شـیعر، لە هاوکێشەی ئاڵۆز و پاڵۆزی وەرگێڕانی ئەدەبیدا
  2024-06-23       1000       
پەیکەری شاعیرانی کورد لەباخی گشتی سلێمانی

Poetry in the Complex Equation of Literary Translation

 

فازیل شــەوڕۆ – دوبلن

 

سەرتوێژی بابەت Preface:

هەرچییەکی دەربارەی زمان لە چاخە دوور و تاریکەکاندا، گوتراوە و دەگوترێ، دەچێتە خانەی ڕمڵ لێدان و ئەستێرە گرتنەوە، چونکە هیچ ئاخەوەرێک ئیمڕۆ نییە، بە هەمان ئەو زمانە قسە بکات کە هەزاران ساڵ پێش ئێستا بەکار هاتووە، هیچ تۆمارکراوێکی دەنگی ئەو ڕۆژگارە دوور و تاریکانەشمان لەبەر دەست دانییە، تا زانستییانە چەکووشکارییان تێدا بکەین. بۆیە کە قسە لەسەر مێژووی زمان دەکەین، هەرچەند بنچ و بناغەکەی زارەکی بووە، هەر دەبێ بگەڕێینەوە سەر بەردنووسەکانی مێژووی دێرینی مرۆڤ. بێگومان ئەمەش ڕادەستی بەردنووسەکانی سەردەمی سۆمەرییەکانمان دەکات، چونکە ئەوان یەکەم داهێنەری نووسین بوون لە مێژوودا.

کە لە نیو ئەو بەردنووسانەشدا بە دوای دەقی شیعری دا دەگەڕێین، ئەوا سەرەتاییترین شیعری سۆمەرییەکانمان وەدەست دەکەوێ کە تایبەت بوون بە سروود وتەراتیل و سرووتە ئایینی و کەلتووریەکانی  کۆمەڵگەی خۆیان.

دێرینترین دەقە غەزەلیش لە مێژوودا هەر هی سۆمەرییەکانە، کە شاعیرەکەی بزرە و بە  ناونیشانی 'شوو – سین  Shu-Sin"  ناسراوە و تایبەتی بە تقووسەکانی ژنهێنان. داستانی گلگامێشیش، بە کۆنترین  دەقی وەرەگێڕدراوی مێژوویی مەزەندە دەکرێت، کە زمانە ڕەسەنەکەی  سۆمەری بێت.[1]

دەقی "سروودی سیدمۆن" بە کۆنترین دەقی وەرگێڕدراوی ئینگلیزی دەخەملێندرێت کە سەرچاوەکەی لاتینیە. دەقەکە لەسەر زاری گاوانێکی بێسەواد – بە ناوی سیدمۆن،  گوتراوە، لە ستایشی 'خودای پەروەردەگار"دا؛ ئەو دەقە لە 21  دەستنووسدا لەبەر دەستەدایە.[2]

کە قسە و باس دێتە سەر مێژووی دێرینی وەرگێڕانی شیعر، دەبێ  ئەم دوو، واقعیە لەبەرچاو بگرین:

یەک: مرۆڤەکان لە دێرزەماندا زۆنی جۆگرافیایی هاتووچۆ و ژیان و گوزەرانیان زۆر بەرتەسک و سنووردار بووە، پتر لە بازنەی چەند دیهات و شارێکی دەوربەر، دەرنەچووە. ڕێی دووریان کاروانە بازرگانییەکان بووە لە گەڵ شارە دوورەکاندا – بە پێوەری ئەو سەردەم.

دوو: داگیرکردن و شەڕ و شۆڕ ؛ کۆچکردن بەدوای لەوەڕگە و زەوی بە پیت و سەرچاوی ئاو، باعیزی دووەمی تێکەڵ بوونی کۆمەڵەکە دێرینەکان بووە، کە لاڕێیانە، یارمەتیدەری سەرهەڵدان و گەشەکردنی وەرگێڕان بوو بن.

جا لە هەردوو بارەکەدا، شیعر، بە گشتی، دوایین شت بووە لە بایەخ پێدان لە وەرگێڕان کردنیاندا. ڕشتەی ئەفسانە و حیکایەت و سرووتە ئاینییەکان لە پێشی پێشەوەی وەرگێڕاندا بوون. هۆیەکەشی ئەوەیە کە لە ئەزەلەوە، وەرگێڕانی شیعر قورس و زەحمەت و کارێکی ئاڵۆز بووە.

لێرەدا، پووختەی هەوڵەکان دەربارەی وەرگێڕانی شیعر، بە ڕێباز و میتۆد و گرفتەکانییەوە،  چڕدەکەینەوە و لە دوایین تەوەرەشدا، پێگەی وەرگێڕانکردنی  شیعر لە ئەدەبی هاوچەرخی کوردیدا، شەنوکەو دەکەین.

هەڵسەنگاندنی چەند گوتەیەک  Evaluation of Some Statements:

با بە خوێندنەوەی وتەی  ژمارەیەک لە ئەدیب و بیرمەند و شارەزایانی بوارەکەوە، دەروازەی چوونە ژوورەوەی بابەتەکە بخەینە سەرپشت، ئەمە تەمومژ و لێڵییەکی زۆر لەسەر کردەی وەرگێڕانی شیعر دەڕەوێنێتەوە و ڕێگەی گەیشتن بە مەقسەدی بابەتەکە، خۆشتر و کورتبڕتر دەکات:

"جۆن دۆن John Donne 1574 – 1631" شاعیری بەناوبانگی ئینگلیز، دەڵێ:

"سەردەمی  زێڕیین و درەوشاوەی  ئەدەب، ڕەنگە هەمیشە سەردەمی  زێڕیین و درەوشانەوەی وەرگێڕان بێ."[3]

 دەکرێ، بە تەراوزووی ئەم وەتەیە، پێگەی شیعر و ئەدەبی هاوچەرخی کوردی خۆمان  هەڵبسەنگێنین، پرسیار لە خۆمان بکەین، لەو شەش حەوت کتێبەی نوێیە چاپکراوەی کە ڕۆژانە لە چاپخانەکان دەدەچن، چەندیان تایبەتن بە وەرگێڕانی شیعری کوردی، لە زمانی کوردییەوە یان لە زمانی بێگانەوە بۆ زمانی کوردی؟ – ئەم ژمارەیە، ئاماری کتێبی چاپکراوی کوردییە، لە بەڕێوەبەرایەتیی  کتێبخانە گشتییەکانە لە هەولێر، 2023.

ڕۆماننوس و نووسەری ئینگلیز" جۆرج بۆڕۆ George Borrow 1803 – 1881" دەنووسێ:

"وەرگێڕان، لە باشترین حاڵەتیدا، هەر سەدایە، جا ئەگەر شنە و شەماڵ هەبێ، ئەوا ئەو دەنگدانەوەیە خۆشتر دێتە بەرگوێ."[4]

ڕەنگبێ ئێمە کورد باشتر لەم وتەیە حاڵی بین، لە چاو ئەو دەشتەکییانەی لە سارا و بیاباناندا ژیاون، ئێمە بەو سەدایە ئاشناین و دەزانیین تا دۆڵ و گەروو و شیوەکان درێژتر ببنەوە، دەنگدانەوەکە کاڵتر و ئاچووغتر دەبێ، تا وای لێ دێ بە زەحمەت بۆڕەی مانگا لە هاوار هاواری گاوان و ئۆحە ئۆحی جووتگێڕ جیادەکەیتەوە. لێريش عیبرەتەکە لەوەدایە، تا دەقە ڕەسەنەکان، ببنە دەستی دوو، وەرگێڕانەکانیان کاڵتر و ئاچووغتر دەبنەوە. شنە و شەماڵەکەش، دەستڕەنگینی و ئارایشتی تەرجومەکارە.

فرانسیس جۆرج شتاینەرFrancis George Steiner 1929 - 2020، ڕەخنەگاری ئەدەبی فەرەنسی-ئەمریکی، وتارنووس، فەیلەسوف، ڕۆماننووس و پەروەردەکار ، دەبێژێ: "وەرگێڕان نەبووایە، وەک ئەوە وا بوو لە چۆڵی قوڵفەدا ژیان بەسەر بەرین."[5]

کەواتە با ڕۆژانە شەست حەفتا کتێبی کوردی چاپ بکەین، لە جیاتی شەش حەوتێک، ئەگەر کار لەسەر وەرگێڕانی بژاردەکانیان نەکەین، بۆ سەر زمانەکانی بێگانە، یان وەرگێڕان غیرە زمان بۆ سەر زمانی کوردی نەبێ، وەک ئەوە وایە، لە گوندێکی بچووک بۆ خۆمان، نووسراوەکانم بۆ یەکتری بخوێنینەوە، لە دەرەوەی دێدا هیچ حزوور و بوونیکمان نەبێت و ئەوەی بەرهەمیشی دەهێنین، هەر کاوێژکردن و جوینەوەی ، بابەتە، سوواو و کۆنەکانە، خاڵین لە ئیزافەکردن و داهێنان.

ژول ڤالێر  Jules Valéry1871 – 1945،  شاعیر و وتارنووس و فەیلەسوفی فەرەنسی ، دەربارەی کاری وەرگێڕانی ئەدەبی دەڵێ:" دڵسۆزیی بۆ مانا، لە پێناو مانای وشەدا، لە وەرگێڕاندا، دەچیتە خانەی خیانەتکاری."[6]

عیبرەت، لەم وتە بەنرخە ئەوەیە، وەستایەتی و داهێنانی وەرگێڕ لە کارەکەیدا، لەوەدا نییە، کە کتومت هاوتای وشە بە وشە بدۆزێتەوە و بەکاربێنێ، بەڵکوو، حونەری کارەکە لەوەدایە، مانای دەقەکە، بە وشەی زمانەکەی دیکە داڕێژێتەوە، وا نەکات، خیانەت لە کارەکەی دەکات. بۆچی؟ چونکە دەقە ڕەسەنەکە یان ئەتک دەکا یان ڕۆحی دەردەچووینێت و دەیکوژێت.

ئەم تەوەرەیە بە وتەیەکی  پڕۆفیسۆری ناودار، ئەڤرام نوام چۆمسکی Avram Noam Chomsky 1928 – قوفڵ دەدەم، کە دەڵێ:" زمان، بۆ خۆی  پڕۆسەیەکە بۆ داهێنان و  ئەفراندنی ئازاد، یاسا و بنەماکانی جێگیرن؛  بەڵام شێوازی بەکارهێنانی بنەماکانی لە لایەن  نەوەکانەوە، کارێکی ئازادانە و سنوورشکێنە."[7]

نوام چۆمسکی، وەک شارەزایەکی بە توانا لە زمانەوانی، تێدەگا لە جولەی زمان لەگەڵ زەمەندا چۆن گۆڕانکاری بەسەر دادێ، جا لە کاری وەرگێڕان، دەبێ وەرگێڕ، بە کەش و هەوای ئەو سەردەمە نوێیە ئاشنا بێ، کە دەقەکەی تێدا وەردەگێڕێت. بە واتایەکی دیکە، ئەو وەرگێڕانەی بۆ شانۆگەری "هەملێت'ی شەیکسپیر ئێمڕۆ دەکرێ، دەبێ جیاواز بێ لەگەڵ وەرگێڕانی هەمان دەق، کە پێش سەدەیەک ئەنجامدراوە. لێرەدا، وەرگێڕ، دەرس وە دەگرێ لە چۆنیەتیی وەرگێڕانی دەقە ئەدەبییە کلاسیک و دێرینەکان، بۆ نەوەکانی ئیمڕۆ. بێگومان، وەرگێڕانەکان، هەمیشە کارکردنە لەسەر زمان.

