بەرگری شارستانی سۆران: هێشتا تەرمی ئەیهانی پێنج ساڵان نەدۆزراوەتەوە
  2024-05-17       331       

بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران رایگەیاند، دوای ئەوەی کوڕ و باوکێک لە ناحیەی گەڵاڵە خنکان، تەرمی باوکەکە دۆزرایەوە، تیمەکانی مەلەوانیش تا داهاتنی شەو لە گەڕان بەردەوام بون، بەڵام تەرمی کوڕە پێنج ساڵانەکە نەدۆزرایەوە بەهۆی بەرزی ئاست و نزمی پلەی گەرمی ئاوەکە، سبەینێ پڕۆسەی گەڕان دەست پێدەکاتەوە.

بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردوە، ئەمڕۆ کاتژمێر 02:15ی دوای نیوەڕۆ ئاگادارکرانەوە لە ڕوداوێکی خنکان لە ناحیەی گەڵاڵەی سەر بە قەزای چۆمان.

لە راگەیەنراوی بەرگری شارستانی سۆران ئاماژە بەوەشکراوە، تیمەکانی بنکەی چۆمان و قەسرێ گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە و دەرکەوت باوک و کورێک خنکاون بەناوەکانی سۆران مەلا نەبی تەمەن 27 ساڵ و ئەیهان سۆران مەلانەبی تەمەن پێنج ساڵ، هەردوکیان ناحیەی بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێرن و بە مەبەستی گەشت و سەیران رویان لەو ناوچەیە کردوە.

ئەوەشخراوەتەڕو، سەرەتا تەرمی باوکەکە دۆزرایەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی چۆمان کرا و دواتر بۆ پزیشکی دادی لەسۆران نێردرا، تا داهاتنی شەو سەرقاڵی گەران و پشکنینی روبارەکە بون بەمەبەستی دۆزینەوەی ئەیهانی تەمەن پێنج ساڵان، بەلام بەداخەوە نەتوانرا تەرمەکەی بدۆزرێتەوە بەهۆی زۆر و بەرزی ئاستی ئاوەکە و ساردی پلەی گەرمی ئاو و لێژیەکەی.

بەرگری شارستانی سۆران باسی لەوەشکردوە، سبەینێ تیمەکانیان دوبارە دەست بەگەران دەکەن و هەوڵدەدەین لەزوترین کات تەرمەکەی بدۆزنەوە، هەروەها داوا لەهاوڵاتیان و گەشتیاران دەکەن پابەندی ڕێنمایەکان و تابلۆکانی ئاگادارکردنەوە بن و دوربکەونەوە لە مەلەوانی کردن لەم روبار و چەمانە چونکە مەترسی لەسەر گیانیان دروست دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×