له‌باره‌ی رێگری له به‌ڕێوه‌چوونی دیداری شوکور مسته‌فا

عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌ن زاده
  2024-05-14     270

حەوتووی ڕابردوو دامەزراوەی کەریمی عەلەکە بە بڵاوکردنەوەی داوەتنامەیەک ڕایگەیاند کە سەعات ٣ی پاش‌نیوەڕۆی ڕۆژی یەک‌شەممە ١٢ی ئایاری ٢٠٢٤ بە دروشمی «وەرگێڕان پردە بەهێزەکەی پەیوەندیی نێوان کولتوورە جیاوازەکان» دیداری شوکور مستەفا بۆ وەرگێڕان ساز دەکا. لە داوەتنامەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو کە هەریەک لە بەڕێزان شەفیق حاجی خدر، لاڤین یوسف حەمە ڕەئوف، و مەسعود بابایی لەبارەی پرسی وەرگێڕانەوە بابەت پێشکەش دەکەن و لە بەشێکی دیکەشیدا گوترابوو کە خەڵاتێک دەدرێتە عەبدوڵڵای حەسەن‌زادە.

ڕۆژی دیاریکراو زۆر لە هۆگرانی ئەدەبی کوردی و بواری وەرگێڕان لە دوور و نیزیکەوە بەرەو شوێنی کۆبوونەوە وەڕێ کەوتن. هەر لەنێو تێکۆشەرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دەوروبەری سەد کەس لە کادر و ئەندامانی ڕێبەری و بەرپرسانی ڕێکخراوە دێموکڕاتییەکان بۆ ئەو مەبەستە خۆیان گەیاندە نیزیک شوێنی دیدارەکە. نووسەری ئەم دێڕانە چەند جار لەبارەی چەندوچۆنی دیدارەکەوە قسەی لەگەڵ بەرپرسانی دەزگای کەریمی عەلەکە کرد کە دواجاریان دوو سەعات پێش کاتی دەست پێکردنی دیدارەکە بوو. بەرپرسان ئەرخەیانیان کرد کە هەموو شتێک لەجێی خۆیەتی و کۆسپێک نەهاتۆتە پێش.

سەعات ٢ و بیست دەقیقە دەمانەویست بە مەبەستی پێشوازی لە میوانەکان بچینە شوێنی دیدارەکە. لەپڕ زەنگی تەلەفون لێدرا و لەوبەر هێڵەکەوە بەڕێزێکی دەزگای کەریمی عەلەکە بە داخ و کەسەرەوە ڕایگەیاند کە ئاسایشی سلێمانی دەوری هۆڵەکەی گرتوە و ڕێگا نادا دیدارەکە بەڕێوە بچێ. بە ناچار ئێمەمانان و هەموو ئەوانەی ئامادەی ڕۆیشتن بۆ شوێنی دیدارەکە بوون ڕێگای گەڕانەوەیان گرتە پێش.

...

هەروەک چاوەڕوان دەکرا بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەڕێوەنەچوونی دیداری شوکور مستەفا دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی لێکەوتەوە و بە سەدان بابەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەسەر بڵاو کرانەوە. نووسەری ئەم دێڕانە کە قەرار بوو گەورەیی لەگەڵ بکرێ و خەڵاتی بدرێتێ بە دەیان تەلەفون و پەیامی «هاودەردی»ی پێگەیشت. بۆیە بە پێویستم زانی لەو بارەیەوە چەند قسەیەک عەرزی هەمووان بکەم:

بەر لە هەموو شتێک سوپاس و پێزانینم بۆ دەزگای پڕکار و خزمەتگوزاری فەرهەنگیی کەریمی عەلەکە دەردەبڕم کە منیان لە ڕیزی خزمەتکارانی زمان و ئەدەبی کوردی ئەژمارد و تەنانەت بە شیاوی خەڵات‌پێدانیشیان زانیم. ئەمن هەروای دادەنێم کە ئەو خەڵاتەم وەرگرتوە، شانازیی پێوە دەکەم و دەیخەمە سەر سەرم. ئەمجار سوپاسی یەک بە یەکی ئەو بەڕێزانە دەکەم کە بەو ڕووداوە دڵگران بوون و بە ڕێگای جۆراوجۆردا لوتف و گەورەیی خۆیان نیشان داوم. لە دڵەوە سوپاسی گەورەیی هەمووانیان دەکەم و بەداخم کە بۆم ناکرێ هەرنەبێ بە نووسین ئەمەگناسیی خۆم بەجیاجیا نیشانی هەمووان بدەم.

ئەمجار هەموو لایەک دڵنیا دەکەم کە ئەم پێشهاتە بە قەدەر سەرەموویەک منی ئازار نەداوە و تەنانەت خۆشحاڵیشم کە دوابه‌دوای ئه‌و کارە ناشیرینەی دەرهەقی من و تێکڕای بزووتنەوەی فەرهەنگیی کورد کرا، ئەو شەپۆلە بەرینە لە خۆشەویستیی کۆڕوکۆمەڵە ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسییەکان ڕووی تێکردم. زیادم نەگوتوە ئەگەر بڵێم ئەگەر خەڵاتێکم لەدەست چووە چەندین خەڵاتم وەرگرتوە.

بەڵام چونکە هەموو دەزانن تێکدانەوەی دیداری شوکور مستەفا بەهۆی بوونی ناوی منەوە بوو پڕبەدڵ داوای لێبووردن لە گیانی نەمری مامۆستا شوکور مستەفا، دەزگای کەریمی عەلەکە، ئەو بەڕێزانە کە قەرار بوو وتار پێشکەش بکەن و هەموو ئەو ئەدیب و ئەدەبدۆستانە دەکەم کە خۆیان ئامادە کردبوو بچنە ئەو دیدارە و بەشداری باس و ڕاگۆڕینەوە لەسەر بابەتەکە بن. ڕاستگۆیانە دەڵێم هیچ گلەییم لەو کەسانەش نیە کە تێکدانی دیدارەکەیان پێ سپێردرابوو، و بەدووری نازانم ئەوانیش بەقەد خەڵکی دیکەیان پێ ناخۆش بووبێ. ئەوەی بۆ من جێگەی داخە ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە دەبینم ڕێگا بە دەسەڵاتی دژەکوردی کۆماری ئیسلامی دەدرێ تەنانەت دەست لە چالاکییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستانیش وەربدا و دارولەلەیان بۆ دیاری بکا.

تاڵتر لەمەش ئەو ڕاستییەیە کە بە ئاشکرا دیارە دەزگا سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ بەدناوکردنی کاربەدەستانی سلێمانی بە ئەنقەست هەڵوەشاندنەوەی دیدارەکەیان خستۆتە دواساتەکانی پێش کرانەوەی دیدارەکە. ئەگینا ئەگەر زووتر ئەو داوایەیان لە بەرپرسانی سلێمانی کردبا و دەزگای کەریمی عەلەکە ڕایگەیاندبا کە دیدارەکە بۆ وەختێکی دیکە دوا خراوە، نە ئەو هەڵایەی لێ ساز دەبوو و نە ئەم کەتنەی لێدەکەوتەوە. بەو هیوایه کە ئەمە دوا دەستتێوەردانی ناڕەوای کۆماری ئیسلامی لە کاروباری نێوخۆی هەرێمی کوردستاندا بێ.

عەبدوڵڵای حەسەن زادە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×