لەم تەوەرەی سەرەوەدا ئەوە هەڵدەهێنجین کە. چەندە نووسین و داهێنانی ئەدەبی جوان و شاکار و باڵا، پێرۆز و پێویستە بۆ نەتەوە و مرۆڤایەتی و خزمەتکردنی زمان، وەرگێڕان ، لە هەمان بواردا، بایەخەکەی لە داهێنانەی دەقە ڕەسەنەکەدا کەمتر نییە. جگە لەمە، درک بەو دەکەین کە وەرگێڕان، کارێکی ئەدەبی زۆر قورس و پڕ زەحمەتە، گەر داهێنەریش نەبێت، هەوێنی داهێنانی بۆ کاری دیکە تێدایە، ڕەنگبێ، نووسەران دیکە، ئەو داهێنانە بوخولقێنن. خاڵی سێیەم، پا بەند بوون بە یاساکانی ڕیزمان و دەستکراوەی لە ئەفراندنی مانا، تا ئەو ڕادەیە- وەک بینیمان، خۆ ڕادەستکردنی وەرگێڕ بە مانای وشە تا سەر ئیسقان، دەچیتە خانەی خیانتکردنی ئەدەبی، بەوە بەرهەمە ئەدەبییە ڕەسەنەکە کوێر  دەکا، لە جیاتی ئەوەی کلڕێژی بکات.

 

وەرگێڕانی شیعر لە نێوان مومکین و مەحاڵدا:

Translating of Poetry Between Possibility and impossibility:

هەرچی شتێک، بەرهەمی زمان بێت، چ زارەکی ، چ نووسراو،  جا سەر بە هەر ژانرێکی ئەدەبی یان زانستی بێ،  قابیلی وەرگێڕانە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە، بە کتێبە پیرۆزەکانیشەوە. ئەمەیش وای کردوە کە هەم کردەی وەرگێڕان ببێتە زانست، بە ناوی "زانستی وەرگێڕان Science of Translation   Translatology  / "هەم ببێتە سەرچاوەیەکی  پر خێروبێر بۆ داهاتی کەس و کۆمپانیاکان و سەرمایەی دەوڵەتان. "،  لقێکی ئەم زانستەش پێی دەگوترێ " توێژینەوەکانی وەرگێڕان  Translationese" کە گوزارشت و ئاماژەیە بۆ تایبەتمەندییە پێکهاتەییە ناوازەکانی دەقی وەرگێڕدراو، بە بەراورد بەو دەقانەی کە لە بنەڕەتدا بە زمانێکی دیاریکراو نووسراون،  بۆ نرخاندنی  بابەتە وەرگێڕانکراوەکان  لە بارەی ئەمانەتی ئەدەبێ و ئیدیۆم  و ڕێزمان  و وشەسازی و فەرهەنگەوە.[8]

جا لەوەتەی مرۆڤ خویداوتە کاری وەرگێڕان و فەنوفنوونی تێدا دەکات ، قەت  هیچ ڕشتەیەکی پڕ زەحمەت و ئاڵۆز و گرێکوێراوی وەک ژانری شیعری نەدیوە و لێی عاسێ نەبووە.

ئەم گرێکوێری و ئاڵۆزییەوە لە چیەوە سەرچاوی گرتووە؟

بۆ ئەم وەڵامە دەبێ بپرسین: شیعر چییە و زانستی وەگێران چییە؟

 هەرچەندە لە دێرزەمانەوە،  لە ئەدەبی گریک و یۆنانی  کۆندا، فەیلەسوفەکانیان  چەمک و مەبەستی شیعرییان پێناسە و دیاری کردوە و لەوە بوونەتەوە کە ژینگە دایکی شیعرە و توانای  ئاراستەکردنی مرۆڤەکانی هەیە بەرەو چاکە و خراپە، تا ئەم ساتەوەختە بە سەدان پێناسەی نوێ بۆ شیعر دارێژراون و کاروانەکەش بەردەوامە.  بەڵام کە کاتێک لە بنج و بنەوانی ئەو ژانرە دەکوڵێینەوە و دەبینین سرووشتە زاڵەکەی لەسەر بنەمای خەیاڵە، هەرچەندە دەربڕی واقیعیش بێت و لەوە تێدەگەین  کە سرووش و هەست و نەست و توانست و هۆشیاری و قامتێک بنەمای دیکە زمانێک بە شاعیر دەبەخشن بۆ داڕشتنی خەیاڵ و پەیامەکەی، پێی دەگوترێ "زمانی شیعریی" جا ئەم زمانە: یەک: تایبەتە بە شاعیر، دوو: هەر شاعیرێک خاوەن بە زمانی شیعریی تایبەت بە خۆیەتی. لە هەردوو حاڵەتەکەشدا، زمانی شیعری لە دەرەوەی زمانی ناو فەرهەنگەکانە [9] ، کەواتە لێرەدا گرفت و کۆسپ بۆ وەرگێڕ دێتە پێشەوە، ئەو دەبێ لە ناو زمانێک کار بکات، کە نە زمانی ئەوە و نە پێی ئاشنایە.

با بێنە سەر زانستی وەرگێڕان، بزانین ئەو چمان دەخاتە بەر دەست. بە سادەیی، "وەرگێڕان پڕۆسەی گواستنەوەی  مانایە  لە دەقێکەوە  کە بە زمانی سەرچاوە نووسراوە بۆ زمانی مەبەست. نزیکەی هەموو پێناسەیەکی وەرگێڕانیش  لەناو بوارەکەدا، سێ بەشی گرنگ لەخۆدەگرێت: زمانی سەرچاوە، زمانی مەبەست و گواستنەوەی مانا." [10]

لێرەدا، وەرگێڕ، کە خەریکی وەرگێڕانی دەقێکی شیعری دەبێ، خۆی لە نێو گێژەنێک گرفت و سەرلێشیواوی دەبینێتەوە، جا تا دەقە شیعرەکە باڵاتر و مەزنتر و داهێنەرانەتر بێ، گێژەنەکە قولتر و ترسناکتر دەبێ -  چونکە وەگێڕانی دەقی شیعری لاواز و کرج و کاڵ و هەرزەکارانەی فەریک و پێنەگەیشتوو هێندە پڕ زەحمەت نییە. گەر جارێکی دیکە پێناسەکەی وەرەگێڕان بخوێنینەوە ، دەبێنین، چغزی هەموو کارەکە لەسەر "زمانە"، بەڵام ئایا بنەما و پێکهاتەکانی شیعر قابیلی وەرگێڕانن؟ تا ئێستا ئەدەب و زانست دەستە وەستانن لە وەرگێڕانی  "خەیاڵ". "زمانی مەجازی شیعر" لە دەرەوەی "زمانی فەرهەنگە"؛ شیعر واتا مۆزیک و ئاواز و ڕیتم و دەنگدانەوەی وشە و بڕگە و پیت، ئایا مۆزێک وەرگێڕانی بۆ دەکرێ؟ هەموو دەقە شیعرێک زادەی کەلتوورێکی تایبەتە بە مێژوو و بە جوگرافیا و بە دەروونناسی و سۆسیۆلۆژییەوە، ئایا دەکرێ کەلتوور وەرگێڕێن؟

 

پرسیارەکان زۆرن و ڕیزبەندیان درێژە.

بڕوانن، "جۆن ڕوسکین John Ruskin  1818 - 1900 " لە کتێبی (وانەکانی هونەر 1870) داهاتووە،"شیعر پێشنیارکردنی بناغە بەرزەکانە بە خەیاڵ، بۆ هەستە بەرزەکانی مرۆڤ" . " تی. س. ئێلیۆت T. S. Eliot   1888 – 1965"دەڵێت: شیعر هەڵڕشتنی سۆز نییە، بەڵکو دەربازبوونە لە سۆز؛ دەربڕینی کەسایەتی نییە، بەڵکو دەربازبوونە لە کەسایەتی." . پێرسی بیش شێلی  Percy - Bysshe Shelly    1792 – 1822"  دەڵێت:" شیعر حەقیقەتێکی ئەبەدییە." [11] شیعر بە ڕاستیی ئەبەدی وەسف دەکات. واتە: شیعر وێنەیەکە لە خودی ژیان، کە لە حەقیقەتیی ئەبەدیی خۆیدا دەربڕدراوە.

 لە سۆنگەی ئەم پێناسە قورسانەی شیعرەوە،  شاعیری ئەمەریکایی  ڕۆبەرت فرۆست Robert Frost “ 1874 - 1963 "، دەربارەی وەرگێڕانی شیعر دەڵێت: "وەرگێڕانی شیعر هونەرە، لێ هۆنەرێک کە دەبێتە باعیزی ونکردنی دەقە شیعرەکە." [12] واتا کاری وەرگێڕی شیعر ئەوەیە شیعر لە شیعرییەت بخات و بیکاتە پەخشان، یان جۆرێک لە پەخشان.

ئەم دژواری و سەختی و ئاڵۆزیییەی زمانی شیعری، بووەتە هاندەر بۆ چەندان داهێنان لە ڕێباز و میتۆد و تیورییەکانی پیوەست بە وەرگێڕانی شیعر.  ئێستا، پسپۆڕانی بواری وەگێرانی شیعر بوون بە دوو بەرە و سەنگەریان لێک گرتووە: بەرەیەک پێوایە کە شیعر ژانرێکی ئەدەبی هێندە باڵایە کە وەرگێڕانردنی ئەستم و مەحاڵە. بەرەی دووەم، پێیان وایە دەکرێ لەڕی هونەری دیکەوە، شیعر لە  زمانێکەوە،  بگوازینەوە بۆ سەر زمانێکی دیکە، ئەمەش داینەمۆی داهێنانی ئەو هەموو تیۆرییەیە کە تایبەتن بە وەرگێڕانی شیعر – لە بڕگەی دادێ قسەیان لەسەر دەکەین.

