وەزیری كشتوكاڵی هەرێم هاوردەكردنی هەنگوین قەدەغەدەكات
  2019-09-18       1041       

وەزیرى کشتوکاڵى هەرێم بڕیاریدا لە رۆژى ٢٥ى ئەم مانگەوە هاوردەکردنى بەرهەمى هەنگوین لە دەرەوەى هەرێمى کوردستانەوە بۆ ناو هەرێمى کوردستان قەدەغە بکرێت، تا ئەو کاتەى بە بڕیارێکى تر بوار بە هاوردەکردنى ئەو بەرهەمە دەدرێتەوە.

ئاوێنە: وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە رایگەیاند، ئەم بڕیارەی بێگەرد تاڵەبانى، وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، لەسەر داواى هەنگەوانانى کوردستان و چەند گروپ و رێکخراوێکى تایبەت بە هەنگەوانان بوە، کە داوایان لە وەزارەتى کشتوکاڵ کردبو، لە وەرزى چنینەوەى بەرهەمى هەنگوینى ناوخۆییدا و تا ساغکردنەوەى بەرهەمەکانیان لەبازاڕەکاندا هاوردەکردنى بەرهەمى هەنگوین لە دەرەوەى کوردستانەوە رابگیرێت.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە بۆ دەرکردنى ئەم بڕیارە وەزیرى کشتوکاڵ پشتى بە یاساى پاراستنى بەرهەمى ناوخۆیی ژمارە (٤)ى ساڵى (٢٠٠٨) بەستوە.

بە گوێرەى ئامارەکانى بەردەست لە هەرێمى کوردستاندا نزیکەى ١٢ هەزار کەس بە کارى هەنگەوانییەوە سەرقاڵن و پتر لە ٣٠٠ هەزار شانەى هەنگیان هەیە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ، بڕیارە لە سەرەتا و ناوەڕاستى مانگى داهاتودا لە هەرێمى کوردستان دو چالاکى گەورەى تایبەت بە بەرهەمى هەنگوین ئەنجام بدرێن کە بریتین لە کۆنگرەى هەنگەوانانى وڵاتانى عەرەب کە رۆژانى ٧-٩/١٠/٢٠١٩ لە هەولێر بەڕێوەبچێت و بەدواى ئەویشدا لەسلێمانى پیشانگایەکى تایبەت بە بەرهەمى هەنگوین دەکرێتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×