شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێم بە فشاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت و دەشڵێت، هەڵبژاردنی ئەمجارە هەلێکی زێڕینە لەبەردەم هاوڵاتیانی هەرێم بۆ تۆڵەکردنەوە لەو کارە خراپانەی یەکێتی و پارتی بەرامبەری كردون.
ئاوێنە: شاسوار عەبدولواحید، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێم لەژێر چاودێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقدایە و دادگای فیدراڵی 11 کورسی کۆتاکانی لە یەکێتی و پارتی وەرگرتەوە و ناتوانن بە ویستی خۆیان بەکاری بهێنن.
ئەوەشی خستەڕو، ئەگەر هاوڵاتیانی هەرێم ناڕازین لە دۆخ و گوزەرانی هەرێمەکەیان لە هەڵبژاردنی داهاتودا سزای یەکێتی و پارتی بدەن و دەسەڵاتیان لێ وەربگرنەوەو وتیشی"دوای هەڵبژاردن ناڕەزایی و بۆڵەبۆڵ سودی نییە و دەبێت ئێستا کۆتایی بە حوکمی یەکێتی و پارتی بهێنین".
باسی لەوەش کرد، هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێم هەلێکی زێڕینە لەبەردەم هاوڵاتیانی هەرێم بۆ تۆڵەکردنەوە لەو کارە خراپانەی یەکێتی و پارتی بەرامبەری کردون و داواشی کرد، هاوڵاتیان بە پڕوپاگەندەی یەکێتی و پارتی سارد نەبنەوە لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا.
راشیگەیاند، بایکۆت و نەچون بۆ دەنگدان گەورەترین خزمەت بە یەکێتی و پارتی و دەنگی ئەو دو حزبە دەکات بۆیە پێویستە هاوڵاتیان لە بری بایکۆتکردن بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و سزای یەکێتی و پارتی بدەن ئەگەر نا ئەو دو حزبە دۆخی خراپتر بەسەر هاوڵاتیاندا دەهێنن.