بە سایەی ئەم هێڵکارییەی خوارەوە، زەحمەتیی وەرگێڕانی شیعر ڕوون دەکەینەوە، کە لە توێژینەوەی ئاست بەرزی زانکۆکان هەڵینجراوە:

لێرەدا هێڵی  X  دەقە شیعرەکەیە بە زمانی ڕەسەنی شاعیر، هێڵی Y مەبەستی وەرگێڕەکەیە، هەرچی هێلی a یە بەرهەمە وەرگێڕاوەکەیە. واتا هەرچەند وەرگێڕ بە توانا و زمانزان و شارەزا بێ، هەر دەتوانی لە  %)50( مەبەستەکە بپێكی، دیارە گۆشەی 90 پلە، دابەش بووە بەسەر دوو 45 پلەدا، واتا هێشتا 45 پلە ماوە وەرگێڕ کاری لەسەر بکات. ژمارەی 1 ئاماژەیە کە بە باشی خاڵێکی پێکاوە، ژمارە 2 ئاماژەیە بە پێکانی نیشانەی دووەم، بەڵام تا هێلەکان درێژتر دەبنەوە، پتر پێکانی مەبەستەکان زەحمەت دەبێ و دوورتر دەکەوێتەوە لە دەقە رەسەنەکە. [13]

ڕەنگدانەوەی زەحمەتیی و قورسیی کاری وەرگێڕانی دەقی شیعری، چەند ئاکامێکی خراپ و نەرێنی، لە نیو هەموو نەتەوەکاندا،  لێکەوتووەتەوە، وەک:

 

یەك: کەمی بەرهەم و چاپکردنی کتێبی شیعری وەرگێڕدراو:

داتاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی وەرگێڕانکراو لە جێهاندا، ئاماژە بەوە دەکەن، کە زۆربەی کتێبی شیعری وەرگێڕدراو لە لایەن وەرگێڕەکان، یان زانکۆکان، یان کۆمپانیای بچوک بچوکی چاپ و وەشاندن دەردەچن. لە کۆی ئەو هەموو دەزگا و کۆمپانیا زەبەلاحانەی جیهان، تەنها ناوی 8 دەزگا هاتووە کە کتێبی شیعری وەردەگێڕن و  چاپ و بڵاو دەکەنەوە، ئەوەیش بە ڕیژەی لە %)25( و تیراژی هەر 1000 دانەیەک. تەنها 5 دەزگاش هەنە بەردوام ئەم جۆرە کتێبە چاپ دەکەن. [14]

لە ساڵی 2009 لە ئەمریکا لە نێوان 2200 ناونیشانی کتێبی وەرگێڕدراوە، تەنها 115 کتێبی وەرگێڕانی شیعر بوون، واتا کەمتر لە %)6(. پشکی شێر بۆ ڕۆمان و نوڤڵی بووە. لە وڵاتێکی وەکو سلۆڤێنا لە ساڵی  2010 دا،  300 کتێبی شیعر چاپ کراوە، تەنها 33 یان وەرگێڕانی شیعر بوون، واتا لە %)11( ، لە وڵاتی ئیتالێشدا لە ساڵی 2009 دا، 3769 کتێبی شیعر چاپ کراوە هەر 520 یان وەرگێڕانی شیعر بوون، نزیکەی %)14(.[15]

هیچ ئامار و داتایەکی چاپ و وەشاندنی کتێبی شیعری وەرگێڕدراومان لە هەرێمی کوردستانی باشوور یان لە کوردستان لەبەردەستدا نییە، کە بێگومانە ڕێژەکەی زۆر نزمە.

 

دوو: غەدرێکی ناراستەوخۆ لە شیعر و لە شاعیران:

وەرگێڕان، تاکە ئامراز و زمان و بڵندگۆیە بۆ گەیاندان و ناساندن و وەشاندنی شیعڕی نەتەوەیەک بە نەتەوە و میللەتانی غەیرە زمانی دیکە، کە ڕەنگبێ بەرهەمەکانیان بەرز و مەزن و شاکاری جیهانی بن، بەڵام خەفەکردن و خنکاندنی ئەو بەرهەمە لە نێو قۆزاغەی زۆنی جوگرافیایەکی بەرتەسک، وا دەکات بەرهەمەکە بە جیهانی نەکرێت و نەناسرێت. زۆرجار دەبیستن کە خەڵات وەکو خەڵاتی نۆبل دەبەخشڕیتە هێندێ بەرهەم کە ئاستەکەیان جێگەی گۆمانە و هەراشی ناوەتەوە. بۆچێ؟ چونکە ڕەنگبێ، بەرهەمە شاکارەکان وەرگێڕانی سەر زمانە زیندووەکانی جیهانی نەکرابن و ئەسڵەن کەس نەشزانێ کە ئەو شاعیرە یان شیعرە وجوودیشی هەیە.

 

تیۆرییەکانی پەیوەست بە وەرگێڕانی شـیعر:

Theories Related to Poetry Translation:

کردەی وەرگێڕانی شیعریش، وەک هەموو ژانرە ئەدەبییەکانی دیکە، بە چەندان قۆناغی مێژوویی دا تێپەڕیووە و چەندان تیۆری و ڕێبازی کۆن و نوێی بەخۆیەوە بینیووە. لێرەدا پووختەی هێندێ لە تۆرییەکانی وەرگێڕانی شیعر بەیان دەکەین – دەڵێین هێندێ، چونکە ڕیزبەندەکەی درێژە، هەوڵیش دەدەین  پتر ڕۆشنایی بخەینە سەر ئەوانەی هاوچەرخن؛ نابێ ئەوەش فەرامۆش بکەین، پتر ئەم تیۆرییەانە، وەک لە زاراوەی تیۆرییەکە ڕا دیارە، پتر بابەتی ئەکادیمایین، دەنا بەدەگمە  لالۆی وەرگێڕ، پابەندی ئەو جۆرە زاراوانە دەبێ، ئەسڵەن، هەشە هەر ناویشی بەبیستوون.  هەموو تیۆرییەکانیش تایبەتن بە وەرگێڕانی ئەدەبیی دەقە شیعرەکان، نەک وەرگێڕانی ڕەمەکی و سەرپێی  بێ بنەما و دەستوور.

"ئەندرێ لێفیڤێر Andre Lefevere 1945 – 1996" کە پسپۆڕی لێکۆڵینەوەیە لە وەرگێڕاندا، کەتەلۆکێکی ئامادەکردوە، بۆ چۆنیەتی کاردن لە وەرگێڕان و وەرگێڕانی شیعر بە تایبەتی.  تیۆرییەکانی خۆی بەسەر ئەم ناونیشانەدا دابەشکردوە:[16]

 

وەرگێڕانی فۆنیمی Phonemic Translation :

فۆنینم، لە زانستی دەنگسازیدا، بە  هەریەکێک لە یەکە جیاوازەکانی دەنگ لە زمانێکی دیاریکراودا دەگوترێت کە  کە وشەیەک لە وشەیەکی دیکە جیا دەکەنەوە، وەک "زار/ مار"، وەرگێڕ هەوڵدەدات لە زمانی مەبەست ئەو وشەنەدا بەکاربێنی کە زۆرترین فۆنیم لە خۆ دەگرن، بە مەبەستی هاوتریب بوون یان نزیک بوونەوە لە زمانی سەرەکی دەقە شیعرەکە "سەرچاوەکە".

 

وەرگێڕانی وشەیی : Literal Translation

ئەم تیۆرییە  سەر بە قوتابخانە هەر دێرینەکانە، کە لەسەر هیچ وشەیەک بازنادات، وەک لە ناوەکەی ڕادیارە. ئەم تەرزە وەرگێڕانە بە ئاڵۆزکەری دەق ناسراوە.   

 

وەرگێڕانی  کێشییMetrical Translation :

لێردا ڕۆشنایی دەخێرتە سەر عروزی یان ژمارەی بڕگەی دەقە سەرەکییەکە. وەرگێڕ، هەوڵ دەدا لاسای کێش بکاتەوە کە دەقە ڕەسەنەکەی پێ دارشتراوە. ئیمڕۆ ئەمە لە وەرگێرانی دەقی هایکۆیدا، تاڕادەیەکی باش،  پەیڕەو دەکرێ.

 

وەرگێڕانی پەخشانە شیعری :Poetry into Prose Translation

هەوڵیکە بۆ گۆڕینی توخمی دەقەکە لە شیعرە و بۆ پەخشانە شیعر، بێگومان ئەمەش فێڵێکی هونەرییە، کە وەرگێڕ بە دەقە ڕەسەنەکە ناوێرێت و دەرەقەتی نایە. 

 

وەرگێڕانی سەروادار Rhymed Translation :

وەرگێڕ کاردەکات بە قەستی دووبارە سەروادارکردنەوەی دەقی مەبەست، بە سەروای خۆش و شیاوی فەرهەنگی ئەو زمانەکەی دووەم. لە ئەدەبی کوردیدا، بۆ نموونە، وەرگێڕانەکانی چوارینەکانی خەیام، ئەم تۆرییە پەیرەوکراوە.

 

وەرگێڕانی  بە شیعری ئازاد  Blank Verse Translation:

شاعیر و شانۆنووسی ئینگلیز "فرا لیپۆ لیپی' 'Fra Lippo Lippi، بە باوکی شیعری ئازاد دەناسرێت، کە لە سەدەی شانزدەمەوە شیعری ئازادی نووسیووە. ڕێبازی تەوزیفکردنی شیعری ئازد لە وەرگێڕانی شیعری کلاسیک، ئیمڕۆ، زۆر بایەخی پێدەدرێ و زۆرێک لە شاعیرانی ڕۆژاوا بە پەسندی دەزانن. واتا دەکرێ بڵێن، بۆ وەرگێڕانی دەقێکی مەحوی، پەنا بەرینە بەر شیعری ئازاد. دەقە ڕەسەنەکە، لە زمانی مەبەستدا، بە دەستووری شیعری ئازاد داڕیژینەوە. کێش و ڕتم و ئاوازی هەبێ بەلام سەروادار نەبێ.

 

 وەرگێڕانی ڕاڤەیی  Interpretation Translation:

دەقێکی شیعری بە شێوازی پەخشان لێکدانەوە و ڕاڤەی بۆ دەکرێت، لێرەدا واتا و پەیام و ناوەڕۆکی دەقەکە پارێزراو دەبێت، بەڵام کەرەستە و بنەماکانی دیکەی زمانی شیعری ئاداری لەسەر پاداریدا نامینێ. دەکرێ بە نموونە، هێندێ لە ڕاڤەکانی مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕیس بۆ شیعرەکانی نالی، بخرێتە ژیر ئەم ناونیشانە.

 

وەرگێڕانی زیندووکردنەوەی دەق  Translation Literary Resurrection:

شاعیری ئەمەریکی  ئەزرا پاوند Ezra Pound 1885- 1972 بە بونیاتنەری ئەم تیۆرییە دادەندرێت، ئەو زۆر کاری لەسەر پڕۆسەی وەرگێڕانی شیعر کردوە و پێوابووە کە "شیعر قابیلی وەرگێڕان نییە. دەڵی شیعر کە نووسرا دەمرێت و هیچی لەگەڵ ناکرێ، جا گەر بمانەوەی ئەو دەقە شیعرە وەرگێڕین بۆ زمانێکی دیکە ئەوا، وەرگێڕ دەبێ ڕۆڵی شاعیر ببینێ، بە توانا و لێزانی خۆی ئەو شیعرە مردووە زیندەبکاتەوە، بە داڕشتینی دەقە شیعرێکی خۆی، هەڵگری هەمان ناوەڕۆک و پەیامی دەقە ڕەسەنەکە بێت.

