ڕژێمی ئێران، بە تۆمەتی “درووستکردنی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایش” و “بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی حکومەت”، سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردیی و هاوژینی زارا محمەممەدی بە ١١ ساڵ زیندانیکردن سزا دا.
ئاوێنە: میدیا ناوخۆییەكان لە زاری سەرچاوەیەكەوە هەواڵی سەپاندنی ١١ ساڵ زیندانی بەسەر سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی كوردییان لە شاری سنە بڵاو كردەوە.
میدیاكان بڵاویان كردەوە، دەسەڵاتی دادوەریی ڕژێمی ئێران، سزای ١١ ساڵ زیندانیكردنی بەسەر سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی كوردیی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی فەرهەنگی و كۆمەڵایەتیی نۆژین لە شاری سنە سەپاندووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو مامۆستا كوردە لەلایەن لقی یەكی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی “درووستكردنی گرووپ بۆ تێكدانی ئاسایش” بە ١٠ ساڵ زیندان و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە دژی حكوومەت” یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
جێگەی ئاماژەیە، ئەو مامۆستایە چوار مانگ لەمەوبەریش بە هۆی دۆسییەیەكی دیكەوە، بە لێدانی ٤٠ قەمچی سزادرابوو.
زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی كوردی و هاوژینی سەیوان ئیبراهیمییش، ساڵی ڕابردوو هەر بە تۆمەتی هاوشێوە سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا، بەڵام پاش ماوەیەک بەر لێبووردنی گشتی كەوت و ئازاد كرا.