دو بۆنەو دو ئاواتی پیرۆز

عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده
  2020-03-17     865
لەبەرەبەری نەورۆز و ساڵی تازەداین. شار و بازاڕی کوردستانی ئازیز هەموو ساڵێ لەم ڕۆژانەدا دەبن بە یەک پارچە جموجۆڵ. ڕوو لە هەر لایەک دەکەی، ڕێ وەبەر ڕێدار ناکەوێ. کووتاڵ‌فرۆشەکان و شیرنی‌فرۆشەکان و لەوانیش زیاتر بەرگدرووەکان بازاڕیان گەرمە. 

ئەگەر لێم تووڕە نەبن، دەڵێم سوودپەرستەکانیش دەرفەتێکی باشیان بۆ دەڕەخسێ بۆ ئەوەی کاڵاکانیان گران و قاسەکانیان پڕ کەن. هەموو کەس و هەموو بنەماڵەیەک خۆی بۆ ئاهەنگی نەورۆز و سەفەر بۆ گەشتی شارەکان و سەردانی دۆست و ئاشناکان، یان پێشوازی لە میوانە نەورۆزییەکان ئامادە دەکا. 

دەشت و دیمەن و باغ و چیمەنی وڵات بە وەنەوشە و گەزیزە و گوڵە مێلاقە دەڕازێنەوە، تا لە ڕۆژانی جەژندا ئەڤینداران و دڵداران چەپک چەپک کۆیان کەنەوە و بیانکەنە دیاری بۆ خۆشەویستانیان.

نەورۆزی ئەمساڵمان جیاوازە. دوژمنێکی نادیار و پەتایەکی زیانبار کە بەرۆکی هەموو مرۆڤایەتیی گرتوە و دەوڵەمەندترین و بەدەسەڵاتترین وڵاتانیشی بەخۆیەوە خەریک کردوە، پێویستیی بە بەرەنگاربوونەوەیەکی هەمەلایەنە هەیە. هەموو شارەزایان و پسپۆڕان یەکدەنگن کە ڤایڕۆسی کۆڕۆنا لە شوێنی قەرەباڵغ و لەنێو ئاپۆرای خەڵکدا پتر دەست دەوەشێنێ. بۆیە، ئەرکی خۆپارێزی و خەڵک‌پارێزی داوامان لێ‌دەکا لە ڕۆژانی نەورۆزیشدا هەروەک ڕۆژانی پێش و پاش نەورۆز، لە ماڵەکانمان بمێنینەوە و خۆ لە ئاهەنگی بەکۆمەڵ و سازکردنی قەرەباڵغی بپارێزین.

بەڵام بێگومان نەورۆز، ئەو دۆستە لەمێژینە و ئەو میوانە ڕوح‌سووک و خوێن شیرینە ئەمساڵیش لە نێوماندا هەست بە غەریبی و نامۆیی ناکا. وەک میوانێکی مەحرەم و خۆماڵی لە کۆڕی گەرمی بنەماڵەکانماندا پێشوازیی لێ‌دەکەین و لە ڕێگای ئامرازە زۆروزەوەندەکانی پێوەندییشەوە پیرۆزبایی لە ئازیزانمان دەکەین. بەوجۆرە لەڕاستیدا شێوەیەکی تازە بۆ ئاهەنگی نەورۆز دادێنین و ژیان بە هەموو جوانییەکانیەوە درێژە پێ دەدەین.

هەر لە یەکەم ڕۆژانی نەورۆز و ساڵی نوێدا بەتایبەتی بۆ ئێمە کوردی خۆرهەڵات و ئەندامانی حیزبی دێموکڕات بۆنەیەکی دیکەش هەیە کە هەموو ساڵێ لە نەورۆز و لەویش زیاتر لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی لەداردرانی پێشەوا قازی موحەممەددا کە بە «ڕۆژی شەهیدان» ناسراوە، بە گەرمی پێشوازیی لێ‌کراوە. ساڵەکانی دیکە لە ڕۆژی شەهیداندا، لە هەر جێیەک بە پێی دەرەتان خەڵک دەچوونە سەر گڵکۆی ئازیزە لەدەستچووەکانیان، ڕێزیان لێ دەگرتن و پەیمانیان لەگەڵ نوێ دەکردنەوە. بەڵام هەستی بەرپرسایەتی بەرامبەر بە سڵامەتیی خۆمان و خەڵکەکەمان داوامان لێ‌دەکا ئەمساڵ لەو بارەیەشەوە پێ لە جەرگی خۆمان بنێین و لە جیاتی چوون بۆ سەر گڵکۆی شەهیدان لە ماڵەکانماندا یادیان بکەینەوە.

لە ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستاندا پتر لە ٤١ ساڵە پەتایەکی کوشەندەتر و کۆڕۆنایەکی مەترسیدارتر بە ناوی کۆماری ئیسلامی بەرۆکی خەڵکی گرتوە. ئەگەر (بەپێی ئاماری ڕەسمیی دەوڵەت) پەتای کۆڕۆنا تا نووسینی ئەم دێڕانە شتێک کەمتر لە ١٠٠٠ کەسی کوشتوە، کۆڕۆنا گەورەکە زۆر جار لە مانگێک و تەنانەت لە حەوتوویەکیشدا گیانی هەزاران کەس لە باشترین ڕۆڵەکانی خەڵکی ئەستاندوە. خۆ ئەگەر ئاوڕ لە کوردستان بدەینەوە، دێتەوە بیرمان کە کۆماری ئیسلامی زۆرجار لە ڕۆژێکدا و لە تەنیا شارێک و تەنانەت تاقە گوندێک پتر لەو ژمارەیەی کوشتوە کە لەم دوو مانگەدا بە پەتای کۆڕۆنا مردوون. کوشتارە بەکۆمەڵەکانی مەهاباد و بانە و سنە و سەقز و قاڕنێ و قەڵاتان و دەیان گوندی دیکە و ئیعدامی ٥٩ لاوی مەهابادی لە تاقە ڕۆژێکدا شاهیدی بۆ ئەم هەقیقەتە تاڵە دەدەن.

بەو پێیە و لەو پێوەندییەدا بەش بەحاڵی خۆم دوو ئاواتی پیرۆزم لەدڵدان کە ڕەنگە ئاواتی هەموو وڵاتپارێزێکی کورد و هەموو مرۆڤێکی شەریف بن. وەک کورد دەڵێ: «دوعایەکی دەکەم، وێکڕا بڵێن ئامین»:

-هەتا ساڵێکی دیکە و نەورۆزێکی دیکە و تەنانەت زۆر زووتریش کۆڕۆنای چووکەڵە (کۆڤید ١٩) بەرۆکی کوردستان و سەرانسەری دنیا بەر بدا و ساڵی دادێ، بە دابی ساڵانی ڕابردوو جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێ پێکەوە و لە ئامێزی سروشتی جوانی کوردستاندا نوێ بکەینەوە.

-تا ساڵێک دواتر، هەوری ڕەشی کۆڕۆنای گەورە، واتە کۆماری ئیسلامی لە ئاسمانی کوردستان و سەرانسەری ئێران بڕەوێتەوە و هاتنی نەورۆز و کۆتایی دیکتاتۆری لەسەر وێرانەکانی کۆماری ئیسلامی بکەینە جێژن.

لە ئێستاوە نەورۆزی هەمووان پیرۆز و هەموو ڕۆژێکتان نەورۆز.
عبداللە حسن‌زادە
٢٧\١٢\١٣٩٨- ١٧\٠٣\٢٠٢٠
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×