 

وەرگێڕانی ئیمیژیی Imagical Translation:

ئێزا پاوند، ئەم تیۆرییەشی بەلاوە پەسند بوو. شیعر بریتییە لە ملوانکەیەک لە وێنەی هونەری، تێدا ئیمیژیزم باڵا دەستە. جا لە وەرگێڕانی دەقێکدا، قەت لەوە باشتر نییە، وێنە هونەرییەکان یەکە یەکە وەربگریت و وەریانگێڕیت، بەم شێوەیە دەقی شیعرەکە دەگەێنییتە خوێنەری زمانی مەبەست.

 

وەگێڕانی کۆدیی  Encoded Translation:

شوێنکەوتوانی ئەم تیۆرییە دەڵێن، شیعر بریتییە لە قامیتیک کۆدی شاراوە، جا بۆ تەرجەمکردنی لەوە باشتر نییە ئەو کۆدانە بدۆزیتەوە و پاشان وەریانگێریتە سەر زمانی مەبەست. لیردەدا، ڕۆشنایی تەنها دەخریتە سەر ناوەڕۆکی دەق، هەموو کەرەستە و بنەماکانی دیکەی شیعر وەلاوە دەنرێت. ڕەنگبێ ئەم تەرزە وەرگێڕان، شیعر ئاڵۆزتر بکات، چونکە کۆدەکانی دەقی شیعری، بە پیی تیگەیشتن و شارەزای خوێنەر دەگۆڕێت.  ئەوان پێیان وایە شیعر بەرزترین شێوازی دەربڕینی هزری مرۆڤە، بۆیە هانا بۆ ئەم شێوازە دەبەین، بەڵکوو بتوانین پێی پێ ببەین.

 

وەرگێڕانی دووبارە ئەفراندنەوە  Re-creative  Translating:

شیعری ڕەسەن و شاکار بریتییە لە داهێنان، جا ئەم داهێنانە لە هەر قالب و شێواز و ڕەنگ و ڕوخسارێکدا بێ، گەر بمانەوەی ئەم تەرحە شیعرە وەرگێڕێن بۆ سەر زمانێکی دیکە، دەبێ لە نهێنیی داهێنانەکانی بگەین، ئەوکات، کاکی وەرگێڕ با هەوڵی خۆی بدا، هەمان داهێنان بە زمان و شێوازی خۆی دووبارە بکاتەوە. – لێرەدا، مەرجە کە وەرگێڕ شاعیر بێ.

 

وەرگێڕان بە ئیلهامەوە:

"وەرگێڕ بەجارێ خۆی نابەستێتەوە بە دەقەکەوە، بەڵکوو تەنێ ڕاستە هزرەکە لە نووسەرەکە وەردەگرێ، ئەوسا هەمووی بە شێوازی خۆی دەنووسێ، بێ ئەوەی گوێ بداتە وشە و ڕستە و پاش و پێشخستنی واتەکان. بە جۆرێک وا لە پارچەکە دەکات، کە یەکێک خوێندیەوە وابزانێ زادەی بیرێکی بێگانە نییە. بەڵکوو لە قالبێکی  کوردیی خۆماڵییەوە  هاتووەتە دەرێ."[17]

وەک لە سەرەوە  ئاماژەمان پێدا، تیۆرییەکانی وەرگێڕانی شیعر زۆرن، بەڵام، ئێستاش زۆر دەقە شیعر هەیە کە بەهیچکام لەو تیۆرییانە وەرگێڕانی بۆ ناکرێ، یان گەر بشکرێ عەلقە مەلەق دەردەچێ، بۆ نموونە بڕوانە ئەم دەقە شیعرەی شاعیری ئەمەریکی "بێرنشتاین Bernstein  1977 – " هۆنیویەتەوە بە ناونیشانی " I and the"، کە وەرگێڕانی مەحاڵە:[18]

I and the

To that you

It of a

Know was uh

In but is

 

گرفتەکان  لە  وەرگێڕانی دەقی  شـیعردا Problems in Translating Poetry Texts:

پێشتر لە چەند سەرەقەڵەمێکدا، ئاماژەمان بە هێندێ کۆسپ و تەگەرەی سەر ڕێی وەرگێڕانی دەقی شیعر کرد، کە ڕەنگبێ وەرگێڕ ساتمەی تێیدا بکا، لێرەدا ڕۆشنای پتر دەخەینە سەر گرفتە  سەرەکییەکانی ئەم کارە قورسە.

 

یەک:  کێشە زمانەوانییەکان:

زماننزانان هاوڕان کە هێندێ وشەی وەک زەوی، دەریا، باران، درەخت، منداڵ... لە هەموو زمانەکاندا هاوتای هەیە و هیچ گرفتێکیان نییە، لێ کاتێک وشە لە شێوەی هێشوو یان ئیدیۆم بەکار دێ، ڕەنگبێ ماناکەی بە ئاسانی لە زمازنەکەی دیکەدا بەردەست نەبێ و  وشەسازیی فێلمان لێبکات. وشەی "ئاو" دەبێتە "water" لە زمانی ئینگلیزیدا، بەڵام ناکرێ لە وشە ئینگلیزییەکەوە وشەی "ئاوەدانی / ئاو + ە دانی" درووست بکەین. لە زمانی ئینگلیزیدا فرمانی "take" 36 مانا، بە ئیدیۆمەکانییەوە، دەخاتە بەردەست، لە فەرهەنگی کوردیشدا دوو پیتی وەک 'بــا" 12 واتا و ئاماژەی زمانەوانی هەیە، جا دەبێ وەرگێڕ لە بژاردەکانیدا شارەزا و لێزان بێ. ئێمەی کورد، ئەو فەرهەنگەی بۆ شاخ و داخ هەمانە، لە فەرهەنگی عەرەبیدا زەحمەت هاوتای هەبێ، هەروەک، فەرهەنگی ئێمەش، لە وشە و زاراوەی دەریا و دەریاوانیدا، لە چاوی فەرهەنگی ئینگلیزی هەژارە. زۆر ناوی دار و درەخت و گیاندار و شتوومەک و کەرەستە هەیە، یەکێک لە دوو زمانەکەی نییەتی، ئەمە گرفت بۆ وەرگێڕ درووست دەکات، بۆ پێکانی نیشانەی دیاریکراوی نێو دەقەکە.

لە وەرگێڕانی  ئیدیۆم و پەندیشینان و وشەی سەر زاری عەوام و بازاڕیی دەبێ، وەرگێڕ دەسەڵاتی باڵای بەسەر هەردوو زمانەکەدا هەبێ. خۆ قورسترین گرفتی وەرگێڕانی شیعر، چونییەتیی مامەڵەکردنە لەگەڵ زمانی مەجازی شیعر، کە ڕۆحی دەقە، ئەمە چۆن چارەدەکرێ؟

 

دوو: کێشەی جوانناسیی ئەدەبیی:

ڕوخسارێکی دیاری شیعر، کە لەگەڵ زۆر ژانری ئەدەبی دیکەدا جیاوازە، جوانناسیی ئەدەبییە،  کە پتر دەرهاویشتەی زمانی شیعرییە لە مێتافۆر و دەنگ. لە شیعری ڕەسەندا هاوسەنگیی دەنگ هەستی پێدەکرێ و مێتافۆر پەیوەندی بە وێنە بینراوەکانەوە هەیە کە بە تێکەڵکردنی وشەکان دروست دەکرێن، کە ڕەنگە دەنگ و دەست لێدان و بۆن و تامیش ورووژێنن. لە کاتێکدا دەنگ هەر شتێکە کە پەیوەستە بە چاندنی دەنگەوە لە ناو  ئاوازی ناوەوە و دەرەوەی وشە، ڕیتم، ئاوازە، هێز، نەغمە، ئەوانە قابیلی وەرگێڕانکردن نین.  وەک چۆن جوانی ژنێک هەر  جوانی چاو و بڕۆ نییە، بەڵکوو هەموو دەمووچاویەتی و شتی دیکەش، شیعریش هەر وەرگێڕانی وشەکان نییە.

 

سێ: بونیاتی هەیکەلی شیعریی:

بەردی بناغەی شیعر بونیاتەکەیەتی، واتا پێکهاتەکانی، کە دەبێتە نەخشەی داڕشتن و هەڵێنانی کوشک و باڵاخانەی دەقەکە. بونیاتیی شیعری هەر دەقێک سەربەخۆیی خۆی هەیە و هەر شاعرێکیش دەستڕەنگینی و وەستایەتیی خۆی هەیە لە بونیاتنانی دەقدا. تۆی خوێنەری کورد، زۆر بە ئاسانی، بە خوێندەوەی یەکەمی دەقەکانیان، دەزانی کامیان هی 'هێمن" و کامیان هی 'گۆران" و کامیان هی 'شیرکۆ بێکەس"ە. لێرەدا بونیات دەبێتە قیبلەنمای ناسینەوەکان. ئاخۆ لالۆی وەرگێڕ دەتوانی ئەم بونیاتانە لێک جیابکاتەوە و پاشان وەرگێڕیانگێڕی بۆ زمانی مەبەست؟ یان ئەمە مەحاڵە؟

 

 چوار: دەربڕینە مێتافۆرییەکان:

دەرکێ ئەمە لە دوو گۆشەوە سەیر بکرێت، میتافۆرە تەقلیدییەکانی بە وشەی "وەک؛ وەکو؛ چەشنی..." بەراوردی ڕاستەوخۆ دەکرێن لە بونیاتی وێنەی بینراو، دەنگ، دەست لێدان و تام و چێژ ... تاد، گرفتیان نییە لە وەرگێڕاندا، بەڵام، ڕاگوستەنەوەی مانا و پەیامی میتافۆرە مەجازییەکان زەحمەتە. ئاخۆ بۆ خوێنەرێکی ئینگلیز، ئەم کۆپڵە شیعرەی قوبادی جەلیزادە، دەبێ چ واتا و پەیامێکی هەبێ؟ ئەسڵەن، دوورنییە بە بیرۆکەیەکی بێمانای تێبگەن، بەڵام بۆ خوێنەری کوردی، ئەوا دیمەنی کارەساتبار و مەرگەستان و زوڵم و غەدر و نامرۆڤایەتیی نیشاندەدا و تێدەگا شاعیر مەبەستی چییە:

پڕاوپڕ لە خوێنی کۆڵبەر؛
جێ سمی بارگیرەکان. [19]

لەو نموونەی سەروەردا، میتافۆڕەکە، قالبە تەقلیدییەکەی شکاندوە و لە شێوەی مێتۆنیمی (Metonymy) دا خۆی دەنوێنی، کە ئەمەش  بریتییە لە قسەکردن دەربارەی شتێک،  کە تێیدا وشەیەک جێگرەوەی وشەیەکی دیکەیە کە پەیوەندییەکی نزیکی پێوەیە. "گۆڕستانی چراکان"، بەکارهێنانێکی مێتۆنیمییە، نە "گۆڕستان" گۆڕستانە و نە "چراکان" چران، خوێنەری کورد ڕاستەوخۆ، زەینی بۆ قەستی شاعیر دەچێ، بەڵام بۆ خوێنەرێکی فەرەنسی ئەمە پەرواێزی گەرەکە، دەنا دەقە بەرزەکەی 'شێرکۆ بێکەس" بۆ ئەو هیچ ناگەێنێ.

