خەو ...

پشکۆ ناکام​
  2020-04-05     1141

((دەسەڵاتە خۆسەپێنەرەکان قاچی میللەت
ئەشکێنن و گۆچانێکی ئەیەنێ پێی بڕواو پێی
ئەڵێن ئێمە نەبین تۆ ناتوانی بڕۆیت..........))
                                                  چارلی چاپلن

ڕەنگە حکومەتێک معاش زیانەکاو تەرفیعاتی خەڵک رابگرێ پێی بوترێت حکومەتێکی لاموبالە، یان حکومەتێک جاروبار بەهۆی ئەوەی ئەکەوێتە جومعەوە معاش دوابخا بە حکومەتێکی بێ بەرنامە وەسف بکرێ، یاخود حکومەتێک لە مەسەلەی دەرماڵە کەمتەرخەم بێ بە حکومەتێکی ناعادیل وەسف بکرێ، ئەی ئەگەر حکومەتێک یەک دانە ملیار دۆلار لە داهاتی نەوتی وڵات و خەڵک بدزێ و بیخاتە سەر حسابێکی تایبەتی بانک لە دەرەوەی وڵات بەچی ناوبەرین؟ ئەبێ بگەڕێین بۆ سیفەتێکی نێگەتیڤی شایەستە بە شا ن وباڵی ئەو حکومەتە، رەنگە وەسفکردنی بە حکومەتی کوردی باشترین وەسفی سەلبیانە بێت بۆی، بە مەرجێک ئەو کەسەی ئەو دزییەی لە قوتی خەڵک کردوە هیچ سیفەتێکی حیزبی و حکومی نییەو تەنیا ئەندامی بنەماڵەی خاوەن دەسەڵاتی هەرێمە! ئەمەش ئەو راستیە دوبارەئەکاتەوە کە بەهەزاران جار وتراوە کە "بنەماڵە لەسەرو میللەت و خاک و حیزبەوەن" ئەو پارە زۆرە لە کاتێکا خەشنۆش کراوە کە خەڵک لەوپەڕی نەهامەتی و قوڕبەسەری بژێویا بون ئەویش هەر بەهۆی سیاسەتی فاشیلانەی بنەماڵە لە بە ناو "سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ"وە بو کە ئەبوایە بە فەشەلی سەربەخۆ ناوبنرایە، ئەو کات کەس بۆی نەبو فزە بکا گویا بەغا پارەی نەئەنارد بەناو حکومەتی هەرێمیش پیاوانە نەوتی خۆی ناردوە بەڵام نەک بۆ بەغا بەڵکو بۆ تورکیا!! هەر لەو کاتەیا بۆ بەتاڵانبردنی نەوتەکە وەک مەزاخانە هەڕاجکردنی بە نرخێکی هەرزان، موزەفەر بەهارات، ببورن موزەفەر پاکستانییەک هاوکاری ئەو فرۆشتنەی ئەکرد، جگە لەهەقی دەڵاڵییەکەی کە تەنیا 250/هەزار دۆلار بوە، لە وەزارەتە وەهمییەکەی سەرچاوە سروشتییەکان مانگی یەک ملیۆن دۆلار واتا یەک و شەش سفر معاشی بوە، کاتێک وەزعەکە زۆر بەرەو خراپی ئەڕۆشت معاشی ئەو بێبەختە کرا بە روبعە ملیۆنێک دۆلار (نازانم چۆن پێی ژیاوە!).....

ئێستاش لە کاتێکا خەڵک بەناچاری لە ماڵەوەن و کاسبکارانیش بە بێ هیچ داهاتێک ئەبێ شەو بخەنە سەر ڕۆژ، لە بونی بەڵای کورونا بەناو حکومەتی هەرێم دیسان گەڕاوەتەوە بۆ قەوانە دژە خەڵکە کۆنەکە کە موچە بە نزیکەی دو مانگ جارێ ئەبێت، بەریتانیا کە نزیکەی 65/ملیۆن کەسی تیا ئەژی و ئەو نەوتەی هەرێمیشی نییە هەرچی موچەخۆرە تا لەماڵەوە بێ لەسەدا هەشتای معاشەکەی ئەخرێتە سەر ئەکاونتەکەی سەبارەت بە کاسبارو ئەوانەی بسنزی بچوکیان هەیە دەهەزار پاوەن لەدەوڵەت وەرئەگرن بۆ ئەو ماوەیەی لەماڵەوە ئەبن وەک سەرەتایەکی هاوکاری بژێوییان، جا ئێوە بیهێنە بەرچاوی خۆتان گەر هەرێم نەک بەقەد بەریتانیا بوایە، گەر دە ملیۆن کەسێک بوایە ئەم بەناو حکومەتە چی لەو خەڵکە لێقەوماوە ئەکرد، واو بە حاڵی میللەەت...

كۆرۆنا بەڵایەکەو یەخەی ئەو عالەمەی گرتوە، بەڵایەک کە زو یا درەنگ هەر لەناو ئەچێ، ئەو بەڵایەی پێش کۆرۆناو دوای کۆرۆنا یەخەی ئەو خەڵکە بەرنایا ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنەرەی هەولێرە کە بەناوی حکومەتی کوردی و چەپڵەو هەلهەلەی حیزب و گروپەکانی تر میللەت وەک پاشكۆیەک و داهاتەکەشی وەک سفرەیەکی بەلاش تێی کەوتوەو ئەوەی حسابی بۆ نەکا میللەت و چونیەتی ژیان و بارە ئابوریەکەیەتی، ئەم دەسەڵاتە هەرچیەک هەیە بۆ مانەوەی خۆی ئەیکات بێ سڵکردنەوە، ناهەقیشیان نییە لە کەرچەوە بۆ  بازرگانی نەوت، ئەم بەڵایە وا دای نەکوتیوە لاچێ، ئەوەی ئەتوانێ جێی پێ لێژکاو بیخاتە مەترسی کەوتنەوە تەنها خەڵکە، زۆر چاوەڕوانیش ساردبونەوەی بە دوایە، وەک ئەوترێت گەشتۆتە سەر لوتی خەڵک، گەر کەسێکیش پێی وایە ئەم دەسەڵاتە خۆی و ئارەزومەندانە بە جێمان ئەهێڵێ، ئەوە خەوە......

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×