینەکانی داهاتەکان، دەیان جار بێ حورمەتکردنی میللەت و بچوک بون و بون بە قەزەمی خۆیان لە ئاست داگیرکەرو ناحەزە دێرینەکانی کورد، هەر هەموی بەوە شکایەوە کە دان بەوەیا بنێن قاسەکانی حکومەت بەتاڵن، بەڵام قەت و بۆ یەکجار جورئەتیان نەکرد بڵێن: بۆ،،؟!! لەو هەمو داهات و پارەی بەغاو یارمەتی ئەملاولاو هاوکاری دەوڵەتانە چۆن حکومەت هەپی بەیازی بەدەستەوە مایەوە! قەت جورئەتیان نەکردوە راستی و واقیعەکانی پشت دیارنەمانی ئەو هەمو داهاتانە بە خەڵک بڵێن، قەت...: (تۆ بڵێی ئەوە بەغای کوڕی باشی ئەمڕۆو شۆڤینیەیەی دوێنێ شەو بەدزییەوە بەتاكی کردبێتەوە؟)

گەرچی دەسەڵاتی کوردی ئەم هەنگاوی ملکەچکردنەی بۆ ئەمری واقیعی ئابوری کوردستان و داواکردنی پەنابەرێتی لە بەغا زیاتر لەترسی کورسییەکەی خۆیەتی نەک لەبەر بەتەنگەوەهاتنی بۆ ماف و داواکارییەکانی خەڵک بەڵام لە هەمان کاتیشا داننانێکە بە فەشەلی کۆمیدیای "ئابوری سەربەخۆ" بە سیناریست و دەرهێنەرو هەمو ئەکتەرەکانییەوەو رەنگدانەوەیەکی یارییە مناڵانە ئاساکەی "ریفڕاندۆم"و پشتبەستن بە نەوت تەنها بۆ خۆ دەوڵەمەنکردن و نەفامی لە ئاست سیاسەتی ئابوری و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەوت و بەشداری پێنەکردنی حکومەت و پارلەمان لە بریارە سەختە ئابوریەکان و دانانی تاجی بنەماڵە لەسەرو هەمو ئیعتیبارو ئاسایشی ئابوری و قودسیەتێکی میللیەوە.

من بێگومانم لەوەی گەر دەسەڵاتی هەرێم لە بەغا بوایە ئامادە نەئەبو یەک دیناریش بۆ هەرێم بنێرێ، بەڵام ئەم غرورەی دوێنێی هەرێم لەوەی (لەگەڵ عێڕاقا دراوسێیەکی باش ئەبین)!! بۆ (هەمو هەر عێڕاقیین و هەرێم بەشێکی دانەبڕاوی عێڕاقە)!! باشترین سەلماننە کە دیکتاتۆرەکان بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتا هەمو یارییەک ئەکەن و وەک چەرخ و فەلەک گوژمێک بۆ پێشەوەو گوژمەکەی تریان بۆ دواوەیە، دەسەڵاتی هەولێریش لەو یارییە شارەزایەو ئەهێنێ پێی بڵێین: موبارەک...

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×