 

پێنج: گرفتی گواستنەوەی دەنگ:

پێشتر ئاماژەمان بە بایەخی دەنگ دا لە وەرگێڕانی دەقی شیعریدا، بەداخەوە لە سێ بنەما سەرەکییەکەی دەقدا: بونیات؛ میتافۆر؛ دەنگ، زۆرجار لە وەرگێڕاندی دەقدا، دەنگ دەبێتە قوربانی. دەبێ چۆن ئەم دەقە شیعرە ئینگلیزییە، بە هەمان دەنگ و ئاوازەوە ماناوە وەرگێڕانی کوردی بکرێ؟

Are you the bubble-bubble gum?

Are you the jumble-jumble hum?

[20] Are you the rumble-rumble drum?

یاخود بە چ شێوەیەک " گۆرانی کەو"ی 'گۆران" وەرگێڕانی بۆ دەکرێ بۆ زمانێکی وەکو عەرەبی یان ئیتالی... تاد؟

قەقبە، قەقبە، قەقبە، قەق

شاخی بەرز و بەردی ڕەق

جێگای چێڵە و جێگای بەق

قەقبە، قەقبە، قەقبە، قەق [21]

ئاخۆ چەندە وەرگێڕ دەسەڵاتی بەسەر زمانی مەبەستدا هەیە، کە بتوانی ئەو جوانی و ئاواز و ڕێکخستن و ڕەوانبێژییەی لە دەقێکی ناسکی وەک ئەمەی "هێمن"دا هەیە وەستانە بگوازێتەوە؟

لەو دەمەی ڕا دڵم لێی داوە بۆ ژووان

من دێوانەی چاوی جوانم، چاوی جوان

گەرچی خەڵکی وڵاتی چاو جوانانم

چاوی جوانم نەدی تێر بەچاوانم[22]

 

شەش: گرفتی جیاوازیی کەلتووریی:

لە بەڕگەیەکی پێشتر گوتمان دەقی شیعری دەرهاویشتی خەیاڵ و هزری شاعیرە لە پێگەیەکی جۆگرافیایی کە خاوەن کەلتوور و ژینگە و داب و نەریتی خۆیەتی.  جا دەبێ وەرگێڕ چەندە بە ژینگەی کەلتووری ئەم دوو زمانە :زمانی سەرچاوە و زمانی مەبەست، شارەزا بێ.  چونکێ لە ڕاستیدا وەرگێڕان کارێکە بە مەبەستی تێکەڵکردن و ئاوێتەکردنی دوو کەلتوور لە پێناو گەیاندی ناوەڕۆکی دەقێک، دەبێ ڕێگایەک یان ئامرازێک بدۆزینەوەی بۆ ڕاگواستەنەوەی ئەم کەلتوور لە ڕێی وەرگێرانی وشەیی، گواستنەوە، بە سروشتیکردن، هاوتای کولتووری، هاوتای کارایی، هاوتای وەسفکردن، پۆلێنکردن، شیکاریی پێکهاتەیی،  قرتاندن، زیادکردن، کەمکردنەوە و هاوواتا.[23]

 بۆ نموونە ناو هێنانی" کەوش" لە دەقە شیعرێکی کوردیدا، بۆ سووکایەتی پێکردن و شکاندنەوەی کەسێک، لە لای خوێنەرێکی فەرنسی یان ژاپۆنی، هیچ مانایەک نادات، چونکە "پێڵاو" لە کەلتووری کوردیدا، چەندان واتا و ڕەمز و کۆد هەڵدەگرێ، کە ڕەنگە لە کەلتووری هێندێ نەتەوەی دیکەدا، بە جۆرێکی دیکە بێ. ڕەنگبێ" پیڵاوەکە" دەبێ بکرێت بە 'كڵاو و شەبقە".  ژنی تازیەدار لە ڕۆژهەڵات، پۆشاکی ڕەش دەپۆشی و ڕەشپۆش دەبێ، بەڵام لە کەلتووری هیندستان ژنی پرسەدار سپی دەپۆشی و سپییپۆش دەبێ... زۆر نموونەی دیکەش هەن.

بۆیە لە زانستەکانی  وەرگێڕاندا، وەرگێڕانی فەرھەنگی یان کولتووری چەمکێکە کە لە زانستە کلتورییەکان دا بەکار دەھێنرێت و بە واتا یانێ پڕۆسەی گۆڕانی زمانیی یان بە ھەر بیچمێکی دیکە لە نێو فەرھەنگدا. ئەم چەمکە وەرگێڕانی زمانیی وەکوو ئامێرێک یان مێتافۆرێک بەکار دەھێنێت لە شیکردنەوەی سروشتی گۆڕان لە فەرھەنگەکاندا .[24]

 

ئەزموونی نەتەوەکان  لە وەرگێڕانی شیعردا :

Experiences of Nations in Poetry Translation:

شیعر لە سەردەمی کۆنەوە، لە سەرانسەری جیهاندا وەرگێڕدراوە. لە چین، وەرگێڕانی دەقی  شیعر دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی پێش زایین یان پێشتر. لە ئەوروپا، لانیکەم تا سەدەی یەکەمی زایینی، شیعری یۆنانی دەکرایە سەر زمانی لاتینی.   شیعری پەرستش لە نێوان زمانەکانی هیندستان لە سەرەتای هەزارەی یەکەمی زایینیدا وەرگێڕدرابوون. باسی بنەماکانی وەرگێڕانی شیعر، لە ئەوروپا، لە سەردەمی ڕۆمانییەوە ماونەتەوە – بۆ نموونە. ئارس پۆیتیکای هۆراس (19-17 پێش زایین). لەگەڵ سەرهەڵدانی وەرگێڕان بۆ ناو زمانە ڕەسەنەکانی ئەوروپی و لە نێوان زمانە ڕەسەنەکانی ئەوروپی لە سەردەمی ڕێنێسانسدا، هەروەها سەرهەڵدانی مشتومڕی نووسراو سەبارەت بە بنەماکانی وەرگێڕانی شیعر هەبوو، بە شێوەیەکی سەرەکی لە پێشەکییەکانی وەرگێڕاندا – مشتومڕێک کە تا ئێستا لە سەرانسەری جیهاندا بەردەوامە. لەگەڵ وەرگرتنی دیسیپلینی ئەکادیمیی, توێژینەوەکانی وەرگێڕان لە ماوەی کۆتایی سەدەی بیستەمدا، بنەما و مشتومڕ و مۆدێلەکانی ئێستا لە وەرگێڕانی شیعردا، کاریگەرییان لەسەر بنەمای تیۆری دیسیپلینەکە هەبوو. [25]

عەرەبەکانیش لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئیسلامەتیدا بە گەرمییەوە دەستیان دایە وەرگێڕانی  کتێبەکانی یۆنان و ڕۆمان و سریان و هیند و فارس بۆ سەر زمانی عەرەبی. ئەوروپاییەکانیش لە سەتەکانی نێوەڕاستدا بەشێک لە میراتی نەتەوایەتی عەرەب و  ئێرانییەکانیان وەرگێڕایە سەر زمانەکانی خۆیان، بەوە مەشخەڵی هزریان بەرەوە پێشەوە برد.[26]

بێگومان لەگەڵ داهێنانی ئامێری چاپکردن، وەرگێڕان بەگشتی لە هەموو جیهاندا گەشەی سەند، سەرەتای سەدەی نۆزدە و بیست، دواتریش داهێنانی تەکنەلۆژیایی دیجیتەڵی و کۆمپیوتەر، سەر لەبەری  هۆنەر و بەرهەم و وەشاندنی وەرگێڕانی بە تیژڕەوویەکی خێرا بەرە پێشەوە برد.

سەرەتا وەرگێڕانەکانی دەقە شیعرەکان، بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونی کەسی بوون، دواتر هێندێ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی زەبەلاح ئەو ئەرکەیان گرتە ئەستۆ، لێ هەوڵە تاکە کەسییەکانیش هەر بەردەوامن.

بەگشتی، نەتەوەکانی ئەوروپایی چالاکتر و زیندووتر بوون لە کاری وەرگێڕانی شێعردا، بۆیە ئەوان خاوەن ئەزموون کارامەیی و شارەزاییەکی باشن.

ئیمڕۆ شیعری وەرگێڕدراو بە شێوازی جۆراوجۆر ئامادە دەکرێ؛ لە کۆر و سیمینار و فێستیڤاڵەکاندا، لە ئێوارەکانی شیعری یان نمایشکردنی کتێب، چونکە زۆربەی شیعرە سەرچاوەییەکان لەلایەن شاعیرانی زیندوون، زۆرجار شاعیری سەرچاوە و وەرگێڕ بە یەکەوە دەخوێننەوە، ئەو جگە لەو دەقانەی لە  گۆڤاری شیعر یان  گۆڤاری ئەدەبی،  یان ئەنتۆلۆژیادا بڵاودەکرێنەوە. بڵاوکراوە نافەرمییەکانیش، وێب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتەوە کە هەم وەرگێڕ و هەم خوێنەری زۆریان هەیە.

 زۆرجار، بەرهەمە شاکارەکان چەندان جار وەردەگێڕدرێن، بۆ نموونە شیعرەکانی "پابلۆ نیڕۆدا  Pablo Neruda 1904  1973" تاوەکو ئێستا 37 جار وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی.  دەستبردنی ئەو هەموو وەرگێڕە بۆ یەک بەرهەم، نیشانەی ناڕازی و نا بەدڵێ وانە لەو وەرگێڕانانەی کە کراون، هەر یەکێکیان هەوڵ دەدەات، وەرگێڕانەکەی خۆی شاکار بێت. ئەمە بووە هاندەر بۆ دروستکردنی 'گرووپی وەرگێڕان" واتا چەند وەرگێڕیک بەیەکەوە بەرهەمێکی شیعری وەردەگێرنە سەر زمانێکی مەبەست. ئێستا یەکێک لە وەرگێڕانەکانی بۆ شیعرەکانی پابلوو نیڕۆدا ئەنجامدراوە، کاری دەستەجەمعییە، پێنج وەرگێڕ بەیەکەوە سەریان پێکەوە ناوە و کارەکەیان ئەنجامداوە.

