عەممار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمەى نیشتمانى پەیامێکى لەبارەى ئاگرکەوتنەوەکەى بازاڕى لەنگەى شارى هەولێر بڵاوکردەوە و رایگەیاند "نیگەرانین لە رووداوى ئاگرکەوتنەوەکەى بازاڕى لەنگەى هەولێر".
دەشڵێت "لەکاتێکدا هاوخەمى خاوەن دوکانەکانین داواکارین لە خواى گەورە شیفاى بریندارەکان بدات و دەستخۆشى لە کارمەندانى بەرگرى شارستانى هەولێر دەکەین کە توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن".
عەممار حەکیم داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات هۆکارى ئاگرکەوتنەوەکە ئاشکرا بکەن و "گرەنتى دووبارەنەبوونەوەى ئەم جۆرە رووداوە دڵتەزینانە بکەن".
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە و دوای سێ کاتژمێر کۆنترۆڵکرا.
ئاگرەکە بەشێوەیەکی لوتکەیی لە بازاڕەکە تەشەنەی سەند و بەهۆیەوە ژمارەیەک دوکان سوتاون، زیانێکی زۆری دارایی بەر خاوەن دوکانەکان کەوتووە، هاوکات بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە چەند هاونیشتمانییەک گەیەندرانە نەخۆشخانە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەش سێ کاتژمێری خایاند.
بازاڕی لەنگەی هەولێر لەنێوان شەقامی 40 مەتری و 100 مەتری شاری هەولێر هەوڵکەوتووە بە یەكێك لە بازاڕە قەرەباڵغەكانی شارەکە دەناسرێت.