هۆکارەکانی زۆربونی ژمارەی گیانلەدەستدانی حاجییان لەمساڵدا ئاشكراكرا
  2024-06-22       442       
کێشەی گواستنەوەش یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی گیانلەدەستدانی حاجییانی لێ دەکەوێتەوە


لەوەرزی حەجی ئەمساڵدا زیاتر لەهەزار حاجی له‌وڵاتی‌ جیاواز گیانیان لەدەستداوە، ئاژانسی بی بی سی لەزاری بەرپرسان و حاجییانەوە هۆکاری گیانلەدەستدانی حاجییان ئاشكرا ده‌كات.

ئاوێنه‌: بەگوێرەی ئەو ئامارەی لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە کۆکراوەتەوە، لەمساڵدا هەزارو 126 حاجی گیانیانلەدەستداوە.

به‌شێك له‌و حاجیانه‌ی‌ گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانن‌و به‌گوێره‌ی‌ ئاماره‌ نافه‌رمییه‌كان تا ئێستا 26 حاجی هەرێم گیانیانلەدەستداوە.

ئاژانسی بی بی سی راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوەو تێیدا هاتووە، یەکێک لەو هۆکارانەی بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی حاجییان بەرزی پلەکانی گەرمایە کە لەسعودیە سەرو 51 پلە تۆمار کراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، یەکێکی دیکە لەهۆکارەکانی گیانلەدەستدانی حاجییان دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی قەرەباڵغی لەژێر چادرەکان لەکاتی کارنەکردنی فێنککەرەوەکان و هەروەها خراپی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە.

ئەوەش خراوەتەرو، کێشەی گواستنەوەش یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی گیانلەدەستدانی حاجییانی لێ دەکەوێتەوە کە زۆر جار حاجییان رێگایەکی زۆر بەپێ دەبڕن.

باس لەوەش کراوە، ئەنجامدانی حەج لەڕێگەی ڤیزای ساڵانەوە بەیەکێکی دیکە لەو هۆکارانە دادەنرێت، کە زۆرجار ئەو حاجییانەی گیانلەدەست دەدەن ئەوانەن کە بە ڤیزای ساڵانە حەجیان کردووە، چونکە ناویان تۆمار ناکرێت بۆ ئەنجامدانی حەج و هیچ خزمەتگوزاری‌و پاڵپشتییەکیان پێشکەش ناکرێت‌و دەبێت هەمیشە خۆیان بشارنەوە لەترسی دەستگیرکردنیان.

لەراپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، زۆری ژمارەی حاجییانی بەساڵاچوو نەخۆش هۆکارێکە بۆ بەرزبونەوەی گیان لەدەستدانی حەجییان کە زۆرجار ئەو حاجییانەی گیانلەدەستدەدەن یان بەساڵاچون یاخود نەخۆشن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×