لە کتێبی" شیکاریی گرووپی چارەسەری" بەم شێوەیە قسە لەسەر گرووپی وەرگێڕان دەکات:" بەشدارکردنی گرووپێک لە وەرگێڕ لە کارێکی لەم جۆرەدا، یارمەتیدەرە، توانستیی تێگەیشتن و دەربڕین و گوزارشتکردن، پتر لە قالبی لۆژیکی و عەقڵانیدا دابرێژێت. تیۆری شیکاریی گروپی  وەرگێڕان  وەک بەشێک لە پڕۆسەی پەیوەندیکردنی هزری  دەناسێتەوە" [27]

لەمەش پتر، هەر لە پێناو گەیشتن بە جوانترین و باشترتین وەرگێڕان، کتێبخانەی گۆنگریسی ئەمەریکی کە نزیکەی 38 ملیۆن ناونیشانی کتێب لە خۆدەگرێ، بەشێکی تایبەتی دامەزراندەوە بۆ هاوکاریی سەرتاسەری جیهانی لە کاری وەگێڕاندا. لە ساڵی 2006ەوە، دەستی بە پڕۆژەی WDL " کتێبخانەی دیجیتاڵی جیهانی World Digital Library" کردوە  و پێشنیاری کردوە بۆ کۆمیسیۆنی نیشتمانی ئەمریکا، بۆ یونسکۆ. چەمکی پشت پڕۆژەکە بریتییە لە دابینکردنی دەستڕاگەیشتن بە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە کولتوورییە گرنگەکانی وڵاتانی جیاواز، بەمەش هۆشیاریی نێوان کولتوورییەکان بەرەوپێش دەچێت. یونسکۆ پێشوازی لە پڕۆژەی" WDL " کرد و بۆ ڕای گشتی خرایە بازاڕەوە، ماڵپەڕەکە بە حەوت زمان بڵاودەکرێتەوە، کە بریتین لە شەش زمانی فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان: عەرەبی، چینی، ئینگلیزی، فەرەنسی، ڕووسی و ئیسپانی، هەروەها زمانی پورتوگالی. "WDL" بەخۆڕاییە و بەڵگەنامە کولتوورییە گرنگەکانی کولتوور و نەتەوەکانی سەرانسەری جیهان دەخاتە بەردەست.[28]

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەندا، بەیروت و قاهیرە، ناویان هەبوو لە وەرگێڕاندا بە گشتی و وەرگێڕانی شیعریش، ئێرانیش لەم دوو دەیدی دواییدا، عەمبازی مەزنی ناوە  و بە هەزاران ناونیشانی جیهانی، وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی و کتێبخانەکانی خۆی پێ دەوڵەمەند کردوە.

 

کام شـیعر بژاردەی وەرگێڕانە؟:

Which Poem is the Translation Option؟

چەند کارامەیی و شارەزایی و ئەزموونی وەرگێڕ لە کاری وەرگێڕاندا بایەخدار و پێویستە، هێندەش دیاریکردن و هەڵبژاردنی دەقی شیعر، بۆ وەرگێڕانەکە  بایەخدار و بەرهەمدارە.

لێرەدا، قسە و باس، لەسەر ئەدەبی کوردییە. وەرگێڕ، دەبێ یان کورد بێ و لە زمانەکەی 'مەبەست" دەزانێ و لێی شارەزایە، یان غەیرە کوردە، زمانی خۆی دەزانێ و لە زمانی کوردیش شارەزایە و دەیزانێت. بۆ هەردووکیان زۆر گرنگە بزانن کە چ دەقێکی شیعری هەڵدەبژێرن  و وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە:

دەقەکە لە زمانی سەرچاوەدا چەند داهێنەرانە و شاکارانەیە و شاعیر وەستایەتی تێدا کردووە.

بۆ زمانی مەبەست، چەندە جێی بایەخە و خوێنەرانی بەرز دەینرخێنن  و پێی شاگەشەدەبن و داهێنانی نوێ ئیزافەی ئەدەبی  زمانەکەی " مەبەست" دەکا.

من بۆ خۆم، لە دیوانێکی 700 لاپەڕەیی شاعیرێکدا، هەرچەندی کردم و کراندم دوو دێرە شیعرم پێ دەست نیشان نەکرا کە شیاوی ئەوەبێ وەریگێڕمە سەر زمانی ئینگلیزی، لە کاتێکدا دەقەکان، بۆ خوێنەری کورد بەجێ و جوان و پەسند بوون. چونکە کەلتووری ئینگلیز، ناوەڕۆکی دەقەکانی ئەم دیوانە شیعرەی پێ هەرس ناکرێ و لێی حاڵی نابێ.

کەواتە، باشترتین و کورترین ڕێگا بۆ دەستنیشانکردنی بژاردەی شیعر، بۆ وەرگێڕان، چ لە زمانی کوردی بۆ زمانەکانی غەیرە کوردی، چ لە زمانی بێگانەوە بۆ سەر زمانی کوردی؛ ئەوەیە دەقی شیعری گەردوونی هەڵبژێرین.

چەمکی ئەدەبیی ناوچەگەرایی، دەوارێکە کۆبەرهەمی هەرچی قەڵەم هەیە، بەدەر لە زمان و شێواز و ئاست و بیرۆکە و خەیاڵ، لە ژێر ئەستوونگی خۆیدا کۆ دەکاتەوە. بە واتایەکی دیکە، کۆبەرهەمی ئەدەبی، بە شیعریشەوە، زادەی کانیاو و گڕکان و شەپۆڵ و کێڵگە و کازیووەی دەڤەر و ناوچە و هەرێمێکی دیاریکراون لەم گەردوونە بێسنوورەدا. ئەوەی سنووربەند و شوورەی ئەو لۆکاڵییە دەشکێنێت و دەیگەێنێتە دوورترین خاڵ کە مرۆڤ پێی لەسەر دانابێ، نە ئامرازە پێشکەوتووەکانی میدیا و نە ئامێرە تەکنەلۆژیا سەردەمییەکانن، بەڵکوو ئەدەبییەتی ئەو ئەدەب و شیعرییەتی ئەو شیعرەیە. ناوچەگەڕایی لە ئەدەبدا، شیعریش وەک پەریزادی ئەو ئەدەبە، چەمکێکی پیرۆز و مەزن و داهێنەرانەیە، نەک هەڵگری خەوش و کەمایەسی و گرێ و پاشاگەردانی.[29]

دیارە، ئەدەبیی ناوچەگەرایش، بەبێ هزر و خەیاڵ و داهێنانی ئەدیبی ئەو ناوچەیە مەیسەر نابێ. گەشترین خاڵی درەوشاوە لە شیعردا لەوەدایە، کە  هەڵگری  ڕۆح و پەیامی مرۆڤدۆستی و مرۆڤبینی بێت و  گەردوونییەت لە خۆدیدا بگرێ. لەم حاڵەتەدا دەکرێ دەقە شیعرێکی  لۆکاڵی، وەک شاکار،  بۆ شاکارێکی گەردوونی وەرگێڕدرێ بۆ زمانەکانی دیکە. ئەمە لە وەرگێڕانی دەقی شیعری شاعیرە غەیرە کوردەکانیش هەر وایە، کاتێک دەقێک وەردەگێڕدێت بۆ سەر زمانی کوردی، دەبێ ژینگە و کەلتوور و ئاستیی ڕۆشنبیری و مەعریفی و ئەدەبی کومەڵگای کوردی حیسابی بۆ بکرێ. چەند دەقی شیعری شاکار هەیە لە ئەدەبی نەتەوەکاندا، بەڵام ڕەنگبێ، پتر شاکارییەکەیان لە بازنەی نەتەوایەتیی خۆیان دابێ.

جوانترین و باڵاترەین شاکاری شیعریی، کە بۆ ڕۆحی بەرزەفڕی قازی محەممەدی پێشەوا نووسرا بێ، بۆ خوێنەرێکی ئەڵمان، یان بەرازیلی، بایەخێکی هێندە مەزنی نییە، وەک ئەو بڵێسە و حەماسەتەی لە دڵ و دەروونی خوێنەرێکی کورد دا دایدەگیرسێنێت.

لەم سەردەمەدا، ئەدیبانی هزرمەند و بلیمەت و بەهرەمەند، کووشتەی داهێنانی بەرهەمی نوێن و هەمیشە فکر و خەیاڵیان ئەوە دان چۆن کلیلی دەرگای داهێنانە دانەهێنراوەکان وەدست بێنن. ئەم پێشکەوتنە لەخەیاڵبەدەرەی تەکنەلۆژیای سەردەمیش، تەواو ڕێخۆشکەرە و یاریدەدەرە بۆ دۆزینەوە و دەستهێنانی ئەو کلیلانە. جیهان گوندێکی بچووکە و مرۆڤەکان هەمووی درواسێی یەک کوچە وکۆڵانن، شتێک نەماوە نهێنی و پەنهان بێ لە نێوانمان. بۆیە ئیمـرۆ بەرهەمی ئەدەبی گەردوونی، لە هەموو چەشە ئەدەبییەکاندا ــ بەتایبەتی لە جیهانیی شیعردا، جوان جوان خۆی دەنوێنی.

(Timothy Brennan)، پڕۆفیسۆری ئەدەبی بەراوردکاری لە زانکۆی (Minnesota)، بە وردی زاراوەی ئەدەبی گەردوونی (Cosmopolitanism) پێناسە دەکات و لە ئەدەبی جیهانی (Literature World)  جیای دەکاتەوە. لە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکانی زۆر لە نووسەر و ڕەخنەکارانی کورد، زاراوەی ئەدەبی جیهانی بە شێواوی پڕاکتیزە دەکرێ. وەک ئاماژەکردن بە بەرهەمی شاعێرێک و پێناسەکردنی وەک دەقێکی جیهانی. لە کاتێکدا ئەدەبی جیهانی "گوزارشت لەو ئەدەبە لۆکاڵە خۆجێیە دەکات، کە بەبێ ڕەچاوکردنی بوونی بەهامەزنەکان و ئەزموون و جوانناسی و مرۆڤدۆستی لە بەرهەمێکدا، بۆ دەرەوەی سنووری جوگرافیی خۆی هەناردە دەکرێت و بڵاودەبێتەوە. بە واتایەکی وردتر، وەک ماڕکەیەکی بازرگانی، ئەو بەرهەمە دەخرێتە کتێبخانەکانی جیهان، ئەمەیش لەگەڵ کۆلۆنیزمی ئەوروپی سەری هەڵدا کە لە دەوری سەدەی حەڤدەمەوە ئینگلیز و ئیسپان و پورتگال و فەرەنسا، دواتریش ئیتالیا و ئەڵمانیا، پەلکێشیان کردە سەر وڵاتانی ئەمەریکای لاتین و ئەفریقیا و بەشێکی ئاسیا. جا کە ئەم وڵاتانە زمانی خۆیان کردە زمانی فەرمی زۆر لە کۆلۆنێلەکانی خۆیان، لە سەدەی هەژدەمدا دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی خۆیان وەک بەرهەمێکی ئەدەبی جیهانی. هەرچی ئەدەبی گەردوونییە، گوزارشت لەو بەرهەمە ئەدەبییە دەکات کە هەڵگری قامتێک خەسڵەتی تایبەتە، بە بێ ئەوەی بپرسی خاوەنەکەکەی کێیە و سەر بە چ نەتەوەیەکە و لە کوێ نووسراوە. بەواتایە، ئەدیب و شاعیر، هەڵگری ناسنامەی جیهانین، ئەوان تۆمارکەی ژان و خەم و نەهامەتی و کۆست و برسییەتی و خۆشی و جوانی و خۆشەویستیی هەموو خەڵکی سەر ئەم زەمینەن، بەبێ فەرق و جودایی لە زمان و ئایین و ڕەگەز و ڕەنگ و نەتەوە...تاد. کە دەقە ئەدەبییەکە وەرگێڕانیەکی جوان دەکرێ، خوێنەر، ئەگەر بەڕازیلی، ژاپۆنی، فەرەنسی، فارس، یان قۆقازی بێ، وا هەست دەکات، ئەو دەقە ڕێک بۆ ئەو نووسراوە."

