لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەى یەک هەفتە، بە شێوەى تێست کامێراکانى تۆمارکردنى سەرپێچى خاڵ بۆ خاڵ لە رێگاى هەولێر بۆ دهۆک دەکەونەکار، بەرزترین خێرایى رێگە پێدراویش بۆ ئۆتۆمبێلە بچوکەکان 100 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا.
لە ئاگادارییەکدا بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بڵاوى کردەوە، لە ئەمڕۆ سێشەممەوە 27ی شوباتی 2024، کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگای هەولێر بۆ دهۆک، لە بەرامبەر گوندی گەزنە تا پردی چەمە، دەکەونەکار.
لە ئاگادارییەکدا هاتووە، لە ئەمڕۆوە تا کاتژمێر 12:00ى شەوى، 4.3.2024، کامێراکان بە شێوەى تێست دەکەونە کار، بەڵام لەو کاتە بەدواوە سەرپێچیەکانی تیژڕۆیی تۆمار دەکرێن لە سیستمی سزادانی هاتوچۆدا.
ئاماژەبەوەشكراوە، بەرزترین خێرایی رێگاپێدراو بۆ ئۆتۆمبێلە بچوکەکان 100 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا، بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەورەش 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک دیاری کراوە.