بارزانی لەبارەی ناكۆكیی نێوان پارتی‌و یەكێتی: ناكرێ هاوكاریی ئەوانە بكرێ كە دەیانەوێ هەرێم هەڵبوەشێتەوە
  2024-02-27       1316       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رادیۆی مۆنتی كارلۆ، رایگەیاند، لە ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا رەنگە هەمان سیناریۆی پاش كشانەوەیان لە 2011 دوبارە ببێتەوە كە دوای ماوەیەك داعش هات و یەك لەسەر سێی خاكی عێراقی داگیركرد. بارزانی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بە "لایەندارانەی دژ بە هەرێمی كوردستان" ناودەبات و لەبارەی ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتییش دەڵێت، "ناكۆكی لەسەر پرسە ستراتیژییەكان هەیە... ناكرێت هاوكاریی ئەوانە بكرێت كە دەیانەوێت هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێتەوە."

ئاوێنە: مەسعود بارزانی لە سەرەتای چاوپێكەوتنەكەدا لەبارەی هەڵسەنگاندنی كاری حكومەتەكەی سودانی وتویەتی، ئەوەی تێبینیمان كردوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێت بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە سیاسییە جێبەجێ بكات كە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت كراوە، بەڵام كۆسپی راستەقینەی دەخرێتە بەردەم.

وتوشیەتی، ئێمە پشتیوانی سەرۆك وەزیرانی عێراقمان كردوەو پشتیوانیشی دەكەین لەپێناو ئەوەی بتوانێت ئەو رێككەوتنەی كراوە جێبەجێ بكات بەڵام كۆسپی راستەقینەی دەخرێتە بەردەم بۆ رێگری لێكردنی لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەو ئەوەش ئاشكرایە.

سەرۆكی پارتی ئەوەی نەشاردۆتەوە كە ئەوان "نیگەرانن" لە دۆخی عێراق چونكە بەقسەی ئەو "لەناوخۆ و لە دەرەوە هەڕەشەی راستەقینە لەسەر دیموكراسییەت هەیە."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بارزانی لەبارەی پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی و چونیان بەجیا بۆ بەغدا وتویەتی"ئەمە حاڵەتێكی جێی داخە، بەڵام بە راشكاوی ئەوە دەڵێم، ناكۆكی لەسەر پرس و ئامانج ستراتیژییەكان هەیە، ئەگەر ناكۆكییەكە لەسەر پرسە تاكتیكییەكان بوایە، زۆر ئاسان بو، لەگەڵ ئەوەش هەوڵدەدەین و ئەوپەڕی توانای خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەم كێشەیەو كاردەكەین لەپێناو یەكخستنی ریزەكانی كورد."

لەبارەی ئەوەی ئەو پرسە ستراتیژییانە چین، مەسعود بارزانی وتویەتی "ناكرێت سازش لەسەر قەوارەی هەرێم بكرێت، ناكرێت هاوكاریی ئەوانە بكرێت كە دەیانەوێت هەرێم هەڵبوەشێتەوە. ناكرێت هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوانە بكرێت كە دەیانەوێت هەرێم كۆتایی پێ بێت، ئەمانە پرسە ستراتیژییەكانن."

مەسعود بارزانی لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كە "ئایا كەسانێك هەن هەوڵ بۆ ئەو ئامانجە بدەن؟" وتویەتی"بەدڵنیایی ئەمە شتێكی ئاشكرایە."

سەرۆكی پارتی لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی خراپی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران و هێرشەكەی ئەم دواییەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر وتویەتی، "تۆمەتەكانی ئێران پوچن، ئێران پێش هەموان دەزانێت ئەو تۆمەتانە پوچن...هیچ رۆژێك خوازیاری ئەوە نەبوین پەیوەندیی گرژمان هەبێت لەگەڵ ئێران، رێگەشمان نەداوە هەرێم ببێتە شوێنێك بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئێران."

مەسعود بارزانی وتوشیەتی، "لەدوای 2020ەوە تاوەكو ئێستا، پارێزگای هەولێر روبەڕوی 143 هێرش بۆتەوە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و موشەكی بالیستی لەلایەن ئێران یاخود شوێنكەوتوانی ئێرانەوە. هەمیشە پاساوی ئەو تاوانانە ئەوە بوە كە بنكەی هەواڵگری نێودەوڵەتی و بەدیاریكراوی موساد یان ئۆپۆزسیۆنی كوردی لە هەرێم هەیە. من دڵنیام ئەگەر بارەگای موساد هەبوایە، پێداگر نەدەبون لەسەر لێدانی."

مەسعود بارزانی وتوشیەتی، حكومەتی عێراق لەبارەی هێرشەكەی سەر هەولێر "جوڵەی كردوە، بەڵام لە راستیدا جوڵەكە لە ئاستی تاوانەكەدا نەبوە."

هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی پرسی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان، سەرۆكی پارتی وتویەتی"رەنگە هەمان سیناریۆ دوبارە ببێتەوە كە لە ساڵی 2011 رویدا كاتێك هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان كشانەوە، لەدوای ماوەیەك داعشمان بینی و نزیكەی یەك لەسەر سێی عێراقی داگیركرد... خەریك بو تەواوی عێراق داگیربكەن، ئەگەر پشتیوانی هاوپەیمانان نەبوایە دۆخەكە جیاواز دەبو."

وتوشیەتی"بێگومان رێككەوتنێك لەنێوان حكومەتی عێراق و ئەمریكاو هاوپەیمانان هەیە كە 10 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، رەنگە ئەم رێككەوتنە پێویستی بە پێداچونەوە هەبێت، بەڵام ئەمە لە تایبەتمەندی حكومەتی عێراقی و دەزگا تایبەتمەندەكانە نەك تایبەتمەندی گروپە چەكدارەكان، ئەوە حكومەتی عێراقە دەبێت لەسەر ئەم پرسە چارەنوسسازە كە پەیوەستە بە تەواوی عێراقییەكانەوە بڕیار بدات و مافی تاكە لایەنێك نییە كە هیچ بڕیارێك لەبارەی ئەم بابەتەوە بدات."

بارزانی لەبارەی بڕیارەكانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی لەبارەی موچەو داهاتی هەرێمی كوردستان وتویەتی"سەرجەم بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لایەندارانەو بە ئیمتیاز دژی هەرێمی كوردستانن... ئەم دادگایە دادگایەكی دەستوری نییەو لە سەردەمی بریمەردا پێكهێنراوەو لە ئێستادا هەڵدەسێت بە رۆڵی دەسەڵاتی دادوەری، دجەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێكردن."

جەختیشی كردۆتەوە كە "پێموایە دادگای فیدراڵی دەسەڵاتەكانی خۆی و ئەركە بنەڕەتییەكانی خۆی تێپەڕاندون و بڕیارەكانی ناعادیلانەن و دژی هەرێمی كوردستانن."

لەبارەی ئەوەی كە چۆن سەیری ئایندەی عێراق دەكات؟ مەسعود بارزانی وتویەتی"عێراق یان دەگەڕێتەوە بۆ دیموكراسییەت و بنەما سەرەكییەكانی بەشداری، سازان و هاوسەنگی، ئەو كات دەكرێت رزگاربكریت لەو قەیرانەی تێی كەوتوە. بەڵام تاكڕەوی لە دەسەڵات و كۆنترۆڵكردنی هەمو شتێك لەلایەن گروپێكی دیاریكراو یان پێكهاتەیەكی دیاریكراوەوە، عێراق بەرەو هەڵدرێر دەبات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×