ئیمڕۆ، ئەدەبی کوردی، تۆمارگەی پەخشان و شیعرەکانی، بەرهەمی ئەدەبی گەردوونی تێدایە، لێ لەبەر خاوی و لاوازی و بەهەندوەرنەگرتنی وەڕگێرانیان بۆ سەر زمانەکانی غەیرە، تا ڕادەیەک وەلاوە نراون و شاردراونەتەوە. نەبوونی لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەکادیمیانەی تۆکمە و هاوچەرخ و داهێنەرانە، کۆسپێکی دیکەیە لەبەرم ناساندن و سنوورشکاندنی ئەو بەرهەمە گەردوونییە کوردیانە.[30]

دووبارە، جەغت دەکەینەوە، کە وەردگێڕ دەبێ چەندان بار پرسیار لە خۆی بکات، ئایا ئەو دەقەی هەڵیدەبژێرێت بۆ وەرگێڕان، شایستەی وەرگێڕان و بەرهەمەکەیە؟ قازانج و زیانی، چی دەبێ؟

 

شـیعری کوردی لە ڕەوتی وەرگێڕانی هاوچەرخدا:

Kurdish Poetry in the Process of Contemporary Translation:

بە ویژدانەوە، دەڵێین، کە ڕەووتی وەرگێڕانی شیعر، لەسەر ئاستی جیهانی، تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی وەکو ڕۆژاواشدا، کز و لاواز و کەم بەرهەم بێ، ئەوا گلەیی زۆر لە ئەدەبی کوردی هاوچەرخ ناکرێ.

چاپ و چاپخانە، هێندە لەمێژ نییە گەیشتووەتە کوردستان؛ کوردی زمانزانی  زمانی بێگانەش، ژمارەکەیان زۆر کەم بووە، غەیرە کوردیش، کە شتێکی وەرگێڕابێتە سەر زمانی کوردی، یان بە پێچەوانەوە، ئەوا هەر ئەو چەند گەریدە و ڕۆژهەڵاتناسانەن، کە ناوەکانیان زانراوە.

ئەوەشمان لە بیر نەچێ، کە ئەگەر وەرگێڕیش لە مەیدانەکە حزووری هەبووبێ، بەرهەمی کوردیی  زۆر باڵا، بۆ زمانی بێگانە، هێندە زۆر نەبوون. کەم خوێنەری بێگانە هەیە، سەرسام بێ بە شیعری وەفایی یام قانیع، یان هەژار... .

زانیارییم لە بەردەست دانییە، کە یەکەم دەقی شیعری وەرگێڕدراوی کوردی بۆ زمانی بێگانە کامیانە، بەڵام دەزانم کە بەرهەمە وەرگێڕداروەکانمان زۆر کەمن، لە چاو خۆیان.

دەکرێ ئەم دوو دەویەی دوایی، ئەم سەدەیە، بە چاخی زێڕێنی وەرگێڕانی شیعری کوردی ناوزەند بکەین- هەرچەند وەرگێڕانی ژانری ڕۆمان سەرتۆپە.

کۆچ و ئاوەرەیی و بڵاوبوونەوەی ڕەوەندی کوردی لە هەر چوار ئیقلیمی جیهان، لە لایەک و، زۆری کۆلێژ و پەیمانگەی زمانەوانی و بەشی وەرگێڕان لە کوردستانی باشوور  و تێکەڵبوونی بێگانە بە کورد، چ لە دەرەوە و چ لە ناوەوە، ڕێخۆشکەر بوون، بۆ گەشانەوەی ڕەووتی وەرگێڕانی کوردی – لە ناویشیدا وەرگێڕانی شیعر.

بەڵام، بۆ مێژوو، دەبێ ددان بە چەند حەقیقەتێکدا بنێن، گەر تفت و تاڵێش بن:

 ئەو وەرگێڕانەی کورد، کە شیعر وەردەگێڕن، چ بۆ زمانی کوردی، چ لە زمانی کوردییەوە بۆ بێگانە، ژمارەیان کەمە.

لە زۆری بەرهەمە وەرگێڕداروەکان کرچ و کاڵی و لاوازی زمانەوانی و ئەدەبی بە زەقی دەبینرێت.

ڕەخنەی ئەدەبی لە وەرگێڕانی شیعر و ڕەخنەکاری وەرگێڕی شیعر، لە ناو کوردان، یان نییە، یان زۆر دەگمەنە.

هیچ ئامار و سەرچاوەیەکمان لەبەر دەست نییە، تا بزانین، خوێنەری غێرە کورد، چۆن شیعری وەرگێڕدراوی کوردی بۆ زمانەکەی ئەو، هەڵدەسەنگێین و دەنرخێنن.

توێژینە و لێکۆڵینەوە، لە سەر  شیعری وەرگێڕدار و لە خودی وەرگێڕ، زۆر کەمە.

کتێب و گۆڤار، دەربارەی وەرگێڕان بە گشتی، بە زمانی کوردی کەمە، جا دەربارەی وەرگێڕانی شێعری کوردی – من ، هیچم نەکەوتووەتە بەرچاو.

شیعری کوردی بە نمرەی یەک، لە باشووری کوردستان، وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی عەرەبی ئەوجا فارسی، لە ڕۆژهەڵاتێشدا، بۆ سەر زمانی فارسی. وەرگێڕان بۆ سەر زمانی ئەوروپایی، بە تایبەتی بۆ زمانی ئینگلیزی، بە پلەی سێیەم دێ.

بەرهەمی غەیرە کوردی، بە قەڵەمی وەرگێڕی غەیرە کورد، بە دەگمەن دەبینرێن، بەرهەم بکەنە کوردی.

ڕۆڵی کۆلێژ و پەیمانگەکان، کە بەشی وەرگێڕانیان هەیە، زۆر کز و خامۆشە لە ڕەووتی وەرگێڕانی شیعری کوردی بە تایبەتی و ئەدەبی کوردی بە گشتی.

وەزاڕەتی ڕۆشنبیری و وەزاڕەتی خوێندنی باڵا و وەزاڕەتی پەروەردە و دەزگا ئەکادیمییە زمانەوانییەکان، سارد و سووڕن، لە گەشاندنەوەی ڕەووتی وەرگێڕان. نەمبیستووە، دەزگایەک، حەقدەست  و مزەی وەرگێڕانی کتێبێکی بەخشیبێتە وەرگێڕێک، وەک لە وڵاتاندا هەیە.

ئەو چاپخانە و دەزگای پەخش و بڵاوکردنەوە و کتێبخانە ئەهلیییانەی لە هەرێم هەنە، پتر، بە قەستی  بازرگانی و قازانجی ماددی خۆیان  گرنگی بەوەرگێڕان دەدەن.

ئەگەر، لە دەزگایەکی حکوومی، پشتیووانیی وەرگێڕ بکرێت و بەرهەمیشی بۆ چاپ بکرێ، خزم خزمێنە و شارچییەتی و حیزبایەتی و واستەکردنی، دەستی خۆی تێدا دەبینێ.

تاکو ئێستا هیچ، کۆنفڕانس و ڤێستڤاڵی نێودەوڵەتی، لە سەر" پڕۆژە و بەرنامەی وەرگێڕانی شیعر، لە کوردستاندا ساز نەکراوە، گەرچی نزیکەی 35 زانکۆمان هەیە، جگە لە دەزگا ئەکادیمی و وەزاڕەتە بەرپرسەکانی ئەم بوارە.

وەرگێڕانی بەرهەمی شیعرەی، لە کوردستان و لە دەرەوەی کوردستان، تا ئەم ساتەوەختەم پتر ڕەنج و ماندووبوون و شەونخوونی تاکە کەسییە، وەرگێڕ، بۆ خۆی بەرهەم هەڵدەبژێت و هەر بۆ خۆشی وەریدەگێڕێ و هەر خۆشی خەرجی چاپکردنی دەگریتە ئەستوو – بە گشتی.

تاکو ئێستا، نە توانراوە، فەزایەکی گەش و کراوە بۆ خوێنەری کورد ساز بکرێت، تا خوو بداتە خوێندنەوە و گەڕان بەدوای بەرهەمی شیعری وەرگێڕدراو دا.

 

باشترە وەرگێڕی کورد  چی بکات؟ What Should a Kurdish Translator Do؟

نووسەر و زمانناس و ڕۆشنبیر، دیاکۆی هاشمی، لەم لینەکەی ئینتەرنێتدا" بڕوانە سەرچاوەکان"[31]، زۆر لێزانانە، هەموو مەرج و خەسڵەت و کارامەییەکانی ئەو کەسەی دەستنیشان کردوە، کە خوو دەداتە وەرگێڕان و دەیەوێت ببێت بە وەرگێڕ، با لێرە، ئەو ڕیزبەندە دووبارە نەکەینەوە، کە هەموو خاڵەکان شیاو و بەجێ و پەسند و پێویستن... .

لێرەدا، من چەند خاڵێک، بۆ ئەو وەرگێڕە ئیزافە دەکەم کە مەیلی وەرگێڕانی دەقی شیعری هەیە، لە زمانی کورییەوە یان بۆ زمانی کوردی.

یەک: من هاوڕام لەگەڵ وتەکەی شاعیر و وەرگێڕی ئەمەریکی ئیزرا پاوند، کە دەڵێ: مەرجە، وەرگێڕی دەقی شیعری، بۆ خۆی شاعیر بێ". چونکە وەرگێڕانی دەقی شیعری وەکو ژانرەکانی دیکەی ئەدەب نییە. بڕوانە چەند جوانی ئەم خاڵە ڕوون کراوەتەوە:

"ساموێل جۆنسۆن  Samuel Johnson1709 – 1784" نووسەری ئینگلیز دەڵێ:" شیعر قابیلی وەرگێڕان نییە، ئەگەر وابووایە، بۆ خۆمان ماندوو دەکرد، تا فێرە زمان بین. تەنها شاعیرە خولقێنەری زمانی شیعر و کەسی دیکەی ئەوەی پێناکرێ."[32]

دوو: وەرگێڕی کورد باشترە، دەقە وەرگێڕداراوەکەی خۆی نیشانی وەرگێڕێکی دیکەش بدات و بەراوردیان بکەن. ئەوجا کەسێک، شارەزا لە زمانی مەبەست پێداچوونەوەی بۆ بکات. واتا من ئەوە دەقەی تەرجەمەی دەکەم بۆ ئینگلیزی، باشترە  نیشانی وەرگێڕێکی دیکەشی بدەم کە کورد بێ، پاشان با ئینگلیزێک، یان ئینگلیزیی زانێک، پێداچوونەوە بۆ دەقەکانمان بکات.

سێ: خاڵی سەرەوە، بۆ ئەو وەرگێڕەشە، کە دەقی شیعری بیانی دەکاتە کوردی.

چوار: باشترین.  دەستۆر و میتۆد بۆ وەرگێڕانی شیعر، وەرگێڕانی دەستەجمعییە." باشترە وەرگێڕی شیعر،  ڕاوێژپێکراوی خۆی هەبێ، وەک تیمێک کار بکەن، جا دەکرێ ئەو تیمە لە وەرگێڕ، پێی بگوترێ – هاووەرگێڕ، بەرهەمەکەش  هەر بە ناوی ئەو تیمە بڵاوبکرێتەوە."[33]

پێنج: دەبێ وەرگێڕ ئەم دوو خاڵە لەبەر چاو بگرێ. لە لایەک ئەو مامەڵە لەگەڵ زمانێک دەکات کە بەرزترین ئاستی هاوواتایە لە هەموو ئاستەکاندا، بۆیە کەشفکردنی کۆدەکانی ئەو زمانای شاعیر پێویستە. هەروەها دەبێ بە جۆرێک پەیوەندییەکی هاوسۆزی لەگەڵ شاعیرەکەدا هەبێ، واتا هەم  هەست و هەمان حاڵەتە دەروونییەکەی ئەو  ئەزموون بکات.

دەبێ وەرگێڕ ئەوە لەبەر چاو بگرێ کە ڕەخنەکاری بەرهەمەکەی ئەو خوێنەرە؛ ئەو نمرە بۆ کارەکەی ئەو دادەنێ، نە خۆی.

ئێستا بە بە چاوێکی ڕەخنەکارانە سەرنج لەم چوار وەرگێڕانەی یەکێک لە چوارینەکانی  "خەیام 1048 – 1131" بدەەین کە هەر چوار وەرگێڕەکە شاعیری کوردن.[34]

ئەمە دەقی چوارینەکەی خەیامە:

گویند بهشت و حورعین خواهد بود

آنجا می و شیر و انگبین خواهد بود

گر ما می و معشوق گزیدیم چه باک

چون عاقبت کار چنین خواهد بود

"گۆران" بەم شێوەیە دەیکاتە کوردی:

ئەڵێن لە بەهەشت حۆری جوان هەیە

مەی و هەنگوینی سپی شان هەیە

بۆچ یار پەرستی و مەی نۆشی نەکەم

مادام ئەنجامی کار هەر هەمان هەیە

"ئەحمەد شاڵی" وای داڕشتووەتەوە:

ئەڵێن بەهەشتەو حۆری چاوکەژاڵ

شیرە و هەنگوینە و شەرابێکی ئاڵ

من باکم چی بێ کە لێرە هەم بێ

مەی و یارێکی تەڕی چواردەساڵ

"سەلام"  لەم قالبەدا جێی کردووەتەوە:

ئەڵێن لە بەهەشت حۆری و غیلمانە

شەرابی ئاڵ و هەنگوینی شانە

نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لە خوانە

بۆ خۆم هەڵگرم بۆ ئەو زەمانە؟

هەرچی "هەژار"ە بەم تەرزە کورداندوویەتی و دەڵێ:

لێم بۆتە مەتەڵ: بەهەشتە، جێگەی حوورە

هەنگوێن و کەرە و شیر و مەی و کافوورە

با ئێمە بە مەی لێرە بەهەشتێ ساز دەین

تا پیاوی هەژار دەگاتە بەغدا، دوورە

ئەگەر. شیەڵکارییەکی ئەم 5 دەقە شیعرە بکەین دەبینین، خەیام، لە چوارینەکەیدا ئەم کۆدانەی خستووەتە ڕوو:

بهشت   :  حورعین

نجا می  :  شیر و انگبین

معشوق : گزیدیم

عاقبت کار :  خواهد بود

بەڵام  چوار شاعیرەکە، کۆدەکانیان، بە گوێرەی تێڕاونین و دەسەڵاتی زمانەوانیی خۆیان دەستکاری کردووە:

 ئێستا، تۆی خوێنەر، حکومی خۆت دەدەیت و نمرە بۆ هەر یەکێک لەم چوار وەرگێڕانە دادەنێت. جا ئەگەر وەرگێڕانەکانی عوسمان عەونی و کاکەی فەلاح و خسروو جافیش بخەیە سەر ئەم چوار وەرگێڕانە، ڕەنگبێ، کۆدی دیش بێنە پێشەوە.

پرسیارەکە ئەوەیە بۆ چی 7 شاعیر و ئەدیبی کورد چوارینەکانی خەیامیان لە فارسییەوە کردووەتە کوردی؟ و بۆچی 37 جار شیعرەکانی باپلۆ نیڕۆدا لە ئیسپانییەوە وەرگێڕدراون بۆ زمانی ئینگلیزی؟ یەک وەرگێڕان بەس نەبوو؟

وەڵامەکە، ئاسانە، هەر یەکێک لەم وەرگێڕانە،  خوێنەری دەقی سەرچاوە و دەقی مەبەستن، دیار ئەوان پێ یان وایە، دەکرێ وەرگێڕانی جوانتر بۆ دەقەکەی سەرچاوە بکرێ.   

 

پووختەی بابەت :Article Summary 

لەم لێکۆڵینەوە، دەکرێ ئەم خاڵانە هەڵینجین:

وەرگێڕان ژانرێکی ئەدەربی باڵایەوە نیشانەی ئەدەبی پێشکەوتوو و باڵایە، ئەو نەتەوەی کەمترین وەرگێڕانی هەیە، هەژارترین نەتەوەیە، لە ئەدەب و کەلتووری فەرهەنگی.

تۆرییەکانی وەرگێڕانی شیعر زۆرن و بەردوام لە زیاد بوون دان.

وەرگێڕ، زۆر کەم پەیڕەوی تیۆریی وەرگێڕان دەکات، ئەو ڕێباز و شێوازی خۆی هەیە.

وەرگێڕانی دەقی شیعر، قورسترین جۆری وەرگێڕانە.

گرفتەکانی وەرگێڕانی شیعر بۆ هەموو نەتەوەکان وەک یەکە و زۆرن.

وەرگێڕانی دەقی شیعری لە ئەدەبی کوردی هاوچەرخدا، هەژارە.

زۆر کەم لە وەرگێڕی بێگانە زمان، کاری بۆ دەوڵەمەند کردنی ئەدبی کوردی دەکات، یان وەک سەرچاوە سوودی لێ دەبینێ.

ئەو بەرهەمە ئەدەبییانەی هەمانە لە وەرگێڕانی دەقی شیعر، زۆریان لاوازی و کرج و کاڵیان پێوە دیارە.

لێکۆڵینەوە و کتێب و گۆڤار و چالاکیی سیمینار و کۆنفڕانس و فیستڤاڵ، بۆ خزمەت کردنی وەرگێڕانی شیعر، لە کوردستانی باشوور زۆر کزە.

وەزاڕەت و دەزگا ئەدەبی و ئەکادیمیییە کوردییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، لە وەرگێڕانی دەقی شیعر، زۆر سارد و بێ خەم و بێ بەرنامەن.

کاری دەستەجەمعی لە وەرگێڕانی دەقی شیعردا، باشترین ڕێگەیە بۆ بەرهەمهێنانی وەرگێڕانی جوان و سەرکەوتوو.

 

سەرچاوەکان :Refferences

[1] - https://radhakap.medium.com/6-oldest-poems-of-history-44d91137193d

[2] - Mitchell, Bruce (1985). "Cædmon's Hymn”, L. University of Leeds, P.190.

[3] - https://www.goodreads.com/quotes/tag/translation

[4] -  سەرچاوەی پێشوو

[5]  -  سەرچاوەی پێشوو

[6] -  سەرچاوەی پێشوو

[7] -  سەرچاوەی پێشوو

[8] -https://anganaborah.medium.com/translationese-a-brief-introduction-db4575c0ee69

[9][9] -  فازیل شەوڕۆ، ڕەنگڕێژی ژینگە لە شیعری منداڵاندا، چاپخانەی پاندا، سلێمانی، 2023، ل. 19

[10] - https://www.lexika-translations.com/

[11] -https://sc.upt.ro/images/cwattachments/113_86e8b51399d8007606d14eaa41

     d8cad4.pdf

[12] - See 11

[13] -- See 11

[14] -https://www.lit-across-frontiers.org/wp-content/uploads/2013/03/Publishing-Translations- in-Europe-a-survey-of-publishers-2012.pdf

[15] - https://www.tandfonline.com/doi/full/10.1080/14781700.2011.560014

[16] - Gentzler, Edwin, Contemporary Translation Theories, Routledge, London and New

York,1993 -  Book.

[17]  - جەمال نەبەرز، وەرگێڕان هونەر، چ 4، دەزگای ڕاگەیاندن – گۆنگرەی نیشتمانی  کوردستان، سوێد، 2008، ل. 15

[18] - Bassnet, S. & Lefevere, A. (1990). Translation,  History and Culture. London: Printer

        Publishers, p. 517 - Book.

[19] - قوبادی جەلیزادە، جیی سمی بارگیرەکان، ، سلێمانی . چاپخانەی ؟ ، 2023

[20] - https://www.researchgate.net/publication/322735211_Problems_in_Translating

_Poetry

[21]  - محەمەدی مەلا کەریمی، دیوانی گۆران، چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد، بەغدا، 1982، ل. 424

[22]  -  هێمن، بارگەی یاران (سەرجەمی شیعری هێمن)''، هەولێر: دەزگای ئاراس، ٢٠٠٣.

[23] - Said, Mashadi. 1994. Socio-cultural Problems in the Translation of Indonesian Poems into English . Unpublished Thesis. IKIP Malang, p. 6

[24] - Zeta Series in Translation Studies.

[25] - https://www.researchgate.net/publication/271640678_History_of_Translation

[26] -  بڕوانە سەرچاوی 18. ل. 9

[27] - https://groupanalyticsociety.co.uk/about-gasi/group-analysis/

[28]  - https://www.loc.gov/catworkshop/lcc/PDFs%20of%20slides/10-2%20handout.pdf

[29] - بڕوانە ژمارە 19

[30] -  گۆڤاری (پەیڤ)، ژمارە 84. فازیل شەوڕۆ، شیعری گەردوونی،  ل. 59 - 72

[31] - https://www.kurdipedia.org/files/books/2022/407766.PDF?ver=

      132913128480000000

[32] - https://altalang.com/beyond-words/10-translation-quotesgreat-writers-on-the-art-of- translation/

[33] -https://www.neh.gov/humanities/2009/septemberoctober/feature/what-samuel-johnson-really-did

[34] https://www.kurdipedia.org/files/books/2017/102660.PDF?ver=

    133250634375922595  

 

تێبینی:

لە ساڵی 2015 یەکێتی نووسەرانی کورد – لقی هەولێر، کتێبێکیان چاپ کرد بە ناوی 'گوڵبژێرێک لە شیعری کوردی"، کە وەرگێرانی شیعری چەندان شاعیری کورد بوو  بۆ زمانی ئینگلیزی. من لە کتێبی" 2 کتێب لە 1 کتێبدا" ڕەخنەی ئەکادیمیانەم، لە زۆربەی شیعرە وەرگێردراوەکان هەبوو کە کرابوون بە ئینگلیزی. لە چاپخانەی حاجی هاشم کتێبەکەی من چاپ کرابوو.

"An Anthology of Kurdish Poetry" Selected with an Introduction By: prof. Dr. Hemdad Huseen

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×